عێراقی ٢٠١٧/ ڕەوتەکان و ئەو ڕووداوانەی ڕەنگە ڕوو بدەن/ دوکتور عەلی ئەکبەر ئەسەدی
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- لەم نووسراوەیەدا ئاماژە دەکرێتە سەر هەندێک ڕوانگەی ناوەندە فیکری و شرۆڤەکارییەکان سەبارەت بە عێراقی ٢٠١٧ و پاشان ئەو شرۆڤەکاری و پێشبینییانە هەڵدەسەنگێندرێن.
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دوکتور عەلی ئەکبەر ئەسەدی* ئاماژە بەوە دەکات عێراق لە دۆخی ئێستادا ڕووبەڕووی ژمارەیەک گۆڕانکاریی چارەنووس‌سازە وەکوو شەڕی مووسڵ، کە کاریگەرییەکی گرینگی لەسەر داهاتووی ئەو وڵاتە و تەنانەت ڕۆژئاوای ئاسیاش هەیە. لە حاڵێکدا عێراق لە ساڵانی ڕابردوودا تووشی تەنگژە و کێشەی سیاسی – ئەمنی و تەنانەت ئابووریی جیدی بووە، بەرز بوونەوەی هێزی سەربازیی ئەو وڵاتە و سەرکەوتنەکانی ئەم دواییە بەرامبەر بە داعش دەتوانێت دیامانێکی جیاواز بۆ عێراق وێنا بکات.
بە مەبەستی باشتر تێگەیشتنی ڕووداوەکان و ئەو ڕەوتانەی ڕەنگە بێنە کایەوە، لەم وتارەدا ژمارەیەک لە ڕوانگەکانی ناوەندەکانی فیکری و شرۆڤەکاران سەبارەت بە عێراقی ٢٠١٧ لێکدەدەینەوە و پاشان پێکەوە هەڵیان‌دەسەنگێنین.
 
ڕێکخراوی ستراتفۆر
بە پێی پێشبینیی ئەم ڕێکخراوەیە تورکیا لە ساڵی ٢٠١٧ دەسەڵاتی خۆی لە باکووری عێراق پەرە پێدەدات کە ناوچەگەلێک وەکوو شەنگال، مووسڵ، هەولێر و کەرکووک لەخۆ دەگرێتەوە. ئەم وڵاتە بۆ پڕ کردنەوەی بۆشایی دەسەڵات پاش شکستی داعش ڕکەبەری لەگەڵ ئێران دەست‌پێدەکات و بەغداش بە نۆرەی خۆی بۆ کۆنترۆڵی پارێزگای نەینەوا پاش شکستی داعش هەوڵ دەدات. سەرەڕای ئەمانە تورکیا بۆ ئەوەی خۆی وەکوو وڵاتێکی پشتیوانی سوننە لەناوچەکەدا بنوێنێت هەوڵ دەدات گرووپەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی بەرجستە بکاتەوە. بووژانەوەی دەسەڵاتی تورکیا هیلالی دەسەڵاتی ئێران لە باکووری عێراق و سووریا دەخاتە مەترسییەوە و تاران بژاری زۆری بۆ کاردانەوە هەیە.
ئێران، شێعەکانی بەغدا هان‌دەدات بۆ ئەو شتەی بۆخۆی ناوی "داگیرکاریی تورکیی" لێ‌دەنێت و هەروها بە میلیشیاکانی شیعە بۆ بەرنگار بوونەوە لەگەڵ تورکیا پشت دەبەستێت و ئەمەش بە وەدەست‌هێنانی زەوی و سوود‌بردن لە کەلێنی نێوان کوردەکان ئەنجام دەبێت. عەرەبستانی سعوودی و دیکەی وڵاتانی ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداویش کە دەسەڵاتێکی کەمتریان لە عێراقدا هەیە بۆ دەستەبەر کردنی بەژەوەندییەکانی سوننە پشت بە تورکیا دەبەستنەوە.
هەروەها کۆنترۆڵ کردنەوەی مووسڵ کوردەکانی عێراق زیاتر لە پێشوو تووشی دووبەرەکی دەکات. هەوڵ بۆ کۆنترۆڵ کردنی ناوچەی زیاتر و دەسەڵاتی زۆرتر، پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق کە لەلایەن تورکیاوە پشتیوانیی لێدەکرێت دەخاتە ڕووبەڕووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە و تەنگژەکان لە کەرکووکی لێوانلێو لە نەوت بەردەوام دەبن.
پارتی هەوڵ دەدات ئەوەی لە کەرکووک وەدەستی هێناوە بیپارێزێت و بەغداش هەوڵ دەدات بە هاوکاریی ئێران لێی بسێنێتەوە. ئەم بابەتەش هاوکاریی نەوتیی نێوان هەولێر و بەغدا لەگەڵ کێشە بەرەوڕوو دەکات.
کەواتە سەرەڕای ئەو هەموو دەسکەوتەی کە کوردەکان لە شەڕی دژە داعشدا وەدەستیان‌هێناوە ئەم ڕکابەرییانەی بەردەم هەموو هەوڵێک بۆ یەکگرتوو کردنی کوردەکان لەگەڵ کێشە بەرەوڕوو دەکاتەوە.
 
ڕێکخراوەی کاتهۆن
ئەم ڕێکخراوەیە لە ڕوانگەیەکی تایبەتەوە چاوی لە گۆڕانکارییەکانی ناوچە و عێراق کردووە و بە بڕوای نووسەرەکەی، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئێستادا خەریکی ساماندانێکی بنەڕەتیی ژێئۆپۆلێتیکە و دەوڵەتی ڕووسیا خەریکە کۆنسێرتێکی دەسەڵات نێوان خۆی و ئێران و تورکیا ڕێکدەخات بۆ چارەسەر کردنی شەڕی سووریا، بەڵام ئەم بابەتە ڕەنگە بەهۆی دژایەتیی بەرژەوەندییەکانی ئێران و تورکیا لە باکووری عێراق بێ‌ئاکام بمێنێتەوە.
لە عێراقدا، ئێران و تورکیا پشتیوانی لە گرووپە جیاوازەکان دەکەن کە لەو وڵاتە لەسەر بەرنگار بوونەوە لەگەڵ داعش بۆ ئازاد کردنەوەی عێراق ئامانجی سیاسیی جیاوازیان هەیە. حکوومەتی کوردیی ژێر پشتیوانیی تورکیا و میلیشیا شێعەکانی ژێر پشتیوانیی ئێران لە شەڕی مووسڵدا هاوپەیمان هەژمار دەکرێن بەڵام لە کارەکەیاندا ئامانجی جیاوازیان هەیە. کوردەکان چاویان لە سەربەخۆیی خۆیان پاش شەڕی داعشە و شێعەکان ئەم فرەخوازییە سیاسییەیان نییە.
لە ئاکامدا و چوونکە کوردەکان بەسەر هەندێک ناوچەی دەرەوەی هەرێمی کوردستان وەکوو ناوچەی نەوتخێزی کەرکووک زاڵ بوونە، هەرجۆرە هەوڵێک بۆ سەربەخۆیی کوردەکان دەبێتە هۆکاری شەڕی ناوخۆ لە عێراق. لەمبارەوە ڕێگایەکی چارەسەری هەیە و ئەوەش وەدیهێنانی جۆرێک لە "فیدراڵیسمی شوناسی" بۆ سێ بەشە سەرەکییەکەی عێراق واتا شێعە و سوننە و کوردە کە دەبنە سێ یەکەی سیاسیی نیوە سەربەخۆ و سەربەخۆییان بەرامبەر بە بەغداش زیاتر دەبێتەوە. بەڵام ئەم ڕێگاچارەیە پێویستی بەوە هەیە ڕێککەوتنێکی گشتی سەبارەت بە بابەتەکانی داهات، سوپای نەتەوەیی و سوپای جیاوازی هەر ناوچەیەک بۆخۆی و ژمارەیەک بابەتی دیکە بۆ دوورەپەرێزی لە شەڕی ناوخۆ بێتە ئاراوە.
بەهۆی نیگەرانییەکانی ئێران و تورکیا بۆ شڵەژاوی لە سنوورە دوورودرێژەکانیان لەگەڵ عێراق، ئەم دوو وڵاتە پێویستە لەمبارەوە بگەنە ڕێککەوتنێک و ئەمەریکا و عەرەبستانیش پێویستە ئەم دۆخە وەکوو خاڵێکی باشی ژێئۆپۆلێتیک بۆ خۆیان بزانن.
 
ئەلمانیتۆر
شرۆڤەکاری ئەلمانیتۆر لەسەر ئەو بڕوایەدایە سەرەڕای نزیک بوونەوە لە کۆتایی کاری داعش لە عێراق، تەنگژەکانی ئەو وڵاتە پاش داعش بە ئاسانی چارەسەر ناکرێن. گرووپە ناوخۆییەکان، ڕکابەریی خۆیان سەبارەت بە قۆناغی پاش شەڕ دەست‌پێکردووە و هەروەها دەسەڵاتانی ناوچەکەش بۆ دزەی زیاتری دەسەڵاتی خۆیان ڕکابەری دەکەن.
ئەوەی لێرەدا گرینگە دەوڵەتی نوێی ئەمەریکا بە ڕێبەرایەتیی ترەمپە کە ئایا مۆڵەت دەداتە دەوڵەتانی ناوچەکە کە بێنە ناو کایەی عێراقەوە یان خۆ کۆتایی بەم بابەتە دەهێنێت. وادیارە دۆخی ئێستای عێراق پێشبینی سەبارەت بە دۆخی ساڵی ٢٠١٧ی ئەو وڵاتە تا ڕادەیەک ئاسانتر دەکاتەوە.
ئەم وڵاتە هەر وەکوو ساڵانی ٢٠١٥ و ٢٠١٦ چاوەڕوانی هەڵسووڕانی ململانێی سیاسی نێوان ئەو ڕەوتانەیە کە پێوەندییان لەگەڵ گرووپە سەربازییەکانەوە هەیە و هەر بۆیەش عێراقییەکان نیگەرانی ڕوودانی شەڕ و ململانێی گەورەی سەربازی لەو وڵاتەن. هەروەها لەم ساڵەی بەردەمدا دەنگ‌هەڵبڕینەکان زیاتر دەبنەوە و قەیرانی ئابووری لەسەر باشووری ئەو وڵاتە کاریگەر دەبێت و دەبێتە هۆکاری ئەوەی دانیشتوانی پارێزگای بەسرە پشکێکی زیاتر لە بەشە نەوتی عێراق داوا بکەن. ئەم بابەتە ڕەنگە بەهۆی ڕۆچوونی ژمارەیەکی زیاتری خەڵک بۆ ژێر هێڵی کەمدەسی لە دیکەی پارێزگاکانی باشووریش ڕووبدات.
ململانێی سەرەکی لە ساڵی ٢٠١٧دا نێوان عەرەب و کورد و لەسەر ناوچە جێناکۆکییەکان دەبێت. ململانێیەکی توندوتیژ لە ناوچە کەمینەکانی عێراق وەکوو دەشتی نەینەوا و شەنگال لە پارێزگای نەینەوا ڕوودەدات. ئەم دۆخەش گەڕانەوەی مەسیحییەکان و ئێزدییەکان و شەبەکە ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان سەخت دەکاتەوە.
بەهۆی بێ‌ئاکام‌بوونی هەوڵەکان بۆ پاراستنی مافی کەمینەکان لە دانووستانەکانی ئاشتی، کەمینە عێراقییەکان ناتوانن ببن بەشێک لە ڕەوتی چارەسەریی ململانێکان. بۆیەش لە کاتێکدا چارەنووسی ناوچە کەمینەکان لە شەڕی پاش داعش دیاری دەکرێت کە خۆیان هیچ دەورێکیان لە ناویدا نابێت.
 
فارین بریف
بنکەی ئینیرنێتیی فارین بریف لە پێشبینیی ژێئۆپۆلێتیکی خۆی سەبارەت بە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا دەڵێت بەربڵاوبوونەوەی کەلێنە هۆزی – ئایینییەکان و ناکۆکی و ڕکەبەریی سیاسی، هەوڵی کوردەکان بۆ سەقامگیر کردنی دەسەڵاتی خۆیان لە ناوچە جێناکۆکییەکان و هەوڵ بۆ سەربەخۆیی، گەشەی چالاکییەکانی حەشدی شەعبی و ئەگەری پێکدادان لەگەڵ کورد و سوننە و بەردەوام بوونی لاوازیی گرووپە چەکدارەکانی سوننە لە گرینگترین پێشبینییەکانی ماڵپەڕی فارین بریف سەبارەت بە عێراقی ٢٠١٧ەیە.
بە بڕوای نووسەر، سەرەڕای هەوڵی جیدیی میلیشیاکان و هێزە ئەمنییەکانی دژ بە داعش بۆ بەرنگار بوونەوە لەگەڵ ئەو گرووپە، ئەوان لە ساڵی ٢٠١٧ بۆ پڕ کردنەوەی بۆشاییەکانی دەسەڵاتی پاش ڕاوەدوونرانی ئەو گرووپە تیرۆریستییە پێکەوە ڕکابەری دەکەن.
هەر بەم بۆنەوە عێراق و بەتایبەت باکووری ئەو وڵاتە بەپێی بەستێنی هۆزی و ئایینی و سیاسی دابەش دەبێت و تەنگژەی نێوان دەوڵەتی ناوەندی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان زۆرتر دەبێتەوە و زۆربەی ناکۆکییەکانیش لەسەر ناوچە جێناکۆکییەکان وەکوو کەرکووک دەبن.
لە پێناو ئەمەشدا هەرێم بۆ بەهێز کردنەوەی ئیدیعاکانی خۆی سەبارەت بەو ناوچانە هەوڵ دەدات تاوەکوو حەشیمەتی کوردیان زیاتر بکات و دیکەی ئەتنیکەکان لەوێ دەربکات. ململانێکانی ساڵی ٢٠١٧ لەسەر نەوت و زەوی خڕدەبنەوە و حکوومەتی هەرێم زیادە لە بڵاوەپێدانی زەوی بۆ گەورەتر کردنی خۆبەڕێوەبەرییەکەی خۆی، بۆ بەرهەمهێنانی نەوت و بازرگانیش هەوڵ دەدات.
لە ساڵی ٢٠١٧ حەشدی شەعبی لەگەڵ جەماوەری ناوچەیی کورد و سوننە هەندێک تەنگژەی دەبێت. هەروەها ئەوساڵ هێزە مەدەنییەکانی عێراق هەوڵ دەدەن پێگەی خۆیان لەناو هێزە ئەمنییەکاندا بەرزتر بکەنەوە و بەغداش هیچ مەیلێکی بۆ دابەزاندنی هێزی ئەوان نابێت. هەروەها ڕێبەرانی حەشدی شەعبی سەبارەت بە بەردەوام بوونی ژیانی ئەو هێزە وەکوو هێزێکی تەواو ناوخۆیی یان خۆ چالاکی و بەشداری لە ئاستی ناوچەیی وەکوو قەیرانی سووریا تووشی ناتەبایی دێن. بەم گوێرەیە هەندێک لەو هێزانە ڕەنگە بە داوای ئەسەد بۆ ئامادە بوون لە سووریا وەڵامی ئەرێنی بدەنەوە بەڵام زۆربەیان لە عێراق دەمێننەوە. هەڕەشەی سەربزێوانی سوننە پاش ئازاد بوونەوەی مووسڵ لە ساڵی ٢٠١٧ تا ڕادەیەک کەم دەبێتەوە.
ڕیشەکێش کردنی داعش لە ناوچە دەوروبەرییەکان دژوار دەبێت و دابەزینی دەسەڵاتی داعش ڕێگا بۆ گەشەی دیکەی گرووپە سەربزێوەکان هەموار دەکاتەوە؛ کەواتە میلیشیاکانی بەعسی وەکوو سوپای نەقشبەندییە بۆ سوونەی دژ بە حەشدی شەعبی سەرنج‌ڕاکێش دەبن و ژمارەیەک لە لاوانی بەئەزموون تەڤڵی میلیشیا جۆراوجۆرە سوننەکان دەبن. وێڕای ئەوەش لە ساڵی ٢٠١٧ ناکۆکیی سیاسیی نێوان گرووپە جۆربەجۆرەکان بەتایبەت لە ڕەوتی هەڵبژاردنەکاندا زیاد دەبێتەوە و دەنگ‌هەڵبڕینی گشتی لە بەغدا و لە دیکەی شارەکانی عێراقیشدا چاوەڕوان دەکرێت.
 
ئێکۆنۆمیست
ئێکۆنۆمیست بۆ پێشبینییەکانی خۆی سەبارەت بە عێراقی ٢٠١٧ لەسەر سێ تەوەرەی سەرەکی بریتی لە بەرز بوونەوەی هێز و دەسەڵاتی خۆجێیی سوننە، پێکدادان و کێشەکانی هاوپەیوەند بە میلیشیاکانی شیعە یان حەشدی شەعبی و تەنگژەکانی پاش ئازاد بوونی مووسڵ جەخت‌دەکاتەوە.
بە بڕوای نووسەری ئێکۆنۆمیست، لە حاڵێکدا سووریا هەر تووشی ئاستێک لە شەڕ دەمێنێتەوە، ٢٠١٧ دەتوانێت دەسپێکێک بێت بۆ عێراق بۆ گەڕانەوە بە ڕەوتێکی ئاسایی.
سەبارەت بە عێراق دەکرێت هاوکات نیشانەکانی مەترسی و هومێد ڕەچاو بکرێن.
دەوڵەتی حەیدەر عەبادی یاسای ڕادەست کردنی پەسند کردووە و بەپێی ئەو یاسایە ئیمکانی ڕادەست کردنی ژمارەیەک لە دەسەڵات و کارکردەکانی حکوومەت و سەرچاوە ماڵییەکان بە پارێزگاکان هەیە.
ئەم بابەتە دەبێتە هۆکاری ئەوەی تا لە ساڵی ٢٠١٧ هەندێک دەسەڵات و دەرەتان بدرێتە ٣ پارێزگای بە زۆرینە سوننەی ئەو وڵاتە. ئەو هیوایە هەیە کە داپەڕی لەم چەشنە ببێتە هۆکاری دابەزینی سکاڵا و ڕەخنەی سوننەی عێراق.
کێشەی گەورەتر سەبارەت بە عێراق ئەوەیە کە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی کە ساڵی ٢٠١٤ بۆ بەرنگاربوونەوە لەگەڵ داعش پێکهاتوون پێویستە چییان لێ‌بکرێت؟ لە کاتێکدا کە ئەوان کۆتاییان بە کاری خۆیان هێناوە یان دەبێ لە سوپای عێراقدا بتوێنەوە یان خۆ هەڵوەشێندرێنەوە، دەنا هەبوونی نزیک بە ١٠٠ هەزار میلیشیای شیعە دەبێتە هۆکاری ئازاری زیاتری سوننەی ئەو وڵاتە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەڵوەشاندنەوەی نزیک بە ٣٠٠ گرووپی میلیشیایی گەورە و چکۆلە کە هەندێکیشیان لەژێر پشتیوانیی ئێرانن کارێکی ئاسان نییە.
پرس و کێشەی سێهەم، کۆنترۆڵی مووسڵ پاش ئازادیی پارێزگای نەینەوایە. لەم پارێزگایەدا شێعەکان، کوردەکان، ئێزدییەکان، تورکمانەکان و مەسیحییەکانی عێراق هەوڵ دەدەن تا هەرکامە و بەشێکی ئەو پارێزگایە بگرنە ژێر کۆنترۆڵی خۆیان و ئەمەش لە کاتێکدایە کە زۆربەی جەماوەری ئەو پارێزگایە سوننەن. لەم ساڵەی بەردەمدا سوپای عێراق هەوڵ دەدات تاوەکوو ڕێگری بکات لەو خوێنڕژانەی ڕەنگە لەگەڵ پێشمەرگە لەو پارێزگایە بێتە پێشەوە. هێزەکانی کورد خوازیاری ئەوەن بەسەر بەشگەلێکی ئەو پارێزگایە دەسەڵاتیان هەبێت وەکوو دەشتی نەینەوا و کێڵگە نەوتییەکانی و ئەگەر سنووردار نەکرێنەوە ڕەنگە لەگەڵ میلیشیاکانی شیعە پێکدادانیان هەبێت.
هەروەها عەشیرەتە سوننەکان هەوڵ دەدەن تا ناوچەی تایبەت بە خۆیان لە نەینەوا پێکبهێنن و ڕەنگە لەنێوان خۆشیاندا ململانێیان هەبێت.
 
دەرەنجام
لێکدانەوەی پێنج کەیس لە پێشبینییە ئەنجام‌دراوەکان سەبارەت بە دۆخی عێراق لە ساڵی ٢٠١٧ نیشان دەدات کە ئەو وڵاتە لەم ساڵەدا لەگەڵ ڕەوت و ڕووداوی چارەنووس‌ساز بەرەوڕوو دەبێتەوە کە دەتوانین لە خشتەیەک بەم شێوەیە وێنایان بکەین.
لە گۆڕەپانی سیاسیدا، گرینگترین کێشەکانی عێراق بریتین لە بەربڵاوبوونەوەی ڕکابەریی نێوان ڕەوتە سیاسییەکان و گۆڕینی ئیئتیلافی نێوان پارتەکان لە سەروبەندی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و هەروەها تەشەنە سەندنی داواکاریی سوننەی ئەو وڵاتە بۆ پێکهێنانی هەرێمێکی سوننە بەتایبەت لە پارێزگای نەینەوا. ئەمەش لە کاتێکدایە کە دەوڵەتی ناوەندیش ئەو ئامادەییە پێویستەی بۆ ڕادەست‌کردنی هەندێک دەرەتان و دەسەڵات بە پارێزگاکانی سوننە هەیە.
لە بواری سەربازی و ئەمنیدا، سەرکەوتن بەسەر داعش و لاواز بوونی جیدیی دەسەڵاتی ئەو گرووپە گرینگترین گۆڕانکاریی عێراق دەبێت. بەڵام سەرەڕای دابەزینی هەڕەشەی گرووپە سوننەکان، چالاکیی هەندێک گرووپە چکۆلەترەکان لە ناوچەکانی دەورووبەر و پەراوێزی شار تا ڕادەیەک درێژەی دەبێت.
ئەگەری پێکدادانی سەربازی نێوان دەوڵەت و کوردەکان سەبارەت بە ناوچە جێناکۆکییەکان و پێکدادانی چەندبارە لە پارێزگای نەینەوا پاش ئازاد بوونی مووسڵ چاوەڕوان دەکرێت. وێڕای ئەوەیکە دەوری حەشدی شەعبی لە گۆڕەپانی سەربازی و ئەمنیدا بەردەوام یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکانی ئەو بوارە دەبێت.
لە بواری ئابووریشەوە تەنگژەی ئابووری سەرەڕای هەندێک پێشکەوتن هەر درێژەیان دەبێت و ڕەخنە و دەنگ‌هەڵبڕینی خەڵکی بەشوێنەوە دێت. هەروەها عێراق لە ساڵی ٢٠١٧ دەبێتە گۆڕەپانی ڕکابەریی یاریکارانی بیانی و بەتایبەت پێشبینی دەکرێت ڕکابەرییەکانی ئێران و تورکیا لە عێراقدا تەشەنە بسێنێتەوە.
 
*دوکتورای پێوەندییە نێونەتەوەییەکان و بەڕێوەبەری بنکەی بیرکردنەوەی سیاسەتی بیانیی ڕێکخراوەی "افق آینده پژوهی راهبردی"
سەرچاوە: مانگنامەی "آینده پژوهی" (ژمارەی ٤١- ڕێبەندانی ١٣٩٥)
 
کۆدی هەواڵنێر: 60105
 

کۆدی بابه‌ت: 69058  |  به‌روار: ۱۳۹۵/۱۱/۲۵  |  کاتژمێر: 14 : 59

FaceBook   Twitter   Delicious   Digg   Buzz   Google Bookmarks   ˜áæÈ  
ناردنی بۆچوون
ناو و شۆره‌ت:
ئیمه‌یل:
بۆچوون:
بۆچوونی نێردراو‬
هه‌واڵی پێوه ندیدار
دوایین هه‌واڵه‌کان
کوردەکانی سووریا براوەی شەڕی داعشن
سوپای دیموکراتیکی سووریا دوو شارۆچکەی ستراتژیکی لە باکووری ڕەقە ئازادکرد
ئەمینداری موئتەلیفە سەرۆک‌کۆماری بە پێشێل کردنی یاسا لە بانگەشە تۆمەتبار کرد
لێک‌تێگەیشتننامەی هاوبەشی هاوکاریی نێوان زانکۆییان واژۆ کرد
پێکدادانی هێزەکانی تورکیا لەگەڵ پەکەکە لە ئامەد/ سەربازێکی تورکیا کوژرا و ٢ سەربازی دیکەش بریندار بوون
شاندی ڕێکخراوی ئاسایش و هاریکاریی ئەورووپا لایەنگرانی پەکەکەن
درەنگ و زوو دەگەڕێینەوە سەر ڕێککەوتنەکەی دۆڵمە باخچە
ڕەئیسی: بە "هەی دز هەی دز کردن" کێشەیێک چارەسەر نابێت
داعش خەریکە پایته‌خته‌که‌ی لە ڕەقەوە ده‌باته‌ ده‌یرلزوور
بێ‌لایەنی خۆم هەمبەر بە هەڵبژاردنەکانی شۆڕا ڕادەگەیێنم
دەستفرۆشانی شاری سنە سامان دەدرێن
فرۆشتنی مافی هاووڵاتییان سه‌رچاوه‌یێکی گونجاو نییه‌ بۆ داهاته‌ شارییه‌کان/ باڵاخانه‌کانی شار ده‌بێت جێگای حه‌وانه‌وه‌ بن
رۆژبەڕۆژ هەوڵی بەرتەسکردنەوەی ئازادیی رۆژنامەگەری دەدرێت
ڕاوێژکارییەکان بۆ زیاد کردنی دوو شاری دیکە لە پارێزگای ئیلام بەردەوامە
عێراق دژبه‌رانی ئه‌ردۆغان له‌ دژی فره‌خوازییه‌کانی ئه‌و به‌کار بهێنێت
ئیمکانات