‌کوردپرێس‌ :: Kurdpress News Aganecy


کۆدی بابه‌ت: 69213  |  بڕوار: ۱۳۹۵/۱۱/۲۸  |  کاتژمێر: 20 : 57

خەزێنەی ئاوی بەنداوی مەهاباد دابەزیوە

بەشی ئێران/ ئازەربایجانی رۆژئاوا- بەڕێوەبەری ئیدارەی ئاوی شاری مەهەباد لە دابەزینی 66 میلیۆن مەتری سێ‌جای ئاوی بەنداوی مەهاباد بە نیسبەتی ساڵی پار، هەواڵی دا.

محەمەد عەبدوڵڵاهی لە وتووێژ لە گەڵ هەواڵنێری کوردپرێس زیادی کرد: دەفرایەتیی ئێستای ئاوی بەنداوی مەهاباد 61 میلیۆن مەتری سێ‌جایە، لە کاتێکدا ئەم دەفرایەتییە لە ساڵی ڕابردوودا گەیشتبووە 127 میلیۆن مەتری سێ‌جا.
ناوبراو وتیشی: بە ئاوردانەوە لە کەمبوونی ئاستی بارینەکانی ئەمساڵ کە 109 میلی‌مەتر بووە (ئەم نرخە لە ساڵی ڕابردوودا گەیشتبووە 237 میلی‌مەتر)، خەزێنەی ئاوی ئەمساڵ 66 میلیۆن مەتری سێ‌جا دابەزینی بووە.
بەڕێوەبەری ئیدارەی ئاوی مەهاباد سەبارەت بە هۆکارەکانی دیکەی دابەزینی ئاستی خەزێنەی ئاویی بەنداوی ئەو شارە ڕایگەیاند: بۆ چێکردنی هێڵی بۆریی تاوەری ئاوگریی پاڵاوگەی مەهاباد، لە وەرزی پاییزی ئەمساڵدا ٤٤.٦ میلیۆن مەتری سێ‌جا لە ئاوی بەنداوی مەهاباد کراوەتەوە کە لە خۆیدا خەزێنەیەکی بەنرخ لە ئاوی ئەم بەنداوە دەهاتە ئەژمار.
ناوبراو وێرای هیواخواستن بۆ بارینەکانی داهاتوو لە پێناو قەرەبووکردنەوەی کەمایەسیی ئاوی بەنداوی مەهاباد، وتی: بە پێی پێشبینییەکانی ئیدارەی کەشوهەواناسیی شاری مەهاباد، دڵخۆشین بە بارینەکانی داهاتوو و هیوادارین بتوانێ خەزێنەی ئاویی ئەم بەنداوە بگەیێنێتە ئاستی نۆڕماڵ و چاوەروانکراو.
 
کۆدی هەواڵنێر: 60106

کۆتایی هه‌واڵ / ‌کوردپرێس‌ :: Kurdpress News Aganecy

لینکی بابه‌ت: http://www.kurdpress.com/NSite/FullStory/?Id=69213