له‌ لێدوانێک بۆ کوردپرێس؛
هه‌ڵوێستی نوێنه‌ری مه‌ریوان سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنی شۆراکان و سه‌رۆک کۆماری

به‌شی کوردستان- مه‌نسوور مورادی وتی: هه‌ڵبژاردن کارێکی دیموکراتیکه‌ و من وه‌کوو ئه‌ندامی لێژنه‌ی باڵای چاودێری به‌ سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌کانی پارێزگای کوردستاندا پشتیوانی له‌ هیچ پاڵێوراوێک ناکه‌م.

نوێنه‌ری خه‌ڵکی مه‌ریوان و سه‌وڵاوا له‌ مه‌جلیسی شۆرای ئیسلامی له‌ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی هه‌واڵنێریی په‌رله‌مانی کوردپرێس که‌ ئێوه‌ وه‌کوو نوێنه‌ری خه‌ڵک له‌ کێ پشتیوانی ده‌که‌ن؟ ده‌ریبڕی: من پشتیوانی له‌ هیچ که‌سێک له‌ هه‌ڵبژاردنی شۆرای ئیسلامی شار و گوند ناکه‌م و وه‌کوو ئه‌ندامی لێژنه‌ی باڵای چاودێری به‌ سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌کان له‌ پارێزگای کوردستاندا بڕوام وایه‌ هه‌موو ئه‌و پاڵێوراوانه‌ی قبووڵ کراون له‌لایه‌ن خه‌ڵک و نیزامیشه‌وه‌ قبووڵ ده‌کرێن.
ناوبراو زیادی کرد: ئێمه‌ به‌ لێژنه‌ی چاودێری ڕامانگه‌یاندووه‌ که‌ به‌ چاوێکی کراوه‌وه‌ دۆسیه‌ی به‌ربژاره‌کان لێکبده‌نه‌وه‌ و به‌ بێ به‌ڵگه‌ هیچ که‌سێک ڕه‌ت نه‌کرێته‌وه‌ تا مافی هیچ تاکێک پێشێل نه‌کرێت.
ئه‌ندامی کۆمیسیۆنی به‌رنامه‌ و بودجه‌ی مه‌جلیس له‌ وه‌ڵامی ئه‌م وته‌یه‌ که‌ ئایا ئاقاری دوو جه‌مسه‌ری له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی سه‌رۆکایه‌تی کۆماردا له‌ به‌رژه‌وه‌ندی کۆمه‌ڵگایه‌ یان نا؟ شرۆڤه‌ی کرد: ئاقاری دوو جه‌مسه‌ری به‌ بێ لێکتێگه‌یشتنی سیاسی له‌ ئێستا و له‌ داهاتووشدا له‌ به‌رژه‌وه‌ندی وڵاتدا نییه‌.
هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: هه‌ر که‌سێک له‌لایه‌ن لێژنه‌ی چاودێرییه‌وه‌ قبووڵ بکرێت واتا بۆ نیزام و بۆ ئێمه‌ش جێگای قبووڵ کردنه‌.
وتیشی: پاڵێوراوه‌کان پێویسته‌ بیر له‌ به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی وڵات بکه‌نه‌وه‌ و هه‌وڵ بده‌ن له‌ ده‌مپیسی سیاسی و ته‌نگه‌ژه‌ی سیاسی دووره‌په‌رێزی بکه‌ن.
مورادی ئه‌وه‌شی خسته‌ ڕوو‌ که‌ کێشه‌ی سه‌ره‌کی ئه‌مڕۆی وڵات به‌رهه‌مهێنان و هه‌لی کاره‌ و ئێمه‌ چاوه‌ڕوان ده‌که‌ین که‌ پاڵێوراوه‌کان به‌رنامه‌یێکی هه‌مه‌لایه‌نه‌ بۆ چاره‌سه‌رکردنی ئه‌م کێشه‌ ئاراسته‌ بکه‌ن.
نوێنه‌ری خه‌ڵکی مه‌ریوان له‌ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی کوردپرێس که‌ ئه‌گه‌ر ئاقاری دووجه‌مسه‌ری له‌لایه‌ن گرووپه‌کانه‌وه‌ له‌سه‌ر بناغه‌ی ئاراسته‌کردنی به‌رنامه‌ بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی وڵات که‌ بۆ نیزامیش جێگای قبووڵ بێت چێبکرێت، ئه‌مجار بیروڕای ئێوه‌ سه‌باره‌ت به‌مه‌ چییه‌؟ ڕاشیگه‌یاند: ئه‌گه‌ر که‌مته‌رخه‌می و زێده‌ڕۆیی ئه‌نجام نه‌درێت و هاوسه‌نگیی سیاسی له‌ ئاقارێکی دوور له‌ سووکایه‌تی و بێ ئه‌خلاقی پێکبێت و پاڵێوراوه‌کان له‌ دیبه‌یتی هه‌ڵبژاردنه‌کان به‌ دوور له‌ ته‌نگه‌ژه‌ پێکه‌وه‌ گفتوگۆ بکه‌ن، به‌رنامه‌ی میحوه‌ری کارێکی قبووڵکراوه‌.
 
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103