پرسی دژواری نەوت لە هەرێمی کوردستان
بەشی جیهان- هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای تورکیا و باسی هەناردە کردنی هەر ئەو نەوتە لە داهاتوودا لە ڕێگای ئێرانەوە، بە هەوڵی ئەو وڵاتانە بۆ دزە لە پیشەی نەوتی کوردستانی عێراق لێکدراوەتەوە. ئەگەرچی هەندێک ڕوانگەی دژ بەیەک سەبارەت بە مامەڵەی نهێنیی نێوان کوردستان و تورکیا بوونی هەیە.
کوردستانی عێراق بەبێ ئاگاداریی بەغدا، نەوتی هەناردەی تورکیا کردووە. حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕۆژی ٣ی جانیڤێریی ٢٠١٦ وتی ئەم داپەڕەی هەرێمی کوردستان ڕێککەوتنەکانی ئۆپێکی پێشێل کردووە. هەروەها لەم دواییانەدا ئەوەی پشتڕاست کردۆتەوە کە وەزیرێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان (KRG) پێشنیاری فرۆشی چەند کێڵگەی نەوتی داوەتە تورکیا بە بایەخی ٥ ملیار دۆلار و ئەم کارەش بەبێ ڕاوێژ لەگەڵ بەغدا ئەنجام دراوە.
هەر لەم کاتەدا، بیژەن نامدار زەنگەنە وەزیری نەوتی ئێران دەیهەوێ بۆ دیداری جەبار لەعیبی وەزیری نەوتی عێراق، بە مەبەستی لێکدانەوەی پرۆژە دوو لایەنەکان سەردانی بەغدا بکات. گرینگترین باسێک کە لەم دیدارەدا لێک دەدرێتەوە چێکردنی هێڵێکی بۆریی نەوت لە پارێزگای سلێمانییەوە بۆ خاکی ئێرانە.
پرۆژەیەکی لەم چەشنە کۆتایی بە پاوانکاریی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق لە ڕێبەرایەتیی مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بواری هەناردە کردنی نەوت دێنێت. لە ئێستادا ئەم نەوتە لە ڕێگای تورکیاوە کە پێوەندییەکی ستراتێژیکی لەگەڵ پارتەکەی بارزانی هەیە هەناردە دەکرێت.
نازم دەباغ، نوێنەری کوردستانی عێراق لە تاران، بە کەناڵی ڕووداوی وتووە سەفەری زەنگەنە بۆ عێراق دەکەوێتە چوارچێوەی هەوڵی ئێران بۆ لکاندنی نەوتی کەرکووک، هەرێمی کوردستان و عێراق بە ئێرانەوە، تا وەکوو ئەو نەوتە لە ڕێگای خاکی ئێرانەوە هەناردە بکرێت.
نەوتی هەرێمی کوردستان بۆتە هۆکاری سەرەکیی وەدیهاتنی تەنگژە هەم لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق و هەم لە نێوان پارتە کوردستانییەکان بۆ خۆیان. ڕەخنەگران بڕوایان وایە کە پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕێبەرایەتیی بارزانی، کە کۆنترۆڵی هەرێمی کوردستانیشی لەدەستدایە، لە پارەی نەوت و گاز بۆ ئامانجە جیایی خوازانەکەی خۆی کەڵک وەردەگرێت. هەندێک لە دیکەی پارتەکان، دژ بە جیایی خوازین و لەوە ترساون کە پارتی دیموکراتی کوردستان سەروەت و سامانی کوردەکان کۆنترۆڵ بکات و لە ئەنجامدا ببێتە دەسەڵاتێکی پاوانکار لە هەرێمی کوردستان.
ناکۆکیی نێوان کوردەکان بەتایبەت سەبارەت بە مژاری هەناردە کردنی نەوت، ئایدیای دابەش کردنی هەرێمی کوردستان بۆ دوو بەش و ڕاگەیاندنی ناوچەیەکی دیکەی کوردی بریتی لە سلێمانی، هەڵەبجە، کەرکووک و خانەقینی وەدیهێناوە. ڕووداوێک کە دەسەڵاتی بارزانی بۆ پارێزگایەکی چکۆلەی ناکاریگەر سنووردار دەکاتەوە. ئەم بیرۆکەیە ڕووبەڕووی دژایەتیی نەجمەدین کەریم وەکوو پارێزگاری کەرکووک بوویەوە کە یەکێک لە ڕێبەرانی پارتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پرسی نەوت وەکوو کێشەیەکی ناوخۆیی مامەڵە دەکات کە تەنیا پێوەندیی بە کوردەکانەوە هەیە و کاری بە بەغداوە نەداوە و کۆنفرانسی نێونەتەوەیی بەڕێوەدەبات و خوازیاری سەرمایەدانەری لە هەرێم دەبێت. لە هەمان حاڵدا بەبێ ئاگاداری و ڕاوێژ لەگەڵ بەغدا بڕیارنامەیان لەگەڵ واژۆ دەکات. کۆنفرانسی نەوت و گازی کوردستانی عێراق لە ڕۆژانی ٥ تا ٧ی دیسێمبێر لەژێر چاوەدێریی کوردستانی عێراق و بە ئامادە بوونی کاربەدەستانی کورد و لەوان ئاشتی هەورامی وەزیری سەرچاوە سرووشتییەکانی هەریم و ژمارەیەکی زۆر لە بریکارانی کۆمپانیا نەوتییە نێونەتەوەییەکان لە لەندەن بەڕێوەچوو. بەڕێوەبەرانی کۆنفرانسەکە دەڵێن ئەم کۆنفرانسە گەورەترین کۆری نێونەتەوەییە کە تا ئێستا سەبارەت بە نەوت و گازی کوردستانی عێراق بەڕێوەچووە.
لەم ناوەدا تورکیاش لە پێوەندییە ستراتێژیکەکانی خۆی لەگەڵ پارتی کەڵک وەردەگرێت و پێشنیاری کردووە تا هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بەبێ ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا لە ڕێگای تورکیاوە ئەنجام بدرێت. مادەی ١١١ی یاسای بنەڕەتیی عێراق جەخت دەکاتەوە کە "نەوت و گاز موڵکی هەموو خەڵکی عێراق لە هەموو پارێزگا و ناوچەکانی ئەو وڵاتەیە."
بودجەی ساڵی ٢٠١٧ی عێراق کە ٧ی دیسێمبێر پەسەند کرا، کوردستانی عێراقی ناچار کردووە ڕۆژانە ٥٥٠ هەزار بەرمیل نەوت لە کێڵگەکانی هەرێم و لەوان نەوتی پارێزگای کەرکووک بە شێوەیەکی تایبەت لە ڕێگای کۆمپانیای بازاردۆزیی نەوتی دەوڵەتی هەناردە بکات. بە پێی یاسای بودجە دەبێ داهاتەکەشی بڕژێتە خەزێنەی گشتیی فیدراڵەوە.
بەمەشەوە حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕۆژی ٣ی جانیڤێری حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بەوە تۆمەتبار کرد بڕێکی زۆر نەوتی لە ڕێگای تورکیاوە و بەبێ ئاگاداریی عێراق هەناردە کردووە. هەر ئەم کارەش بوویە هۆکاری ئەوەی عێراق بەڵێنی خۆی بە ئۆپێک بۆ دابەزاندنی ڕێژەی هەناردەی نەوت بۆ ٢٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژدا نەباتەسەر. بە وتەی عەبادی هەرێمی کوردستان تەنیا لە مانگی نۆڤێمبێردا ڕۆژانە ٥٨٧ هەزار و ٦٤٦ بەرمیل نەوتی لە ڕێگای تورکیاوە و بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا هەناردە کردووە.
پێوەندییە ستراتێژیکەکانی نێوان تورکیا و پارتی دیموکراتی کوردستان بۆتە مژاری بەرباسی پارتەکانی دژ بە بارزانی بەتایبەت یەکێتیی نیشتمانی و بزووتنەوەی گۆڕان. بۆ نموونە سروە عەبدولواحید نوێنەری بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق رۆژی ٢٥ی سپتێمبێر داوای لە حکوومەتی هەڕێمی کوردستان کرد لەجیاتی پاڵ دانەوە بە تورکیا بەرەو عێراق بگەڕێتەوە. زیادیشی  کرد حکوومەتی هەرێم پێشتریش تورکیای تاقی کردۆتەوە و هیچی دەس نەکەوتووە.
عەبدولواحید لە مانگی دیسێمبێردا وتی مامەڵە ماڵی، بازرگانی و نەوتییەکانی ئەنجامدراو لەژێر چاوەدێریی بارزانی شەفاف نیین.
هوشیار عەبدوڵڵا سەرۆکی فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق پێشتر پارتی دیموکراتی بارزانیی بەوە تۆمەتبار کردبوو کە ڕۆژانە یەک ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕێگای تورکیاوە هەناردە دەکات و داوای کرد شوێنی خەرج کرانی داهاتەکەی ڕوون بکرێتەوە.
هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لە سەرکردەکانی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لە مانگی سێپتێمبێر نامەیەکی نووسی بۆ عەبادی و داوای کرد بەهۆی سەرکەوتوو نەبوونی هەرێم لە بواری "بنەماکانی شەفافیەت و دادوەری لە پرسی نەوتی ناوچەکە" ڕێگری بکات لە هەناردە کردنی نەوتی هەرێم.
ئارێز عەبدوڵڵا نوێنەری PUK لە پەرلەمانی عێراق و سەرۆکی کۆمیسیۆنی نەوت و وزەی پەرلەمان لە مانگی فێبریڤێری، پارتی دیموکراتی بەوە تۆمەتبار کرد کە ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی کەرکووکی هەناردە کردووە بەڵام تەنیا داهاتی ٢٠ هەزار بەرمیلی ڕژاندۆتە خەزێنەی دەوڵەتەوە.
هەروەها ویکی لیکس پارساڵ چەند بەڵگەی نهێنیی بڵاو کردەوە سەبارەت بە مامەڵەیەک نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و تورکیا بۆ فرۆشتنی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بە تورکیا بەرامبەر ٥ ملیار دۆلار. محسن سەعدوون، ڕێبەرێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لێدوانێک بۆ بەغدادیە نیوز لە ٢٩ی دیسێمبێر جەختی کردەوە کە "ئاشتی هەورامی وەزیری سەرچاوە سروشتییەکانی کوردستان پێشتر پێشنیاری فرۆشتنی چەند مەیدانی نەوتیی دابوویە بەرات بیراق، وەزیری وزەی تورکیا تا وەکوو بتوانێت قەرزەکانی هەرێم بار بکات و ئە قەیرانە چارەسەر بکات کە هەولێری تێکەوتووە. سەرەڕای هەموو ئەمانە و بە وتەی سەعدوون ئەو مامەڵەیە ئەنجام نەدرا.
کێشەی نەوتی کوردستان وەکوو کارتێک لە دەستی بەغدا، تاران و ئەنقەرە دەمێنێتەوە تا وەکوو ئامانجە سیاسییەکانی خۆیان لە کوردستانی عێراق مسۆگەر بکەن. ئەمەش واتا تا ئەو کاتەی پارتە کوردییەکان بە شێوەیەکی دادوەرانە و ڕوون لەسەر نەوت ڕێک نەکەون ئەم کێشەیە لەمپەڕێکی سەرەکی دەبێت لەبەردەم سەربەخۆیی کوردستان.
سەرچاوە: ئەلمانیتۆر
وەرگێڕان لە فارسییەوە: هیوا ڕۆستەمی زادە

کۆدی بابه‌ت: 67699  |  به‌روار: ۱۳۹۵/۱۰/۲۸  |  کاتژمێر: 15 : 2

FaceBook   Twitter   Delicious   Digg   Buzz   Google Bookmarks   ˜áæÈ  
ناردنی بۆچوون
ناو و شۆره‌ت:
ئیمه‌یل:
بۆچوون:
بۆچوونی نێردراو‬
دوایین هه‌واڵه‌کان
کەرکووک، هەڵکردنی ئاڵای کوردستانی پەسەند کرد
گرووپی "شنه‌"ی شاهۆی کوردستان به‌رهه‌مه‌کانی خۆی پێشکه‌ش ده‌کات
غه‌رامه‌ و باجی وامی بانکی که‌متر له‌ 100 ملیۆن تمه‌ن ده‌به‌خشرێت
هه‌واڵی نائۆمیدکه‌ری کۆمپانیای نه‌وتی جه‌نل نێنرژی له‌ پاشکه‌وتی نه‌وتی خاوی هه‌رێمی کوردستان
هاوکاریی تاران- مۆسکۆ کاریگه‌ریی له‌سه‌ر پڕۆسه‌ی سه‌قامگیری و ئاسایشی ناوچه‌که‌ و جیهان ده‌بێت
یەکێتی هەڕەشەی جووڵاندنی شەقام لە کەرکووک دەکات
ئه‌ندامێکی باڵای PKK له‌ پارێزگای دێرسیم کوژرا
لێکۆڵینه‌وه‌ دادوه‌رییه‌کان له‌باره‌ی هه‌ڵگرتنی لافیته‌ی هه‌ڕه‌شه‌ئامێز له‌ دژی ئه‌ردۆغان له‌ سویسرا ده‌ستی‌پێکرد
سەرۆکی ستادی هەڵبژادنەکانی کوردستان رایگەیاند
فراکسیۆنی پارتی: چاوه‌ڕێ بووین یه‌کگرتوو هه‌ڵوێستی هه‌بێ.. هه‌ڵه‌دنی و هاوشێوەکانی با خۆیان تاقی بکەنەوە
تایوان موشته‌ریی نوێی نه‌وتی خاوی هه‌رێمی کوردستان
له‌پێناو پاراستنی وڵاته‌که‌ماندا نه‌ ڕاسپارده‌ی که‌س قبووڵ ده‌که‌ین و نه‌ ئیزنی ده‌ستێوه‌ردانیش ده‌ده‌ین
ئامانجمان له‌ سه‌فه‌ر بۆ موسکۆ تۆکمه‌کردنی پێوه‌ندیی ئابووری و هاوکاریی ناوچه‌که‌یه‌
وتاری کۆمه‌ڵناسی بۆکانی له‌ کۆنگره‌ی نێوده‌وڵه‌تیی لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ بواری ڕاهێنان و په‌روه‌رده‌ی ڕووسیادا قبووڵ کرا
پێشوازی میوانانی نه‌ورۆزی له‌ جێژنه‌کانی "نه‌ورۆزگا‌" له‌ ئیلامدا
ئیمکانات