نوێنه‌ری حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ ئێران له‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ کوردپرێسدا:
ئایه‌توڵڵا هاشمی ڕۆڵێکی به‌رچاوی له‌ هاوکاری له‌گه‌ڵ کورده‌کانی عێراق بوو

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- نوێنه‌ری حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ ئێران وێڕای سه‌ره‌خۆشیی کۆچی دوایی سه‌رۆکی کۆمه‌ڵه‌ی دیاریکردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی نیزام وتی: کۆچی دوایی ئایه‌توڵڵا هاشمی خه‌مێکی گه‌وره‌ بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێرانه‌ و نه‌بوونی ئه‌وان هه‌ستی پێده‌کرێت.

نازم ده‌باغ له‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ هه‌واڵنێری کوردپرێسدا ڕایگه‌یاند: "من وه‌کوو نوێنه‌ری هه‌رێمی کوردستان که‌ ڕۆڵی په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێم و ئێران له‌ ماوه‌یه‌دا له‌ ئه‌ستۆم بووه‌ له‌ ڕابردوودا ئاگاداری یارمه‌تییه‌کانی ئایه‌توڵڵا ڕه‌فسه‌نجانی به‌ جووڵه‌ی کورده‌کان له‌ عێراق بوومه‌."
ناوبراو وتیشی: "ئایه‌توڵڵا هاشمی ڕۆڵێکی به‌رچاوی له‌ هاوکاری له‌گه‌ڵ بزاڤه‌ ئازادیبه‌خشه‌ کورده‌کان له‌ عێراقدا بووه‌ و هه‌میشه‌ سه‌رچاوه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کی سازێنه‌ر له‌گه‌ڵ ئێمه‌ بووه‌."
ده‌باغ وێڕای جه‌ختکردنه‌ سه‌ر دۆستی نێوان ئایه‌توڵڵا هاشمی له‌گه‌ڵ کورده‌کان ده‌ریبڕی: "هیچ کاتێک بیرم له‌وه‌ نه‌کرده‌وه‌ که‌ جه‌نابی هاشمی له‌ یارمه‌تی گه‌یاندن به‌ ئێمه‌ درێخ ده‌کات."
ناوبراو جه‌ختی کرد: "له‌ ڕوانگه‌ی ئێمه‌ی کورد و خه‌ڵکی عێراق ئایه‌توڵڵا هاشمی که‌سێکی گه‌وره‌ بوو و له‌ ڕاستیدا پاش ڕووخانی سه‌دام حسێن هه‌میشه‌ یارمه‌تییان به‌ ئێمه‌ ده‌گه‌یاند."
نوێنه‌ری هه‌رێمی کوردستان له‌ ئێران ڕاشیگه‌یاند: "وه‌کوو که‌سێک که‌ له‌ وه‌فده‌کانی هه‌رێم یاوه‌ری مام جه‌لال بووه‌، ئه‌مه‌م بینی که‌ ئایه‌توڵڵا هاشمی هه‌میشه‌ ڕایانده‌گه‌یاند که‌ ئاماده‌ی پشتیوانی له‌ خه‌ڵکی عێراق و هه‌رێمی کوردستانن."