ئه‌نجومه‌نی مه‌ده‌نیی ڕه‌قه‌ دامه‌زرێندرا

به‌شی سووریا- ئه‌نجومه‌نی مه‌ده‌نیی ڕه‌قه‌ پاش دیاریکردنی هاوسه‌رۆکان و 14 کۆمیسیۆنی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ به‌ مه‌به‌ستی ئیداره‌ی ڕه‌قه‌ پاش ئازادکردنه‌وه‌ی ئه‌و شاره‌ دامه‌زرێندرا.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس به‌ گێڕانه‌وه‌ له‌ فورات نیووز، 18ی ئه‌یپڕێڵ کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی مه‌ده‌نیی ڕه‌قه‌ پاش 9 مانگ ئاماده‌سازی و هه‌روه‌ها به‌ دروشمی "برایه‌تی و پێکه‌وه‌ژیانی گه‌ل، زه‌مانه‌تی گه‌لی دیموکراتیک ده‌بێت" و به‌ ئامانجی دامه‌زراندن و دیاریکردنی پێکهاته‌ی ئه‌نجومه‌نی مه‌ده‌نیی ڕه‌قه‌ له‌ شاری عه‌ین عیسا به‌ڕێوه‌چوو.
به‌ داوه‌تی ئه‌نجومه‌نی دیموکراتیکی سووریا که‌س و لایه‌نی جۆربه‌جۆر له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌دا به‌شدار بوون به‌ تایبه‌ت ئیلهام ئه‌حمه‌د هاوسه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی دیموکراتیکی سووریا، فارۆق ماشی هاوسه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی یاسادانه‌ری مه‌نبه‌ج، ئیبراهیم قه‌فتان و زه‌ینه‌ب قه‌نبه‌ر هاوسه‌رۆکانی ئه‌نجومه‌نی جێبه‌جێکاریی مه‌نبه‌ج، حه‌مدان عه‌بد هاوسه‌رۆکی ئیداره‌ی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری دیموکراتیکی گرێ سپی، ته‌لال سه‌لۆ وته‌بێژی هێزه‌کانی کورد- عه‌ره‌بی سوپای دیموکراتیکی سووریا، جیهان شێخ ئه‌حمه‌د وته‌بێژی ژووری ئۆپه‌راسیۆنی تووڕه‌یی فورات، ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی دیموکراتیکی سووریا و 110 نوێنه‌ری هاووڵاتییانی کورد- عه‌ره‌ب و تورکمانی ناوچه‌که‌، گه‌نجان، هه‌ڵکه‌وتووان و که‌سانی سه‌ربه‌خۆی دیکه‌.
پاش چه‌ند وته‌دانێک و باس و ڕاگۆڕینه‌وه‌ له‌یلا مسته‌فا و شێخ مه‌حموود شیخواخ ئه‌لبه‌رسان وه‌کوو هاوسه‌رۆکانی ئه‌نجومه‌نی مه‌ده‌نیی ڕه‌قه‌ هه‌ڵبژێردران.
هه‌روه‌هاش 14 کۆمیته‌ به‌ مه‌به‌ستی ئیداره‌ی کاروباره‌کان و هه‌روه‌هاش جێبه‌جێ‌کردنی بڕیاره‌کانی ئه‌نجومه‌ن پێکهێنران که‌ بریتین له‌: کۆمیته‌ی ژنان، کۆمیته‌ی دادوه‌ریی کۆمه‌ڵایه‌تی، کۆمیته‌ی ئابووری، کۆمیته‌ی به‌ره‌ڤانی و ئاسایش، کۆمیته‌ی ڕاهێنان، کۆمیته‌ی سامان‌پێدانی کۆمه‌ڵایه‌تی، کۆمیته‌ی چاودێری و به‌دواداچوون، کۆمیته‌ی خزمه‌تگوزاریی گشتیی، کۆمیته‌ی وزه‌، کۆمیته‌ی خاوێن‌کردنه‌وه‌ و ده‌رکردنی زێڕاوه‌کان، کۆمیته‌ی وه‌رزش و گه‌نجان، کۆمیته‌ی ته‌ندروستی، کۆمیته‌ی ڕۆژنامه‌وانی و کۆمیته‌ی کاروباری کۆمه‌ڵایه‌تی.
شێخ به‌رسان هاوسه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی مه‌ده‌نیی ڕه‌قه‌ له‌ وتووێژ له‌گه‌ڵ فورات نیووزدا ده‌ڵێت: "ئه‌رکی سه‌ره‌کی ئێمه‌ خزمه‌تکردنه‌ به‌ ڕه‌قه‌. ئێمه‌ چاک ده‌زانین خه‌ڵکی ڕه‌قه‌ له‌ چ دۆخێکدان. ئه‌وان ده‌بێت سه‌بوور بن. شاره‌که‌ به‌مزووانه‌ ئازاد ده‌کرێت و ئه‌نجومه‌نه‌که‌ی ئێمه‌ یه‌کپارچه‌ و به‌هێز ده‌بێت. ئه‌وکات ده‌توانین به‌ره‌وڕووی کێشه‌کان ببینه‌وه‌."
ناوبراو سه‌باره‌ت به‌ داهاتووی سووریاش ده‌ڵێت: "هیوادارم سووریا به‌مزووانه‌ بگاته‌ ئاشتی و ئێمه‌ش وه‌کوو خه‌ڵکی ئه‌م ناوچه‌یه‌ بتوانین به‌ سه‌ر خۆماندا حکوومه‌ت بکه‌ین."
 
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103