نێچیرڤان بارزانی لە کۆنسوڵخانەی ئێران:
لەدەستدانی ئایەتوڵڵا هاشمی نەک تەنیا بۆ ئێران، بۆ هەموو گەلانی ناوچەکە خەسارەتێکی گەورەبوو

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە رێگەی کونسوڵخانەی گشتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر پەیامی سەرەخۆشی سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەتی هەرێمی کوردستانی گەیاندە رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران و خانەوادەی ئایەتوڵڵا هاشمی رەفسنجانی.

بە پێێ هەواڵی کوردپرێس بە گێڕانەوەی ڕووداو، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای نیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە 1-11-2016 بە مەبەستی گەیاندنی پرسەو سەرەخۆشی بۆ کۆچی دوایی ئایەتوڵڵا هاشمی رەفسنجانی، سەردانی کونسوڵخانەی گشتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر کرد.
بارزانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، ئامانجی سەردانەکەی خستەڕوو و گوتی: "سەردانمان بۆ گەیاندنی هەستی خۆمان و سەرەخۆشی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە لە رێگەی کونسوڵخانەی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بۆ جەنابی ئایەتوڵڵا خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، هەروەها خانەوادەی بەڕێزی ئایەتوڵڵا هاشمی رەفسنجانی".
نێچیرڤان بارزانی، گوتیشی: "لە راستیدا ئاشنایەتی ئێمەو ناسینی ئێمە لەگەڵ ئەو بەڕێزە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانێکی زۆر کۆن، لە کۆنەوە ئێمە یەکدی دەناسین، ئەو ئاشنایەتییەی ئەو هەیبووە هەم لەگەڵ جەنابی سەرۆکی هەرێم، هەم لەگەڵ رەحمەتی باوکم، هەمیش لەم دواییە لەگەڵ بەندە ئاشنایەتییەکی نزیکمان هەبوو".
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: "لەدەستدانی ئەو بەڕێزە نەک تەنیا بۆ ئێران، بەڵکو بۆ هەموو گەلانی ناوچەکە خەسارەتێکی گەورەبوو، ئێمە هیوادارین خودای گەورە بە بەهەشتی بەرین شادی بکات، سەبرو تەحەمولیش بە خانەوادەی بەڕێزیان و هەموو بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران ببەخشێت".
لە بەرامبەریشدا، کونسوڵی گشتی ئێران لە هەولێر سوپاسی سەردانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی دیکەی هەرێمی کوردستانی کرد و گوتی: "کۆچی دوایی ئایەتوڵڵا رەفسنجانی زیانێکی زۆر گەورەبوو بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران، بۆ ئەو دۆستانەی کە لە تەمەنێک لەگەڵ ئەودا ناسیاوێتیان هەبوو، هەروەک بەڕێز سەرۆکوەزیران باسی لێوەکرد، ئەو لەو کەسایەتیانەبوو کە نزیکایەتی زۆری لەگەڵ کەسایەتییەکانی پێش راپەڕینی ساڵی 1991 هەبوو، پەیوەندییەکی راستەخۆی لەگەڵ بەڕێز بارزانی و بەرپرسان هەبوو".
کونسوڵی گشتی ئێران لە هەولێر گوتیشی: "ئێمە بە پێزانینەوە دەڕوانینە سەردانەکەی بەڕێز سەرۆکوەزیران و بەرپرسانی دیکە، کە لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا سەردانیان کردووین و هاوخەمیان بۆ دەربڕیوین".