هاوسەرۆکی پەیەده:
قەیرانی سووریا خەریکه رۆژهەڵاتی ناڤین دەگرێتەوه

بەشی سووریا – هاوسەرۆکی پەیەده ڕایگەیاند: قەیرانی سووریا تا دێت بەرەو هەموو رۆژهەڵاتی ناڤین دەگوازرێتەوه هەتا ئەو کاتەی پەیەده وەک لایەنێکی پرسەکه مامەڵەی لەگەڵدا نەکرێت ئەوا قەیرانی سووریا چارسەر نابێت.

بە پێی هەواڵی کوردپرێس به گێڕانەوه له هاوارنیوز، ئاسیه عەبدوڵڵا، هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتیکی سووریا له سێیەم کۆنگرەی پارتەکەدا له شاری عەفرین له میانەی وتاردانێکدا جەختی کردەوه: تا دێت گەلانی باکووری سووریا سەرکەوتنی زێدەتر دەست دەخەن. ئێمه وەک پارتێکی سیاسی له وڵاتی سووریا بۆ ڕێکخستن له کۆمەڵگادا گەلێ هەوڵ و تێکۆشانمان کردووه. ئێمه ئامادەی دانوستانین لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکانی سووریا.
ناوبراو ڕوونی کردەوه: خەڵک باکووری سووریا سەرباری توانا و هێزەی سەربازی بەرتەسک گەلێ سەرکەوتنی دەست خستووه. خۆڕاگری لێره، خۆڕاگریی و ئیرادەیەکی ڕاستەقینەیه. له پاڵ ئەمەش گەلێ گۆڕانکاری سیاسیش کەوتۆتەوه، قەیرانی سووریا خەریکه سەرتاسەری خۆرهەڵاتی ناڤین دەگرێتەوه. هەتا ئەو کاتەی پارتی یەکێتی دیموکراتیکی وەک چارەسەری سیاسی قەیرانی سووریا نەهێنرێته هەژمار قەیرانی سووریا لەوه ناچێت چارەسەر بێت.
 
کۆدی هه‌واڵنێر: 60109