جێگری ئاوه‌دانکاریی پارێزگاری کرماشان:
ڕه‌وتی چێکردنی هێڵی ئاسن له‌ سێ لاوه‌ ئه‌نجام ده‌درێت

به‌شی کرماشان- جێگری هاوئاهه‌نگی ئاوه‌دانکاریی پارێزگاری کرماشان ڕایگه‌یاند: پڕۆسه‌ی چێکردنی هێڵی ئاسن له‌ سێ لاوه‌ خه‌ریکی ئه‌نجامبوونه‌ و تا ئێستا 23 کیلۆمه‌تر له‌ ڕێگای 105 کیلۆمه‌تری هێڵی ئاسنی فیرووزان بۆ کرماشان چێکراوه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی ڕابردوو پارێزگاری کرماشان و جێگری ئاوه‌دانکاریی پارێزگار پڕۆژه‌ی چێکردنی هێڵی ئاسنی ئه‌و پارێزگایه‌یان به‌ سه‌ر کرده‌وه‌.
ئه‌ندازیار موجته‌با نیک‌کردار له‌ په‌راوێزی ئه‌م سه‌ردانه‌دا به‌ هه‌واڵنێرانی وت: مانگی ڕه‌شه‌مه‌ی 95 و خاکه‌لێوه‌ی ئه‌مساڵ به‌هۆی بارینی زۆره‌وه‌ ڕه‌وتی چێکردنی پڕۆژه‌که‌ به‌ خاوی ده‌چووه‌ پێشێ.
ناوبراو هیوای ئه‌وه‌ی خواست به‌ که‌مبوونه‌وه‌ی بارانه‌کانه‌وه‌ لانیکه‌م ڕۆژێک یه‌ک و نیو کیلۆمه‌تر هێڵی ئاسن له‌و پڕۆژه‌یه‌دا چێبکرێت و تا کۆتایی به‌هاری ئه‌مساڵ پڕۆژه‌که‌ کۆتایی پێبهێندرێت.
جێگری ئاوه‌دانکاریی پارێزگار ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند: وێستگه‌ی هێڵی ئاسنی کرماشان تا ئێستا له‌سه‌دا 60 له‌ باری فیزیکییه‌وه‌ پێشکه‌وتنی هه‌بووه‌ و به‌ خێرایی ڕه‌وتی چێکردنی ئه‌و وێستگه‌یه‌ به‌ره‌وپێشه‌وه‌ ده‌چێت.
 
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103