‌کوردپرێس‌ :: Kurdpress News Aganecy


کۆدی بابه‌ت: 71937  |  بڕوار: ۱۳۹۶/۱/۳۱  |  کاتژمێر: 12 : 58

پارێزگاری کەرکووک بۆ عەبادی:

ئەگەر پێتان وایە هەڵکردنی ئاڵای هەرێمی کوردستان لە کەرکووک کارێکی نایاساییە، دەتوانن لە ڕێگای یاساوە سکاڵای خۆتان دەرببڕن

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- پارێزگاری کەرکووک لە کاردانەوە هەمبەر بە وتەکانی ئەم دواییانەی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەبارەت بە هەڵکردنی ئاڵای هەرێمی کوردستان لە پارێزگای کەرکووک وتی: ئەگەر پێتان وایە کارێکی نایاساییە، دەتوانن لە ڕێگای یاساوە سکاڵای خۆتان دەرببڕن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس بە گێڕانەوە لە هەواڵدەریی «شفق نیوز» نەجمەدین کەریم لە وتووێژێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق گوتوویە ئاڵای هەرێمی کوردستان لە 10 ساڵی پێشەوە تا ئێستا لە پارێزگای کەرکووک هەڵکراوە، حکوومەتی فیدراڵ ئەگەر هەڵکردنی ئاڵای هەرێمی کوردستان لە کەرکووک بە کارێکی نایاسایی دەزانێت دەتوانن لە ڕێگای یاساوە سکاڵای خۆتان دەرببڕن.
نەجمەدین کەریم دووبارە جەختیش دەکاتەوە لە سەر خێراتر ئازاد کردنەوەی حەویجە لە باشووری ڕۆژئاوای کەرکووک لە ژێر کونترۆڵی گرووپی تیروریستی داعش.
شیاوی ئاماژەیە سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پرێس کونفرانسی حەفتانەی خۆیدا جەختی کرد له‌ سەر چارەسەر کردنی پرسی هەڵکردنی ئاڵای هەرێمی کوردستان لە پارێزگای کەرکووک و زیادی کرد بەپێی یاسای ئێستای عێراق، کوردەکان مافی ئەوەیان نییە ئاڵای خۆیان لە سەر بینا حکوومیەکان هەڵ بکەن چوونکه‌ داموودەزگاکان هی دەوڵەتی فیدراڵە و ده‌بێت تەنیا ئاڵای عێراقیان لە سەر هەڵبکرێت.
 
کۆدی هەواڵنێر: 60113

کۆتایی هه‌واڵ / ‌کوردپرێس‌ :: Kurdpress News Aganecy

لینکی بابه‌ت: http://kurdpress.com/NSite/FullStory/?Id=71937