05:04 PM   IRAQ
TUESDAY, 19 NOVEMBER 2019
 به په‌له |◀   کاردانەوەی تورکیا بە ڕووداوەکانی ئەمدواییەی ئێران
TUESDAY, 15 OCTOBER 2019 - 19:07
تایبەت بۆ کوردپرێس؛
مەحموود عوسمان: تورکیا لە سووریا جێگە پێ بۆ خۆی خۆش ئەکات/ ئەردۆغان دیکتاتۆرێکە وەک سەدام

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سیاسەتوانی کۆنەکاری کورد مەحموود عوسمان لە دیمانەیێکدا بە کوردپرێسی وتووە ئەردۆغان دەیهەوێت کورد لە ناو بەرێت یان دەریان بکات. هەروەهاش جەختی کرد لەوە کە کورد دەبێت واز لە ئەمریکا بهێنێت و ڕوو بکاتە ڕووسیا و ئێران.

کوردپرێس:

ڕۆژی 16ی ڕەزبەری 1398 بەرانبەر 8ی ئەکتەوبری 2019 سوپای تورکیا دەستی بە ئوپەراسیۆنێکی درەوەی سنوورەکانی کرد دژی کورد و ناوی ئوپەراسیۆنەکەشی ناوە "کانیی ئاشتی" ئەوەش لە کاتێکدا زۆبەی وڵاتانی هەرێمی و جیهانی ئیدانەی ئەو ئوپەراسیۆنەیان کردووە و بە دەستدرێژی و تاوان ناویان لێ بردووە و لە هێرشە زەمینی و ئاسمانییەکاندا ژمارەیێکی زۆر خەڵکی مەدەنی شەهید بوون یان خود ناچار کراون ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێ بهێڵن و بە ئاوارەیی پەنا بۆ ناوچەکانی دیکە یان وڵاتانی دراوسێ و بەتایبەتی هەرێمی کوردستان بهێنن.

کورد ماوەی چەند ساڵێکە لە باکووری سووریا ڕێڤەبەریی خۆسەری دامەزراندووە و لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئەمریکا و ڕووسیا و فەڕەنسا و چەند وڵاتێکی تر دەوری سەرەکیی بینوە لە تێکشکدانی داعش. خوێندنەوەی زۆر کراوە بۆ ئوپەراسیۆن و هێرشکردنەکەی تورکیا. لە هەرێمی کوردستان وەک تاقە سیستەمی فیدراڵیی کورد، کەسایەتیی سیاسی و قیادەی کوردی، بە نیگەرانییەوە دەڕواننە پێشهاتەکانی باکووری سووریا و نیگەرانن لە خواستی تورکیا بۆ تێکدانی ڕێڤەبەریی خۆسەر و پاشان دەستدرێژی کردن بۆ سەر هەرێمی کوردستانیش. ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس لەبارەی دواپێشهاتەکانی باکووری سووریا و هێرشەکانی ئەردۆغان بۆ سەر کوردستانی سووریا مەحموود عوسمانی دواندووە کە سیاسەتوانێکی بەرجەستە و کۆنەکاری هەرێمی کوردستانە.

تورکیا دەیهەوێت کورد لەناو بەرێت یان خود دەریان کات

مەحموود عوسمان کە پێشتر سەبارەت بە سیاسەتەکانی تورکیا لە ناوچەکە هۆشداریی دابوو لە لێدوانێکدا لەبارەی ئامانجەکانی تورکیا بۆ لەشکرکێشی دژی کوردستانی سووریا بە کوردپرێسی وت: "ئامانجەکانی تورکیا دژایەتی کردنی کوردە. تورکیا دەڵێت ئەم کوردانە تیرۆریستن بەڵام خۆ هیچ وڵات یان لایەنێک تەئیدی ئەو قسەیە ناکات و هەر ئەوان دەڵێن. تورکیا دەیهەوێت ئەو کوردانە لەناو بەرێت یان دەریان بکات و لە عەینی وەختدا دەیەوێت لە تورکیا جێگە پێی هەبێت و تۆزێک زیاتر بچێتە پێش و بەشێک لە خاکی سووریا بۆ خۆی بگرێت لەبەر ئەوەی لە ئایندەی سووریا ڕۆڵی هەبێت. لەبەر ئەوە قسەکانی بێ بنەمان. دەڵێت مەترسی هەیە لە سەر سنووری من. بەس کەس نەچووە لە سنووری تورکیا هێرشێک بکات یان هیچ مەترسییێک دروست بکات. بۆیە درۆیە و ڕاست ناکات. بە عەکسەوە کورد هەمیشە ئامادە بوون بۆ دایەلۆگ و گفتوگۆ. بۆیە قسەکانی تورکیا بێ بنەمان. ئەردۆغان وەک سەدام حوسێن دیکتاتۆرێکی بێ مانایە و گوێ لە کەس ناگرێ.

کورد پێوەندیی لەگەڵ ئێران و ڕووسیا زیاتر بکات

مەحموود عوسمان لەبارەی پێوەندییەکانی کورد لەگەڵ وڵاتانی ئەمریکا و ڕووسیا و ئێران و ئایندەی ناوچەکە و دەوری کورد لەم ناوچەیە بە هەواڵنێری کوردپرێسی ڕاگەیاند: "من دوو ساڵ پێش ئێستاش وتوومە کە ئێوە شەڕی داعش دەکەن مەچنە ڕەقە و دەیرەزوور چوونکە ئەمانە ناوچەی عەرەبین. ئێوە حەقتان چییە بەسەر ئەم ناوچانەوە. ئێوە خاکی خۆتان بپارێزن و مەچنە ناوچە عەرەبییەکان. هەروەها گوتم هەرگیز بە قسەی ئەمریکا نەکەن. باشترین ڕێگا بۆ کورد ئەوەیە پێوەندییان لەگەڵ ئێران و ڕووسیا زیاتر بێت. یەعنی ئەو دەوڵەتانەی نزیک خۆیانن و لە سووریا دەوریان هەیە. بۆ ئەوەی کورد بتوانێت لە ئایندەدا دەورێکی زیاتری ببێت. بە گشتی ڕووسەکان زیاتر لە ئەمریکییەکان جێی متمانەن. چوونکە ئەمریکییەکان چەندین جار کوردیان فرۆشتووە و یارییان بە کورد کردووە. بۆیە کورد نابێت متمانە بە ئەمریکا بکات. هەمیشە من ئەمەم گوتووە بەڵام بەداخەوە بە قسەیان نەکردووین."

ئایا کورد جگە لە متمانەکردن بە ئەمریکا بژاردەیێکی دیکەی لەبەردەستدا بوو؟

بەشێک لە چاودێران بڕوایان وایە کورد لەو قۆناغەدا هیچ بژاردەیێکی دیکەی لەبەردەستدا نەبوو جگە لەوەی ببێ بە هاوپەیمانی ئەمریکا. مەحموود عوسمان لەبارەی ئەو بابەتەوە بە کوردپرێسی وت: "بەڕای من دەبوو وردەوردە خۆیان پێوەندییان لەگەڵ ئەمریکا کەم بکەنەوە و پێوەندییەکانیان لەگەڵ ڕووسیا فراوان بکەن چوونکە داهاتووی سووریا زیاتر پێوەندیی بە ڕووسیاوە هەیە.بۆیە بە ڕەئیی من باشتر بوو وردەوردە لەگەڵ ڕووسیا خۆیان ڕێکبخستایە. ئەمریکا کێیە؟ ئەمریکا ترەمپە. ترەمپیش پیاوێکە بەس خەریکی پارەیە. نە زەمیری هەیە. نە ئینسانیەتی هەیە. نە ویژدانی هەیە. نە لە سیاسەت تێدەگات و نە شتێکی هەیە ببێتە ئەخلاق و بەکاری بهێنێت. ئەو ئینسانە ئەوە نیە هیچ مامەڵەیێکی لەگەڵ بکەیت و هیچ متمانەیێکی پێبکەیت.

ئامانجی ئەردۆغان دوای کوردستانی سووریا، هەرێمی کوردستانە

سیاسەتوانی کۆنەکاری کورد مەحموود عوسمان لەبارەی مەترسیی فرەخوازیی ئەردۆغان و گریمانەی بووژاندنەوەی ئیمپراتووریەتی عوسمانی بە کوردپرێسی وت: ئەردۆغان ئەگەر بۆی بکرێت دەچێتە شوێنی دیکەش بەڵام ناتوانێت. ئەوەی پێنج ڕۆژە لە باکووری سووریا شەڕ دەکات ئێستاش نەیتوانیوە بێتە سەرێکانی. ئێستا ئەوە نەماوە وەکوو جاران بێت بە کەیفی خۆی چیی بوێت بیکات. دوێنێ شەو دوو ناوچەی سەرێکانیی گرتبوو ئەمشەو لێیان سەندەوە. بۆیە ئەگەر پێی بکرێت ئەردۆغان وەکوو سوڵتانێکی عوسمانی ڕەفتار دەکات و دەیەوێت ئەو ناوچەیە هەمووی عایدی خۆی بێت بەڵام ئەوە ناکرێت. چوونکە ئەوە خەیاڵە و شتی کۆنە. ئێستا دونیا جیاوازە و وەزعێکی تری هەیە. ئێستا دەبێت لە فکری وڵاتی خۆیدا بێت و خەریکی وڵاتی خۆی بێت. ئەردۆغان لە وڵاتی خۆیشی کێشەی زۆرە. بۆیە پێی ناکرێت بچێتە ئەم وڵات و ئەو وڵات.

ڕووسیا و ئێران بۆ ئایندەی سووریا حسابێک بۆ کورد بکەن

کوردی سووریا بەشێکن لەو وڵاتە و دەبێت ڕۆڵیان هەبێت بەڵام تورکیا هەمیشە لە کۆبوونەوەکانی ژنێڤ ڤیتۆی هەبووە لە سەر کورد. من ئومێدەوارم ڕووسیا و ئێران کە دەوریان هەیە لە سووریا بە قسەی تورک نەکەن و حسابێک بۆ کورد بکەن لە ئایندەی سووریا بۆ ئەوەی کوردیش بەشدار بێت. چوونکە کورد بەشێکە لەو وڵاتە و پێویستە لە ئایندەدا کە چارەسەری سووریا دۆزرایەوە کوردیش لە قۆناغی چارەسەردا بێت و بە پێی دەستوور مافی خۆی هەبێت.

 

دیمانە: حەسەن ساڵحی/ بەشی فارسیی عێراق و هەرێمی کوردستان/ ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس

داگرتن و داڕشتنەوە: بەشی کوردیی ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه