چالاکانی سیاسی و مەدەنیی قامیشلوو بۆ پشتیوانی لە زیندانیانی تورکیا مانیان لە خواردن گرت

بەشی سووریا- چالاکانی مەدەنیی کوردستانی سووریا لە قامیشلوو بۆ پشتیوانی لە مانگرتنی زیندانیانی سیاسیی کوردی تورکیا مانگرتنێکی سیمبۆڵیکیان نیشاندا.

بە پێی هەواڵی کوردپرێس بە گێڕانەوە لە هاوارنیوز، چالاکانی سیاسی و مەدەنیی قامیشلوو، خێوەتیان لەو شارە هەڵداوە و بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی سەبارەت بە دۆخی زیندانیانی سیاسیی کوردی تورکیا مانیان لە خواردن گرتووە.
ئەندامانی پەرلەمان، بنەماڵەی شەهیدانی کوردستانی سووریا، ئەندامانی سیستەمی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکووری سووریا و هەندێک لە ئەندامانی هێزەکانی ئاسایش لەگەڵ ئەو کەسانەی مانیان گرتبوو، دیداریان کرد و لەو دیدارەدا میزگین ئەحمەد، وتەبێژی سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی باکووری سووریا لە وتەکانیدا دەریبڕی: هەر لێرەوە سڵاو دەکەین لە بەرخۆدانی زیندانیانی سیاسیی تورکیا.
ناوبراو لە درێژەی وتەکانیدا ئاشکرای کرد: هێزە نێونەتەوەییەکان و ناوچەییەکان بە نیازی چارەسەر کردنی قەیرانی سووریاوە نین، ئەوان بە شوێن بەرژەوەندییەکانی خۆیاندان. تەنیا ڕێگای چارەسەر کردنی قەیرانی سووریا و قەیرانەکانی وەک ئەو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پرۆژەی فیدراسیۆنە.
 
کۆدی هەواڵنێر: 60108