05:14 PM   IRAQ
TUESDAY, 19 NOVEMBER 2019
 به په‌له |◀   کاردانەوەی تورکیا بە ڕووداوەکانی ئەمدواییەی ئێران
WEDNESDAY, 16 OCTOBER 2019 - 14:37
هه‌ر دوو حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌که‌ی ئه‌مریکا مامه‌ڵه‌ی تره‌مپ له‌گه‌ڵ کوردی سووریایان به‌دڵ نییه‌

به‌شی جیهان- به‌رپرسانی هه‌ر دوو حیزبی ئه‌مریکا ڕه‌خنه‌کانیان بۆ سه‌ر سه‌رۆک کۆماری ئه‌مریکا له‌باره‌ی بڕیاری کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ باکووری سووریا و هێرشی تورکیا بۆ سه‌ر کورد زیاتر کردووه‌ و ڕه‌خنه‌گرتنی حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی ئه‌مریکا هاوکاری و پاڵپشتیی داموده‌زگا و میدیاکانی ئه‌مریکای له‌گه‌ڵدا بووه‌.

کوردپرێس:

ئه‌م ڕۆژانه وشه‌ی خه‌یانه‌ت له‌ میدیاکانی ئه‌مریکا به‌ زۆری ده‌بینرێت و ئه‌مه‌ش به‌هۆی بڕیاره‌که‌ی تره‌مپه‌ له‌باره‌ی کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانیان له‌ سووریا.

به‌رپرسانی دوو حیزبی دیموکرات و کۆماریخوازیش که‌ هه‌وڵه‌کانیان بۆ وه‌لاوه‌نانی دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆک کۆماری ئێستای ئه‌مریکا له‌ کۆشکی سپی خستۆته‌ گه‌ڕ بڕیاری تره‌مپیان کردۆته‌ دروشمێکی هه‌ڵبژاردن بۆ خۆیان که‌ کورتکراوی دروشمه‌که‌ ئه‌مه‌یه‌: "خه‌یانه‌تی تره‌مپ له‌ کورد هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌مریکا ده‌کات."

به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی ڕه‌خنه‌کان له‌ دیبه‌یتی شه‌وی ڕابردووی (سێشه‌ممه‌ 15ی تشرینی یه‌که‌می 2019) چوار کاندیدی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکایه‌تیی کۆماری ئه‌مریکا له‌ حیزبی دیموکرات خۆی نیشان دا و کاندیده‌کان وه‌ڵامی پرسیاره‌کانی سی ئێن ئێنیان له‌باره‌ی بڕیاره‌کانی تره‌مپ دایه‌وه‌.

جۆ بایدن، به‌رپرسی باڵای ده‌وڵه‌تی پێشووی ئه‌مریکا و کاندیدێکی به‌رچاو بۆ وه‌ده‌ستهێنانی کورسیی سه‌رۆکایه‌تیی کۆماری ئه‌مریکا، دۆناڵد تره‌مپی به‌ شێتێک وه‌سف کرد که‌ هیچ شتێک له‌باره‌ی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ نازانێت و بڕیاره‌که‌ی بۆ کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ سووریا و به‌جێهێشتنی کوردی سووریای به‌ شه‌رمه‌زارانه‌ وه‌سف کرد.

ناوبراو ته‌ئکیدی کرده‌وه‌ که‌ "کوشتوبڕ و قه‌تڵوعام" له‌ باکووری سووریا ئه‌نجامی بڕیاره‌که‌ی تره‌مپه‌ بۆ کشانه‌وه‌ له‌ سووریا و "خه‌یانه‌ت‌کردن" له‌ کورد.

ئێلیزابت وارنیش بڕیاری تره‌مپی به‌ مایه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی کاره‌ساتی مرۆیی له‌ باکووری سووریا وه‌سف کرد.

برنی سه‌نده‌رز کاندیدێکی دیموکراته‌کان تره‌مپی به‌ خه‌یانه‌ت‌کردن له‌ کورد تۆمه‌تبار کرد و ڕای‌گه‌یاند: دوای ئه‌م بڕیاره‌ی تره‌مپ هیچ که‌س متمانه‌ به‌ ئه‌مریکا ناکات.

جوولیان کاسترۆش بڕیاری تره‌مپ بۆ به‌جێهێشتنی کورد و کشانه‌وه‌ له‌ سووریای به‌ بڕیارێکی هه‌ڵه‌ وه‌سف کرد.

سیدنی گراهام سیناتۆرێکی کۆماریخواز و هاوحیزبی تره‌مپه‌ که‌ بڕیاره‌که‌ی تره‌مپ به‌ هه‌ڵه‌ وه‌سف ده‌کات و بۆ قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ داوای ته‌مێ‌کردن و سه‌پاندنی گه‌مارۆی توندی ئابووری به‌ سه‌ر تورکیای کردووه‌.

کۆڕه‌ ڕاگه‌یاندنه‌کانی ئه‌مریکاش ڕۆژانه‌ وتارێکی زۆر له‌باره‌ی دۆخی سووریا و گۆڕانکارییه‌کان له‌باره‌ی هێرشی تورکیا بۆ سه‌ر ناوچه‌ی کوردنشینی کوردی سووریا بڵاو ده‌که‌نه‌وه‌ که‌ ناوه‌رۆکی وتاره‌کان گیرخواردنی کورده‌ له‌ ناو ئاگری تورکیا و سه‌ربزێوانی سوپای ئازاد‌ پاش بڕیاری تره‌مپ بۆ کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ سووریا. میدیا به‌ناوبانگه‌کان وه‌ک سی ئێن ئێن، واشنتن پۆست، نیۆیۆرک تایمز، تایم و چه‌ندین میدیای گرینگی دیکه‌ هه‌نگاوی تره‌مپ بۆ کشانه‌وه‌ی به‌په‌له‌ی هێزه‌کانیان له‌ سووریا به‌ هه‌ڵکردنی گڵۆپی سه‌وزی ئه‌مریکا بۆ ده‌ست‌پێکردنی هێرشی تورکیا بۆ سه‌ر کورد ده‌زانن و ئه‌م بڕیاره‌ی سه‌رۆک کۆماری ئه‌مریکایان خه‌یانه‌ت‌کردن له‌ کورد وه‌سف کردووه‌. ئه‌وان پێیان وایه‌ که‌ ئیدعای تره‌مپ له‌باره‌ی سوودمه‌ندبوونی بڕیاره‌که‌ی له‌باره‌ی باکووری سووریا بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ئه‌مریکا پاساوێکی قبووڵ‌کراوی له‌پشته‌وه‌ نییه‌ چوونکه‌ "خه‌یانه‌ت‌کردن" له‌ کورد ده‌بێته‌هۆی ئه‌وه‌ی که‌ هاوپه‌یمانانی دیکه‌ی ئه‌مریکا به‌ په‌یوه‌ندییه‌کانیان له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌ بچنه‌وه‌.

میدیاکانی ئه‌مریکا بڕیاری تره‌مپ بۆ سه‌پاندنی گه‌مارۆ به‌ سه‌ر تورکیا به‌بۆنه‌ی هێرشه‌که‌ی ئه‌و وڵاته‌ بۆ سه‌ر کوردی سووریا به‌ بڕیارێکی به‌لاڕێدابه‌ر ده‌زانن چوونکه‌ پێیان وایه‌ که‌ ئه‌و گه‌مارۆیانه‌ی که‌ تره‌مپ ده‌یهه‌وێت به‌ سه‌ر تورکیا بیسه‌پێنێت زیاتر له‌وه‌ی که‌ زه‌ره‌ر له‌ تورکیا بدات هه‌لی سه‌پاندنی گه‌مارۆی‌تر له‌لایه‌ن داموده‌زگا به‌هێزه‌کانی ئه‌مریکا بۆ سه‌ر ئه‌نقه‌ره‌ له‌ناو ده‌بات و له‌ ڕاستیدا تره‌مپ به‌و گه‌مارۆیانه‌وه‌‌ ده‌یهه‌وێت گه‌مارۆ قورسه‌کان له‌سه‌ر‌ تورکیا دوور بخاته‌وه‌.

به‌م بۆنه‌وه‌، ژماره‌یێک له‌ نوێنه‌رانی ئه‌نجومه‌نی پیرانی ئه‌مریکا ڕێککه‌وتوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ پڕۆژه‌یێکی هاوبه‌شی هه‌ر دوو حیزب ده‌رباره‌ی سه‌پاندنی گه‌مارۆی یاسایی بۆ سه‌ر تورکیا و ناچارکردنی تره‌مپ بۆ جێبه‌جێ‌کردنی په‌سه‌ند بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له‌م ڕێگایه‌وه‌ تورکیا ناچار بکه‌ن واز له‌ به‌رده‌وامیی هێرشه‌کانی بۆ سه‌ر کوردی سووریا بهێنێت.

گوشاره‌کان له‌سه‌ر ئه‌مریکا و تورکیا ده‌رباره‌ی وه‌ستاندنی هێرشی تورکیا دژی کورد بوویه‌هۆی ئه‌وه‌ی که‌ وڵاتانی‌تریش له‌سه‌ر هێرشه‌کانی تورکیا بۆ سه‌ر کورد بێنه‌ده‌نگ. وڵاتانی ئیتالیا، که‌نه‌دا و ئۆسترالیا یه‌ک له‌و وڵاتانه‌ن که‌ دوای ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی ناڕه‌زایه‌تییه‌کان بۆ هێرشی تورکیا و هه‌ڵکردنی گڵۆپی سه‌وزی تره‌مپ بۆ تورکیا به‌ مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌ بڕیاریان داوه‌ به‌ په‌یوه‌ندییه‌ ئابووری و سه‌ربازییه‌کانیان له‌گه‌ڵ ئه‌نقه‌ره‌ بچنه‌وه‌.

 

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه