سه‌باره‌ت به‌ ڕیفراندۆمی ئه‌مدواییه‌ی تورکیا:
یه‌ک بان و دوو هه‌وا

به‌شی تورکیا- ئه‌نجومه‌نی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌کانی تورکیا سه‌ره‌ڕای هه‌بوونی 2 ملیۆن و 500 هه‌زار ده‌نگی بێ مۆر ئه‌نجامی ڕیفراندۆمه‌که‌ی پشتڕاست کرده‌وه له‌ حاڵێکدا‌ که‌ ساڵی 2014 هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانیی به‌تلیس به‌هۆی تاکه‌ده‌نگێکی بێ مۆر هه‌ڵوه‌شێندرایه‌وه،‌ ئه‌وه‌ش واتا بانێک و دوو هه‌وا.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس به‌ گێڕانه‌وه‌ له‌ ڕۆژنامه‌ی Diken، دوو ملیۆن و 500 هه‌زار به‌رگه‌ی ده‌نگدانی بێ مۆر له‌ ڕیفراندۆمه‌که‌ی تورکیادا هاتۆته‌ده‌رێ و به‌ حوکمی سانه‌ویه‌ی ئه‌نجومه‌نی باڵای هه‌ڵبژاردن وه‌کوو به‌رگه‌ی بێ کێشه‌ قبووڵ کراوه‌ و به‌ ده‌نگی ئه‌رێنیش هه‌ژمار کراوه‌، ئه‌مه‌ش بۆته‌ هۆکاری ئه‌وه‌ی سه‌لامه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌که‌ ببێته‌ جێی گومان به‌ تایبه‌ت که‌ 3 ساڵ پێشتر هه‌ر به‌ هۆکارێکی هاوشێوه‌ هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانیی یه‌کێک له‌ ناوچه‌کانی ئه‌و وڵاته‌ ته‌نیا به‌هۆی تاکه‌ده‌نگێکی بێ مۆره‌وه‌ پارتی داد و گه‌شه‌ ده‌نگی هه‌ڵبڕی و هه‌ڵبژاردنه‌که‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نه‌وه‌ هه‌ڵوه‌شێندرایه‌وه‌.
له‌ هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌کان له‌ 30ی مارچی 2014 مێهمه‌ت ئه‌مین ئۆزگان نوێنه‌ری پارتی ئاشتی و دیموکراسی تورکیا (له‌ پارته‌ کورده‌کانی تورکیا) له‌ پارێزگای به‌تلیس له‌ تێکڕای 44 سندۆق 4 هه‌زار و 522 ده‌نگی مسۆگه‌ر کرد و ته‌نیا به‌ 32 ده‌نگ زیاتر له‌ چاو حسێن مۆتلۆ نوێنه‌ری پارتی داد و گه‌شه‌ پۆستی سه‌رۆکایه‌تیی شاره‌وانیی به‌تلیسی وه‌ده‌ستهێنا. پارتی داد و گه‌شه‌ سکاڵای بۆ ئه‌نجومه‌نی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌کان به‌رز کرده‌وه‌ و ده‌نگه‌کان چوار جار ژمێردرانه‌وه‌ و ده‌ره‌نجامه‌که‌ هه‌ر هه‌مان ده‌ره‌نجام بوو به‌ڵام به‌هۆی هه‌بوونی ته‌نیا یه‌ک به‌رگه‌ی ده‌نگیی بێ مۆر ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی ناوچه‌ی به‌تلیسی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ و له‌ 1ی ئه‌یپڕێڵی 2014 دیسانه‌وه‌ هه‌ڵبژاردن له‌و پارێزگایه‌دا به‌ڕێوه‌چوو.
شیاوی ئاماژه‌یه‌؛ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ دووباره‌که‌ی 1ی ئه‌یپڕێڵیشدا دیسانه‌وه‌ نوێنه‌ری پارتی کوردی ئاشتی و دیموکراسی سه‌رکه‌وت.
 
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103