فرات جه‌وه‌ری، نووسه‌ری ناسراوه‌ی کوردی تورکیا بۆ کوردپرێس:
جیهانی من هێمن‌تره‌ له‌ سیاسه‌ت/ دژی سیاسه‌تی نکۆڵی کردنی کورد له‌ تورکیا وه‌ستاوم
من هەر چەندەش بڵێم کە مرۆڤێکی سیاسی نیم، بەڵام نووسین بە زمانی کوردی، شۆڕش و ڕاپەڕینێکە لە دژی سیاسەتی نکۆڵی و پاکتاوی کوردەکان لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە. من لە دژی سیاسەتی نکۆڵی ڕاپەڕیوم.
فرات جه‌وه‌ری دانیشتووی "دیریک چیای مازی"ی کوردستانی تورکیایه‌. ئه‌و له‌ ساڵی 1959 له‌ دایکبووه‌ و له‌ سه‌ره‌تاکانی ده‌یه‌ی هه‌فتا له‌ گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌که‌ی به‌ره‌و شاری نوسه‌یبین کۆچیان کرد‌. فرات جه‌وری له‌ ساڵی 1980ی زایینی تورکیای به‌ جێهێشت و نیشته‌جێی وڵاتی سوید بوو و له‌ گه‌ڵ هه‌وانه‌وه‌ی له‌ وڵاتی نوێدا کتێبێکی بڵاو کرده‌وه‌. له‌و کاته‌وه‌ به‌ دوا، ئه‌و له‌ کۆمه‌ڵێک چالاکیی جۆراوجۆری ئه‌ده‌بی و زمانه‌وانی کوردی به‌شدار بووه‌. فرات له‌ خاکه‌لێوه‌ی ساڵی 1992 ده‌ستی کرد‌ به‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی گۆڤاری نوده‌م که‌ گۆڤارێکی وه‌رزانه‌ بوو و ده ‌ساڵ له‌سه‌ر یه‌ک بڵاو بۆوه‌. دوای ماوه‌یه‌ک گۆڤارێکی دیکه‌ی به‌ ناوی نوده‌می وه‌رگێڕ بڵاوکردووه‌ته‌وه‌ و هاوکات بڵاوکه‌ره‌وه‌ی نۆده‌می دامه‌زراندوه‌. ئه‌و تا ئێستا 19 کتێبی نووسیوه‌ و 15 کتێبی دیکه‌ی وه‌رگێراوه‌ته‌وه‌ سه‌ر زمانی کوردی. چیرۆکه‌کانی فرات جه‌وه‌ری به‌ زمانه‌کانی سویدی، ئاڵمانی، عه‌ره‌بی، تورکی و فارسی وه‌رگێردراونه‌ته‌وه‌ و چیرۆکه‌کانی له ‌ئه‌نتۆلۆژیاکانی سویدی، ئه‌ڵمانی، عه‌ره‌بی و تورکیدا وه‌ک نموونه‌ی چیرۆکی کوردی هێنراونه‌ته‌وه‌ و ته‌نانه‌ت کراونه‌ته‌ فیلم. فرات به‌ چوار رۆمانی دروشاوه‌ی "پاییزا دره‌نگ"، "ئه‌زی یه‌کی بکوژم"، "له‌هی" و "ماریا مه‌له‌که‌ک بوو" نیگاکانی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوه‌. ئه‌و هێشتاش دانیشتووی سویده‌ و ئه‌ندامی یه‌کێتی نووسه‌رانی سوید و پێنی ئه‌و وڵاته‌یه‌. هه‌ر له‌ سوید ده‌روونناسی منداڵان و له‌ زانکۆکانی ستۆکهۆڵمیش "ژیان و که‌لتووری ئه‌تنیکه‌کان" و "دیرۆکی ئه‌ده‌بیاتی رووسیا"ی خوێندووه‌. له ‌په‌راوێزی کاری ئه‌ده‌بیدا وه‌ک مامۆستا، وه‌رگێڕ و لێکۆڵه‌ر له‌ کۆنسه‌ی که‌لتووری ده‌وڵه‌تیشدا وه‌ک شاره‌زا له ‌بواری ئه‌ده‌بیاتی که‌مینه‌کاندا کاری کردووه‌ و ماوه‌یه‌که‌ له‌ که‌مپی په‌نابه‌رانی کورد له‌ سوید، به‌رپرسی لیژنه‌ی نووسه‌رانی تاراوه‌یه‌ و له‌وێ خزمه‌تی ئه‌ده‌ب و چالاکوانانی ئه‌ده‌بی ده‌کات. هه‌واڵده‌ریی کوردپرێس دیمانه‌یه‌کی له‌ گه‌ڵ ئه‌م نووسه‌ره‌ کورده‌ به‌ توانایه‌ ئه‌نجام داوه‌ که‌ له‌ خواره‌وه‌ ده‌یخوێنینه‌وه‌:
* به‌ڕیز جه‌وه‌ری، چۆن بوو بوونه‌ نووسه‌ر؟ هانده‌ر و یاریده‌ده‌رتان لم بواره‌دا کێ بوون و به‌ چ ئاواتێکه‌وه‌ ده‌ستان به‌ نووسین کردووه‌؟
ـ ده‌سپێکی نووسه‌ر بوونی من، شتێک نه‌بووه‌ که‌ له‌وه‌ پێش پلانێکم بۆ داڕشتبێت، من به‌ هه‌ڵکه‌وت ده‌ستم دایه‌ قه‌ڵه‌م و خۆم له‌ کاتی نووسیندا دیته‌وه‌. نووسه‌ری، هونه‌ر و چالاکییه‌ داهێنه‌رانه‌کانی، وه‌ک پیشه‌ و کاره‌کانی دیکه‌ ناچێت. هه‌ر کچ و کوڕێکی لاو، ده‌توانێ ڕشته‌یه‌کی خوێندن هه‌ڵبژێرێ و پاشان ببێته‌ پارێزه‌ر، پزیشک، ئه‌ندازیار و یان هه‌ر شتێکی دیکه‌. به‌ڵام له‌ بواری هونه‌ریدا شته‌کان به‌ جۆرێکی دیکه‌ن و به‌م ره‌هه‌نده‌دا ناڕۆن. هونه‌ر لێهاتووییه‌کی خودا پێدراوانه‌یه‌ و مه‌مکینه‌ له‌ زاتی هه‌موو که‌سێکدا نه‌ی دۆزیه‌وه‌. من زۆر زوو ئاوێته‌ی نووسین بووم. هه‌ڵبه‌ت نه‌ که‌س به‌ توانسته‌کانی منی زانی و نه‌ که‌س هانده‌رم بوو و نه‌ که‌سێش له‌م بواره‌دا یاره‌مه‌تی دام. من زۆر زوو ده‌ستم به‌ خوێندنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌ ئه‌ده‌بییه‌کان‌ کرد و هه‌ر له‌ هه‌ره‌تی منداڵی، دیوانی شێعری شاعێرانی ناسراوه‌ی وه‌ک "مه‌لای باته‌یی"م خوێنده‌وه‌ و به‌شێکی زۆریم له‌ به‌ر بوو. دواتر له‌ سه‌رده‌می میرمنداڵی ده‌ستم کرد به‌ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی ڕووسی و فه‌ڕه‌نسی. کاتێک له‌ کۆتاییه‌کانی ده‌یه‌ی هه‌فتا له‌ گه‌ڵ دیوانی شاعێرانی ناسراوه‌ی وه‌ک جگه‌ر خوێن ئاشنا بووم، ئیتر به‌ یه‌کجاری ئاوێته‌ی ئه‌ده‌بی کوردی بووم. پاشان تا به‌ خۆمدا هاتمه‌وه‌ بینیم که‌ سه‌رقاڵی نووسینم و تێگه‌یشتم که‌ نووسین مانایه‌کی تایبه‌ت ده‌به‌خشێ به‌ ژیانی من. له‌و رۆژه‌ به‌دوا نوقمی ئه‌ده‌ب بووم. گه‌ر جیا له‌ نووسین، ده‌ستم دابایه‌ته‌ هه‌ر کارێکی دیکه‌ به‌ دڵنیایی تا ئێستا ده‌ستم لێ هه‌ڵگرتبوو. به‌ڵام نووسه‌ری وه‌ک نه‌خۆشیی و ڤایرۆسێک وایه‌ که‌ دزه‌ ده‌کاته‌‌ ناو له‌شی مرۆڤه‌وه‌، تا کاتی مردن لێی نابێته‌وه‌. پێموا ئه‌ده‌ب تا دوا ساته‌کانی ژیان ده‌ستم لێ هه‌ڵناگرێت.
* گۆڤاری هاوار، ئه‌حمه‌د خانی و جه‌لاده‌ت به‌ده‌رخان چ کاریگه‌رییه‌کان له‌ سه‌ر تۆ بووه‌؟ بۆ دووباره‌ ده‌ستت کرد به‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی هاوار به‌ ئه‌لفبای لاتین و ئارامی؟
ـ من خۆم زۆر دره‌نگ به‌ بوونی گۆڤاری هاوارم زانی. پێموا له‌ نێوان ساڵه‌کانی 1982 یان 1983 بوو. تا ئه‌و کات من 2 یان 3 کتێبی کوردیم بڵاو کردبووه‌وه‌؛ به‌ بێ ئه‌وه‌ی ئاگاداری گۆڤارێکی کوردی له‌ مێژووی ئه‌ده‌بی ئه‌م گه‌له‌ به‌ ناوی هاوار بم. له‌و کاته‌دا له‌ شێعره‌وه‌ گه‌یشتبوومه‌ چیرۆک. بە بێ ئەوەی دەستم کردبێ بە خوێندنەوه‌ی چیرۆکی کوردی، تامەزرۆی نووسینی چیرۆکی هونەری کوردی بووم. لەو ڕووەوە کە من پێشتر هیچ چیرۆکێکی کوردیم نەدیبوو، پێموا بوو لە بواری رۆماننووسی کوردیدا هەر خۆم پێشەنگم. بەڵام کاتێک بە هەڵکەوت تووشی گۆڤاری هاوار هاتم و خۆم نوقمی لاپەڕەکانی دی، تێگەیشتم کە باوه‌ڕی من هه‌ڵه‌یه‌ و بەر لە من هەموو کارێک کراوە. بەڵام بە پێێ هۆکارە نادەرکەوتەکان، ئەم گۆڤارە نەگەیێشتبووە دەستی ئێمە. ئەم گۆڤارە زۆر جوان، بە چاپێکی کەمەوە لە لایەن خوالێخۆشبوو حەمرەش ڕەشۆ، ئاراستە دەکرا. بەڵام تەواو ژمارە چاپ کراوەکانی هاوار، بە تایبەت ژمارە سەرەتاییەکانی کە بە ڕێنووسی عەرەبین، دەست ناکەون. ئەم بابەتە تەواو خستمیە ناو بیر و فیکرەوە و کەوتمە دوای دۆزینەوەی ژمارەکانی دیکەی. دەمەویست تەواو ژمارەکانی ئەو گۆڤارە که‌ لە ناو ئەدەبی کوردەکان خاوەن شوێن و پلەی تایبەتی بوو، بدۆزمەوە. لە هەر کەسم دەپرسی، چم دەست نەدەکەوت و کەس لەبارەیەوە نەیدەزانی. لە ساڵی 1987 کاتێک لە سوید بەرەو دیمەشق، بانیاس و قامیشلۆ دەچووم، هەوڵم دا لە گەڵ نووسەران و هاوکاران و ستافی پێشووی ئەم گۆڤارە پەیوەندی بگرم، بە تایبەت لە گەڵ ڕەوشەن خاتوون، هاوسەری خاوەن گۆڤارەکە. لەوێش نەمتوانی کۆی ژمارەکانی ئەم گۆڤارە دەست خەم. لە ئەنجامدا ژمارەکانی دیکەییم لای محەمەد ئۆزۆن و مەحموود لۆندی پەیدا کرد و بە گۆڕینی ڕێنووسەکەیان لە عەرەبییەوە بۆ لاتین، لە دووتۆی 2 ژمارەدا بڵاوم کردەوە. گۆڤاری هاوار وەک کۆڵەکەی ئەدەبی کوردی لە بیر کراوە و بەرەی ئەمڕۆ لێی بێ‌بەش بوون. هەم لە باری تێچوو و هەمیش لە باری مەعنەوییەوە، کۆکردنەوە، ئامادە کردن، وەرگێرانی ڕێنووسەکان و بڵاوکردنەوەی هاوار زۆری ماندوو کردم. بەڵام لە ئەنجامدا کاردا بوو بە هۆی شادی خۆم و پێشوازیی لایەنگرانی زمان و ئەدەبی کوردی. بابەتی گرینگ لێرەدا سڕینەوە و تۆزی مێژوو و مشت و ماڵی دەقە مۆدێرنەکانی ناو ئەدەبی کوردییە و بەرگری لە فەوتان و گەیاندنیان بە بەرەکانی داهاتوو بووە، کە بەختەوەرانە ئەم ئاکامە ئیجابییەی بە دواوە بووە. کاتێک بەرەی نوێ کتێبەکانی بەرەی ئێمە بە دەستەوە دەگرن، به‌و مانایه‌ که‌ ئەوان بایەخی بەرهەمە دەوڵەمەندەکانیان فام کردووە و بەرەی زۆر گرینگی بەر لە خۆیان ناسیوە. ئەم بابەتە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی بەخۆ متمانەیی ئەوان و ئەوان شانازی بە ڕابردوو و ئەدەبی خۆیان دەکەن. کاتێک مرۆڤ شانازی بە ڕابردووی خۆی کرد، توانستی کاری باشتر و پڕدەسکەوت‌تری دەبێت و هان دەدرێت بۆ خوڵقاندنی کاری شازتر.
* چۆن بوو بیرت لە بڵاوکردنەوەی گۆڤاری "نودەم" کردەوە؟ ئایا کەس یان بابەتێکی تایبەت دەستی لەم بڕیارەدا بوو؟
ـ لەو ڕووەوە کە من نوقمی جیهانی ئەدەبی کوردی بووم، خوێندنەوەی گۆڤارەکانی ئەدەب و وێژەی کوردی سەرنجی منیان بۆ لای خۆیان ڕادەکێشا. من زۆربەی گۆڤارە ئەدەبییەکانی تورکی زمان و سویدیم کۆدەکردەوە. کاتێک پێداگر بووم لە سەر دامەزراندنی ناوەندێکی بڵاوکردنەوەی کوردی، تێگەیشتم کە هەمووی ئەمانە سیاسین و تەنیا وەک کەرەسەیەک وان بە دەستی سیاسەتوانانەوە. تەنانەت زۆربەی ئەوان لە دژی یەکتر بوون و لە جیات ڕەخنە و خوینەنەوەی یەکتری، دوژمنایەتییان لە گەڵ یەکدا دەکرد. سەبارەت بە خۆشم، به‌ پێی ئه‌وه‌ی کە زۆر زوو ماڵئاواییم لە سیاسەتی پارت‌گەرایی کردبوو و بە تەواو هێزمەوە جەختم لە ئەدەبی کوردی دەکرد، هیچکات بیرم لە دوژمنی و بە تایبەت دژایەتی کردنی هیچ کەسێک نەدەکردەوە. هەر بەم هۆیە که‌وتمه‌ بیر دەرباز کردنی ئەدەبی کوردی لە ململانێ سیاسییەکان و دابەزاندنی بەستێنێکی هاوڕێیانە لە ئەدەبی کوردی. لە لایەکی دیکەوە دەمەویست تاقەت و ماندوونەناسیی "جەلادەت بەدەرخان" بۆ خۆم بکەمە نموونا و سەرچەشن و تا ڕادەیەک ڕەنگ و بۆنی "هاوار" ببەخشم بە نودەم. 
ئێمە دەمانەویست لە رێگەی نودەم سەردەمەکانی ڕابردوو بە بەرەی نوێ بناسێنین و لەم رێگەوە پەلێکی دابڕاوی مێژوو بلکێنینەوە بە تەواوەتی مێژووی ئەدەبی کوردییەوە و لە لایەکی دیکەشەوە ببینە هۆی جێگر بوون و توکمەتر بوونی بنەماکانی ئەدەبی مۆدێرن و ڕاکێشانی سەرەنچی‌ کوردەکان بۆ لای هاوار. ئەی خۆزگە دەمتوانی بڵێم کە لەم رێگە زۆر کەس هاندەر و یارمەتیدەرم بوون، ئەی خۆزگە دەمتوانی بڵێم کە کەسانێک لە بنەماڵەکەم یان خزمانی نزیکم لە دابەزاندنی ئەو هیوایانە یارمەتیدەرم بوون، یان سیاستەوانانی کورد بانگهێشتیان کردووم بۆ هاتنه‌ ناو ئەم بوارە و پشتیوانیان لێ کردووم. بە داخەوە نە تەنیا وانەبووە، بەڵکوو لە جیات ئەوەی پشتیوانیم لێ بکەن، تا ئه‌و جێگه‌ی توانیویانە چەقلیان خستووەتە بەر ڕێم. بەڵام بەر لەوەی من دەست بکەم بە نووسین، ئاگادای تەواو ئەم بابەتانە و بارودۆخی دەروونیی بزووتنەوەکانی کوردی بووم. هەر بەم پێیە، نه‌ تەنیا خۆم له‌ باری فیکرییه‌وه‌ نه‌به‌سته‌وه‌‌ بە زەمانی ئێستا، بەڵکوو پرێسپێکتیوێکم لە داهاتوویەکی ڕوون وێنا دەکرد. منیش لەخۆباییانە و بە ورەیەکی بەرزەوە دەموت: هەموو کەسێک دەتوانی کاری چکۆلە بکات، بەڵام ئیشی هونەری، ئیشێکی گەورەیە. دڵنیا بووم کە لە سەرەتای جێبەجێ کردنی کارێکی گەورە دام. هەر بۆیه‌ سەرکەوتنی من پێویستی بە تاقەت و ماندوونەناسی، بێ‌لایەنی، خۆ بە دوور گرتن لە ململانێی سیاسی و خۆ پاراستن لە سیاسەتی رۆژانە بوو. سەرەتا زۆر لە عەزابدا بووم. بەڵام پاش چەندین ساڵ و پاش ئەوەی کوردەکان پێداگری و بەردەوامێتیی منیان لەم کارەدا دی و بینیان کە شلگێرانە بەڵێن و بڕیارەکانم تا سەر بردووە، لێم نزیک بوونەوە و دەستیان کرد بە بارەقەڵا و دەستخۆشانە پێ وتنم. هەڵبەت پشتیوانیی ئەوان یارمەتییەکی زۆری دام و منی زۆر دڵخۆش کرد. کوردەکان ئاوان ئیتر، گەر بڕوا بە شتێک یان کارێک بکەن و موتمانەی پێ بکەن، ئیتر هیچ شتێک ناتوانێ پێشیان پێ بگرێت. ئەوان بە ڕادەیەک موتمانەیان پێ کردم کە وام پێ هات باوەڕ بێنم کە دەست بۆ هەر کارێک ببەم تێیدا سەردەکەوم. ئەو موتمانە مەزنە لە منیشدا پەلی داکوتا. هەر بۆیە تا هەستم بە کەمایەسییەک دەکرد، خێرا هەوڵم دەدا بۆ چارەسەر کردنی.
پاش بڵاوکردنەوەی گۆڤاری نودەم تێگەیشتم کە ئەدەبی کوردی پێویستییەکی زۆری هەیە بە وەرگێرانی بەرهەمی گەلانی دیکە. وەرگێران دەبێتە هۆی دەوڵەمەندتربوونی زمان و ئەدەبی لۆکاڵی و دەیکاتە برابەشی زمان و ئەدەبی جیهانی. هەر لەو کاتەدا خۆم دەستم دایە وەرگێرانی ئەدەبی جیهانی بە زمانی کوردی و هەمیش گۆڤاری "نودەم وەرگێر"م بڵاو کردەوە. نودەم وەرگێر وەک چوارەمین منداڵی من بوو، چونکا بە هەمان عەشق و خۆشەویستییەوە گەورە دەکرا. بە داخەوە نودەم پاش 10 ساڵ بڵاو بوونەوە و نودەم وەرگێر پاش یەک ساڵ چاپ و ئاراستە کران، چوونە ڕیزی "کاروانی شەهیدان".
* بە بڕوای ئێوە وەرگێرانی بەرهەمی نەتەوەکانی دیکە و لە زمانەکانی دیکەوە، چ کاریگەرییەکی دەبێت لە سەر زمان و ئەدەبی کوردی؟
ـ ئەدەب وەک سیاسەت نییە، ئەدەب شتێکی دیموکراتیکە. بابەتی دیکە ئەوەیە کە کەرەسەکانی ئەدەب مرۆڤەکانن و مرۆڤەکان خاوەن هەستی هاوبەشن. مرۆڤ لە هەر کوێی ئەم جیهانە و لە هەر کەلتوورێک بێت، جیاوازییان پێکەوە نییە. چونکا وەک وتم هەستی هاوبەشیان هەیە. ئەوین لە هەموو شوێنێکدا ئەوینە، هەڵفریواندنی ئەوین لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانە بێت، چ نییە جیا لە خەنجەرێکی کول، ئێش و ئازار لە هەر کوێ بێت هه‌ر ئازارە و بەس. هەر بەم هۆیەیە کاتێک بەرهەمی ئەدەبی لە زمانەکانی دیکەوە وەردەگێردرێتە سەر زمانی کوردی، زۆر خێرا دەبێتە بەشێک لە ئەدەبی ئێمە. لە رێگەی وەرگێران بۆ زمانی کوردی، زمانی کوردیش لە چوارچێوەی تەنگەبەری خۆی دێتە دەرێ، پەرە دەستێنێت و بە ناوبژایەتی زمان و شێوەکانی نوڤیساری نووسەرانی بە توانای جیهانی، هه‌یمه‌نه‌یه‌کی تازه‌ ده‌گرێته‌ خۆی و دەبێتە هاودەمێکی زمانی بۆ ئەدەبی جیهانی.
* ئایا سیستەمی نکۆڵی تورکیا بە نیسبەتی زمانی کوردی، هیچ کاریگەرییەکی بووە لە سەر پێداگری و هەوڵی ئێوە لە پێناو نووسینی رۆمان و بەرهەمی ئەدەبی و وێژەیی؟
ـ من هەر چەندەش بڵێم کە مرۆیەکی سیاسی نیم، بەڵام نووسین بە زمانی کوردی، شۆڕش و ڕاپەڕینێکە لە دژی سیاسەتی نکۆڵی و پاکتاوی کوردەکان لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە. من لە دژی سیاسەتی نکۆڵی ڕاپەڕیوم. ئەو سیاسەتە دەیوت کە زمانێک بە ناو زمانی کوردی بوونی نییە و گەر بشبێت، تەنیا لە چەند وشە پێک هاتووە. ئەو کاتەی من لە ئەدەبی سەرزارەکیی کوردی ورد ده‌بوومەوە و هه‌ستم مەزنایەتیی ئەدەبی کلاسیکی کوردی ده‌کرد، ده‌مه‌ویست پێوشوێنی پێشینیانی خۆم بگرم و بە نووسین بە زمانی کوردی و زمانی زکماکی خۆم، چەمۆڵەیەک بنێم لە دەموچاوی نکۆڵەرانی زمانی کوردی.  هەر چەند دەسپێکی نووسینی من له‌ خۆیدا جۆرێک شۆڕش و ڕاپەرین بوو، بەڵام دواتر بە رەهەندی بابەتە ئەدەبییەکاندا رێگای بڕی. واتە پاش ماوەیەک چیتر پێویستی نەدەکرد کە بە دەسەڵاتداران و حاکمان بسەلمێنم کە زمانی کوردی بوونی هەیە و کوردەکانیش دەتوانن بە زمانی زکماکی خۆیان بنووسن. من هاتبوومە ناو جیهانی دەروونی خۆمەوە و کەوتبوومە دوای دروست کردنی جیهانێکی نوێ و بە دوور لە سیاسەت، ئەویش بە زمانی خۆم. من خۆم لەو جیهانە نوێیەدا هیمن و ئاسوودە دەدی و ئەو جیهانە سەیر و سەمەڕەیە مانایەکی دیکەی بە ژیانی من بەخشی. بە واتایەکی دیکە، ئەدەبێک کە لە سەرەتا وەک نەخۆشییەک لە مندا بنچی داکوتا بو، دواتر دوای تێپەڕبوونی ساڵەکان، ڕواڵەتی دەرمانی به‌ خۆیه‌وه‌ گرت و نەخۆشییەکەی سەرەوە بوو بە چارەسەر و دەرمانی تەواو ئێش و زامەکانی من. مانایەکی دیکەی بە ژیانی کرچ و کاڵی من بەخشی و گەلێ جار دەبوو بە گۆچانێکی هیوابەخش و من قورسایی له‌شم ده‌خسته‌ سه‌ری و بە یارمەتیی ئەو رێگاکانم دەبڕی.
* کەسایەتیی ناو رۆمانەکان چۆن دەخوڵقێنی و بۆ رۆمانەکانت بە ناتەواوی و لە خەرمانەیەک لە گۆمان و وەهمدا ڕادەگەری و کۆتایی پێ دێنی، بۆ وینە لە رۆمانەکانی "ئه‌زی یه‌کی بکوژم" و "له‌هی" هەڵسوکەوتێکی لەم شێوە لە گەڵ گێڕانەوە کراوە؟
ـ کەسایەتیی چیرۆکەکانی من راستەقینەن. من تایبەتمەندیی چەند کەس لە یەک کەسایەتیدا کۆ دەکەمەوە. ئەو کەسانەی کە سەردەمانێک فیداکاریی زۆر مەزنیان بووە، بەڵام لە درێژەی زەماندا فەرامۆش کراون و لە بیر چوونەتەوە، ئێستا بوونەتە کاکڵەی سەرەکی رۆمانەکانی من. من ئەو کەسانەم هەڵبژاردووە و بە ئاوڕدانەوە لە بەسەرهاتە ناوچییەکانیان لە قەوارەی گێڕانەوەیەکی تایبەتی ئەدەبی، تێکەڵ بە ڕەوتی ئەدەبی جیهانییان دەکەم. لەو ڕووەوە کە ژیان هێشتاش بەردەوامە، من بە ناکۆتا کردنی ژیانیان، نامەوێ بە کێشانەوە و داسەپاندنی دیمەن و خاڵێک وەک خاڵی کۆتایی، فەزا لە ڕووی خوینەرکانم داخەم و ناچاریان بکەم لە تەنگەژەی فانتازیاکانی مندا بمێننەوە.
بە پێی ڕاهێنانی تەواو ئایینەکانی ئاسمانی، بەهەشت و جەهانم پێشتر بووە و یان پاش بە جێ هێشتنی ئەم جیهانە نگبەتە، ژیان لە جیهانێکی دیکەدا بەردەوام دەبێت و مرۆڤەکان بە پێی کردار و ئاکاریان لەم جیهانە، لە جیهانی پەسلاندا دەچنە بەهەشت یان جەهانم. بە پێی بڕوای تاقمێکی دیکە، مرۆڤەکان دەچنە ناو قاڵبێکی دیکە، واتە بە نیسبەتی چاکە یان خراپەیەک کە هەیانە مێتافۆرفیسیان به‌ سه‌ردا دێ و دەچنە سەر شێوەیەکی تایبەتی حەیوانی و ئاژەڵی. لە ڕوانگەی ماتریالیستەکانیش مرۆڤ بەردەوام سەرقاڵی گۆڕان و گۆڕانکاریی بووە، مرۆڤ ماتریاڵێک بووە و گۆڕاوەتە سەر بیچم و فۆڕمێکی دیکە.  بە بڕوای من ژیان بەردەوام درێژەی دەبێت. یەکێک لە هۆکارەکانی ناکۆتا بوونی رۆمانەکانی من، هەر ئەم بڕوا بە درێژەدار بوونی ژیانە و لە سونگەیەکی دیکەشەوە پێموایە کە دانانی خاڵی کۆتایی بۆ چیرۆک، داخستنی دەرگایە لە ڕووی خوێنەر و لەو کاتەدا ئەوان چیتر ناتوانن لە جیهانی کەسایەتییەکانی ناو چیرۆکەکە ورد بنەوە و سەرەندەری گێڕانەوەکە بن. کاتێک کەردێکی خوێنئاوی دەدەمە دەست پێرسۆناژێک و رۆمانەکە لەوێدا تەواو دەکەم، ئەم ئیمکانە بە خوێنەر دەدەم کە خۆی بیر بکاتەوە سەبارەت بە درێژەی چیرۆک و هەر خۆی کۆتاییەکی جیاوازی بۆ وێنا بکات و له‌ خۆی بپرسێت: "تەمو" کێی کوشت؟ دوای ئەو هەمووە ڕووداوەی که‌ له‌ "له‌هی"دا ڕووده‌دا، کاتێک که‌ نووسه‌ر له‌و حاڵه‌ تایبه‌ته‌دا له‌ پشت میزێکدا به‌ ته‌نیا به‌ جێ دێڵم، ده‌رگا به‌ توندی ده‌کرێته‌وه‌ و ئه‌و له‌ دارستان، وه‌ک که‌روێشکێکی قۆشقی بۆ ئه‌ملا و ئه‌ولا ده‌رده‌چێت. من ئیزنی ئه‌وه‌ به‌ خوێنه‌رانم ده‌ده‌م که‌ خۆیان رێگه‌ی ده‌ربازبوون و نه‌جاتێک بۆ ئه‌و دیاری بکه‌ن. هه‌ڵبه‌ت به‌م کاره‌ من کۆمه‌ڵێک ده‌رگا له‌ ڕووی خۆم ئاوه‌ڵا ده‌هێڵمه‌وه‌ و ئه‌م ئیمکانه‌ به‌ خۆم ده‌ده‌م که‌ دواجار له‌ کاتێکی شیاودا و به‌ تاقت و وره‌یه‌کی به‌رزه‌وه‌ بتوانم که‌سایه‌تیی ناو چیرۆکه‌کانم به‌ره‌و شوێنێکی دیکه‌ رێنوێنی بکه‌م. گه‌ر ره‌هه‌نده‌که‌یشی بگۆڕم، هه‌مدیسان ئه‌و به‌ کۆتایی رێگا نایگه‌یێنم. هه‌ر به‌م هۆیه‌ گه‌لێ جار خوێنه‌ران په‌یوه‌ندیم پێوه‌ ده‌گرن و ده‌پرسن که‌ درێژه‌ی فڵانه‌ رۆمان چۆناوچۆن کۆتایی پێ دێت.
* ئێوه‌ ڕۆڵی زمان له‌ ئه‌ده‌بی کوردیدا چۆن ده‌بینن؟
ـ ڕۆڵی زمان و ئه‌ده‌بی کوردی بۆ کورده‌کان وه‌ک کوته‌ی دڵ وایه‌، گه‌ر لێنه‌دا سه‌ره‌تا تووشی چه‌ڵته‌ی دڵ دێین و دواییش ده‌مرین. ڕێک 35 ساڵه‌ که‌ من ته‌واو شه‌و و رۆژه‌کانم کردووه‌ته‌ یه‌ک و هه‌نگاوم ناوه‌ته‌ ئه‌م بواره‌. ڕێک 35 ساڵه‌ که‌ من جار هه‌یه‌ به‌ بێده‌نگی و جار هه‌یه‌ به‌ هاوار و زریکه‌وه‌ به‌ کورده‌کان به‌ تایبه‌ت به‌ سیاسه‌توانان یان ئه‌وانه‌ی که‌ به‌ ناوی کورده‌کانه‌وه‌ له‌ بواری سیاسه‌تدا چالاکن، ده‌ڵێم: ئامان، ئامان، ئامان، هۆشتان بە زمانەوە بێت. بەڵام ئەوان وەک نەیان بیستبێ بە زەندەی پێویست بایەخ بۆ زمان دانانێن، یان ڕەنگە لە ڕۆڵی زمان بۆ کوردەکان نەگەیشتبێتن، یان تێگه‌یشتوون و بایەخێکی ئەوتۆی بۆیان نییە و تەنیا بیر لە کورسیی دەسەڵاتدارییان دەکەنەوە کە پاڵیان پێوە داوە. باس لە جەماوەر دەکەن بەڵام سەرنج نادەنە داواکاری و داخوازییەکانیان. لە راستیدا دوژمنانی کورد کاری خۆیان دەبەنە ڕێوە و کوردەکانیش بە هەر بیرۆکەیەکی سیاسییەوە کە هەیانه‌ دەبێ یەکدەنگ دەبن و خوازیاری مافی زمانی خۆیان بن و زمانی خۆیان لەو هەلومەرجە بشێوە دەرباز کەن تا بگەن بەو قۆناغەی کە زمانی کوردی لە قوتابخانەکان ببێتە زمانی وانە و وەک وانە بوترێتەوە. پێگەی ڕابردووی خۆی بە دەست بێنێتەوە و لە حەوشەی ماڵەکان بچێتە دەرێ و ڕێز و شکۆی خۆی لە کۆڵان و باژاردا بدۆزێتەوە.
* ئایا لە خوێنەرانی ئەدەبی کوردی، لە بەرپرسان و بەڕێوەبەرانی ڕێکخراوەکانی کوردی ڕازیت؟
ـ ئەی خۆزگە دەمتوانی بڵێم کە ئەرێ من ڕازیم. بەڵام بە داخەوە ڕازی نیم. بە تایبەت هیچ لە ڕێکخراوەکانی کەلتووریی کوردی ڕازی نیم. لە کوردستانی تورکیا، کوردەکان زیاتر لە 100 شارەدارییان بە دەستەوە بووە و سەرۆکی شارەوانییەکان بە دەنگی کوردەکان هەڵبژاردراوە و بە ناوی کوردەکانه‌وه‌ لە بواری سیاسەتدا دەور دەگێڕێن. بەڵام لە ماوەی 10- 15 ساڵی ڕابردوو ئەوان هیچ هەنگاوێکی گرینگیان لە بواری زمان و ئەدەبی کوردیدا هەڵنەهێناوە. شارەدارییەکان دەیانتوانی بە هەنگاوی قورس و چکۆلە کاری زۆر گەورە جێبەجێ بکەن. هەر شارەدارییەک دەیتوانی لە شارەکەی خۆیدا کتێبخانەیەک دامەزرێنێت و گەر هەر کتێبخانەیەک لە هەر کتێبێکی کوردی 5 بەرگ کڕیبایە، ئەوسا بەم کارە چکۆلە لە هەر کتێبێک 500 بەرگ دەکڕدرا. بەم چەشنە هەم شارەکە دەبووە خاوەن کتێبخانەیەک و هەمیش بڵاوکەرەوەکان 500 بەرگ کتێبی زیاتریان دەفرۆشت و نووسەرانیش بەوە دڵخۆشتر دەبوون کە 500 بەرگ لە کتێبەکەیان فرۆش چووە و هەزران خوێنەری کچ و کۆڕ دەتوانن بە شێوەی خۆڕایی دەستیان بە کتێبەکانی ئەو و کتێبە کوردییەکانی دیکە بگا و بەهرەی لێ‌وەرگرن و بەم شێوە زمان و ئەدەبی کوردیش زیاتر پەرەی دەسەند و چالاکتر لە جاران دەردەکەت. ئێستا ئێوە بیهێننە بەرچاوی خۆتان کە هەر کتێبخانەیەک 10 بەرگ کتێبی کوردی کڕیبایە، چی ڕووی دەدا، 1000 بەرگ کتێبی کوردی دەچووە ناو شارەدارییەکان. ئایا مەگەر شارەدارییەکان توانا و بوودجەی کڕینەوەی 10 بەرگ کتێبیان نییە؟ بە بڕوای من هەیانە، بەڵام نایانەوێ کاری وا بکەن. ئێستە بۆچی نایانەوی ڕوو لەم کارانە بنێن، ئەمیان من نایزانم و ئێوە دەبێ هۆکارەکەی لە خۆیان بپرسن. کاربەدەستانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش لەو کارانە ناکەن. نازانم سیاسەتی کەلتووریی ئەوان بە چییەوە سەرقاڵە. نازانم ئەوان تا چ ڕادەیەک بیر لە زمان و ئەدەبی کوردی و سازدانی پردێکی پەیوەندی بۆ لێک تێگەیشتنی دیالەکتە جۆراوجۆرەکانی کوردی دەکەنەوە. بە داخەوە ئەوانیش هیچ ناکەن. هەر کارێکیش کراوە بەرهەمی هەوڵ و لە خۆبوردویی تاقمێکی تەنیا بووە. بڵاوکەرەوەکانی کوردستانی تورکیا بە پارە و تێچووی خۆیان کۆمەڵێک کتێبی کوردی سۆرانییان وەرگێراوەتەوە سەر شێوەزاری کرمانجی. بۆچی کتێبی کرمانجی نەکراوەتە سۆرانی و لە هەرێمی کوردستان بڵاو نەکراوەتەوە؟ گەر من لە کوردستانی هەرێم دەسەڵاتدار بایەم و یان لە کوردستانی تورکیا شارەدار بایەم، دەمزانی چی بکەم: هەڵبەت نە ئەوەی کە ئەوانیش زۆر گوێیان بە ئێمە دابێت و داوای هاوفیکری و ڕاوێژیان لە ئێمە و کەسانی وەک ئێمە کردبێت.
* ئایا به‌رهه‌مه‌کانی ناو ئه‌ده‌بی کوردی گه‌یێشتوونه‌ته‌ ئاستێک که‌ به‌ربژاری خه‌ڵاتی ئه‌ده‌بی نێونه‌ته‌وه‌یی بن و یان ئه‌وه‌ی که‌ هێشتا ڕێگایه‌کی دوور و درێژمان له‌ به‌ره‌ بۆ گه‌یشتن به‌و قۆناغه‌؟
ـ به‌ سه‌رنج دان به‌و بارودۆخه‌ی که‌ هێشتا زمانی کوردی تێیدایه‌ و به‌ بوونی ئه‌و بازاڕه‌ ناگونجا و ناجێگره‌ی که‌ له‌ به‌رده‌م به‌رهه‌می کوردی دایه‌، به‌ڵام هێشتا به‌رهه‌می کوردیی وامان هه‌یه‌ که‌ شان له‌ شانی ئه‌ده‌بی جیهانی ده‌ده‌ن. گه‌ر بارودۆخی کورده‌کان که‌مێک باشتر بێت، کاربه‌ده‌ستانی کورد بایه‌خێکی زیاتر بده‌ن به‌ ئه‌ده‌بی خۆماڵی و بڕه‌وی پێ بده‌ن له‌ بازاڕه‌کانی جیهانیدا، دڵنیام له‌ ئاکادێمیای سویدیش ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌بێته‌ پرسێکی بنه‌ڕه‌تی.
دیمانه‌: حه‌مد عه‌داڵه‌ت ئۆمۆیی میلان

کۆدی بابه‌ت: 40588  |  به‌روار: ۱۳۹۳/۱۲/۱۶  |  کاتژمێر: 14 : 32

FaceBook   Twitter   Delicious   Digg   Buzz   Google Bookmarks   ˜áæÈ  
ناردنی بۆچوون
ناو و شۆره‌ت:
ئیمه‌یل:
بۆچوون:
بۆچوونی نێردراو‬
هه‌واڵی پێوه ندیدار
دوایین هه‌واڵه‌کان
ئاشکراکردنی پڕ هەنگامەی سروه‌ت و سامانی زۆری سه‌رۆک وه‌زیرانی تورکیا
ئیتنیک و ئایینزاکان لە کابینەی دوازدەهەمدا بەکار بگیردرێن
پرۆژەی ئەمریکا دامەزراندنی "ئیسرائیل"ی دووهەمە نەک کوردستان/ ناوی کورد خەوشدار مەکەن
له پارێزگای وان فڕۆکه شەڕکەرەکانی تورکیا پەلاماری پێگەکانی پەکەکەیان دا/ 10 ئەندامی پەکەکە کوژراون
دادستێی ئەستەنبۆڵ فەرمانی گرتنی سەرپەرەشتیاری ڕۆژنامەی سوزچی دەرکرد
بەشداریی ژنان لە لێژنەی وەزیران پێویسته
داواکاری بۆ زیادکردنی هێزی پێشمەرگە لە شارێکی جێی ناکۆکیی عێراق
جیاوازییەکی کەمڕەنگ لە ئەنجامی دەنگەکانی سندووقە دووبارە ژمێردراوەکان له کرماشان / 35 سندووقی دیکەی شاری کرماشان دیسان دەژمێردرێنەوە
Li 59 gundên Amedê qedexe hat ragihandin
Caferî: Iraq ji bo Amerîkayê nabe hevpeymana dijî Îranê
Li Mûsilê şerekî giran heye
Şandeya Denmarkî li Sûra Amedê hat astengkirin
Yekem car ezmûnên kurdî li Şehbayê
سوپای تورکیا کانتۆنی عەفرین بوردۆمان دەکات
لە سنووری دووزخورماتوو شەڕ و ڕوبەڕوبوونەوە لەنیوان پێشمەرگە و داعشدا ڕوویدا
ئیمکانات