سێ گەورەشاری تورکیا دەنگی نەخێریان داوە بە ڕێفراندۆم

بەشی تورکیا- پارتی داد و گەشە لە ٧ شاری گەورەی تورکیادا ڕێفراندۆمەکەی دۆڕاندبوو، ئەو حزبە و هاوپەیمانەکانی واتە حزبی بزووتنەوەی نەتەوەیی لە سێ شاری سەرەکیی تورکیا واتە ئەستەنبۆڵ، ئەنقەرە و ئیزمیر شکستیان هێنابوو.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس بە گێڕانەوە لە ڕۆژنامەی Yenicag، ڕێفراندۆمەکەی ١٦ی ئەیپریڵی ٢٠١٧ لە هەلومەرجێکدا کۆتایی پێهات کە هێشتاکە ناڕەزایی هەمبەر ئاکامی ڕێفراندۆمەکە و چارەنووسی ئەو پرسە ناڕوونە.
بەڵام سەرەڕای هەموو گومان و بۆچوونەکان پرسی گرینگی ئەو ڕێفراندۆمە شکستی ئیئتیلافی ئاکپارتی – بزووتنەوەی نەتەوەیی لە گەورە شارەکانی تورکیا بوو. ئەستەنبۆڵ و ئەنقەرە دوو گەورە شاری سەرەکیی تورکیا بەردەوام وەکوو قەڵای پارتی داد و گەشە دەناسران بەڵام لەو گشت‌پرسییەدا دۆخەکە گۆڕا و دەنگی نەخێریان دایە ئەو پارتە. ئەستەنبۆڵ، ئەنقەرە و ئەزمیر، سێ گەورەشاری تورکیا لە ڕێفراندۆمدا دەنگی نەخێر دەدەنە ئاکپارتی و ئەوەش لە حاڵێکدایە لە ٨ گەورەشاری تورکیا تەنها یەک شار دەنگیی بەڵیی بە ڕێفراندۆم داوە. ئەو ٨ گەورەشارە بە دەنگەکانیانەوە بریتین لە:
1) ئەستەنبۆڵ: 50.88 لەسەد نەخێر – 49.12 لەسەد بەڵێ
٢) ئیزمیر: 68.17 لەسەد نەخێر – 31.83 لەسەد بەڵێ
٣) ئەنقەرە: 50.10 لەسەد نەخێر – 49.90 لەسەد بەڵێ
٤) بۆرسا: 46.41 لەسەد نەخێر – 53.59 لەسەد بەڵێ
٥) ئادانا: 57.58 لەسەد نەخێر – 42.42 لەسەد بەڵێ
٦) ئانتالیا: 58.84 لەسەد نەخێر – 41.16 لەسەد بەڵێ
٧) ئامەد: 67.48 لەسەد نەخێر – 32.52 لەسەد بەڵێ
٨) سکی‌شەهیر: 57.22 لەسەد نەخێر – 42.78 لەسەد بەڵێ

 

کۆدی هەواڵنێر: 60105