یووسف محه‌مه‌د سادق سه‌رۆکی په‌رله‌مانی کوردستان له‌ وتووێژ له‌گه‌ڵ کوردپرێس:
ئه‌گه‌ر قه‌یرانی شه‌رعیه‌تی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم چاره‌سه‌ر بکرێت ئاماده‌م واز له‌ سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مان بهێنم
به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان - سه‌رۆکی په‌رله‌مانی کوردستان وتی: "ئێستاکه‌ سه‌رۆکایه‌تیی مه‌سعوود بارزانی له‌سه‌ر هه‌رێمی کوردستاندا شه‌رعیه‌تی یاسایی نییه‌، ئه‌گه‌ر بێتو چاره‌سه‌رێک بدۆزرێته‌وه‌ که‌ قه‌یرانی شه‌رعیه‌تی سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێم چاره‌سه‌ر بکرێت و سه‌رۆکێکی نوێ بۆ هه‌رێمی کوردستان هه‌ڵبژێردرێت، له‌ ئاوه‌ها دۆخێکدا ئێمه‌ هیچ کێشه‌یه‌کمان له‌گه‌ڵ گۆڕینی سه‌رۆکایه‌تیی په‌رله‌ماندا نییه‌."
کوردپرێس/ حه‌سه‌ن ساڵحی: پاش تێپه‌ڕبوونی زیاتر له‌ حه‌وت مانگ به‌سه‌ر به‌ڕێوه‌چوونی خولی چواره‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان - عێراق 29ی ئه‌یپڕێڵی 2014 له‌ دانیشتنی په‌رله‌ماندا و به‌ گوێره‌ی ئیستیحقاقی هه‌ڵبژاردنه‌کان، سه‌رۆکێکی نوێ بۆ په‌رله‌مان له‌لایه‌ن زۆرینه‌ی په‌رله‌مانتارانه‌وه‌ هه‌ڵبژێردرا (پۆستی سه‌رۆک وه‌زیران پشکی پارتی دیموکرات بوو که‌ سه‌رکه‌وته‌ی یه‌که‌می هه‌ڵبژاردنه‌کان بوو، سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مان گه‌یشته‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان که‌ له‌ پله‌ی دووهه‌مدا وه‌ستابوو و جێگری سه‌رۆک وه‌زیرانیش به‌ر یه‌کێتیی نیشتمانی که‌وت.)
ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ و که‌شی زاڵ به‌ سه‌ر په‌رله‌ماندا زۆر جیاواز بوو له‌ خوله‌کانی پێشووتر. به‌ پێچه‌وانه‌ی سێ خولی پێشووه‌وه‌ ئه‌م جاره‌یان سه‌رۆکی په‌رله‌مان نه‌ ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسیی دوو پارتی ده‌سه‌ڵاتداری 22 ساڵی پێشوو (پارتی و یه‌کێتی) بوو، نه‌ له‌ که‌سایه‌تییه‌ نزیکه‌کان به‌ بارزانی و تاڵه‌بانی، به‌ڵکوو گه‌نجێکی ته‌مه‌ن 36 ساڵان به‌ ناو یووسف محه‌مه‌د سادق خوێندکاری قۆناغی دوکتۆرا له‌ به‌شی فه‌لسه‌فه‌ی زانسته‌ سیاسییه‌کان به‌ پێشینه‌یه‌کی جیاواز له‌ ئه‌سلافی خۆی له‌و پۆسته‌دا بوو. ئه‌سلافێک که‌ سه‌رجه‌م پێشینه‌که‌یان خه‌باتی چه‌کدارانه‎‎ له‌ ڕیزی پارتگه‌لێک بوو به‌ ئایدۆلۆژیا و پێکهاته‌ی حزبی چه‌په‌وه‌. ئه‌و پارتانه‌ی که‌ ساڵانی ده‌رکه‌وتنیان بۆ ساته‌وه‌ختێک به‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌کان و پێوه‌ره‌کانی خۆڕاگری و چالاکی خه‌باتکارانه‌ و چه‌کداری ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و شێوازی چالاکی و به‌رنامه‌کانیشیان وه‌کوو پارته‌ کۆمۆنیسته‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌ورووپا بوو. به‌ڵام سه‌رۆکی نوێی ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان له‌ هه‌رێمی کوردستان که‌ نووسه‌ری کتێبێک به‌ ناونیشانی‌ "فاکته‌ره‌ کاریگه‌ره‌کانی‌ سه‌ر داهاتووی‌ سیاسی‌ هه‌رێمی‌ کوردستان – عیراق"‌ بوو، به‌ تایبه‌تمه‌ندیی جیاواز له‌ سه‌رده‌مه‌کانی‌تر هه‌نگاوی ناوه‌ته‌ گۆڕه‌پانی سیاسه‌ت و چالاکییه‌ ڕێکخراوه‌ییه‌کان. ناوبراو له‌ سیاسه‌توانانی به‌ره‌ی سێهه‌می هه‌رێمی کوردستانی عێراق دێته‌ ئه‌ژمار. له‌م دۆخه‌دا کورده‌کانی عێراق به‌ گوێره‌ی پێداویستیی سه‌رده‌م و به‌پێی یه‌که‌مایه‌تییه‌کانیان نه ‌وه‌کوو دوو قۆناغی پێشوو، واتا دامه‌زراندنی ده‌زگا و موئه‌سه‌ساتی حکوومی له‌ هه‌رێمی کوردستان پاش ساڵی 1991 و چه‌سپاندنی مافی نه‌ته‌وایه‌تیی کورده‌کان له‌ ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراق و ڕۆڵگێڕان له‌ به‌غدا پاش ساڵی 2003، به‌ڵکوو له‌ قۆناغی سامانپێدان و ڕێکخستنه‌وه‌ی ناوخۆی هه‌رێمی کوردستان به‌ سه‌ر ده‌به‌ن. له‌و قۆناغه‌دا هاوسه‌نگیی هێز له‌ هه‌رێمدا گۆڕدرابوو و‌ پاش چوار ساڵ ئه‌زموونی ڕۆڵگێڕیی ئۆپۆزیسیۆن له‌ په‌رله‌مان، هاوسه‌نگی و هاوپه‌یمانییه‌کان چووبوونه‌‌ قۆناغێکی جیاوازه‌وه‌. سه‌رۆکی نوێی په‌رله‌مان که‌سایه‌تییه‌کی ئاکادمیک و چالاکێکی مه‌ده‌نی - سیاسی بوو و به‌ ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌رکه‌کانی له‌ پۆستی به‌رپرسی ژووری توێژینه‌وه‌ سیاسییه‌کانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌توانین بڵێین یه‌کێک له‌ تێئۆریسیه‌نه‌کان و که‌سایه‌تییه‌ بیرمه‌نده‌ کاریگه‌ره‌کانی ئه‌م بزووتنه‌وه‌‌یه‌ بوو‌ و ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێت هه‌مان پێگه‌ی هه‌یه‌. پاش تێپه‌ڕینی که‌متر له‌ ساڵ و نیوێک له‌ کار و چالاکییه‌کانی په‌رله‌مان و هاوکات له‌گه‌ڵ کۆتایی هاتنی ماوه‌ی سه‌رۆکایه‌تیی یاسایی مه‌سعوود بارزانی به‌ سه‌ر هه‌رێمی کوردستاندا و هه‌روه‌ها هه‌وڵی په‌رله‌مانتارانی چوار فراکسیۆنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، یه‌کێتیی نیشتمانی، یه‌کگرتوو و کۆمه‌ڵی ئیسلامی بۆ هه‌موارکردنه‌وه‌ی یاسای سه‌رۆکایه‌تی، هێزه‌ ئه‌منییه‌کانی سه‌ر به‌ پارتی دیموکرات له‌ چوونی یووسف محه‌مه‌د وه‌کوو سه‌رۆکی په‌رله‌مان بۆ هه‌ولێر ڕێگرییان کرد. له‌و کاته‌وه‌‌ تا ئێستا ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان له‌ هه‌رێمی کوردستان په‌کی که‌وتووه‌.
هه‌واڵده‌ریی کوردپرێس له‌مباره‌وه‌ و سه‌باره‌ت به‌ قه‌یرانه‌ سیاسی و ئابوورییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان و کاریگه‌ریی گۆڕانکارییه‌کانی‌ عێراق و ناوچه‌که‌ له‌ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان، به‌ تایبه‌ت له‌ سه‌رده‌می له‌ناوچوونی داعشدا دیمانه‌یه‌کی تێروته‌سه‌لی له‌گه‌ڵ یووسف محه‌مه‌د سادق سه‌رۆکی په‌رله‌مانی کوردستان ئه‌نجام داوه‌ که‌ ده‌قی ته‌واوی به‌ شێوه‌ی خواره‌وه‌یه‌‌:
 
* کوردپرێس: جه‌نابی دوکتۆر زیاتر له‌ یه‌ک ساڵ و سێ مانگه‌ سه‌رۆکی ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان له‌ هه‌رێمی کوردستان ڕێگای پێنه‌رداوه‌ بڕواته‌ هه‌ولێر و کۆبوونه‌وه‌کانی په‌رله‌مان هه‌ڵپه‌سێردراون. هۆکاری ئه‌م بابه‌ته‌ بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌؟
- یووسف محه‌مه‌د سادق: من دڵنیام ئێوه‌ش ئاگاداری کێشه‌کانی هه‌رێمی کوردستانن و به‌دواداچوونی بۆ ده‌که‌ن، په‌کخستنی په‌رله‌مان به‌هۆی ناڕازی بوونی پارتی له‌و پڕۆژه‌یاسایانه‌ بوو که‌ بۆ یاسای سه‌رۆکایه‌تی له‌ئارادا بوون، دوای ئه‌وه‌ی ویلایه‌تی درێژکراوه‌ی مه‌سعوود بارزانی که‌ بۆ دوو ساڵ بۆی درێژ کرابوویه‌وه‌ له‌ 19ی ئاگێستی 2015 کۆتایی پێهات زۆرینه‌ له‌ په‌رله‌مانی کوردستان هه‌وڵی ئه‌وه‌یان دا که‌ یاسای سه‌رۆکایه‌تی به‌ شێوه‌یه‌ک هه‌موار بکه‌ن که‌ بتوانرێت سه‌رۆکێکی تازه‌ بۆ هه‌رێمی کوردستان هه‌ڵبژێردرێت، دوای ئه‌وه‌ی کۆبوونه‌وه‌ی نێوان حزبه‌کان گه‌یشته‌ بنبه‌ست و نه‌گه‌یشتنه‌ ئه‌نجامێک ئه‌وه‌ش به‌هۆی پێداگریی پارتی له‌سه‌ر بیروڕاکانی خۆی، له‌ ئه‌نجامدا زۆرینه‌ی په‌رله‌مانی به‌ ته‌مای ئه‌وه‌ بوون که‌ جارێکی تر پرسی سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێم بێننه‌وه‌ په‌رله‌مان و بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ ڕوو نه‌دات پارتی له‌ 12ی ئۆکته‌به‌ری 2015وه‌ ڕێگه‌ی له‌ ئێمه‌ گرت بچینه‌وه‌ هه‌ولێر بۆ ئه‌وه‌ی په‌رله‌مان نه‌توانێت کاره‌کانی خۆی ئه‌نجام بدات و نه‌توانێت یاسای سه‌رۆکایه‌تی هه‌موار بکات و سه‌رۆکێکی تازه‌ بۆ هه‌رێمی کوردستان هه‌ڵنه‌بژێردرێت. هه‌ڵبه‌ت مه‌سه‌له‌ی قه‌یرانی داراییش به‌شێکی تری هۆکاره‌کانی په‌کخستنی په‌رله‌مان بوو‌. ئه‌و کاته‌ی که‌ په‌رله‌مان په‌کخرا، سێ لێپرسینه‌وه‌ له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی په‌رله‌مانه‌وه‌ هه‌بوون بۆ وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌کان که‌ بێته‌ په‌رله‌مان و وه‌ڵامی پرسیاری په‌رله‌مانتاران بداته‌وه‌ و ئه‌گه‌ریش له‌ وه‌ڵامه‌کانی ڕازی نه‌بوون متمانه‌ی لێوه‌ربگیردرێته‌وه‌. ئه‌وه‌ش هۆکارێکی دیکه‌ی په‌کخستنی په‌رله‌مان بوو و ئێستاش هه‌ردوو هۆکاره‌که‌ هه‌ر به‌رده‌وامن. قه‌یرانی دارایی به‌رده‌وامه‌ و دوای په‌کخستنی په‌رله‌مان مووچه‌ و قووتی خه‌ڵکیشیان بڕی به‌ ناوی پاشه‌که‌وتی مووچه‌ و له‌و کاته‌وه‌ تا ئێستا مووچه‌خۆرانی هه‌رێم شه‌ش مانگ مووچه‌یان دواکه‌وتووه‌ و 10 مانگیش مووچه‌کانیان به‌ ڕوبعه‌ مووچه‌ و نیوه‌ مووچه‌ وه‌رگرتووه‌ و قه‌یرانی سه‌رۆکایه‌تیش که‌ هه‌ر به‌رده‌وامه‌ و تا ئێستاش نه‌توانراوه‌ چاره‌سه‌ریی ئه‌و قه‌یرانه‌ بکرێت.
* کوردپرێس: پاش دوایین په‌یامی به‌ڕێز مه‌سعوود بارزانی له‌سه‌ر کێشه‌ و قه‌یرانه‌کانی هه‌رێمی کوردستان و ئه‌و پێشنیاره‌ی که‌ پێشکه‌شی کرد، خولێکی نوێی دانووستان له‌ نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان بۆ چاره‌سه‌ریی ئه‌و قه‌یرانانه‌ ده‌ستی پێکرد، ئایا له‌ هه‌ڵوێست و سیاسه‌ته‌کانی پارتی، گۆڕانکاری ده‌بینرێت که‌ ئه‌م قۆناغه‌ به‌ گۆڕانکارییه‌ک له‌ بارودۆخ ناوببه‌ین و هیوای ده‌ربازبوون له‌ بنبه‌ستی سیاسی له‌ هه‌رێم ببینین‌؟
- یووسف محه‌مه‌د سادق: ئه‌و دوو قه‌یرانه‌ له‌ هه‌رێمدا قه‌یرانی سه‌ره‌کین. یه‌که‌م قه‌یرانی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم که‌ بوویه‌ هۆی سه‌رچاوه‌ی په‌کخستنی په‌رله‌مان و ئیفلیج کردنی حکوومه‌ت و قه‌یرانی دووهه‌میش قه‌یرانی داراییه‌ که‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ دیار نه‌بوونی داهاته‌کانی نه‌وت و گاز و داهاتی ناوخۆی هه‌رێم و هه‌موو ئه‌مانه‌ پێویستیان به‌ چاره‌سه‌ریی بنچینه‌یی هه‌یه‌. یه‌که‌م پێویستیان به‌ جیدییه‌ت هه‌یه‌ له‌ وتووێژه‌کان و ده‌بێ ئه‌مجاره‌ به‌ پینه‌ و په‌ڕۆ چاره‌سه‌ر نه‌کرێن. من نامه‌وێ هیچ ڕایه‌ک له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌رببڕم که‌ کێ جدییه‌ و کێ جدی نییه‌ و ئایا گفتوگۆکان ده‌رئه‌نجامی ده‌بێت یان نا. به‌ڵکوو پێموایه‌ و ڕاشمگه‌یاندووه‌ ئه‌م دوو قه‌یرانه‌ پێویستیان به‌ چاره‌سه‌ریی بنچینه‌یی هه‌یه و داهات شه‌فاف بکرێت‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان تاوه‌کوو له‌و ڕێگایه‌وه‌ مووچه‌ و قووتی خه‌ڵک بگه‌ڕێته‌وه‌ و قه‌یرانی سه‌رۆکایه‌تی به‌ شێوه‌یه‌کی بنچینه‌یی چاره‌سه‌ر بکرێت بۆ ئه‌وه‌ی جارێکیتر په‌رله‌مان ڕووبه‌ڕووی ته‌نگه‌ژه‌یه‌کی له‌م شێوه‌یه‌ نه‌بێته‌وه‌.
* کوردپرێس: جه‌ختی پارتی له‌سه‌ر گۆڕینی سه‌رۆکایه‌تیی په‌رله‌مان و پاشان ده‌ستبردنه‌ بۆ دۆسیه‌ی سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێم و حکوومه‌ت، ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ چۆن ده‌نرخێنن و ئایا قائیل به‌وه‌ ده‌بن؟
- یووسف محه‌مه‌د سادق: ئێستا شه‌رعیه‌تی سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێم نه‌ماوه‌ و حکوومه‌تیش به‌ شێوه‌یه‌کی گشتی شکستی خواردووه‌ له‌ دابین کردنی مووچه‌ی خه‌ڵکی کوردستان. به‌ڵام ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌رێک بێته‌ کایه‌وه‌ که‌ قه‌یرانی شه‌رعیه‌تی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم چاره‌سه‌ر ببێ و سه‌رۆکایه‌تییه‌کی تازه‌ بۆ هه‌رێمی کوردستان هه‌ڵبژێردرێت و حکوومه‌تێکی کارا و کاریگه‌ریش بێته‌ کایه‌وه‌ که‌ بتوانێ قه‌یرانه‌کانی هه‌رێم چاره‌سه‌ر بکات، له‌ ئه‌وا حاڵه‌تێکدا کێشه‌ش نییه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئێمه‌ نه‌ قه‌یرانی شه‌رعیه‌تمان هه‌یه‌ و نه‌ که‌سیش ده‌توانێ بیسه‌لمێنێت که‌ کارێکی نایاساییمان کردووه‌ یان کێشه‌یه‌کمان بۆ هه‌رێمی کوردستان دروست کردووه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا له‌ حاڵه‌تێکی له‌و شێوه‌یه‌ ئه‌گه‌ر گۆڕانکاری له‌ سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مان بێته‌ کایه‌وه‌ هیچ کێشه‌یه‌ک نییه‌.
* کوردپرێس: داعش له‌ عێراق و ناوچه‌که‌ ڕوو له‌ ئاوابوون ده‌چێت، له‌ 2014 به‌دواوه‌ به‌شداری لاوانی کوردی هه‌رێم له‌ ڕیزه‌کانی داعشمان بینیوه‌، ئه‌نجامدانی چه‌ندین هێرش و کرده‌وه‌ی تیرۆریستی له‌ هه‌رێم و ناوچه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی پێشه‌رگه‌، داهاتووی بیرۆکه‌ی توندڕه‌وی و ته‌کفیری له‌ هه‌رێم چۆن ده‌بینن و مه‌ترسییه‌کانی بۆ سه‌ر داهاتووی هه‌رێم چییه‌؟
- یووسف محه‌مه‌د سادق: به‌ شێوه‌یه‌کی گشتی بیروبۆچوونی توندڕه‌وی له‌ لای گه‌لی کوردستان نامۆیه‌ و گه‌لی کوردستان به‌ ته‌بعی خۆی، گه‌لێکی لێبورده‌یه‌ له‌گه‌ڵ پێکهاته‌کانی تر. به‌ڵام هه‌ندێک جار ڕه‌نگه‌ فه‌شه‌لی حوکمڕانی له‌ هه‌رێمی کوردستان و نائومێدبوونی لاوان وابکات که‌ به‌شێک له‌ خه‌ڵک ڕوو بکه‌نه‌ ئه‌م گرووپه‌ تیرۆریستییانه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌ ده‌توانین بڵێین ژماره‌ی ئه‌و کوردانه‌ی له‌ ناو داعشدان زۆر که‌متره‌ له‌ ڕه‌گه‌زه‌کانی دیکه‌ که‌ له‌ ناو داعشدان، واتا ته‌نانه‌ت ئه‌توانین بڵێین ڕه‌گه‌زنامه‌ی هه‌ندێک له‌ وڵاتانی دەوروبەر یان هەڵگرانی ڕەگەزنامەی هەندێک لە دەوڵەتانی ئه‌ورووپی له‌ ناو داعش زیاتره‌ له‌و کوردانه‌ی که‌ له‌ ناو داعشدان.
* کوردپرێس: به‌ پێچه‌وانه‌ی گه‌شه‌ی ئابووری پاش ساڵی 2003 له‌ هه‌رێم، له‌ ماوه‌ی نزیک به‌ سێ ساڵی ڕابردوودا قه‌یرانێکی دژواری ئابووری هه‌روه‌ک ئاماژه‌تان پێدا به‌رۆکی هه‌رێمی گرتووه‌، هۆکاری ئه‌م پرسه‌ بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌؟ ڕێگه‌چاره‌ی ده‌ربازبوون له‌م دۆخه‌ چییه‌؟
- یووسف محه‌مه‌د سادق: چه‌ند هۆکارێک هه‌ن بۆ قه‌یرانی دارایی و ئابووری له‌ هه‌رێمی کوردستان. یه‌که‌م هۆکار و سه‌ره‌کیترین هۆکاری ئه‌م قه‌یرانه‌ هه‌بوونی گه‌نده‌ڵییه‌ و هه‌ده‌ردانی سامانی گشتی له‌ ڕێگای گه‌نده‌ڵی له‌ هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌. ته‌نها له‌ ماوه‌ی نێوان 2004 بۆ 2013 ته‌نیا له‌ عێراقه‌وه‌ 107 ملیار دۆلار وه‌کوو به‌شی بودجه‌ هاتۆته‌ هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ له‌ چوارچێوه‌ی بودجه‌ی عێراق. ئه‌مه‌ش جیایه‌ له‌ داهاته‌ ناوخۆییه‌کان وه‌کوو گومروک و باج و داهاتی فرۆشتنی نه‌وت و گاز و داهاتی شیرینی گرێبه‌سته‌کانی نه‌وت که‌ ته‌نیا ئه‌و داهاته‌ له‌ نێوان 5 بۆ 7 ملیار دۆلار مه‌زنده‌ ئه‌کرێت. ئێستا سه‌ره‌ڕا‌ی ئه‌و هه‌موو داهاته‌ی هاتۆته‌ هه‌رێمی کوردستان، ژێرخانێکی ئابووریی به‌هێز له‌ هه‌رێمی کوردستان نییه‌، ڕێگه‌وبانی ئه‌وتۆ نییه‌، ئابوورییه‌کی نیشتمانیی نییه‌ و ئه‌و هه‌مووه‌ حکوومه‌ت قه‌رزداری هاووڵاتییه‌کانی خۆیه‌تی. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی که‌ به‌پێی ڕاگه‌یێندراوه‌کانی خودی حکوومه‌ت، هه‌رێم نزیکه‌ی 20 ملیار دۆلار قه‌رزداره‌. که‌واته‌ سه‌ره‌کیترین هۆکار گه‌نده‌ڵییه‌ و به‌شێکی زۆری ئه‌م پاره‌یه‌ براوه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ له‌لایه‌ن به‌رپرسه‌کانی هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌.
هۆکاری دووهه‌م بۆ قه‌یرانی دارایی و ئابووریی له‌ هه‌رێمی کوردستان، بریتییه‌ له‌ پشت به‌ستن به‌ ته‌نیا به‌ نه‌وت و گاز بۆ سه‌رچاوه‌ی داهات بۆ هه‌رێم. پێشتر که‌ ته‌نیا به‌و بودجه‌یه‌ی که‌ له‌ عێراقه‌وه‌ ده‌هات پشت ئه‌ستوور بووین و ئێستا ته‌نها زیاتر پشت ئه‌ستوورین به‌ نه‌وت و گاز. نرخی نه‌وت و گازیش له‌ بازاڕی جیهانی به‌رز و نزم ده‌کات و ئه‌مه‌ش واده‌کات تۆ نه‌توانی ئابوورییه‌کی پته‌و ڕه‌نگڕێژ بکه‌ی له‌سه‌ر بنه‌ما ئابوورییه‌ ڕاست و دروسته‌کان. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی ئه‌گه‌ر بۆ هه‌ر وڵاتێکی نه‌وتی هه‌ڵه‌ بێت ته‌نیا پشت به‌ نه‌وت و گاز ببه‌ستێت به‌هۆی به‌رز و نزم بوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت، بۆ ئێمه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان دوو جار هه‌ڵه‌یه‌ و ئه‌م بابه‌ته‌شم بۆ حکوومه‌تیش باس کردووه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ ئێمه‌ ڕێگامان بۆ سه‌ر ده‌ریا کراوه‌کانی جیهان نییه‌ و بۆیه‌ش ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی نه‌وت و گازی ئێمه‌ هه‌میشه‌ له‌ژێر ڕه‌حمه‌تی ده‌وڵه‌تانی دراوسێیه‌ و ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ ده‌بێ نه‌وتی ئێمه‌ بنێرنه‌ ده‌ره‌وه‌. به‌داخه‌وه‌ ئێمه‌ ته‌نیا یه‌ک ده‌ره‌چه‌شمان هه‌یه‌ بۆ هه‌نارده‌کردنی نه‌وت که‌ ئه‌ویش تورکیایه‌ و هه‌ندێ جار ئه‌م بابه‌ته‌ وه‌کوو کارتێکی سیاسی دژ به‌ هه‌رێمی کوردستان به‌کار هاتووه‌. که‌واته‌ ئێمه‌ هه‌م پێویستمان به‌ فره‌سه‌رچاوه‌ کردنی ئابوورییه‌ وه‌کوو بووژانه‌وه‌ی که‌رته‌کانی کشتوکاڵ، پیشه‌سازی، گه‌شتوگوزار، بازرگانی و که‌رته‌کانی تر و له‌ هه‌مان کاتیشدا پێویستمان به‌ فره‌سه‌رچاوه‌کردنی ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی نه‌وت و گازی هه‌رێمی کوردستان هه‌یه‌. ئه‌مه‌ کارێکی باشه‌ که‌ له‌گه‌ڵ تورکیا له‌ بواری وزه‌ پێوه‌ندییه‌کی باشمان هه‌بێت، به‌ڵام له‌ هه‌مان کاتدا پێویستمان به‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ له‌گه‌ڵ عێراقیش پێوه‌ندییه‌کی زۆر باشمان له‌و بواره‌وه‌ هه‌بێت و ئه‌و دابڕانه‌ چاره‌سه‌ر بکرێت و له‌گه‌ڵ ئێرانیش به‌ هه‌مان شێوه‌ په‌یوه‌ندییه‌کی باشمان هه‌بێت له‌ بواری وزه‌ و بۆ ناردنه ده‌ره‌وه‌ی نه‌وت و گاز فره‌سه‌رچاوه‌ بین.
* کوردپرێس: به‌رپرسانی حکوومه‌تی هه‌رێم له‌ دوایین هه‌ڵوێستیاندا ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر نه‌وت له‌ ڕێگه‌ی به‌غداوه‌ هه‌نارده‌ بکرێت داهاته‌که‌ی به‌شی مووچه‌ و خه‌رجه‌کانی هه‌رێم ناکات و ئه‌وه‌ی ئێستاش ده‌یبینین ده‌ره‌نجامی سیاسه‌تی سه‌ربه‌خۆیی ئابووری و هه‌نارده‌کردنی ڕاسته‌وخۆی نه‌وتی هه‌رێمی کوردستانه‌ که‌ ئه‌م قه‌یرانه‌ی لێکه‌وتۆته‌وه‌، له‌م نێوه‌دا به‌ ڕای جه‌نابتان ڕێگه‌چاره‌ بۆ ده‌ربازبوون چییه‌ و خه‌ڵکه‌که‌ ده‌بێ چ بکه‌ن؟
- یووسف محه‌مه‌د سادق: خۆی ئه‌وه‌ تاقی کرایه‌وه‌ که‌ به‌ هه‌نارده‌کردنی نه‌وت به‌ شێوه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ نه‌ک نه‌بووینه‌ خاوه‌نی ئابوورییه‌کی سه‌ربه‌خۆ، به‌ڵکوو بووینه‌ خاوه‌نی ئابوورییه‌کی داته‌پیو. به‌ هه‌نارده‌کردنی نه‌وت نه‌ک نه‌بووینه‌ خاوه‌نی سامانێکی به‌رفراوان به‌ڵکوو له‌سه‌ر فرۆشتنی نه‌وت قه‌رزار بووینه‌وه‌. بۆیه‌ش ئه‌م سیاسه‌ته‌ ده‌بێ پێداچوونه‌وه‌ی بۆ بکرێت و جارێکی تر هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ بکرێت که‌ قازانجی خه‌ڵکی کوردستان له‌ چیدایه‌ و پێموابێت به‌شێکی به‌رینی خه‌ڵکی کوردستان ئێستا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ن که‌ پێوه‌ندییه‌کان له‌گه‌ڵ حکوومه‌تی عێراقی له‌ بواری وزه‌ چاک بکرێته‌وه‌ و لێکتێگه‌یشتنی نوێ ئه‌نجام بدرێت سه‌باره‌ت به‌ پرسی نه‌وت و یاسای بودجه‌ی ئیتحادی جێبه‌جێ بکرێ بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی کوردستانئاهێکیان به‌ به‌را بێته‌وه‌ له‌و قه‌یرانه‌ زۆر و زه‌به‌ندانه‌ی که‌ ڕووی تێکردوون.
* کوردپرێس: له‌ 2003 به‌دواوه‌ که‌ کورد چووه‌ به‌غدا و له‌ ده‌سه‌ڵات به‌شدار بوو تا ئێستای له‌گه‌ڵ بێت کۆمه‌ڵێک کێشه‌ی هه‌ڵپه‌سێردراو له‌ نێوان هه‌ولێر و حکوومه‌تی ناوه‌ندا هه‌یه‌، پێناسه‌ی ئێوه‌ بۆ پێوه‌ندیی هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ به‌غدا چییه‌؟
- یووسف محه‌مه‌د سادق: ئێمه‌ تا ئێستا له‌ چوارچێوه‌ی حکوومه‌تی عێراقین و مادام وایه‌ پێویسته‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌ بده‌ین که‌ به‌ دیالۆگ کێشه‌کانمان له‌گه‌ڵ عێراق چاره‌سه‌ر بکه‌ین. من پێموایه‌ هه‌م حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی له‌ گه‌ڵ به‌غدا که‌م و کورتی هه‌یه‌ و به‌ ڕاستیش حکوومه‌تی فیدڕاڵیش هه‌ندێک جار که‌مته‌رخه‌میی کردووه‌ له‌ ئه‌نجامدانی ئه‌رکه‌کانی به‌رامبه‌ر به‌ هه‌رێمی کوردستان. بۆیه‌ پێویسته‌ نیازپاکی له‌ هه‌ردوو لاوه‌ پیشان بدرێت سه‌باره‌ت به‌ چاره‌سه‌رکردنی ئه‌و گیر و گرفته‌ زه‌به‌ندانه‌ی که‌ له‌ نێوان هه‌رێم و به‌غدا هه‌ن و ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بڕیاری جیابوونه‌وه‌ش له‌ عێراق بدرێت ئه‌وه‌ دیسانه‌وه‌ ئێمه‌ پێویستمان به‌وه‌یه‌ له‌گه‌ڵ عێراق دیالۆگێکی جیدی بکه‌ین و ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر جیاش بینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ عێراق پێویست ئه‌کات بڕیاری یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ بده‌ین چوونکه‌ ڕێگای سه‌ربه‌خۆیی به‌ ئه‌نقه‌ره‌ یان به‌ تاران یان به‌ واشنتۆن یان به‌ پایته‌خته‌کانی تری وڵاتانی دنیادا تێناپه‌ڕێت، به‌ به‌غدا تێده‌په‌ڕێت و پێویست ده‌کات ئێمه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا ڕێک بکه‌وین له‌سه‌ر چاره‌نووسی هه‌رێمی کوردستان بۆیه‌ له‌مڕۆوه‌ پێویسته‌ دیالۆگێکی جیدی له‌ نێوان هه‌رێم و به‌غدادا بێته‌ کایه‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌رکردنی گرفته‌کان و هه‌موو سیناریۆکان له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆی نێوان هه‌رێمی کوردستان و به‌غدا کراوه‌ بن، به‌ سیناریۆی مانه‌وه‌ له‌ چوارچێوه‌ی عێراق، به‌ سیناریۆی مانه‌وه‌ وه‌کوو ئێستا، مانه‌وه‌ به‌ شێوه‌ی کۆنفێدرالی و ته‌نانه‌ت جیابوونه‌وه‌یه‌کی ئاشتیانه‌ و پێوه‌ندییه‌کی دۆستانه‌ی دراوسێیه‌تی له‌ نێوان هه‌ردوولا.
* کوردپرێس: به‌م وێنایه‌ی ئێوه‌ له‌ بارودۆخی هه‌رێمی کوردستان و پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌ ده‌سته‌وه‌تان دا، ئاسۆی سه‌ربه‌خۆیی بۆ هه‌رێم له‌ ئێستادا چۆن ده‌بینن؟
- یووسف محه‌مه‌د سادق: ئه‌مه‌ ئامانجێکی گه‌وره‌یه‌ بۆ خه‌ڵکی کوردستان که‌ وه‌کوو گه‌لانی تری ناوچه‌که‌ ببنه‌ خاوه‌نی کیانی سه‌ربه‌خۆی خۆیان، به‌ڵام ده‌وڵه‌ت پێویست ده‌کات دروست بکرێت، بنیات بنرێت، پێویست ده‌کات دامه‌زراوه‌ بنیات بنرێت، ده‌وڵه‌تی ئێستا کیانێکی ئاڵۆزی پڕ له‌ ته‌عقیداته‌ که‌ خۆی له‌ ته‌عقیداتی مۆئه‌سه‌ساتیدا ده‌بینێته‌وه‌. بۆیه‌ پێویستمان به‌ به‌دامه‌زراوه‌یی کردنی هه‌رێم هه‌یه‌، پێویستمان به‌ ژێرخانێکی ئابووریی به‌هێز هه‌یه‌. پێویستمان به‌ یه‌کگرتوویی خه‌ڵکی کوردستان هه‌یه‌، پێویستمان به‌ نه‌هێشتنی ئاسه‌واره‌کانی جووت ئیداری و جووت حیزبی و دوو ئیداره‌یی و دوو ده‌سه‌ڵاتی له‌ هه‌رێمی کوردستاندا هه‌یه‌ و هه‌روه‌ک باسیشم کرد پێویستمان به‌وه‌ هه‌یه‌ پێوه‌ندییه‌کی بنیاتنه‌ر له‌ نێوان هه‌رێمی کوردستان، کیانی کوردستان و عێراق بێنینه‌ه‌ کایه‌وه‌، نه‌ک ئه‌وه‌ی که‌ هێشتا ئێمه‌ هیچمان نه‌کردووه‌ و هیچ هه‌نگاوێکی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ و کرده‌ییمان بۆ پرسی سه‌ربه‌خۆیی نه‌ناوه‌، به‌ڵام له‌ولاوه‌ عێراقمان کردووه‌ به‌ دوژمنی خۆمان و هه‌موو لایه‌کمان کردووه‌ به‌ دوژمنی خۆمان و پرسی سه‌ربه‌خۆیی زیاتر وه‌کوو ئه‌داتێک بۆ ملمانێی ناوخۆیی کوردستان به‌کار دێت.
* کوردپرێس: له‌ هه‌رکام له‌و سێ بژارده‌یه‌ی ئاماژه‌تان پێکرد، کێشه‌یه‌کی سه‌ره‌کی نێوان هه‌رێم و به‌غدا هه‌یه‌، واته‌ ناوچه‌ جێناکۆکه‌کان، به‌ تایبه‌ت به‌ کۆنتڕۆڵ کردنی به‌شێکی زۆر له‌و ناوچانه‌ له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه‌وه‌ له‌مدواییانه‌ له‌ شه‌ڕی داعشدا، ئه‌م کێشه‌ قووڵتر بۆته‌وه‌. چاره‌سه‌ریی ئه‌م کێشه‌یه‌ له‌ چیدا ده‌بینن؟
- یووسف محه‌مه‌د سادق: به‌ چوونی پێشمه‌رگه‌ بۆ ئه‌و ناوچانه‌ هیچ کێشه‌یه‌ک دروست نه‌بووه‌، بوونی پێشمه‌رگه‌ له‌م ناوچانه‌ وای کردووه‌ پێکهاته‌ جیاوازه‌کانی ناویان پارێزراو بن. بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر له‌ نه‌بوونی پێشمه‌رگه‌ داعش هێرشی بکردایه‌ سه‌ر شارێکی وه‌کوو که‌رکووک به‌و موزایه‌که‌ی خۆی که‌ عه‌ره‌بی شیعه‌، عه‌ره‌بی سوننه‌، کورد، تورکه‌مانی شیعه‌ و سوننه‌ و مه‌سیحی تێدایه‌، ئه‌وا کاره‌ساتێک هاوشێوه‌ی شه‌نگال و مووسڵ دژ به‌ خه‌ڵکی که‌رکووکیش دووباره‌ ده‌بوویه‌وه‌. بۆیه‌ چوونی پێشمه‌رگه‌ بۆ ئه‌و شوێنانه‌ بۆته‌هۆی پاراستنی خه‌ڵکی ئه‌و ناوچانه‌ نه‌ک ئه‌وه‌ی که‌ کێشه‌که‌ ئاڵۆز بکات. به‌ڵام چاره‌سه‌ری کۆتایی بۆ ئه‌م ناوچانه‌ پێویستی به‌ له‌شکه‌رکێشیی زیاتر نییه‌. ئێستا هێزی پێشمه‌رگه‌ ئه‌و ناوچانه‌ ده‌پارێزێ، چاره‌سه‌ری کۆتاییش ده‌ستوور دیاری کردووه‌ که‌ چاره‌نووسی ئه‌م ناوچانه‌ چۆن یه‌کلا بکرێته‌وه‌ و ده‌بێ پرس به‌ خه‌ڵکی ناوچه‌که‌ بکرێت که‌ چییان ده‌وێ. ئایا ده‌یانهه‌وێ له‌ چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراقدا بمێننه‌وه‌ یان خۆ بێنه‌ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان یان بۆ خۆیان هه‌رێمێکی سه‌ربه‌خۆ ده‌بن. پێویسته‌ خه‌ڵکی ناوچه‌که‌ خۆیان بڕیاری چاره‌نووسی خۆیان بده‌ن و ئه‌مه‌ش به‌ شێوه‌ی له‌شکه‌رکێشی ناکرێت و نابێ ململانێکان له‌م ناوچانه‌ به‌ سه‌ربازی بکرێن.
* کوردپرێس: ئاماژه‌تان به‌ ده‌ستوور دا. گریمان ماده‌ی 140 جێبه‌جێ کرا و له‌و ناوچانه‌ ڕیفراندۆم کرا، به‌ له‌به‌رچاوگرتنی گۆڕانی دیموگرافیا له‌ زۆرێک له‌و ناوچانه‌ ئه‌گه‌ر له‌و ڕێفراندۆمه‌دا ده‌نگ به‌ مانه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ یان به‌شێک له‌و ناوچانه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی حکوومه‌تی ناوه‌ندی بدرێت، هه‌ڵوێستی ئێوه‌ وه‌کوو هه‌رێمی کوردستان چی ده‌بێت؟
- یووسف محه‌مه‌د سادق: ئه‌بێ ڕێز له‌ ڕای هاووڵاتیانی ناوچه‌که‌ بگیرێت، ڕای ئه‌وان هه‌رچی بێت من وه‌کوو سه‌رۆکی په‌رله‌مان ده‌ڵێم که‌ پێویسته‌ ڕێز له‌ بیروڕای خه‌ڵکی ئه‌و ناوچانه‌ بگیردرێت.
* کوردپرێس: که‌واته‌ ئێوه‌ وه‌کوو کورد ئاماده‌ن به‌ بێ ئه‌و ناوچانه‌ وه‌کوو که‌رکووک و دیکه‌ی ناوچه‌کانی نه‌ینه‌وا سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی کوردستان ڕابگه‌یێنن؟
- یووسف محه‌مه‌د سادق: وه‌کوو باسم کرد ئه‌مه‌ بابه‌تێکی ئاڵۆزه‌ و ته‌نیا به‌ باسی ناوچه‌ جێناکۆکه‌کان نه‌به‌سراوه‌ته‌وه‌. پێوه‌ندیداره‌ به‌ دۆخی ناوخۆیی هه‌رێمی کوردستان، دۆخی سیاسی و ئابووری و پێوه‌ندیداره‌ به‌ عه‌لاقه‌ی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا.
* کوردپرێس: پێتانوایه‌ هه‌ڵوێستی عه‌ره‌ب، به‌ تایبه‌ت عه‌ره‌بی سوننه‌ی عێراق و وڵاتانی ناوچه‌‌ بۆ داواکاری ئێوه‌ له‌سه‌ر لکاندنی ئه‌و ناوچانه‌ به‌ هه‌رێمی کوردستان چی ده‌بێت و دۆخه‌که‌ به‌ره‌و کوێ ده‌چێت؟
- یووسف محه‌مه‌د سادق: نامه‌ی دوکتۆراکه‌ی من له‌سه‌ر داهاتووی هه‌رێمی کوردستان و ئه‌و فاکته‌رانه‌یه‌ که‌ کاریگه‌رییان له‌سه‌ری هه‌یه (فاکته‌ره‌ کاریگه‌ره‌کانی‌ سه‌ر داهاتووی‌ سیاسی‌ هه‌رێمی‌ کوردستان – عیراق) هه‌ر له‌وێدا باسم له‌ پرسی ناوچه‌ی جێناکۆکییه‌کان کردووه‌. ئه‌م ناوچانه‌ له‌ ڕووی مێژووییه‌وه‌ کوردستانین، هه‌موو ئه‌م ناوچانه‌ به‌ ویلایه‌تی مووسڵیشه‌وه‌ که‌ له‌سه‌دا 60ی کورد بووه‌ له‌ سه‌ره‌تای جه‌نگی یه‌که‌می جیهانی، ئه‌م ناوچانه‌ کوردنشین بوون. ئێستا کورد له‌ حه‌قی مێژوویی خۆی ته‌نازولی کردووه‌ و له‌ حه‌قی جوگرافیایی خۆی ته‌نازولی کردووه‌. ته‌نانه‌ت له‌ ڕووی جوگرافیشه‌وه‌ ئه‌م ناوچانه‌ ئیمتدادن بۆ جوگرافیای کوردستان. ئێستا و پاش ئه‌و ته‌نازوله‌، کورد ڕازی بووه‌ که‌ خه‌ڵکی ڕه‌سه‌نی ئه‌و ناوچه‌یه‌ خۆی چاره‌نووسی خۆیان یه‌کلا بکه‌نه‌وه‌. من له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچوون و قسانه‌ نیم که‌ پێموابێت سنوور به‌ خوێن ڕه‌نگڕێژ ده‌کرێت. نا، سنووری به‌خوێن ڕه‌نگڕێژکراو و جارێکی تریش به‌خوێن ڕه‌نگڕێژ ده‌کرێته‌وه‌ هه‌روا که‌ سه‌دام حسێن ویستی به‌ خوێن به‌ گۆڕینی دیموگرافیا چاره‌نووسی ئه‌م ناوچانه‌ یه‌کلا بکاته‌وه‌ که‌ پێی نه‌کرا بۆیه‌ دیموکراسی ترین ڕێگا که‌ هه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ خه‌ڵکی ئه‌و ناوچانه‌ چاره‌نووسی خۆیان یه‌کلا بکه‌نه‌وه‌ و ئێمه‌ وه‌کوو کورد پێویست ده‌کات ڕێزی لێبگرین و هه‌موو لایه‌نه‌کانی تریش پێویسته‌ ڕێز له‌ ئیراده‌ی خه‌ڵکی بگرن.
* کوردپرێس: کورد به‌ تایبه‌ت دوای داعش و گۆڕینی هاوسه‌نگییه‌کان له‌ ناوچه‌که‌ بۆته‌ ئه‌کته‌رێک له‌ ناوچه‌ و له‌ جیهاندا. پێتانوایه‌ هه‌رێمی کوردستان له‌ جه‌مسه‌ربه‌ندی ناوچه‌یی و جیهانی خۆی له‌ کوێدا ده‌بینێته‌وه‌؟
- یووسف محه‌مه‌د سادق: ئێمه‌ پێمانوایه‌ که‌ به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵکی کوردستان، به‌ڵکوو هه‌موو عێراقیش و به‌رژه‌وه‌ندیی کوردستان له‌ هه‌موو ناوچه‌ ئه‌وه‌ ده‌خوازێت که‌ له‌م بارودۆخه‌ی له‌ ناوچه‌که‌ هاتۆته‌ کایه‌وه‌ نه‌بێته‌ به‌شێک له‌و جه‌مسه‌ربه‌ندییه‌ی که‌ ئێستا له‌ ناوچه‌که‌ هه‌یه‌. ئێمه‌ پێویست ده‌کات پێوه‌ندییه‌کی دۆستانه‌مان له‌گه‌ڵ دراوسێکانمان هه‌بێت، پێوه‌ندییه‌کی هاوسه‌نگ و هاوسانمان له‌گه‌ڵ وڵاتی دراوسێ هه‌بێت و له‌گه‌ڵ عێراقیش پێوه‌ندییه‌کی باشمان هه‌بێت و پێوه‌ندییه‌کی باشی کوردانه‌شمان پێکه‌وه‌ هه‌بێت و نه‌بینه‌ به‌شێک له‌و ململانێ ئیقلیمییه‌ی که‌ ئێستا له‌ئارادایه‌ چوونکه‌ ئه‌وه‌ له‌ مه‌سڵه‌حه‌تی هه‌رێمی کوردستان نییه‌ که‌ له‌و ململانێیانه‌ ببێته‌ ته‌ڕه‌ف و هاوکاری و پشتگیریی به‌شێک له‌ ده‌وڵه‌تانی ئیقلیمی بکات دژ به‌ ده‌وڵه‌ته‌کانی دیکه‌ و یان به‌شێک له‌ هێزه‌کانی هه‌رێمی کوردستان پشتگیریی لایه‌کی ئیقلیمی بکه‌ن و ئه‌و به‌شی تریش پشتگیری له‌ لایه‌کی تر بکه‌ن و ئه‌و ململانێ ئیقلمییه‌ بێننه‌ ناوخۆی هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌. ئه‌مه‌ له‌ قازانجی هه‌رێمی کوردستان نییه‌.
* کوردپرێس: ئایا کێشه‌ و ململانێی ناوخۆیی به‌ تایبه‌ت له‌ نێوان ئه‌و هێزه‌ سیاسیانه‌ی له‌ هه‌ولێر و سلێمانین، کوردی له‌ جه‌مسه‌ربه‌ندیی ناوچه‌که‌دا دابه‌ش کردووه‌ یان نا؟
- یووسف محه‌مه‌د سادق: له‌ ڕابردووش به‌داخه‌وه‌ شه‌ڕی ناوخۆ و شه‌ڕی ده‌سه‌ڵات وایکرد که‌ ئه‌وه‌ ڕوو بدات و ئێستاش هه‌ندێکته‌ڕه‌فگیریی ئیقلیمی له‌ ناوخۆی هه‌رێمی کوردستان هه‌یه‌، به‌ڵام پێمانوایه‌ ئه‌مه‌ کارێکی دروست نییه‌.
* کوردپرێس: بارودۆخی پێشمه‌رگه‌ له‌ گۆڕانکاریی ئه‌مدواییه‌دا چۆن ده‌بینن؟ ئایا ئه‌م هێزه‌ توانیویه‌تی له‌ هه‌ژموونی حزب ڕزگار ببێت و دۆخی ئێستای پێشمه‌رگه‌ چ مه‌ترسییه‌کی بۆ ئێستا و داهاتووی هه‌رێمی کوردستان دروست ده‌کات؟
- یووسف محه‌مه‌د سادق: هێزی پێشمه‌رگه‌ به‌ شێوه‌یه‌کی زۆر قاره‌مانانه‌ دیفاعی له‌ خاکی کوردستان کرد له‌ به‌رامبه‌ر گرووپی تیرۆریستیی داعش و دیفاعی له‌ هه‌موو پێکهاته‌ جیاوازه‌کانی ناوخۆی هه‌رێمی کوردستان کرد و ئه‌وه‌ نییه‌ که‌ ته‌نها دیفاعی له‌ کورد کردبێت. ته‌نانه‌ت له‌و پێکهاتانه‌ش که‌ ناوچه‌کانی خۆیان تووشی جنۆساید بوون، ده‌رکران به‌ڵام له‌ خاکی هه‌رێمی کوردستاندا دیفاعی لێکردن. ئه‌م هێزانه‌ له‌ موازه‌نه‌ی گشتیی هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ مووچه‌ وه‌ردگرن و حه‌زی زۆرینه‌ی هه‌ره‌زۆری ئه‌م هێزانه‌ چ له‌ پێشمه‌رگه‌یه‌کی به‌سیته‌وه‌ بگره‌ تا فه‌رمانده‌کانی پێشمه‌رگه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ هێزی پاراستنی هه‌موو خاک و گه‌لی کوردستان بن، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ خواست هه‌یه‌ له‌لایه‌ن هه‌ندێک له‌ حزبه‌ سیاسییه‌کان بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ژموونیان هه‌بێ به‌ سه‌ر به‌شێک له‌ هێزه‌ چه‌کداره‌کانی هه‌رێم، چ له‌ ناو هێزی پێشمه‌رگه‌ چ له‌ ناو هێزه‌کانی ئاسایش و هێزه‌کانی ئاسایشی ناوخۆ و خواست هه‌یه‌ له‌لایه‌ن به‌شێک له‌ حزبه‌کانه‌وه‌ بۆ به‌کارهێنانی به‌شێک له‌ هێزه‌ چه‌کداره‌کانی هه‌رێم له‌ ململانێی سیاسییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان که‌ ئه‌مه‌ بۆ ئێستا و داهاتووی هه‌رێمی کوردستان مه‌ترسییه‌. پێویست ده‌کات هه‌ژموونی هیچ حزبێک به‌ سه‌ر هیچ دامه‌زراوه‌یه‌کی سه‌ربازی و ئه‌منیی هه‌رێمی کوردستان نه‌بێت و ئه‌م دامه‌زراوانه‌ به‌ شێوه‌یه‌کی پیشه‌یی مامه‌ڵه‌ بکه‌ن و دیفاع له‌ هه‌موو خه‌ڵکی هه‌رێمی کوردستان بکه‌ن و نابێ بکرێنه‌ به‌شێک له‌ ململانێی سیاسی، به‌ڵکوو شه‌ره‌فی میهه‌نیی خۆیان بپارێزن و هه‌م ئه‌مانه‌ لاواز نه‌کرێن له‌ ململانێ سیاسییه‌کاندا و هه‌م ململانێ سیاسییه‌کانی هه‌رێم خوێناوی نه‌کرێن له‌ ڕێگای به‌کاربردنی هێزی چه‌کدار.
* کوردپرێس: له‌ چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانێتی دژی ‌داعش بینیمان که‌ پشتگیرییه‌کی به‌ربڵاوی نێونه‌ته‌وه‌یی له‌ پێشمه‌رگه‌ کرا، پێتانوایه‌ پاش ئه‌م شه‌ڕه‌ پشتگیرییه‌کان له‌ هه‌رێمی کوردستان له‌ ئاستی نێونه‌ته‌وه‌ییدا به‌م شێوه‌یه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ یان گۆڕانکاری به‌ سه‌ردا دێت؟
- یووسف محه‌مه‌د سادق: به‌داخه‌وه‌ ئه‌م بارودۆخه‌ که‌ ئێستا له‌ هه‌رێمی کوردستان له‌ئارادایه‌ و په‌کخستنی په‌رله‌مان به‌ تایبه‌تی، وایکردووه‌ که‌ ده‌وڵه‌ته‌ دۆسته‌کانمان زۆر به‌ دڕدوونگییه‌وه‌ بارودۆخه‌که‌ ئه‌بینن و شه‌ڕی داعش وای کردووه‌ که‌ به‌شێکی زۆری ئه‌و کێشه‌ سیاسییانه‌ کاریگه‌ری نه‌کاته‌ سه‌ر هاوکارییه‌کانی پێشمه‌رگه،‌ به‌ڵام له‌ دوای شه‌ڕی داعشه‌وه‌ ئه‌و بارودۆخه‌ سیاسییه‌ی له‌ هه‌رێمدا هه‌یه‌ وائه‌کات که‌ له‌ ناوخۆی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ که‌ دیموکراسین و په‌رله‌مانیان هه‌یه‌ و به‌رده‌وام چاودێری هه‌موو خه‌رجه‌ سه‌ربازییه‌کان ده‌کات، ڕه‌نگه‌ هیچ ده‌وڵه‌تێکی ئه‌ورووپی له‌ دوای شه‌ڕی داعشه‌وه‌ نه‌توانێت هاوکاری هێزی پێشمه‌رگه و هه‌رێمی کوردستان بکات که‌ هه‌رێمی کوردستان به‌ ڕێگایه‌کی هه‌ڵه‌دا ئه‌ڕوات و دیموکراسی تێیدا په‌کی که‌وتووه‌. دۆسته‌کانمان ئه‌مه‌ پێمان ئه‌ڵێن. هه‌رچه‌ند ئێمه مکوورین‌ به‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و هاوکارییانه‌ی بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ دێت نه‌کرێته‌ قوربانی ئه‌و ململانێیه‌ سیاسییه‌ له‌ هه‌رێمدا هه‌یه‌ و ئه‌وه‌مان به‌ کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی ڕاگه‌یاندووه‌ که‌ ئه‌و هاوکارییانه‌ به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش مسۆگه‌ر ئه‌کات چوونکه‌ داعش مه‌ترسی هاوبه‌شه‌ بۆ هه‌موو لایه‌کمان به‌ڵام به‌ دوای داعش من دڵنیام نیم که‌ به‌رده‌وامی ئه‌م هاوکارییه‌ بن.
* کوردپرێس: وه‌کوو سه‌رۆکی په‌رله‌مان و لایه‌نه‌که‌شتان واتا بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌ڵوێستی جیاوازتان له‌ پارتی و حکوومه‌تی هه‌رێم له‌سه‌ر په‌که‌که‌ و بوونی ئه‌م پارته‌ له‌ شه‌نگال و دیکه‌ی ناوچه‌کانی هه‌رێم پاش ده‌سپێکردنی شه‌ڕی داعش هه‌بووه‌. پێتانوایه‌ ململانێی ئه‌و حزبه‌ له‌گه‌ڵ پارتی له‌سه‌ر چییه‌ و ده‌وری پێوه‌ندی پارتی له‌گه‌ڵ تورکیا له‌مباره‌وه‌ چۆن ئه‌بینن؟
- یووسف محه‌مه‌د سادق: به‌ ڕاستی تا ئێستاش من شه‌رعییه‌تی سه‌رۆکی په‌رله‌مانم هه‌یه،‌ بۆیه‌ش خۆم له‌ هه‌ڵوێستگیری حزبی ئه‌بوێرم، چوونکه‌ پێویست ده‌کات ته‌مسیلی هه‌موو په‌رله‌مانی کوردستان بکه‌م. له‌م ڕووه‌وه‌ جێگه‌ی سوپاسه‌ بۆ ئێمه‌ که‌ پارتی کرێکارانی کوردستان له‌ ڕۆژگاره‌ هه‌ره‌ سه‌خته‌کانی هێرشی داعش بۆ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان هاوکاری هه‌رێمی کرد و به‌شداربوو له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش له‌ مه‌خموور و که‌رکووک و خانه‌قین و له‌ شه‌نگال. ئه‌و کاته‌ی به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێ به‌رپرسی حزبی بوونه‌هۆی شکستی شه‌نگال، ئه‌و هێزانه‌ واتا هێزی په‌که‌که‌ و شه‌ڕڤانانی یه‌په‌گه‌ و یه‌په‌ژه‌ به‌ هاوکاری به‌شێک له‌ پێشمه‌رگه‌کانی هه‌رێمی کوردستان که‌ له‌ چیای شه‌نگال مانه‌وه‌ و دیفاعیان له‌و خه‌ڵکه‌ ده‌کرد و له‌ چیای شه‌نگال مانه‌وه‌ و نه‌یانهێشت ئه‌وانیش هاوشێوه‌ی خه‌ڵکانی تر که‌ له‌ ناوچه‌ی شه‌نگال جینۆساید کران ئه‌وانیش ئه‌و کاره‌ساته‌یان به‌ سه‌ردا بێت. ناتوانین ئه‌م خزمه‌تانه‌ له‌بیر بکه‌ین بۆیه‌ جێگه‌ی سپاسن. ئه‌و ململانێیه‌ حزبییانه‌ پێویست ده‌کات به‌ ڕێگه‌چاره‌ی دیالۆگ و ئاشتیانه‌ چاره‌سه‌ر بکرێت نه‌ک له‌ ڕێگای هێزی چه‌کدار، به‌ تایبه‌تی ئه‌وه‌ی که‌ په‌یوه‌ندیداره‌ به‌ شه‌نگال، ئه‌وه‌ی که‌ پێویسته‌ ڕچاو بکرێت به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵکی شه‌نگاله‌. ئه‌وه‌ی که‌ چۆن بتوانین شه‌نگال بپارێزین، ئه‌وه‌ی که‌ چۆن بتوانین ئێزدییه‌کان جارێکی تر بپارێزین له‌ هه‌ر جینۆسایدێکی تر چوونکه‌ تا ئێستاش به‌ ڕاستی له‌ دڵنیاییدا نین له‌و ناوچه‌یه‌ی که‌ ئه‌ژین چوونکه‌ له‌ ناوچه‌یه‌کی جوگرافیدا ده‌ژین که‌ زۆر به‌ ئاسانی دیفاعی لێ ناکرێت، بۆیه‌ له‌ مه‌سه‌له‌ی شه‌نگالدا پێویست ده‌کات پاراستن و به‌رژه‌وه‌ندی ئێزدییه‌کان و دروست کردنی هێزی تایبه‌ت به‌ خۆیان بۆ پاراستنیان له‌به‌رچاو بگیردرێت نه‌ک به‌رژه‌وه‌ندی حزبی و جارێکی تر ئێزدییه‌کان نه‌کرێنه‌ قوربانی به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سکی حزبی.
دیمانه‌: حه‌سه‌ن ساڵحی / هه‌واڵده‌ریی کوردپرێس
 

کۆدی بابه‌ت: 67956  |  به‌روار: ۱۳۹۵/۱۱/۴  |  کاتژمێر: 11 : 24

FaceBook   Twitter   Delicious   Digg   Buzz   Google Bookmarks   ˜áæÈ  
ناردنی بۆچوون
ناو و شۆره‌ت:
ئیمه‌یل:
بۆچوون:
بۆچوونی نێردراو‬
دوایین هه‌واڵه‌کان
ئاشکراکردنی پڕ هەنگامەی سروه‌ت و سامانی زۆری سه‌رۆک وه‌زیرانی تورکیا
ئیتنیک و ئایینزاکان لە کابینەی دوازدەهەمدا بەکار بگیردرێن
پرۆژەی ئەمریکا دامەزراندنی "ئیسرائیل"ی دووهەمە نەک کوردستان/ ناوی کورد خەوشدار مەکەن
له پارێزگای وان فڕۆکه شەڕکەرەکانی تورکیا پەلاماری پێگەکانی پەکەکەیان دا/ 10 ئەندامی پەکەکە کوژراون
دادستێی ئەستەنبۆڵ فەرمانی گرتنی سەرپەرەشتیاری ڕۆژنامەی سوزچی دەرکرد
بەشداریی ژنان لە لێژنەی وەزیران پێویسته
داواکاری بۆ زیادکردنی هێزی پێشمەرگە لە شارێکی جێی ناکۆکیی عێراق
جیاوازییەکی کەمڕەنگ لە ئەنجامی دەنگەکانی سندووقە دووبارە ژمێردراوەکان له کرماشان / 35 سندووقی دیکەی شاری کرماشان دیسان دەژمێردرێنەوە
Li 59 gundên Amedê qedexe hat ragihandin
Caferî: Iraq ji bo Amerîkayê nabe hevpeymana dijî Îranê
Li Mûsilê şerekî giran heye
Şandeya Denmarkî li Sûra Amedê hat astengkirin
Yekem car ezmûnên kurdî li Şehbayê
سوپای تورکیا کانتۆنی عەفرین بوردۆمان دەکات
لە سنووری دووزخورماتوو شەڕ و ڕوبەڕوبوونەوە لەنیوان پێشمەرگە و داعشدا ڕوویدا
ئیمکانات