"من بیر له تی گه‌وره (T) ناکه‌مه‌وه، به‌ڵکوو تی چکۆله (t) کێشه‌ی سه‌ره‌کی منه، حه‌قیقه‌ته مه‌زنه‌کان هیچ مانایه‌کیان بۆ من نییه، پرسی سه‌ره‌کی نووسین و مه‌عریفه به لای منه‌وه ماکه ورده‌کانن"، ئه‌مه بۆچوونی مامۆستای کوردی کۆمه‌ڵناسی زانکۆی بووعه‌لی سینای هه‌مه‌دان بوو له ڕۆژێکدا که بڕیار بوو به به‌شداری کۆمه‌ڵێک له بیرمه‌ندان و مامۆستایانی کوردی بواری کۆمه‌ڵناسی، به‌رهه‌مه نووسراوه‌کانی له بواری مێتۆدناسی تاوتوێ بکریت و کاریگه‌رییه‌کانی له‌سه‌ر ئه‌ندێشه و توێژینه‌وه‌ی کۆمه‌ڵناسی له ئێران بخوێندرێته‌وه.
سه‌ر له ئێواره‌ی ڕۆژی پێنجشه‌ممه 31ی مه‌ی/ 11ی جۆزه‌ردان، له هۆلی سمیناری زانکۆی په‌یام نووری مه‌ریوان، ڕێکخراوه‌ی فه‌رهه‌نگی- زانستی ڕۆنان به هاوکاری ئیداره‌ی فه‌رهه‌نگ و ئێرشادی مه‌ریوان و ئه‌نجومه‌نی کۆمه‌ڵناسانی ئێران لقی کوردستان، دووهه‌مین کۆڕی هه‌ڵسه‌نگاندن و پێداچوونه‌وه‌ی تایبه‌ت به به‌رهه‌می نووسرانی کوردی له کاتێکدا به‌ڕێوه برد که به‌رهه‌مه‌کانی مێتۆدناسی ئه‌حمه‌د محه‌مه‌دپوور ده‌نگدانه‌وه‌یه‌کی فراوانی له بواری زانستگایی ئێران ورووژاندبوو.
پێداچوونه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندنی سێ به‌رگ مێتۆدناسی ئه‌م نووسه‌ره له‌ژێر ناوی مێتۆد له مێتۆد دا- روش در روش-، بان مێتۆد- فراروش- و دژه مێتۆدی 1- ضد روش 1- ده‌رفه‌تێک بوو بۆ هه‌ژاندنی پرسی کۆنی مێتۆد له‌ناو جه‌رگه‌ی توێژه‌رانی ئێرانی و به‌تایبه‌ت کورد.
بابه‌تێک که هه‌ر له سه‌ره‌تای هاتنه‌ناو هۆله‌که به ڕۆخساری دانیشتوانه‌وه دیار بوو؛ هه‌موو هاتبوون بۆ باره‌قه‌لاوتن به مامۆستایه‌ک که شانی دابووه به‌ر بۆشاییه‌ک که پیش‌تر که‌م کرابوو، که‌م که ده‌ڵێم مه‌به‌ستم دیالۆگی سه‌ره‌تایی میوانانێک بوو که هاتبوون ڕاوبۆچوونی خۆیان ئاراسته بکه‌ن و به‌م ڕه‌سته سه‌رکه‌وتنی له قاو بده‌ن: ئه‌م به‌رهه‌مانه جێگره‌وه‌ی بۆشاییه‌کن که هه‌موویان له کاتی وانه خوێندن و وانه‌وتنه‌وه هه‌ستیان پێ‌کردبوو.
به‌ڕێوه‌به‌ر وه‌ک یه‌که‌م بێژه‌ری ئه‌م کۆڕه، یه‌که‌م بۆچوونه‌کانی به پولین به‌ندی خاڵه سه‌رکه‌وتو‌وه‌کان ده‌ستیپێکرد و وتی: نووسه‌ر به‌رده‌وام بابه‌تی تازه‌تر ده‌ورووژێنت و له هه‌مانکاتدا بابه‌ته‌کانی پێشتر دووپات و چه‌ن پات ده‌کاته‌وه و هه‌تا خوێنه‌ر له تێگه‌یشتنه‌کانی دڵنیا بێته‌وه.
حه‌مزه محه‌ممه‌دی هه‌وڵه‌کانی ئه‌حمه‌د محه‌ممه‌دپوور بۆ ناساندنی تێئۆری به‌ستێنی و چۆنیه‌تی ئاوڕدانه‌وه‌ی له بابه‌تی مێتۆد له چوارچێوه‌ی پارادایمناسی و ده‌ستشتنه‌وه له فیز و خۆهه‌ڵکشانی بۆ نمووناکاری به‌رز نرخاند و وتیشی: ڕه‌نگه ئه‌مانه یه‌که‌م ده‌قی مێتۆدناسی بن که جه‌ساره‌تی ئاوڕدنه‌وه له پارادایمه‌کانی ئه‌مڕۆی جیهان وه‌ک پۆست مۆدێرن و فێمێنیستیان هه‌بێت، جه‌ساره‌تێک که به هێنانه‌وه‌ی خشته و نموونا وه‌رگرتن له توێژینه‌وه‌کانی خودی نووسه‌ر چڕکراونه‌ته‌وه.
ئه‌م مه‌سته‌ری کۆمه‌ڵناسییه هه‌روه‌ها که‌ڵک بردن له سه‌رچاوه فراوان و به‌پێزه‌کان بۆ نووسینی ئه‌م سێ به‌رگه‌ی به ماندووبوونێکی بی هاوتا وه‌سفکرد؛ هه‌رچه‌ند ڕه‌خنه‌گه‌لێکی وه‌ک فه‌رامۆش کردنی هه‌ندێ سه‌رچاوه له‌ژێر خشته‌کان و هه‌ندێ شوێنی ده‌ق، که‌مته‌رخه‌می له باسکردنی مێتۆده‌کانی مرۆڤناسی و ئاوڕنه‌دانه‌وه له سه‌رچاوه ناوخۆییه‌کان، به‌شێکن له ڕه‌خنه‌کانی ئه‌م کۆمه‌ڵه‌ی مێتۆدناسییه، به‌ڵام ده‌وڵه‌مه‌ندی ده‌قه‌کانی ئه‌وه‌نده به سه‌ر ڕه‌خنه‌کاندا زاڵن، که دڵنیام هیچ له شازبوونیان داناته‌کێن و ره‌خنه‌دۆزی ته‌نیا ئاره‌زوویه‌که بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندتر کردنه‌وه‌ی بابه‌تی مێتۆدۆلۆژی که تا ئێستا که‌متر له زانکۆکانی ئێران به‌هایان پێدراوه.
هاوڕێی دێرینی ساڵانی خوێندکاری و توێژینه‌وه‌ی ئه‌حمه‌د محه‌ممه‌د پوور وه‌ک دووهه‌م وته‌بێژی ئه‌م کۆڕه دوای بیرهێنانه‌وه‌ی هه‌وڵه‌کانی محه‌ممه‌دپوور له سه‌رده‌می خوێندکاری بۆ بابه‌تی توێژینه‌وه و دواجار کۆکردنه‌وه‌ی ئه‌زموونه‌کانی له چوارچێوه‌ی سێ به‌رگ مێتۆدناسی وتی: محه‌ممه‌دپوور یه‌کێکه له‌و تاقمه توێژه‌رانه‌ی که خۆی له خاکی مه‌یدانی توێژینه‌وه‌دا گه‌وزاندووه و به ڕاده‌یه‌ک خۆی ماندوو کردوه که به‌رده‌وام مامۆستاکانی سه‌رده‌می خۆی پێی سه‌رسام بوون.
مێهدی ڕه‌زایی وتیشی: محه‌ممه‌د پوور له نامیلکه‌ی دۆکتۆر‌ی به پیاسه ته‌واو که‌لێن و قۆژبنی هه‌ورامانی ده‌پێوا و به‌رده‌وام بیری له مه‌عریفه‌یه‌کی ناوچه‌یی ده‌کرده‌وه بۆ ناسین و ناساندنی ئه‌و به‌شه له خاکی کوردستان که‌لێی ڕاهاتبوو.
ئه‌م مامۆستای جه‌ماوه‌رناسییه یاده‌وه‌رییه‌کانی به‌م ئه‌نجامه گه‌یاند که بڵێت؛ ئه‌مانه هه‌موو نیشان ده‌ده‌ن که هه‌وڵه‌کانی نووسه‌ر له‌م کۆمه‌ڵه تا چه‌ند پشت ئه‌ستوورن به ئه‌زموونێکی فراوان له خوێندنه‌وه و تاقیکاری و کتێبه‌کانیش به‌رهه‌می چه‌نده‌ها جار نووسین و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ن.
وتیشی: به‌رهه‌مه‌کانی محه‌ممه‌د پوور له چه‌ن لایه‌نه‌وه جێگای سه‌رنجدانن، ئه‌وان یه‌که‌م به‌رهه‌می مێتۆدناسین که بواره‌کانی بوونناسی، مه‌عریفه و مێتۆد یان لێک هه‌ڵوه‌شاندوه‌ته‌وه و به‌م پۆلین به‌ندییه هاتوونه‌ته‌پێش و توانیویانه پێکهاته‌یه‌کی تێئۆری به ده‌قه‌کان ببه‌خشن.
ئه‌و له کۆتاییدا پرسه‌کانی خۆی له به‌رانبه‌ر ڕه‌خنه‌کان له قواره‌ی چه‌ند پرسیار ئاراسته کرد و زیادیشی کرد: ده‌بێت به‌ر له هه‌ر ره‌خنه‌یه‌ک له خۆمان بپرسێن چه‌ند به‌رهه‌می هاوتای ئه‌م ده‌قانه له ئێران بڵاوکراونه‌ته‌وه و ئه‌م ده‌قانه به ڕێژه‌ی ئه‌وان له چ ئاستێکدان، یان ئه‌گه‌ر ده‌ڵێن ده‌قه‌کان ته‌نیا کۆکردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌کانی مێتۆدن، ده‌بێ ئه‌وه‌ش بپرسن مه‌گه‌ر به سانایی ده‌کرێت شتێک به وانه‌کانی ڕۆژی جیهان زیاد بکرێت، به گشت ئه‌مانه گه‌ر ڕه‌خنه‌کانیش دروست بن، ده‌بێت راشکاوانه بڵێین: ئه‌م کۆکردنه‌وانه‌ش له جێگای خۆی کۆکردنه‌وه‌یه‌کی شاز و بێ هاوتان.
ئازاد ئارمی له درێژه‌ی باس و خواست له‌سه‌ر سێ به‌رهه‌می مێتۆد له مێتۆددا، بان مێتۆدن و دژه مێتۆد به ڕیزکردنی توانسته‌کانی مێتۆدناسانه‌ی ئه‌م کۆمه‌ڵه وه‌ک ده‌ست پێشخستنی نووسه‌ر له هێنانه‌به‌رکاری شێوه‌کانی هاوته‌به‌ق کردنی مێتۆدی چه‌ندایه‌تی له‌گه‌ڵ چۆنایه‌تی، پێکه‌وه هه‌ڵسه‌نگاندنی پارادایمه‌کان بۆ هاندانی خوێنه‌ر له ناسینی په‌رژ‌ینه‌کانی مێتۆد، که‌لک بردن له خشته، کتێبناسی به‌پێز، هێناوه‌ی ژێده‌ری به ڕۆژ و سه‌ره‌کی، هێنانه به‌رکاری چه‌مک و ده‌سته‌واژه‌کان، وردخوێندنه‌وه‌ی ناوئاخنی مێتۆده‌کان و بابه‌ته فه‌رامۆش کراوه‌کان له چوارچێوه‌ی ئاکادیمی ئێرانی،ئه‌وانی وه‌ک ده‌سکه‌وتێکی مه‌زن له بواری توێژینه‌وه ناساند.
پێداچوونه‌وه به که‌مایه‌سییه‌کانی سێ به‌رگ مێتۆدناسی محه‌ممه‌دپوور دوا بابه‌تێک بوو که دانیشتووانی تامه‌زرۆی مێتۆدناسی گوێبستی بوون.
به‌دروشم بوونی خشته‌کان له هه‌ندێ شوێنی ده‌قدا، دیارنه‌بوونی هه‌ڵوێستی خودی نووسه‌ر له لابه‌لای ئه‌م کۆمه‌ڵه، کێشه‌ی پێداچوونه‌وه به پاراگرافه‌کان، پێناسه‌کردنی چه‌مکه‌کان به چه‌شنی جه‌غزی و ئه‌م ئه‌وه‌کی، ناهاوسانی ده‌سکه‌وته‌کان له‌گه‌ڵ بژارده‌ی مێتۆدی چۆنایه‌تی و باسنه‌کردنی چه‌مکگه‌لێکی زۆری تێئۆری له‌ناوخانی بابه‌ته‌کان به‌شێک بوون له ڕه‌خنه‌کانی خالید شێخی به‌رپرسی ئه‌نجومه‌نی کۆمه‌ڵناسی ئێران لقی کوردستان.
کێشه‌ی هه‌میشه‌یی حه‌قیقه‌ت و مێتۆد و ده‌ستنیشانکردنی شوێنگه‌ی توێژه‌ر له جیهانی هاوچه‌رخ، پێکهێنه‌ری پانێلێک بوو که تێیدا ئه‌حمه‌دی محه‌ممه‌دپوور، جه‌لیل که‌ریمی، مه‌سعوود بینه‌نده و مێهدی ڕه‌زایی بڕیاربوو له گۆشه‌نیگای خوێنانه‌وه وه‌ڵامده‌ری پرسیاره‌کان و ڕه‌خنه‌کان بن، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه، ئاراسته‌ی پرسیاره‌کان به لایه‌کدا ڕۆیشت که جه‌ماوه‌ر زیاتر گوێبستی بۆچوونه‌کانی نووسه‌ر و گر‌فتی پۆزێتیڤیزم له کرداری توێژینه‌وه بوون .
مه‌سعوود بینه‌نده، خوێنه‌ری دوکته‌رای کۆمه‌ڵناسی له سه‌ره‌تای ده‌سپێکی ئه‌م پانێله، پرسێ دژوازانه‌ی ڕه‌وش و حه‌قیقه‌تی له سونگه‌ی گادامێر به‌ره‌ورووی نووسه‌ر کرد و وتی: ده‌ستبردن بۆ بابه‌تی مێتۆد له ئه‌مرۆدا وێناکه‌ره‌وه‌ی دژایه‌تی حه‌قیقه‌ته‌کانه.
ئه‌ندامی ده‌سته‌ی نووسه‌رانی زرێوار و کانوونی فه‌رهه‌نگی- زانستی ڕۆنان وتیشی: کێشه‌که له ئه‌مڕۆدا به ئاراسته‌ی پاشه‌کشێکردن به حه‌قیقه‌ت و زاڵ بوونی ئامار و چه‌واشه‌بوونی زانست‌دا ده‌ڕوات و هه‌میسان ئه‌و مه‌ترسییه هه‌یه که نووسه‌رانی ده‌قی مێتۆدناسی گرینگ بوونی ئه‌م خاڵه فه‌رامۆش بکه‌ن.
ئه‌و هه‌روه‌ها به هێنانه‌به‌ر باسی ڕه‌خنه‌گه‌لێک وه‌ک هاوسه‌نگ کردنه‌وه‌ی چالاکی خوێندنخوازانی که‌لتووری له‌ژێر چوارچێوه‌ی ئاوه‌زی ڕه‌خنه‌گرانه و خوێندنه‌وه‌ی ئه‌ندێشه‌کانی هابێرماس له ده‌لاقه‌ی فکرییه‌تی ئه‌زموونخوانه و ئابژکتیو و دژه‌وبێریانه، داوای له نووسه‌ری کۆمه‌ڵه‌ی مێتۆدناسی کرد وه‌ڵامه‌کانی خۆی له‌مباره‌وه ئاراسته بکات و وتی: هه‌ڵبه‌ت نووسه‌ر نابێت له یادی بکات نووسراوه‌کانی دوای نووسین له‌و دابڕاون و ده‌چنه ناو جیهانی سێهه‌مه‌وه و هه‌موان بۆیان هه‌یه ڕه‌خنه‌ی لێ‌بگرن و له‌گه‌ڵ ئه‌م جیهانه ئاخاوتن بکه‌ن.
نووسه‌ری کۆمه‌ڵه‌ی مێتۆدناسی له سه‌ره‌تا به ئاماژه‌دان به تایبه‌تی بوونی نووسینی ئه‌م کۆمه‌ڵه له چوارچێوه‌ی ئاکادیمی و بۆ خوێندکارانی کۆمه‌ڵناسی ڕایگه‌یاند: ده‌بوو هه‌وڵێک بۆ قه‌ره‌بووکردنه‌ی که‌مایه‌سی سه‌رچاوه‌کان و ژێده‌ره‌کان له بواری مێتۆدناسی بدرابایه و من به‌پێچه‌وانه‌ی بیر و هزری خۆم، ئه‌م هه‌وڵه‌م له ئه‌ستۆ گرت و شادم که توانیومه‌وه تا ئاستێکی باشی بگه‌یه‌نم .
ڕاشیگه‌یاند: مێتۆد به پێچه‌وانه‌ی بۆچوونی باو، ته‌نیا ڕێزکردنی قاپ و خشته و ژمێریاری نییه، به‌لکوو جۆرێک دازاین و بوون له جیهانه و ئێمه له پێناو ئۆقره گرتن به‌بوونه‌وه ده‌بێت به مێتۆد ده‌وڵه‌مه‌ند بین، که‌واته پرسی سه‌ره‌کی من له نووسینی ئه‌م ده‌قانه ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ بیچمێکی چه‌ق به‌ستووه، که ژیان و هه‌ستی ئاکادیمی و په‌روه‌رده بۆ ماوه‌ی سه‌ده‌یه‌ک له ژێر کێفی خۆی گرتبوو.
ئه‌حمه‌د محه‌ممه‌دپوور له وه‌ڵامی ڕه‌خنه‌کانی مه‌سعوود بینه‌نده زیادیشی کرد: خوێندنخوازانی که‌لتووری به‌هۆی سه‌رچاوه‌گرتن له ئه‌ندێشه‌ی مارکس و ئاوڕدانه‌وه له بابه‌تگه‌لی ڕه‌خنه‌یی وه‌ک ده‌سه‌ڵات، ئایدۆلۆژیا، ڕه‌گه‌زایه‌تی و چینی کۆمه‌ڵایه‌تی، له‌گه‌ڵ به‌هره وه‌رگرتن له ئه‌ندێشه‌ی بیرمه‌ندانی قوتابخانه‌ی فرانکفۆرت له گرامێشی، ئالتوسێر و پولانتزاس هه‌ر ئه‌و ڕێگایه ده‌گرنه‌به‌ر که له ئه‌ندێشه‌ی ڕه‌خنه‌گرانه ئاماده‌یه؛ واته پێداچوونه‌وه به بابه‌تی کڕیاری شت و مکی که‌لتووری.
هه‌روه‌ها مامۆستای کۆمه‌ڵناسی زانکۆی بووعه‌لی سینا، وێرای پووچه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ی کۆتایی هاتنی فکرییه‌تی پۆزێتیڤ و بابه‌ته‌کانی هاوشێوه‌ی له ئه‌ندێشه‌ی مێتۆدناسی وتیشی: په‌رژینی نێوان زانستی کۆمه‌ڵایه‌تی و زانستی سروشتی ڕۆژ له دوای ڕۆژ له یه‌ک نزیکتر ده‌بنه‌وه و ئه‌مڕۆ ئه‌ندێشه‌ی ڕێئالیزمی ڕه‌خنه‌گرانه وه‌ک دوا به‌ره‌کانی پۆزێتیڤیزم هه‌وڵده‌دات له‌گه‌ڵ به‌کارهێنانی مێتۆدی ئه‌زموونکارانه، له ڕوانگه‌ی دیناوه‌وه بڕوانێته جیهان و مه‌عریفه.
جه‌لیل که‌ریمی هه‌ر له‌م په‌نێله ڕاوبووچونی خۆی سه‌باره‌ت به سێ کتێبی مێتۆدناسی ئه‌حمه‌د محه‌ممه‌دپوور به ده‌لاقه‌یه‌کی دیکه‌دا برد و وتی: من لام وایه مێتۆد ناتوانێت ڕه‌هه‌ندێک بێت بۆ چوونه‌ناو جیهانی کۆمه‌ڵناسی.
مامۆستای کۆمه‌ڵناسی زانکۆی ڕازی کرماشان له لای خۆیه‌وه دوای ماندوو نه‌بوونی له نووسه‌ری کۆمه‌ڵه‌ی مێتۆدناسی، نووسینی له‌م بواره‌ی بێ که‌ڵک وه‌سفکرد و وتیشی: من وه‌ک که‌سێکی دژه پۆزێتیڤ لام وایه کۆمه‌ڵناسی له ئێران ته‌نانه‌ت نه‌یتوانیوه له بیچمی ناسین و ناساندنی ئه‌ندێشه‌ی پۆزێتیڤ ڕزگاری بێت و به ڕێگای گوتاره‌کانی کۆمه‌ڵناسیدا بڕوات.
زیادیشی کرد: به بڕوای من نووسینی له‌م چه‌شنه هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌یه و من له دژی هه‌ر چه‌شنه نووسینێک بۆ خوێندکاران و به مه‌به‌ستی ئاکادێمی ده‌وه‌ستم، ئاسانکاری زانستی بۆ خوێندکاران هه‌ڵه‌یه‌کی یه‌گجار گه‌وره‌یه و ده‌بێت ئه‌وان ڕووبه‌ڕووی ئاڵۆزییه‌کان و دژوازییه‌کان بکه‌ینه‌وه و ئه‌مه وه‌ک ڕه‌مزی سه‌ره‌کی نووسینه‌کانمان ڕه‌چاو بگرین.
له کۆتاییدا محه‌ممه‌دپوور، دوای بیستنی ڕه‌خنه‌ی جه‌ماوه‌ری دانیشتووان و کێشه‌کانی جۆراوجۆر له‌سه‌ر بابه‌تی پۆزێتیڤیزم له وه‌ڵامی که‌ریمی ئاشکرایکرد: ئه‌م نووسراوانه هه‌وڵێکن بۆ به‌رگری له نووسینی شپرزه و من ته‌نیا ده‌مه‌ویست تێگه‌یشتنێکی جوان له مێتۆدێکی هه‌ڵه ئاراسته بکه‌م، مێتۆدێک که هه‌ر چه‌ند هه‌له‌یه، به‌ڵام شیاوه به شێوه‌یه‌کی جوان ئاراسته بکرێت.
ئاشکرایشیکرد: من به پلان و گه‌ڵاله له پێش ئاماده‌کراو ده‌ستم داوه‌ته نووسینی مێتۆدناسی و هه‌ستده‌که‌م له کۆتایی ئه‌م نووسینانه‌م گه‌یشتوومه‌ته بلووغی فیکری.
ئه‌و له ئه‌نجامی ئه‌م کۆڕه مزگێنی بڵاوکردنه‌وه‌ی دوو توێژینه‌وه‌ی خوی له‌سه‌ر باری گه‌شه‌سه‌ندن له شاره‌کانی سه‌رده‌شت و هه‌ورامان و کتێبی مه‌عریفه و جوانیناسی به جه‌ماوه‌ردا، هه‌تا دووهه‌مین کۆڕی ناسین و ناساندنی نووسه‌ران و توێژه‌رانی کورد به شێوه‌یه‌کی باش و سه‌رکه‌وتووانه کۆتایی به کاری خۆی بهێنێت.
راپۆرت: ئه‌مجه‌د غوڵامی