ڕاوێژکاری پێشووی ڕۆحانی:
کارنامه‌ی ڕۆحانی جێگای قبووڵ نییه‌

به‌شی ئێران/ کوردی- ڕاوێژکاری ڕۆحانی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی ساڵی 92دا ده‌ڵێت: ڕۆحانی بڕیاری جێبه‌جێ‌کردنی داخوازییه‌کانی ئێمه‌ی دابوو و به‌یاننامه‌یێکی 10 بڕگه‌یی مافی ئیتنیکه‌کان و ئایینه‌کانی واژۆ کردبوو به‌ڵام له‌مباره‌یه‌وه‌ هیچی نه‌کرد.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕه‌ئووف قادری ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی حزبی متمانه‌ی نیشتمانی که‌ هاوکات سه‌رۆکی ناوه‌ندی ئه‌نجومه‌نی ستراتێژیکی ئیتنیکه‌ ئێرانییه‌کان و ڕاوێژکاری ڕۆحانی بوو له‌ وتووێژ له‌گه‌ڵ هه‌واڵده‌ریی ته‌سنیمدا ڕوانگه‌ی خۆی سه‌باره‌ت به‌ کارنامه‌ی ڕۆحانی ئاشکرا ده‌کات.
قادری ده‌ڵێت: ئێمه‌ نوێنه‌ری هیچ کاندیدێک نین به‌ڵکوو ته‌نها داخوازییه‌کانی کورد ده‌گه‌یێنین.
ناوبراو وتیشی: ساڵی 92 حه‌سه‌ن ڕۆحانی به‌ڵێنی به‌ ئێمه‌ دا داخوازییه‌کانمان له‌ قه‌باره‌ی به‌یاننامه‌یێکی 10 بڕگه‌ییدا جێبه‌جێ بکات به‌ڵام له‌مباره‌وه‌ هیچی نه‌کرد و ئێستاش نوخبه‌ کورده‌کان و ئه‌هلی سوننه‌ی ئێران له‌گه‌ڵ کاندیده‌کان و به‌ تایبه‌ت ڕۆحانیش دانووستان ده‌که‌ن.
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندیی حزبی متمانه‌ی نیشتمانی سه‌باره‌ت به‌ کارنامه‌که‌ی ڕۆحانی ده‌ڵێت: به‌ ڕای من ڕۆحانی کارنامه‌یێکی قبووڵکراوی نییه‌ ئه‌گه‌رچی پێشم وایه‌ ناوچه‌ ئیتنیکییه‌کان به‌ تایبه‌ت ناوچه‌ تورک و کورد و تورکمان‌نشینه‌کان به‌ قازانجی ڕۆحانی ده‌نگیان دا.
قادری ئه‌وه‌شی ئاشکرا کرد هه‌ریه‌ک له‌ کاندیده‌کان داخوازیی هاووڵاتییان قبووڵ بکه‌ن و به‌ڵێن بده‌ن له‌پێناو جێبه‌جێ‌کردنی ئه‌و داخوازییانه‌ و ته‌نها وه‌کوو ئامێر ئیتنیکه‌ ئێرانییه‌کان به‌کار نه‌هێنن و له‌ چوارچێوه‌ی یاسای بنه‌ڕه‌تیدا داخوازییه‌کانیان قبووڵ بکه‌ن ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌ لای ئه‌و کاندیده‌دا بچین.
 
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103