شێخ ئه‌حمه‌د به‌رزه‌نجی ڕاوێژکاری جه‌لال تاڵه‌بانی له‌ کاروباری ئایینی له‌ لێدوانێکدا بۆ کوردپرێس:
یه‌کێتیی نیشتمانی به‌پێویستی نازانێت بۆ به‌ڕێوه‌بردنی کۆنگره‌ی ئیمام شافێعی پرس به‌ وه‌زاره‌تی ئه‌وقافی هه‌رێمی کوردستان بکات
به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- شێخ ئه‌حمه‌د به‌رزه‌نجی جه‌خت ده‌کاته‌وه‌ که‌ پێش کۆنگره‌ی ئیمام شافێعی(د.خ) له‌ شاری سلێمانی، داپه‌ڕێکی فه‌رهه‌نگییه‌ که‌ له‌لایه‌ن یه‌کێتی نیشتمانیی کوردستانه‌وه‌ به‌ڕێوه‌چووه‌ و پێوه‌ندییه‌کی به‌ وه‌زاره‌تی ئه‌وقافی هه‌رێمه‌وه‌ نییه‌ که‌ ڕه‌خنه‌یان لێگرتووه‌ و هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاشدا پێویست به‌ مۆڵه‌ت وه‌رگرتن له‌و وه‌زاره‌ته‌ بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م پێش کۆنگره‌یه‌ نه‌بووه‌.
به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، له‌ ڕۆژانی چوارشه‌ممه‌ تا هه‌ینی، 21 تا 23ی دیسێمبێری 2016 ده‌یه‌مین پێش کۆنگره‌ی ئیمام شافێعی(د.خ) له‌ شاری سلێمانیی عێراق و به‌ ئاماده‌بوونی ئایه‌توڵڵا حسێنی شاهڕوودی نوێنه‌ری وه‌لی فه‌قی له‌ پارێزگای کوردستان و شاندێکی باڵای ئه‌م پارێزگایه‌ و زانا و که‌سایه‌تییه‌ ئایینییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان به‌ڕێوه‌چوو.
به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌م کۆنگره‌یه‌ کاردانه‌وه‌ی نه‌رێنیی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و کاروباری ئایینیی هه‌رێمی به‌دواوه‌ بوو و ئه‌م وه‌زاره‌تخانه‌یه‌ له‌ به‌یاننامه‌یه‌کدا به‌ توندی کاردانه‌وه‌ی به‌و کۆنگره‌یه‌ نیشان دا و ڕایگه‌یاند که‌ پێویست بوو پێش به‌ڕێوه‌چوونی کۆنگره‌که‌ پرس به‌و وه‌زاره‌تخانه‌یه‌ بکرایه‌.
شێخ ئه‌حمه‌د به‌رزه‌نجی ڕاوێژکاری جه‌لال تاڵه‌بانی سکرتێری گشتیی یه‌کێتی نیشتمانیی کوردستان له‌ کاروباری ئایینی له‌ لێدوانێک بۆ کوردپرێس جه‌ختی کرد که‌ ئه‌م کۆنگره‌یه‌ داپه‌ڕێکی فه‌رهه‌نگی له‌لایه‌ن یه‌کێتییه‌وه‌ بووه‌ و پێویستی به‌ پرس کردن به‌ وه‌زاره‌تی ئه‌وقافی هه‌رێم نه‌بووه‌ و هه‌ر پێوه‌ندیشی به‌و وه‌زاره‌ته‌وه‌ نییه‌.
ده‌قی گفتوگۆکه‌ی کوردپرێس له‌گه‌ڵ شێخ ئه‌حمه‌د به‌رزه‌نجی به‌ شرۆڤه‌ی خواره‌وه‌یه‌:
کوردپرێس: گرینگی به‌ڕێوه‌چوونی کۆنگره‌ی ئیمام شافێعی له‌ شاری سلێمانی له‌ چیدا ده‌بینن؟
شێخ ئه‌حمه‌د به‌رزه‌نجی: یه‌که‌م ئه‌وه‌ی هه‌روه‌ک ده‌زانن سلێمانی شارێکی ڕۆشنبیرییه‌، له‌ هه‌موو عێراقدا به‌رچاوه‌ و له‌ بواری که‌سایه‌تی ڕۆشنبیر و که‌سایه‌تیی ئایینی ناوبانگی هه‌یه‌، دووهه‌میش ئه‌وه‌ی که‌ شاری سلێمانی و کوردستانی عێراق هه‌موو خه‌ڵکه‌که‌ی له‌سه‌ر مه‌زهه‌بی شافیعییه‌. له‌م کاته‌دا که‌ ناوچه‌که‌ ڕووبه‌ڕووی ئه‌م توندوتیژییه‌ی داعش و بیر و بڕوای توندڕه‌وی بووه‌ته‌وه‌ و ده‌یانه‌وێ هه‌م ئیسلام ناشیرین بکه‌ن و هه‌م ئه‌م توندوتیژییه‌ به‌ ناوی ئیسلامه‌وه‌ بڵاو بکه‌نه‌وه‌ که‌ بریتییه‌ له‌ خه‌ڵک سه‌ربڕین و داگیر کردن و کوشتن و تۆقاندن و هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی که‌ لێی پارێز ناکه‌ن بۆیه‌ش له‌م کاته‌دا زۆر پێویسته‌ له‌ ڕووی فیکرییه‌وه‌ به‌ره‌یه‌ک هه‌بێت به‌رامبه‌ر به‌مانه‌ ڕاوه‌ستێت که‌ ئیسلام ئه‌مه‌یه‌ نه‌وه‌ک ئه‌وه‌ی ئه‌وان ده‌ڵێن. ئیسلام پێکه‌وه‌ژیانه‌، ئیسلام ئاشتییه‌، ڕێزگرتن و قبووڵ کردنی خه‌ڵکی دیکه‌یه‌. گرینگایه‌تی ئه‌م کۆنگره‌یه‌ له‌ سلێمانیدا ئه‌وه‌یه‌ که‌ هه‌م له‌ ئارمی کۆنگره‌که‌ نووسیومانه‌ شافێعی سیمبۆلی پێکه‌وه‌ژیانه‌ و هه‌وڵ ده‌ده‌ین بۆ پێکه‌وه‌ژیان، هه‌وڵ ده‌ده‌ین به‌ره‌ی خێر و چاکه‌ و به‌ره‌ی ئاشتی به‌رفراوان ببێت و به‌ره‌ی شه‌ڕ و نائارامی سه‌رکوت بکرێت و له‌ناو بچێت و بۆیه‌ش هه‌موو لایه‌نه‌ جۆراوجۆره‌کان و هه‌موو خه‌ڵک به‌شدارییان تێیدا کردووه‌ و 90 مامۆستا و پڕۆفیسۆری زانستگا تێیدا به‌شدار بوون و زیاتر له‌ 400 که‌سایه‌تیی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئایینی و سه‌رۆک هۆزه‌کان و سه‌رۆکی ته‌ریقه‌ته‌کان له‌ هه‌موو کوردستان هه‌ر له‌ زاخۆوه‌ تاوه‌کوو خانه‌قین و که‌ربه‌لا و زانکۆکانیش له‌وێدا ئاماده‌ بوون و ئه‌مه‌ش زۆر گرینگه‌ بۆ شاری سلێمانی و هه‌موو موسڵمانان و هه‌م بۆ یه‌کێتیی خه‌ڵک و به‌گژداچوونه‌وه‌ی ته‌کفیر و تیرۆر و تۆقاندن.
کوردپرێس: که‌وایه‌ به‌ بۆچوونی جه‌نابتان به‌ڕێوه‌چوونی کۆنگره‌ی ئیمام شافێعی ده‌توانێت ئه‌و به‌ستێنه‌ بڕه‌خسێنێت که‌ دونیای ئیسلام له‌ به‌رانبه‌ر به‌ره‌ی ته‌کفیری که‌ ئاماژه‌تان پێدا بوه‌ستێته‌وه‌؟
شێخ ئه‌حمه‌د به‌رزه‌نجی: دیاره‌ ئه‌مه‌ هه‌نگاوێکی گه‌وره‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر به‌و به‌ره‌یه‌ بوه‌ستێته‌وه‌. دیاره‌ به‌ پشتگیری و پاڵپشتیی موسڵمانان به‌رامبه‌ر داگیرکه‌ران و به‌رامبه‌ر دیکتاتۆر و به‌رامبه‌ر زاڵمان و ئه‌وانه‌ی که‌ به‌ ناوی دینه‌وه‌ خه‌ڵک ده‌چه‌وسێننه‌وه‌ ده‌کرێ ئه‌و به‌ره‌یه‌ له‌ناو بچن. ئه‌مه‌ش گرینگییه‌کی زۆری هه‌یه‌ و کارێکی زۆر گه‌وره‌یه‌. دیاره‌ ئه‌مه‌ پێش کۆنگره‌یه‌ و پاش ئه‌مه‌ش کۆنگره‌یه‌کی گه‌وره‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت که‌ نێوده‌وڵه‌تی ده‌بێت و هه‌موو وڵاتان به‌شداری له‌م کۆنگره‌یه‌دا ده‌که‌ن و ئه‌مه‌ش بۆ موسڵمانان زۆر گرینگه‌.
کوردپرێس: با بێینه‌ سه‌ر ڕه‌وتی به‌ڕێوه‌چوونی کۆنگره‌که‌، ئه‌و هه‌ماهه‌نگییانه‌ی نێوان ئێوه‌ له‌ سلێمانی و به‌رپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆمان شی بکه‌نه‌وه‌ و ڕه‌وتی به‌ڕێوه‌چوونی کۆنگره‌که‌ له‌ سلێمانیدا چۆن بوو؟
شێخ ئه‌حمه‌د به‌رزه‌نجی: چه‌ند پێش کۆنگره‌یه‌ک له‌ ئێراندا به‌ڕێوه‌چووه‌ و خه‌ڵکی هه‌رێمیش له‌و پێش کۆنگرانه‌دا به‌شدارییان کردووه‌، چوونکه‌ هه‌روه‌ک ده‌زانن کورده‌کانی هه‌رێمی کوردستان و زۆرینه‌ی کورده‌کانی ئێرانیش هه‌ردوو له‌سه‌ر مه‌زهه‌بی شافێعین. ئه‌مجاره‌یان ئێمه‌ بانگهێشتی خه‌ڵکی ئه‌وێمان کرد بۆ سلێمانی و وه‌کوو یاریده‌ری مام جه‌لال و زانکۆی سلێمانی به‌ هه‌ماهه‌نگیی هه‌ردوولا سه‌رپه‌رشتیی کۆنگره‌که‌مان کرد و به‌ شێوه‌یه‌کی زۆر باش به‌ڕێوه‌چوو. کۆنگره‌که‌ 10 تا 12 لێکۆڵینه‌وه‌ی تێدا بوو له‌سه‌ر ئیمامی شافێعی و هه‌موو لێکۆڵینه‌وه‌کان پێداگر بوون له‌سه‌ر یه‌کێتی و یه‌کڕیزیی موسڵمانان و دژی به‌ره‌ی تیرۆر و ته‌کفیر و شه‌ڕ. خه‌ڵکی شاری سلێمانی و هه‌موو هه‌رێمی کوردستانیشی زۆر پێ خۆشحاڵ بوون چوونکه‌ ئه‌مڕۆکه‌ زۆر پێویستمان به‌ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ هه‌یه‌. به‌ گشتی ده‌توانین بڵێین کۆنگره‌که‌ زۆر سه‌رکه‌وتوو بوو.
کوردپرێس: جه‌نابی شێخ، وه‌زاره‌تی ئه‌وقافی هه‌رێمی کوردستان هه‌ڵوێستی له‌سه‌ر ئه‌م کۆنگره‌یه‌ بوو و ڕه‌خنه‌ی لێگرت، هه‌روه‌ها به‌ڕێز مه‌ریوان نه‌قشبه‌ندی وته‌بێژی ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ کۆنگره‌که‌ی وه‌کوو ده‌ستێوه‌ردانی ئێران له‌ کاروباری ناوخۆی هه‌رێمی کوردستان پێناسه‌ کرد، بۆ هه‌ڵوێستێکی وه‌ها ده‌بینین له‌ لایه‌نی به‌رامبه‌ره‌وه‌ له‌ حاڵێکدا ئێوه‌ کۆنگره‌که‌تان به‌ سه‌رکه‌وتوو زانی؟
شێخ ئه‌حمه‌د به‌رزه‌نجی: جارێک ئه‌مه‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌کی ڕۆشنبیری بووه‌ که‌ له‌گه‌ڵ زانکۆی سلێمانی ئه‌نجام دراوه‌ و هیچ پێوه‌ندییه‌کی به‌ داموده‌زگای ئه‌وقافه‌وه‌ نه‌بووه‌ تا پرس به‌وان بکرێت چوونکه‌ ئێمه‌ مه‌کته‌بی یاریده‌ری مام جه‌لالین و 25 ساڵه‌ ئه‌م مه‌کته‌به‌ وه‌کوو مه‌کته‌بی یاریده‌ری سکرتێری گشتی بۆ کاروباری ئایینی چالاکیی هه‌یه‌ و له‌ کوردستان و ده‌ره‌وه‌ی کوردستان به‌شداری له‌ به‌رنامه‌کان ده‌که‌ین و تا ئێستا که‌س نه‌یتوانیوه‌ به‌ ئێمه‌ بڵێت بۆچی پرستان به‌ ئێمه‌ نه‌کردووه‌. ئێمه‌ ده‌سکاریی کاروباری وه‌زاره‌تی ئه‌وقافمان نه‌کردووه‌ و هیچ پێوه‌ندییه‌کی به‌ وه‌زاره‌تی ئه‌وقافه‌وه‌ نه‌بووه‌ و ئه‌و که‌سه‌ش که‌ قسه‌ی کردووه‌ و به‌رپرسی پێوه‌ندییه‌کانی وه‌زاره‌تی ئه‌وقافه‌، به‌رپرسی ناوه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی ئه‌وقافه‌ و خۆ به‌رپرسی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ نییه‌ و پێوه‌ندیی به‌م بابه‌ته‌وه‌ نییه‌. لێره‌ش له‌ سلێمانی پارێزگار هه‌یه‌، فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی هه‌یه‌ و هه‌موو شتێکی حکوومه‌ت لێره‌ش هه‌یه‌. ئه‌و میوانه‌ به‌ڕێزانه‌ی له‌ کوردستانی ئێرانه‌وه‌ هاتوون له‌ مامۆستاکان و هه‌روه‌ها جه‌نابی ئایه‌توڵڵا شاهڕوودی بانگهێشت کراون و له‌ ڕێگای فه‌رمییه‌وه‌ له‌ سنووره‌کاندا هاتوون و ئه‌مه‌ش پێوه‌ندییه‌کی به‌وانه‌وه‌ نییه‌. هه‌موو ئه‌و پیاوه‌ ئایینییانه‌ش که‌ له‌ زانکۆکانه‌وه‌ هاتوون که‌سایه‌تیی سه‌ربه‌خۆن و پێویست به‌وه‌ ناکات پرس به‌ ئه‌وقاف بکه‌ن. دیاره‌ ئایین سانسۆر نییه‌ له‌سه‌ری. ئایین، ئایینی هه‌مووانه‌، هه‌موو که‌س بۆی هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئایین قسه‌ بکات و له‌سه‌ر فیکر قسه‌ بکات و ئه‌مه‌ش زۆر ئاساییه‌ و قسه‌کانی ئه‌وانمان به‌ هیچ نه‌زانی و بۆیه‌ش وه‌ڵاممان نه‌داونه‌ته‌وه‌.
کوردپرێس: وه‌کوو دواهه‌مین لێدوان هه‌ر شتێک که‌ پێویست ده‌زانن ئاماژه‌ی پێبده‌ن.
شێخ ئه‌حمه‌د به‌رزه‌نجی: ئێمه‌ له‌سه‌ر به‌رنامه‌ی خۆمان به‌رده‌وامین بۆ یه‌کێتیی ڕیزه‌کان، بۆ هاوکاری کردنی دۆستان و دراوسێکانمان که‌ یه‌کێکیان کۆماری ئیسلامیی ئێرانه‌ و مێژووییه‌کی دوور و درێژمان هه‌یه‌ له‌ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران و ته‌نانه‌ت کاتێک حه‌زره‌تی ئیمام خومه‌ینی له‌ نه‌جه‌ف بووه‌ و پێش سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی ئێران جه‌نابی مام جه‌لال ئه‌و کاته‌ش پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ حه‌زره‌تی ئیمام هه‌بووه‌ و ئێمه‌ ئه‌م ڕێگایه‌ی گرتوومانه‌ته‌به‌ر ڕێگای خێر و چاکه‌ و پێکه‌وه‌ژیانه‌ و دیاره‌ ڕێگایه‌کی ساف و ته‌خت نییه‌ و دڕک و داڵ و شاخ و کێوی له‌به‌رده‌مدایه‌ و به‌ڵام ئێمه‌ به‌رده‌وام ده‌بین و مام جه‌لالیش هه‌میشه‌ ئه‌و ئایه‌ته‌ی قورئانی پیرۆزی دووپات ده‌کرده‌وه‌ که‌ ده‌فه‌رموێت: "فبشر عبادی الذین یستمعون القول فیتبعون احسنه‌" و له‌ژێر ئه‌م دروشمه‌ جه‌نابی مام جه‌لال بانگه‌شه‌ی چه‌پکه‌گۆلی کردووه‌ واته‌ هه‌موو مرۆڤ و ئایین و لایه‌نه‌کان وه‌کوو چه‌پکه‌گۆلێک پێکه‌وه‌ بن و بۆیه‌ش هیچ شتێک ڕێگه‌ له‌ ئێمه‌ ناگرێت و ئینشائه‌ڵڵا له‌مه‌ودواش کۆبوونه‌وه‌کانمان له‌مبوراه‌دا په‌ره‌پێده‌ده‌ین چوونکه‌ ئه‌گه‌ر شه‌ڕی داعش له‌ ناوچه‌که‌ نه‌مێنێت فیکری داعش هه‌ر ماوه‌ و پێویسته‌ ئێمه‌ به‌رپه‌رچی ئه‌م فیکره‌ بده‌ینه‌وه‌.
 
گفتوگۆ: حەسەن ساڵحی
 
داگرتن و داڕشتنه‌وه‌: هیوا ڕۆسته‌می زاده‌
 

کۆدی بابه‌ت: 66764  |  به‌روار: ۱۳۹۵/۱۰/۷  |  کاتژمێر: 14 : 2

FaceBook   Twitter   Delicious   Digg   Buzz   Google Bookmarks   ˜áæÈ  
ناردنی بۆچوون
ناو و شۆره‌ت:
ئیمه‌یل:
بۆچوون:
بۆچوونی نێردراو‬
هه‌واڵی پێوه ندیدار
دوایین هه‌واڵه‌کان
مێهرەجانی شێعری کوردی "وەحدەت" لە کرماشان بەڕیوە دەچێت
بینا مێژوییەکانی شارێ ورمێ نۆژەن دەکرێنەوە
کاردانەوەی جێگری مەجلیس بە ڕەخنەکانی سەر گەڵاڵەی گواستنەوەی ئاو لە ئازەریجانی ڕۆژئاوا بۆ تەوڕێز
هەسەدە گەڕەکێکی دیکەی ڕەقەی کۆنتڕۆڵ کردەوە
ئۆتۆمبیلێکی بۆمبڕێژکراوە لە وان تەقێندرانەوە و دوو دانیشتووەکەی کوژران
پەنا بردنه بەر ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ بەڕێوه بردنی ڕێفراندۆمی هەرێمی کوردستان بژاردەی ئێمه نییه
وەزشوانێکی سنەیی بانگهێشتی هەڵبژاردەی نیشتمانی بیلیاردی گەورەساڵانی ئێران کرا
هیچ بڕیارێک سەبارەت بە دواخستنی ڕیفراندۆم دەرنەکراوە
دانیشتنێکی پسپۆڕانەی ئەدەبی له کوردستان بەڕێوه دەچێت
ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی ئێران و تورکیا له دژی پەکەکە ڕەتکرایەوە
تەرمی بەسیجی شەهید لە شنۆ ئەسپاردە کرا
پشتیوانی ئەمریکا لە یەکپارچەیی و یەکگرتوویی عێراق و دژایەتیی هەر جۆرە هەنگاوێکی دابەشکارانە
کۆتایی هاتنی رێگەی ئاسنی هەمەدان – سنە لە ساڵی ٩٧
Wezîrê Amerîkayê yê Bergiriyê tê Hewlêrê ku bi Barzanî re bicive
Rûsya: Me 200 çekdarên DAIŞ`ê kuştin
ئیمکانات