دۆخی دژواری ترەمپ لەنێوان تورکیا و کوردەکانی سووریا/ ئاماندا سلۆت [*]
بەشی جیهان- دۆناڵد ترەمپ سەرۆک‌کۆماری ئەمەریکا لە یەکەم سەفەری بۆ پێنتاگۆن یەک مانگ مۆڵەتی دایە ژێنراڵەکانی کە ڕێگایەکی نوێ بۆ شکستی داعش لە سووریا بدۆزنەوە. یەکێک لە گرینگترین پرسەکانی ئەم کارە ئەەوەیە کەی و چۆن ڕەقە لە داعش بسێنرێتەوە. هەروەها لەو پرسانەش کە دەوڵەتی ئۆباما هەر چارەسەرێکی بۆ نەدۆزییەوە ئەوەیە کە کێ دەسپێکی هێرش بۆسەر ڕەقە وەئەستۆوە بگرێت. کوردەکانی سووریا کە لەگەڵ هێزە تایبەتەکانی ئەمەریکا هاوکارییان کردووە بەڵام پێویستیان بە چەک و جیهازاتی قورس هەیە (کە دەبێتە هۆکاری تووڕە بوونی تورکیا کە ئەندامی ناتۆ و هاوپەیمانی ئەمەریکایە) یان هێزێکی تێکەڵاو لە شەڕڤانانی سووریا (کە خڕ کردنەوەیان پێی دەچێت و کەواتە کاتی هێرشەکە وەدواوە دەخات). تۆنی بلینکێن جێگری وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمەریکا لەم ئاخرانەدا هەندێک هۆکاری ئاراستە کردووە بۆ ئەوەی هێرش بۆ ڕەقە لەگەڵ کوردەکان دەست پێبکات. بەڵام لە بەرژەوەندی دەوڵەتی ترەمپە کە بۆ باشتر تێگەیشتن لە دۆخی ئێستای سەربازی و سیاسیی سووریا و لێکدانەوەی پاشهاتی داپەڕە جۆراوجۆرەکانی بەردەم، ماوەیەکی کورت هیچ کارێک ئەنجام نەدات.
ئەوەی دۆخی سووریای تا ئەم ڕادەیە دژوار کردۆتەوە شەڕ لە دوو بەرەی جیاوازدایە. یەکەم شەڕی ناوخۆ نێوان بەرهەڵستکاران و دەوڵەتی ئەسەد، دووهەمیش شەڕ لەگەڵ داعش. بەرپرسانی سەردەمی ئۆباما ماوەیەکی زۆریان لە ژوورەکانی قەیران لەسەر ئەم باسە تێپەڕ کرد کە ئایا دەتوانن شەڕی دووهەم بەبێ ئەوەی شەڕی یەکەم کۆتایی پێبێت یەکلا بکەنەوە یان ئەوەی چوونکە شکستدانی داعش خەرج و تێچووی زۆری بۆ خەڵک و هاوپەیمانانی ناوچەکە هەیە، ئەنجامدانی ئەم کارە لە بەرژەوەندیدایە یان نا؟ شەڕی بە وەکالەت نێوان وڵاتانی دراوسێ بەمەبەستی گەیشتن بە دەسەڵاتی زۆرتر لە سووریا هەموو شتێکی دژوارتر کردۆتەوە. لەم ناوەدا شەڕ و پێکدادانی نێوان تورکیا و کوردەکان لە هەموو توندتر بووە.
هاوینی ٢٠١٤ کە ئەمەریکا لە ئاسمانەوە هێرشی کردە سەر داعش، ژمارەیەک هێزی تایبەتی بۆ یارمەتیدانی هێزە خۆجێییەکان بەکارهێنا. زۆر زوو بۆیان دەرکەوت کە هێزی یەکینەکانی پاراستی گەل (YPG) شەڕڤانانێکی لێهاتوون و کات و پارەیەکی زۆریان بۆ گەشەی لێهاتووییەکانی ئەوان خەرج کرد. ئەمەریکا هێزەکانی سووریای دیمۆکراتیکی لە یەپەگە پێکهێنا و لەگەڵ هێزێکی چکۆلەی شەڕڤانانی عەرەپ هاوپەیمانی کرد و ئەوسا ئەوانیش توانییان ناوچەیەکی زۆری باکووری سووریا لە داعش بسڕنەوە.
تورکیا بەهۆی پێوەندیی ڕاستەوخۆی یەپەگە لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) هەمیشە سکاڵای لەبەر هاوکارییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ یەپەگە بەرز بووە. ئەمەریکا و یەکێتیی ئەورووپا پەکەکە بە هێزێکی تیرۆریستی دەزانن. لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا خەباتی چەکدارانەی ئەو گرووپە لەگەڵ حکوومەتی تورکیا لەسەر مافی کوردەکان کوژرانی زیاتر لە ٤٠ هەزار کەسی لێکەوتۆتەوە. دەوڵەتی ئۆباما نێوان ئەم دوو گرووپە جیاوازیی دادەنا بەڵام بە کردەوە پێکەوە بوونی ئەم دوو گرووپە ئاشکرایە. بۆ نموونە وێنەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەرکردەی بەندکراوی پەکەکە کە خوازیاری خۆبەڕێوەبەریی کوردەکانە لەسەر دیواری نووسینگەکانی یەپەگە و جلی شەڕڤانانی ئەو پارتە دەبینرێت. تورکیا ئیدیعا دەکات ئەم شەڕڤانانە بە ئازادی لەنێوان دوو گرووپدا جووڵە دەکەن و نیگەرانی ئەوەیە کە ئامێری سەربازیی هەناردەکراو بۆ یەپەگە بکەوێتە دەست پەکەکە. نیگەرانیی تورکیا لە پەکەکە بێبنەما نییە؛ پەکەکە بە تەنها ساڵی ٢٠١٦ هێرشگەلێکی پەیتا پەیتای لە ئەنقەرە و ئەستەنبۆڵ ئەنجام‌داوە کە خەسارە گیانییەکانی لە هێرشەکانی داعش زیاتر بووە. ئاوڕنەدانەوە لەم خەسارانە بنەمای هاوپەیمانییەک تێک‌دەدات کە ئەمەریکا لە ساڵانی داهاتوودا پێویستیی پێیەتی. ئەمەریکا دەبێت سیاسەتیک بەکار بهێنێت کە پێوەندییەکانی دەرەوەی سنووری نێوان گرووپە کوردییەکان بە گشتی لەبەرچاو بگرێت.
پرسی کوردەکان لەمەیدانی سیاسەتی ناوخۆی تورکیادا بەرجەستەتر بووە. ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا پرۆسەیەکی ئاشتیی لەگەڵ پەکەکە دەست‌پێکرد کە سەرکەوتنی باشیشی لەگەڵ بوو بەڵام مانی جوولایی ٢٠١٥ ئاشبەتاڵی دوو ساڵ و نیوە پاش هێرشی خۆکوژیی ئەندامێکی داعش بۆسەر چالاکڤانانی کورد لە باشووری تورکیا شکا. پەکەکە لەم ڕووداوەدا حکوومەتی تورکیای بە تاوانبار دزانی و چەند ئەفسەری پۆلیسی کۆشت. حکوومەتی تورکیاش لە وەڵامی ئەو هەڵمەتەدا ئۆپەراسیۆنێکی قورسی لە شارە کوردنشینەکان دەست‌پێکرد و توندئاژۆییەکان سەریان هەڵدایەوە و ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ تەوەرە سیاسییەکانی هاوپەیوەند بە هەڵبژاردنەکانەوە: پارتی سیاسیی سەر بە کوردەکان واتا پارتی دیموکراتیکی گەلان بە داکۆکییەکی شایستە لە هەڵبژاردنەکانی جوونی ٢٠١٥ەدا کارێکی کرد کە بۆ یەکەم‌جار لە ماوەی ١٣ ساڵدا پارتی دەسەڵاتدار زۆرینەی پەرلەمانی وەدەست ناهێنا.
دەوڵەت پێکهێنانی ئیئتیلافی وەدوا خست و چەند مانگێک دواتر هەڵبژاردنەکانی دووبارە بەڕێوەبرد. لە میانەی توند ئاژۆییەکاندا ڕێژەی دەنگەکانی هەدەپە دابەزی. دەوڵەت نۆڤێمبێری ساڵی ڕابردوو چەندین نوێنەری هەدەپەی بە تۆمەتی بێبنەمای "بانگەشە بۆ تیرۆریزم" دەستگیر کرد و هەر بەو بۆنەشەوە ئەوان نەیانتوانی لە دەنگدانەکانی پەرلەماندا کە بۆ چاکسازیی یاسای بنەڕەتی – کە دەسەڵاتی تەواو دەدات بە سەرۆک‌کۆمار- بەشداری بکەن. ئەردۆغان بەر لە گشت‌پرسیی مانگی ئەپریل بۆ گۆڕینی یاسای بنەڕەتی، لە بەرامبەر هەموو جۆرە هەنگاوێکی ئەمەریکا (وەکوو پڕچەک کردنی یەپەگە) کە پشتیوانیی خەڵکی لە ئەردۆغانی کەم دەکردەوە کاردانەوەی هەبوو. هەنگاوێکی کاریگەرتر لەلایەن ئەمەریکاوە دەتوانێ ئەوە بێت کە ڕێگایەک بۆ دەست‌پێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی بدۆزرێتەوە.
ئەنگێزەی سیاسیی سەرکیی کوردەکانی سووریا دژایەتی لەگەڵ تورکیا بە پشتیوانیی ئەمەریکا لە یەپەگە دەگەیێنێتە بەرزترین ئاستی خۆی. ئەم ئەنگێزەیە لکاندنی سێ کانتۆنی جزیرە، کۆبانی و عفرین لە باکووری سووریا و پێکهێنانی ناوچەیەکی خۆبەڕێوەبەری لکێندراو وەکوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە عێراقە. ئەم نیگەرانییەی تورکیا مەنتقییە کە کوردەکان مومکینە لەو سەقامگرتووییەی کە لەوپەڕی سنوورەکانی ئەم وڵاتەوە وەدەستیان هێناوە سوود وەربگرن و هێرش بکەنە سەر تورکیا. سەرەڕای ئەمەش، تەنها تورکیا نییە کە بەم یەکگرتووییە ناڕازییە، زۆرینەی عەرەبەکانی سووریا لە زیادبوونی یەپەگە بێزارن و ئەم گرووپە بەوە تۆمەتبار دەکەن کە بە زۆر خەڵکی لە ماڵەکانیان دەردەکەن (دامەزراوی لێبووردەیی نێونەتەوەیی ئەم هەڵمەتە بە تاوانی جەنگی دەزانێت) و ئیزن نادەن پاش پاک‌کردنەوەی ناوچەکە لە داعش عەرەبەکان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و بە جۆرێک ڕەفتار دەکەن کە لەوەیکە خۆیان دەیڵێن کەمتر دیموکراتین. میراتی پشتیوانیی ئەمەریکا لە یەپەگە مومکینە لەڕووی پراکتیکەوە بە مانای فیدراڵی کردنی سووریا بێت. لە هەموو جۆرە ڕێککەوتنێکی سیاسیدا پێویستە سووریا ئەو ڕێککەوتنە تاوتوێ بکات.
ئەردۆغان لە هەمان کاتدا کە سەبارەت بە جووڵەی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک چاوپۆشی پیشان دەدات (هەڵبەت پاش وتوێژی تەلەفۆنی لەگەڵ ئۆباما) دوو هێڵی سووری دیاری کرد: یەکەم ئەوەیکە ناوبراو لەگەڵ هەموو جۆرە پڕچەک‌کردنێکی ڕاستەوخۆی یەپەگە دژایەتیی هەیە. سوپای ئەمەریکا ئەم کێشەیەی بەم شێوازە چارەسەر دەکرد کە ئامێری پێویست بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن ڕادەستی هاوپەیمانە عەرەبەکانی یەپەگە لەناوخۆی سووریای دیموکراتیک بکات. دووهەم ئەوەیکە ئەردۆغان دەیوت نابێت هێزەکانی یەپەگە لە ڕووباری فوراتەوە تێپەڕن و بەرەو کەناری ڕۆژئاوای ئەو ڕووبارە بڕۆن. ئاگێستی ساڵی ڕابردوو کە ئەمەریکا پشتیوانیی لە تێپەڕینی هێزەکانی سووریا دیموکراتیک لە دوراتەوە بەرەو مەنبەج بە مەبەستی پاک‌کردنەوەی ئەو شارە لە داعش کرد، تورکەکان لەو ڕووەوە کە بڕیار بوو یەپەگە پاش پاک‌کردنەوەی شارەکە پاشەکشێ بکەن و ئەو شارە ڕادەستی سوپای ئازادی سووریا – کە لەلایەن تورکیاوە پشتیوانی دکرێت- بکەن. سەرەڕای بە پێچەوانی ویستیان ئەم کارەیان کرد. پاش ئەوەی یەپەگە حازر نەبوو مەنبەج بەجێ بێڵێ و بەرەو شاری ئەلباب جووڵەی کرد تورکیاش ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فوراتی دەست‌پێکرد. ئەم ئۆپەراسیۆنە دوو ئامانجی هەبوو، پشتیوانی لە شەڕڤانانی سوننە بۆ پاک‌کردنەوەی ئەو ناوچانەی بە درێژایی سنووری تورکیا لەگەڵ داعش مابوونەوە و هەروەها ڕێگری لە پێکهاتنی هەرێمێکی کوردی لەلایەن یەپەگەوە (چوونکە هەرێمی ئامانیی باکووری سووریا لەدەستی ڕووسیا بوو پێویست بوو ئەنقەرە لەگەڵ مۆسکۆ ئاشتی بکاتەوە کە پاش داخرانی فڕۆکە جەنگییەکەی ڕووسیا لەلایەن تورکیاوە تووشی تەنگژە هاتبوو، وادیارەبیانووی ئەم ئاشتییە بێدەنگ مانی تورکیا هەمبەر هێرشی ڕووسیا و حکوومەتی سووریا بۆ حەڵەب بوو).
ترەمپ نیشانی داوە کە هۆگری ئەوەیە دیسانەوە پێوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا دەست‌پێبکاتەوە. بەڵام ئەگەر ئەو وڵاتە بۆ ئۆپەراسیۆنی ڕەقە ئارپیجی و ئاگربار بداتە یەپەگە ئەوا ئەو ویستەی ترەمپ جێنەجێ نابێت (بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکان ئەمەریکا ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی زرێپۆشی داوەتە هێزەکانی سووریای دیموکراتیک و یەپەگە هەرای ناوەتەوە کە ئەم کارەبە واتای پشتیوانیی زۆرتری ەوڵەتی نوێی ئەمەریکا لە خۆیەتی و پێنتاگۆن وتوویەتی ئەم کارە پێش لە هەڵبژاردنەکان بەرنامەی بۆ داڕێژراوە). ڕێگەچارەی زۆر بۆ دابەزاندنی نیگەرانییەکانی تورکیا پێشنیار کراوە بەڵام ڕووداوەکانی ڕابردوو نیشان ددەن بە پێچەوانەی ئەو شتەی بیری لێدەکەینەوە ئێمە کۆنترۆڵێکی زۆرمان بەسەر کوردەکانەوە نییە (یان خۆ تا ئێستا بە ڕێژەی پێویست زەبرمان بۆ گۆڕینی ئاکاری ئەوان نەبووە). پاساوی ئەمەریکا ئەوەیە کە هێزە تایبەتەکانی ئەمەریکا چاوەدێری دەکەن بەسەر بەکارهێنانی ئەو چەکانەی بۆ یەپەگە دەنێردرێن، بەڵام جێبەجێ کردنی ئەم ئیدعایە لە گەرمەی شەڕدا ئاستەم دێتە بەرچاو. پێنتاگۆن بەڵێنی داوە کە پاش شەڕ پاشەکشێی هێزەکانی یەپەگە و دانانی هێزە عەرەبەکان بەجێی ئەوان تەزمین دەکات بەڵام تورکیا هەر لە مەنبەج دیتی کە ئەم بەڵێنە بەسەر نەچوو. پێنتاگۆن ئەو بەڵێنەشی داوە کە لە هێزە سەربازییەکانی تورکیا لە ئۆپەراسیۆنی ئەلباب پشتیوانی دەکات بەڵام ئەو مەترسییەش هەیە کە تورکیا لە ئەلباب هێرش بکاتە سەەر یەکینەکانی پاراستنی گەل و ببێتە هۆکاری ئەوەی هێزەکانی یەپەگە بۆ بەرگری لە هاوسەنگەرەکانیان لە ڕەقە دوور ببنەوە. هەروەهاش پێنتاگۆن لە هەمان کاتدا کە پێشنیاری یارمەتیدان بە تورکیا بۆ شەڕ لەگەڵ پەکەکە لە قەندیل دەکات، ناتوانێت سەرکردەکانی پەکەکە ناچار بکات کە بە مەبەستی ئاشتی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا گفتوگۆ بکەن.
تەنها شتێک کە دەتوانێت ئەردۆغان هێور بکاتەوە گەڕاندنەوەی دوژمنی قەسەم‌خواردووی واتا فەتحوڵڵا گولەنە. زانایەکی ئایینیی موسوڵمان کە بەرپرسیارێتیی داڕشتنی کوودەتای بێئاکامی جوولایی ٢٠١٦ خراوەتە ئەستۆیەوە و مافی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی لە ئەمەریکای هەیە. مایکێل فلین ڕاوێژکاری باڵای نیشتمانی لە ڕۆژی هەڵبژاردنەکاندا وتی: ئەمەریکا "نابێت مەکۆیەکی ئەمن بێت بۆ گولەن". تورکەکان لەم لێدوانە پێشوازییان کرد. بەگوێرەی ماددەکانی پەیمانی ڕادەست‌کردن، دەوڵەتی ئۆباما بۆ ڕازی کردنی دادوەرێکی فیدراڵ بەوەیکە تۆمەتێک بۆ ناوبراو ئاراستە بکات پێویستی بە بەڵگەی قەناعەت‌پێهێنەر بوو (بەڵام ئەم بەڵگانەی بەدەست نەگەیشت). ئەگەر تورکەکان بەڵگەی پێویست ئاراستە نەکەن دەرکردنی گولەن لە ئەمەریکا پێویستی بەوە هەیە کە یاسا پێشێل بکرێت.
هەموو جۆرە گفتوگۆیەک لەگە تورکەکان سەبارەت بە سووریا لە ئاکامدا باسی ناوچەی حائلی ئەمنی دەگرێتەوە کە ئەردۆغان زۆردەمێکە بەمەبەستی دوور خستنەوەی داعش لە سنوورەکانی خۆی، پێش گرتن لە لکاندنی کانتۆنە کوردییەکان لەلایەن یەپەگەوە و پێش گرتن لە هاتنە ژوورەوەی پەنابەرەکان بۆ تورکیا داکۆکیی لەسەر دەکرد. دەوڵەتی ئۆباما بە پشت بەستن بە تەوەرەکانی مافی مرۆڤ، تێچووەکان و بەرتەسکییە یاساییەکان سەبارەت بە دامەزراندنی ناوچەیەکی حائلی ئەمنی خۆپارێزیی دەکرد و هیچی نەدەگوت. دیامانی پێکهێنانی ناوچەیەکی حائل لە حاڵێکدا کە ڕووسیا لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا دەستی دایە ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژوارتر بوو. ترەمپ خوازیاری ناوچەیەکی حائل بووە (حەفتەی ڕابردوو لە کاتی باس لەسەر فەرمانە کۆچبەرییەکەی).
ئەمە دەتوانێت سەرکەوتنێک بێت بۆ ئەدۆغان بەڵام کاردانەوەی سەرەتایی دەوڵەتی تورکیا خۆپارێزانە بوو و ئەوەی وەبیر دەهێنایەوە کە هەڵمەتە سەربازییەکانی ئەم دوواییانەی تورکیا لە واقیعدا ناوچەیەکی حائلی درووست کردووە و دەوڵەتی ئەو وڵاتە خوازیاری وردەکاریی زیاتر لەمبارەوەیە. لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیاش خوازیاری شەفافیەتی زیاتر لرمبارەوەیە. ترەمپ لەمبارەوە دەبێت کۆمەڵێک پرسی زۆر لەبەرچاو بگرێت. بۆ نموونە کام هێزی زەوینی پەنابەرەکان لە بەرامبەر هێرشی حکوومەتی سووریا و داعش دەپارێزێ؟ ئەم ناوچە حائلە لەلایەن تورکیا و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دادەمەزرێت یان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەوڵەتەکانی‌تر (واتا سووریا و ڕووسیا) دادەمەزرێت. تێچووەکانی دامەزراندنی ئەم ناوچە حائلە کێ دەیبات؟ (ترەمپ پێشتر پێشنیاری کردبوو وڵاتانی ناوچەی کەنداوی فارس سەرمایەکەی دابین بکەن و دەوترێت ترەمپ لە گفتوگۆکانی ئەم دواییەی لەگەڵ سەرکردەکانی عەرەبستانی سعوودی و ئیماراتی یەکگرتوو بیرۆکەی ناوچەی حائلی لەگەڵ ئەوان تاوتوێ کردووە).
خاڵی کۆتایی ئەوەیکە دەوڵەتی ترەمپ دەبێ بیر لە دۆخی کۆتایی لە سووریاش بکاتەوە. کوردەکانی سووریا ئەگەرچی لە ڕوانگەی سیاسییەوە و لە کورتە خایەندا لە بواری دژ بە داعشدا گەیشتوونەتە دەرەنجامی بەسوود ، هەموو سووریا ئازاد ناکەن و ناشتوانن سەقامێکی بەردەوام بکەنە خەڵاتی ئەو وڵاتە. پێویستە ڕوونی بکەینەوە کە کێ دیکەی بەشەکانی سووریا (بەتایبەت ناوچە سوننەکان) پاکسازی و کۆنترۆڵ دەکات. ئەگەر ترەمپ بڕیار بدات کە کێشەی تورکیا بخاتە پەراوێزەوە و لەسەر هێرشێکی دژە تیرۆریستی لە رەقە لەگەڵ ڕووسیا ڕێک‌بکەوێت، ئەودەم پرسی پاکسازی و کۆنترۆڵی دیکەی ناوچەکانی سووریا بە شێوازێکی تایبەت گرینگ دەبێتەوە. کێشەکە لەوەدا نییە کە کێ ڕەقە کە شارێکی سوننەیە دەگرێتەوە بەڵکوو لەوەدایە کە لە درێژخایەندا کێ کۆنترۆڵی دەگرێتە دەستەوە. ئایا ئەمەریکا دەبێ مۆڵەتی ئەوە بدات کە کوردەکان (هەرچەند بە شێوەی ناڕاستەوخۆ و لە ڕێگای نوێنەرە خۆجێییەکانەوە) ئیدارەی شارێکی گەورەی عەرەب‌نشین وەدەستەوە بگرێت لە کاتێکدا ئەم کارە ئاگری ئەندام‌گیریی توندڕەوەکان گوڕتر دەکاتەوە؟ ئایا شارەکە بە خەڵک ڕاسپێرن و لە دەرەوە بیپارێزین؟ یا کلیلەکان بدەینە دەستی هێزەکانی ئەسەدەوە کە دەبێتە هۆی ئەوەی سوننەی سووریا و دیکەی شوێنەکان وەبزانن ئێمە لەگەڵ شەیتانەکانی دیمەشق و مۆسکۆ بۆ خەیانەت بە سوننە مامەڵەمان کردووە و بەم شێوەیە بە هەردوو دەست سەرکەوتنێکی سیاسی بکەینە خەڵاتی توندڕەوەکان کە دەتوانێت قەرەبوویەک بێت بەرامبەر لەدەست چوونی زەوییەکانی بندەستیان.
پێویستە ئەمەریکا پێش لە دەسپێکی هێرش بۆ ڕەقە بە جیدی لەگەڵ کوردەکانی سووریا قسە بکات. دەوڵەتی ترمپ دەبێ بە یەپەگە بڵێت کە پاش شەڕ لە سووریادا لە ڕوانگەی سیاسییەوە لە چی پشتیوانی دەکات و سەبارەت بە خۆبەڕێوەبەریی کوردەکان چۆن بیر دەکاتەوە (ئێمە بە هیچ شێوەیەک نابێت بەرامبەر بە فەرمانی داپەڕی سەربازی پێشنیاری بە فەرمی ناسینی سیاسی بدەین). یەپەگە بەئێستاشیەوە لە ڕیگای پێشبردنی ئامانجەکانی ئەمەریکا هەوڵ و خوێنێکی زۆری داوە و داواشیان لێ‌دەکرێت لەم ڕاسپاردەیەدا هەوڵی زیاتریش بدەن. یەپەگە پێویستە بزانێت لە هێرش بۆ شارێکی عەرەب‌نشین ئەوەش لە دەرەوەی ناوچەکەی خۆی چیی دەست دەکەوێت و پاش ئەوە پێگەی چۆن دەبێت؟ نموونەی زۆر لە مێژوودا هەن کە تێیاندا کوردەکان بۆ وەدەستەوە گرتنی دەسەڵات هان‌دراون بەڵام پاشان ئاوڕیان لێ‌نەدراوەتەوە.
لە ئێستادا بژارێکی باش لە سووریا نەماوەتەوە. ئەگەر دەوڵەتی ترەمپ چاوەڕوان بمێنێتەوە بۆ جێگرەوەیەک لەجیاتی یەپەگە کە بتوانێ سوننەی زیاتر لەخۆوە بگرێت و ئەنقەرەی پێ ڕازی بکرێت، ڕەنگە بۆ هەمیشە هەر چاوەڕوان بمێنێتەوە و لە هەمان حاڵدا مەترسیی هێرشی بیانی لە ڕەقە زۆر دەبێتەوە. لە لایەکی دیکەەوە بەکارهێنانی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک دەتوانێت ببێتە هۆکاری ئاڵۆز بوونی پێوەندی لەگەڵ تورکیا؛ هاوپەیمانی ئەندامی ناتۆی ئەمەریکا کە هێشتاکەش ئەمەریکا بۆ زۆربەی تەنگژەکانی ناوچەکە پێویستی پێیەتی. کایەی درێژخایەن لەگەڵ ڕووسیا کێشە و گرفتی زۆر لەگەڵ عەرەبە سوننەکان درووست دەکات. هەر بڕیارێک کە دەوڵەتی ترەمپ بدات، پێویستی بە هەماهەنگیی بەکردەوە و کاری دیپلۆماتیکی پسپۆڕانەیە. هەر داپەڕێک و پاشهاتێکی هەیە و دەوڵەتی ترەمپ پێویستە هەموو پاشهاتەکان لێکبداتەوە.
 
سەرچاوە: فارن پاڵسی
وەرگێڕان لە فارسیەوە: هیوا ڕۆستەمی‌زادە
 
[*] ئاماندا سلۆت لە دەوڵەتی باراک ئۆباما یاریدەدەری جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئەورووپا و ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بوو. هەروەها ناوبراو ڕاوێژکاری باڵای بەڕێوەبەری کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، باکووری ئەفریقا و ناوچەی کەنداوی فارس لە کۆشکی سپی بوو. پێش لەوەش یەکێک بوو لە کارمەندانی باڵای "کۆمیسیۆنی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا" لە بواری سیاسەتی ئەورووپا.

کۆدی بابه‌ت: 68984  |  به‌روار: ۱۳۹۵/۱۱/۲۴  |  کاتژمێر: 11 : 9

FaceBook   Twitter   Delicious   Digg   Buzz   Google Bookmarks   ˜áæÈ  
ناردنی بۆچوون
ناو و شۆره‌ت:
ئیمه‌یل:
بۆچوون:
بۆچوونی نێردراو‬
هه‌واڵی پێوه ندیدار
دوایین هه‌واڵه‌کان
کوردەکانی سووریا براوەی شەڕی داعشن
سوپای دیموکراتیکی سووریا دوو شارۆچکەی ستراتژیکی لە باکووری ڕەقە ئازادکرد
ئەمینداری موئتەلیفە سەرۆک‌کۆماری بە پێشێل کردنی یاسا لە بانگەشە تۆمەتبار کرد
لێک‌تێگەیشتننامەی هاوبەشی هاوکاریی نێوان زانکۆییان واژۆ کرد
پێکدادانی هێزەکانی تورکیا لەگەڵ پەکەکە لە ئامەد/ سەربازێکی تورکیا کوژرا و ٢ سەربازی دیکەش بریندار بوون
شاندی ڕێکخراوی ئاسایش و هاریکاریی ئەورووپا لایەنگرانی پەکەکەن
درەنگ و زوو دەگەڕێینەوە سەر ڕێککەوتنەکەی دۆڵمە باخچە
ڕەئیسی: بە "هەی دز هەی دز کردن" کێشەیێک چارەسەر نابێت
داعش خەریکە پایته‌خته‌که‌ی لە ڕەقەوە ده‌باته‌ ده‌یرلزوور
بێ‌لایەنی خۆم هەمبەر بە هەڵبژاردنەکانی شۆڕا ڕادەگەیێنم
دەستفرۆشانی شاری سنە سامان دەدرێن
فرۆشتنی مافی هاووڵاتییان سه‌رچاوه‌یێکی گونجاو نییه‌ بۆ داهاته‌ شارییه‌کان/ باڵاخانه‌کانی شار ده‌بێت جێگای حه‌وانه‌وه‌ بن
رۆژبەڕۆژ هەوڵی بەرتەسکردنەوەی ئازادیی رۆژنامەگەری دەدرێت
ڕاوێژکارییەکان بۆ زیاد کردنی دوو شاری دیکە لە پارێزگای ئیلام بەردەوامە
عێراق دژبه‌رانی ئه‌ردۆغان له‌ دژی فره‌خوازییه‌کانی ئه‌و به‌کار بهێنێت
ئیمکانات