کاردانه‌وه‌ ناوخۆییه‌کان به‌ هێرشی مووشه‌کیی سوپای پاسداران بۆ مۆڵگه‌کانی داعش
به‌شی ئێران/ کوردی- پاش هێرشی مووشه‌کیی ئێران بۆ سه‌ر مۆڵگه‌کانی داعش له‌ پارێزگای ده‌یره‌زووری سووریا هه‌ندێک که‌سایه‌تیی سه‌ربازی و ده‌وڵه‌تیی ناوخۆی ئێران کاردانه‌وه‌یان هه‌بووه‌.
به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، هه‌ندێک که‌سایه‌تیی سه‌ربازی و سیاسه‌توانانی به‌رجه‌سته‌ی ئێران کاردانه‌وه‌یان به‌ هێرشی مووشه‌کیی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا و تێکشکاندنی مۆڵگه‌ و که‌ره‌سته‌ی سه‌ربازیی گرووپی تیرۆریستیی داعش له‌ ده‌یره‌زوور پیشان داوه‌.
هه‌ندێک له‌و کاردانه‌وانه‌ به‌ شێوازی خواره‌وه‌ ئاماژه‌یان پێده‌کرێت:
وته‌بێژی سوپای پاسداران
سه‌ردار ڕه‌مه‌زان شه‌ریف وته‌بێژی سوپای پاسداران سه‌باره‌ت به‌ هاویشتنی شه‌ش مووشه‌کی سوپای پاسداران بۆ سه‌ر مۆڵگه‌کانی داعش له‌ ده‌یره‌زوور کە بە ناوی «ئۆپەراسیۆنی لیلەالقدر» ناوی لێدەبات، ڕایگه‌یاند: به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌کانی ئێمه‌ ئه‌و هێرشه‌ مووشه‌کییه‌ سه‌رکه‌وتوو بووه‌ و مۆڵگه‌ی فه‌رمانده‌یی و سه‌نته‌ری سه‌ربازی و که‌ره‌سته‌ و جیهازاتی سه‌ربازیی داعش له‌و هێرشه‌دا تێکشکێندراوه‌.
ناوبراو ئاماژه‌شی به‌ هاویشتنی مووشه‌ک له‌ دوو پارێزگای به‌ زۆری سوننه‌نشینی کوردستان و کرماشان کرد و گوتی: ئه‌وه‌ش په‌یامی یه‌کێتیی ئێرانییه‌کان له‌ به‌رانبه‌ر تیرۆریستانه‌وه‌ ڕاده‌گه‌یێنێت.
 
جێگری سه‌رۆکی فراکسیۆنی ئۆمید له‌ په‌رله‌مان
محه‌مه‌د ڕه‌زا تابش جێگری سه‌رۆکی فراکسیۆنی ئۆمید له‌ په‌رله‌مانی ئێران سه‌باره‌ت به‌ هێرشی مووشه‌کیی سوپای پاسداران بۆ سه‌ر مۆڵگه‌کانی داعش له‌ پارێزگای ده‌یره‌زوور ڕایگه‌یاند: کاردانه‌وه‌ی به‌ بڕشتی سوپای پاسداران پیشانده‌ری ئیراده‌ی ئێرانه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ دژ به‌ تیرۆریزم.
تابش زیادی کردووه‌: ستایشی ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ی سوپای پاسداران ده‌که‌ین که‌ بڕشتی هێزه‌ چه‌کداره‌کان و گه‌لی به‌ شه‌ره‌فی ئێران پیشان ده‌دات له‌ به‌رانبه‌ر تیرۆریزمه‌وه‌ و په‌یامێکی ئاشکراشی پێیه‌ بۆ ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی به‌ نهێنی و به‌ ئاشکرا پشتیوانیی تیرۆریزم ده‌که‌ن.
 
سه‌ردار حاجی‌زاده‌ فه‌رمانده‌ی هێزی هه‌وافه‌زای سوپا
سه‌ردار ئه‌میر عه‌لی حاجی‌زاده‌ فه‌رمانده‌ی هێزی هه‌وافه‌زای سوپای پاسداران ئاماژه‌ به‌ هێرشه‌ مووشه‌کییه‌که‌ی سوپای پاسداران ده‌کات بۆ سه‌ر مۆڵگه‌کانی داعش و ده‌ڵێت: بێگومان چاره‌نووسێکی خراپتریش چاوه‌ڕوانی تیرۆریسته‌کان ده‌کات چوونکه‌ هێرشی مووشه‌کیی شه‌وی ڕابردوو ته‌نها هه‌ڵمه‌تێکی بچووک بوو و ئه‌گه‌ر تیرۆریسته‌کان درێژه‌ به‌ جینایه‌ته‌کانیان بده‌ن ئه‌وا وه‌ڵامی خراپتریشمان ده‌بێت.
ناوبراو ئاماژه‌ی به‌ ئامانجی مووشه‌که‌کان له‌ ده‌یره‌زوور کرد و گوتی: ئه‌و مووشه‌کانه‌ مۆڵگه‌ی فه‌رمانده‌یی و هه‌روه‌هاش که‌ره‌سته‌ی سه‌ربازی و پشتیوانی و لۆجستیکیی تیرۆریسته‌کانی کردۆته‌ ئامانج.
فه‌رمانده‌ی هێزی هه‌وافه‌زای سوپای پاسداران هه‌روه‌هاش زیادی کرد: تیرۆریسته‌کان بزانن تاران، له‌نده‌ن و پاریس نییه‌.
 
موحسن ڕه‌زایی فه‌رمانده‌ی پێشووی سوپای پاسداران
موحسن ڕه‌زایی فه‌رمانده‌ی پێشووی سوپای پاسداران له‌ په‌یامێکدا هێرشی مووشه‌کیی سوپای پاسداران بۆ سه‌ر مۆڵگه‌ی فه‌رمانده‌یی تیرۆریسته‌کانی داعش له‌ سووریا به‌ سه‌ره‌تای ده‌ستپێکی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ له‌ داعش وه‌سف ده‌کات.
سکرتێری کۆمه‌ڵه‌ی ئه‌نجومه‌نی دیاریکردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی نیزام و فه‌رمانده‌ی پێشووی سوپا پاش هێرشه‌ مووشه‌کییه‌که‌ی سوپای پاسداران بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا و تێکشکاندنی مۆڵگه‌کانی داعش له‌ پارێزگای ده‌یره‌زوور له‌ توویته‌ردا نووسیویه‌تی: سزا و عه‌زابێکی سه‌خت چاوه‌ڕوانی سه‌رکرده‌کانی تیرۆریستانی داعش ده‌کات. تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی ئێمه‌ له‌ بیری هه‌موواندا ده‌مێنێته‌وه‌. ئه‌وه‌ش سه‌ره‌تای ده‌ستپێکی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌یه‌ له‌ داعش و زله‌ی گه‌وره‌ترمان به‌ڕێوه‌یه‌.
 
ڕه‌سووڵ سه‌نایی‌ڕاد جێگری سیاسیی سوپای پاسداران
ڕه‌سووڵ سه‌نایی‌ڕاد جێگری سیاسیی سوپای پاسداران سه‌باره‌ت به‌ هێرشی مووشه‌کیی سوپای پاسداران ڕایگه‌یاند: خه‌ساری تیرۆریسته‌کان له‌و هێرشه‌ مووشه‌کییه‌ی سوپادا زۆر بووه‌ و ئه‌و هێرشه‌ش ئه‌و په‌یامه‌ به‌ تیرۆریستان ده‌گه‌یێنێت که‌ ئه‌گه‌ر درێژه‌ به‌ جینایه‌ته‌کانیان بده‌ن ئه‌وا وه‌ڵامی توندترمان له‌ لایه‌ و پێویست ناکات ته‌نها له‌ ناوخۆی خاکی کۆماری ئیسلامیی ئێرانه‌وه‌ وه‌ڵامی ئه‌و جینایه‌تانه‌ بده‌ینه‌وه‌.
سه‌ردار سه‌نایی‌ڕاد زیادی کردووه‌: هێرشی دووباره‌ی سوپای پاسداران پێویستی به‌ بڕیاردان له‌ ئه‌نجومه‌نی باڵای ئاسایشی نیشتمانی و سیتادی فه‌رمانده‌یی هێزه‌کان ده‌بێت.
 
فه‌رمانده‌ی سوپای پاسدارانی هه‌مه‌دان
غوڵامعه‌لی ئه‌بوو حه‌مزه‌ فه‌رمانده‌ی سوپای پاسدارانی هه‌مه‌دان ڕایگه‌یاندووه‌: هێرشی مووشه‌کیی ئێران هۆشدارێک بوو به‌ ئه‌ربابه‌کانی داعش و پشتیوانانی ئه‌و گرووپه‌ تیرۆریستییه‌.
ناوبراو سه‌باره‌ت به‌ هێرشی مووشه‌کیی سوپای پاسداران بۆ سه‌ر مۆڵگه‌کانی داعش له‌ ده‌یره‌زوور زیادی کرد: هه‌ڵمه‌تی دوێنێ شه‌وی سوپای پاسداران ته‌نها هۆشدارێکی سوپا بوو به‌ داعش، ده‌وڵه‌تی سعوودییه‌ و ئیسرائیل. بۆیه‌ش داعش و سعوودییه‌ بزانن به‌ ئاگر یاری نه‌که‌ن چوونکه‌ ئه‌گه‌ر بێتو ته‌نانه‌ت زه‌ڕه‌یێک له‌ ئاسایشی وڵاتی ئێران تووشی مه‌ترسی ببێت ئه‌وا سوپای پاسداران کاردانه‌وه‌ی توندی خۆی پیشان ده‌دات.
 
عه‌لائه‌ددین برووجێردی سه‌رۆکی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتیمانی
عه‌لائه‌ددین برووجێردی سه‌رۆکی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتیمانی سه‌باره‌ت به‌ هێرشی مووشه‌کیی سوپای پاسداران بۆ سه‌ر مۆڵگه‌کانی داعش له‌ ده‌یره‌زوور ڕایگه‌یاند: ئه‌وه‌ په‌یامێکه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مریکا له‌ سه‌رووی هه‌موو هه‌ڵمه‌ته‌ تیرۆریستییه‌کانه‌وه‌ بزانێت له‌گه‌ڵ ئاگر یاری نه‌کات و ئه‌وه‌ش پاشهاتی هه‌موو کار و هه‌ڵمه‌تێکی ناعاقڵانه‌یه‌ که‌ ده‌بێت تیرۆریستان و پشتیوانانی تیرۆری بیچێژن.
ناوبراو ده‌ڵێت: په‌یامه‌که‌ی ئه‌و هێرشه‌ مووشه‌کییه‌ ‌ئه‌مریکا ده‌کاته‌ به‌رده‌نگ و سعوودییه‌ و دیکه‌ی وڵاتانیش که‌ پشتیوانی تیرۆریزمن بزانن کۆماری ئیسلامیی ئێران ئێستا چۆته‌ قۆناغێکی نوێ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ دژ به‌ تیرۆریزم و له‌و بواره‌شدا زۆر جیدییه‌.
 
مورته‌زا ئاقاتارانی سکرتێری به‌ره‌ی پایه‌داری
مورته‌زا ئاقاتارانی سکرتێری به‌ره‌ی پایه‌داری سه‌باره‌ت به‌ هێرشی مووشه‌کیی سوپای پاسداران بۆ سه‌ر مۆڵگه‌کانی داعش له‌ ده‌یره‌زوور له‌ توویته‌ری خۆیدا نووسیویه‌تی: ئیسرائیل 25 ساڵی داهاتووی خۆی به‌ چاو نابینێت.
ئه‌وه‌ کاردانه‌وه‌یێکی کورتی ئاقاتارانی بووه‌ له‌ په‌یجی تایبه‌تی خۆی له‌ توویته‌ردا.
 
به‌عیدی‌نه‌ژاد باڵیۆزی ئێران له‌ به‌ریتانیا
به‌عیدی‌نه‌ژاد باڵیۆزی ئێران له‌ به‌ریتانیا ڕایده‌گه‌یێنێت: هێرشی مووشه‌کیی سوپای پاسداران دژ به‌ داعش پیشانده‌ری ئیراده‌ی ئێرانه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ دژ به‌ تیرۆریزم.
حه‌مید به‌عیدی‌نه‌ژاد له‌ توویته‌ره‌که‌ی خۆیدا ده‌نووسێت: ئه‌و هێرشه‌ مووشه‌کییه‌ی سوپای پاسداران دژ به‌ مۆڵگه‌ی سه‌ربازیی داعش ده‌فرایه‌تی و ئیراده‌ی ئێران پیشان ده‌دات له‌ به‌رانبه‌ر تیرۆریزم و هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌منییه‌تیدا.
 
عه‌لیڕه‌زا ڕه‌حیمی ئه‌ندامی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتیمانی
عه‌لیڕه‌زا ڕه‌حیمی ئه‌ندامی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتیمانی و سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان هێرشه‌ مووشه‌کییه‌که‌ی ئێران بۆ سه‌ر تیرۆریستانی داعش وه‌ڵامێکی به‌ بڕشت ده‌زانێت و ده‌ڵێت: په‌یامی ئه‌و هێرشه‌ ئه‌وه‌یه‌ کۆمه‌ڵگای جیهانی ئیراده‌ی خۆیان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ دژ به‌ تیرۆریزم کۆبکه‌نه‌وه‌.
عه‌لیڕه‌زا ڕه‌حیمی زیادی کردووه‌: سوپای پاسداران پاش هێرشی تیرۆریستیی داعش بۆ په‌رله‌مان و مه‌زارگه‌ی ئیمام به‌ فه‌رمی ڕایگه‌یاندبوو که‌ ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ تیرۆریستییه‌ بێ وه‌ڵام ناهێڵێته‌وه‌ بۆیه‌ش داوا له‌ ده‌سه‌ڵاتی نێونه‌ته‌وه‌یی ده‌کرێت له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ دژ به‌ داعش و گرووپه‌ تیرۆریستییه‌کاندا هه‌نگاوه‌کانیان چڕ بکه‌نه‌وه‌ و ته‌نها له‌ ئاستی دروشمداندا نه‌بێت.
 
داڕشتن: سروور خدری
 
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

کۆدی بابه‌ت: 74997  |  به‌روار: ۱۳۹۶/۳/۲۹  |  کاتژمێر: 11 : 1

FaceBook   Twitter   Delicious   Digg   Buzz   Google Bookmarks   ˜áæÈ  
ناردنی بۆچوون
ناو و شۆره‌ت:
ئیمه‌یل:
بۆچوون:
بۆچوونی نێردراو‬
ئیمکانات