نوێنەری ئاگری:
له گشتپرسیدا به ناوی مردووەکانیشەوه دەنگی ئەرێنی دراوه

بەشی تورکیا – نوێنەری پارتی دیموکراتیکی گەلان له پەرلەمانی تورکیا وتی: زانیماریمان له بەر دەسته که دەریدەخات له گوندەکانی تورکیا به ناوی مردووەکانیشەوه دەنگی بەڵێ خراوەته نێو سندووقەوه.

بە پێی هەواڵی کوردپرێس به گێڕانەوه له هەواڵدەری Dihaber، دیلان درایەت تاشدەمیر، نوێنەری ئاگری له پەرلەمانی تورکیا له سەر پارتی دیموکراتیکی گەلان له کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وێڕای ئاماژەدان به گشتپرسیی 16ی ئەپیڕێل وتی: به گوێرەی ئەو زانیارییانەی وا دەستی ئێمه کەوتوو له هەندێک له گوندەکاندا به ناوی کەسانی مردووشەوه دەنگی بەڵێ خراوەته نێو سندووقەکانی دەنگدانەوه. خەڵکی تورکیا له ژێر گوشار و هەڕەشەی دەوڵەت ڕۆشتوون دەنگیان داوه و سەرباری هەموو هەوڵەکانیان له دیاری کردنی سەرپەرشتیار بۆ شارەوانییەکان هەتا دەگاته گرتن و قۆڵبەست کردنی نوێنەران و وێران کردنی شارەکان دیسانیش دەنگی "نا" له شاره کوردنشینەکان بەرز کرایەوه. با دەوڵەت ئەمه به باشی بزانێت.

ناوبراو زیادیشی کرد: تورکیا وڵاتی کوودەتایه. له 7ی مانگی جوون کوودەتایەکی سیاسی کەوتەوه. دواتریش جەماعەتی گولەن کوودەتایان کرد و له ئاکامدا خۆمان ڕوووبەڕووی کوودەتای ئەنجوومەنی باڵای هەڵبژاردنەکان بووینەتەوه. دەبێ خواست و ئیرادەی گەل به فەرمی دانی پێدا بنرێت که لەم هەل و مەرجەدا به فەرمی ناناسرێت. تاکه ڕێگا ئەوەیه هەڵبژاردنەکان هەڵبوشێنرێنەوه.

 

کۆدی هه‌واڵنێر: 60109