16:21 PM   IRAQ
THURSDAY, 14 NOVEMBER 2019
 به په‌له |◀   تورکیا هاوبەشێکی متمانەپێکراو نییە بۆ پێوەندیی ئابووری لەگەڵ هەرێمی کوردستان
WEDNESDAY, 16 OCTOBER 2019 - 12:37
گۆڤاری ئۆیل پرایس: چین بۆ چاره‌کردنی ناکۆکییه‌کانی نێوان هه‌ولێر- به‌غدا ناوزه‌د ده‌کرێت

به‌شی جیهان- گۆڤاری ئۆیل پرایس ڕاپۆرتی دا که‌ به‌غدا ده‌یهه‌وێت له‌ ڕێگای کۆمپانیای نیشتیمانیی نه‌وتی چینه‌وه‌ ناکۆکییه‌ نه‌وتییه‌کانی خۆی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان ناسراو به‌ "نه‌وت له‌ به‌رانبه‌ر بودجه"‌ چاره‌سه‌ر بکات.

کوردپرێس:

ده‌وڵه‌تی عێراق و ده‌وڵه‌تی خۆجێییی هه‌رێمی کوردستان له‌ ساڵی 2014 و به‌ دوای هه‌نارده‌کردنی سه‌ربه‌خۆیانه‌ی نه‌وت له‌لایه‌ن هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ ڕاجیاوازی و ناکۆکییان له‌سه‌ر چۆنێتیی به‌ڕێوه‌بردنی داهاتی نه‌وت هه‌یه‌ و به‌شه‌بودجه‌ی هه‌رێمی کوردستان له‌ بودجه‌ی گشتیی عێراق چه‌ندین جار بڕاوه‌ و هه‌مدیسان ڕه‌وانه‌ کراوه‌ته‌وه‌. ئه‌م مه‌سه‌له‌ هه‌م بۆ عێراق و هه‌م بۆ هه‌رێمی کوردستانیش لێکه‌وته‌یێکی نه‌رێنی به‌دواوه‌ بووه‌ و به‌تایبه‌ت هه‌رێمی کوردستان پاش به‌ڕێوه‌بردنی ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆییی ساڵی 2017 به‌ره‌وڕووی قه‌یرانی دارایی بووه‌ته‌وه‌.

پاش پێکهێنانی کابینه‌ی نوێی عێراق به‌ سه‌رکردایه‌تیی عادل عه‌بدولمه‌هدی که‌ دۆستی کوردیش دێته‌ ئه‌ژمار هیواکان بۆ چاره‌سه‌رکردنی مه‌سه‌له‌ی نێوان هه‌ولێر- به‌غدا له‌سه‌ر نه‌وت و بودجه‌ زیاد بۆته‌وه‌. هه‌روه‌ها گۆڕینی سه‌رۆکایه‌تیی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و گواستنه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان له‌ نێچیرڤان بارزانییه‌وه‌ بۆ ئامۆزاکه‌ی مه‌سروور بارزانی و هه‌ڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی وه‌ک سه‌رۆکی هه‌رێم و ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی که‌ هه‌ر دوو ئامۆزا بۆ چاره‌کردنی مه‌سه‌له‌که‌ داویانه‌ هیواکانی زیاتر کردووه‌.

هه‌ولێر و به‌غدا هه‌ندێک پڕۆژه‌یان پێشکه‌شی یه‌کتر کردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌پێی ڕاده‌ست‌کردنی نه‌وت له‌ هه‌رێمی کوردستان به‌ به‌غدا، ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیش به‌شه‌بودجه‌ی هه‌رێم له‌ بودجه‌ی گشتیی وڵات ڕه‌وانه‌ بکات به‌ڵام تاوه‌کوو ئێستا ئه‌م پڕۆژه‌یانه‌ نه‌یتوانیوه‌ مه‌سه‌له‌که‌ چاره‌سه‌ر بکات.

گۆڤاری ئۆیل پرایس ڕاپۆرتی دا که‌ پێشنیاره‌کانی ئه‌مدواییه‌ی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان بۆ چاره‌کردنی مه‌سه‌له‌ له‌ ڕێگای ئاراسته‌کردنی نه‌وت له‌ به‌رانبه‌ر بودجه‌ نه‌یتوانیوه‌ بۆچوونی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی عێراق بگۆڕێت و به‌غداش پێشنیازی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی مه‌سروور بارزانی ڕه‌ت کردۆته‌وه‌.

گۆڤاره‌که‌ له‌ زاری سه‌رچاوه‌یێک که‌ به‌ گرینگترین سه‌رچاوه‌ی خۆی ناساندوویه‌تی ڕاپۆرتی دا که‌ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی عێراق ده‌یهه‌وێت ده‌وڵه‌تی چین بۆ چاره‌کردنی ناکۆکییه‌کانی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان وه‌ک ناوبژیڤان بناسێنێت بۆ ئه‌وه‌ی زه‌مینه‌ی هه‌رچی زیاتری به‌ئه‌نجام گه‌یشتنی دانوستانی نێوان دوو لایه‌ن فه‌راهه‌م بکات.

ئۆیل پرایس له‌ زاری سه‌رچاوه‌که‌یه‌وه‌ له‌ به‌غدا نووسیی: ده‌وڵه‌تی به‌غدا که‌ پێشتر له‌جیاتی وه‌رگرتنی نه‌وتی هه‌رێمی کوردستان ڕازی بووبوو بڕی 12.6 له‌سه‌دی بودجه‌ی عێراق به‌ هه‌رێمی کوردستان ته‌رخان بدات له‌ ئێستادا به‌ڵگه‌ ده‌هێنێته‌وه‌ که‌ ئه‌م بودجه‌یه‌ زیاتره‌ له‌ حه‌شیمه‌تی هه‌رێمی کوردستان و ده‌بێ که‌م بکرێته‌وه‌.

له‌ درێژه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ کراوه‌ که‌ له‌ ئێستادا نه‌وتی هه‌رێمی کوردستان له‌ ڕێگای کۆمپانیای ڕۆسنه‌فته‌وه‌ ڕاده‌ستی ڕووسیا ده‌کرێت و به‌غداش ده‌یهه‌وێت کۆمپانیای نیشتیمانیی نه‌وتی چین وه‌ک نوێنه‌ری ده‌وڵه‌تی چین و نێوبژیڤان له‌ دانوستانه‌کان به‌کار بێنێت و چینیش له‌ ڕێگای گوشارخستنه‌ سه‌ر بارزانییه‌کان، حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ناچار بکات ملکه‌چی داواکارییه‌کانی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی عێراق بێت و مه‌سه‌له‌که‌ هه‌ڵبه‌ت له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی عێراق کۆتایی پێبێت.

 

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه