ناوه‌ندی ستراتێژیکی کالچێر:
سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی کوردستان ناتوانێت کۆتایی به‌ ناکۆکی کورده‌کانی عێراق بهێنێت

به‌شی جیهان- ناوه‌ندی ستراتێژیکی کالچێر له‌ شرۆڤه‌ی خۆی له‌باره‌ی سه‌ربه‌خۆیی کورده‌کاندا پێیوایه‌ ئه‌گه‌رچی مومکینه‌ له‌ دوو ساڵی داهاتوو وڵاتی کوردی ببینین به‌ڵام ئه‌مه‌ به‌ مانای کۆتایی هاتنی ناکۆکییه‌ مێژووییه‌کانی نێوان کورده‌کانی عێراق نابێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ناوه‌ندی ستراتێژیکی کالچێر له‌ شرۆڤه‌یێکدا ئه‌گه‌ری پێکهاتنی وڵاتی کوردی سه‌ربه‌خۆ له‌ هه‌رێمی کوردستانی لێکداوه‌ته‌وه‌. له‌م شرۆڤه‌یه‌دا، ئه‌گه‌ری پێکهاتنی وڵاتی سه‌ربه‌خۆی کورده‌کان ڕه‌ت نه‌کراوه‌ته‌وه‌ و ته‌نانه‌ت ئاماژه‌ش ‌کراوه‌ که‌ مومکینه‌ وڵاتی سه‌ربه‌خۆی کورده‌کانی عێراق له‌لایه‌ن ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کانه‌وه‌ به‌ فه‌رمی بناسێندرێت.
ئه‌لێکس گۆرکا نووسه‌ری وتاری "ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانی وڵاتی سه‌ربه‌خۆی نوێ له‌ سنووره‌ سیاسییه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین" وێڕای ئاماژه‌ به‌ ناکۆکییه‌ مێژووییه‌کانی نێوان کورده‌کانی عێراق و دامه‌زراندنی دوو پارتی ڕه‌قیب به‌ ناوی پارتی و یه‌کێتیی نیشتمانی و شه‌ڕی مێژوویی ئه‌وان بۆ به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی ده‌سه‌ڵات له‌م ناوچه‌یه‌ی عێراقدا، پێیوایه‌ که‌ پێکهاتنی وڵاتی سه‌ربه‌خۆ ناتوانێت کۆتایی به‌م ناکۆکییانه‌ بهێنێت.
ئه‌م کارناسه‌ی پرسی کورده‌کان له‌ درێژه‌دا ده‌نووسێت: له‌ ئێستادا دوو حزبی پارتی دیموکرات و یه‌کێتیی نیشتمانی پێکه‌وه‌ یه‌کده‌نگ بوونه‌ به‌ڵام له‌ داهاتوودا له‌گه‌ڵ دژایه‌تی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ره‌وڕوو ده‌بنه‌وه‌. ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ دژ به‌ درێژکردنه‌وه‌ی خولی سه‌رۆکایه‌تی مه‌سعوود بارزانی له‌سه‌ر هه‌رێمی کوردستان به‌ بیانووی شه‌ڕ له‌گه‌ڵ داعش بووه‌.
ناوبراو ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات که‌ به‌ ناچار هه‌موو کورده‌کانی عێراق به‌ هه‌بوونی بارودۆخی دژوار و ناله‌باری ناوچه‌که‌ له‌گه‌ڵ پێکهاتنی وڵاتی سه‌ربه‌خۆی کوردی هاوڕا نین.
 
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103