16:36 PM   IRAQ
THURSDAY, 14 NOVEMBER 2019
 به په‌له |◀   تورکیا هاوبەشێکی متمانەپێکراو نییە بۆ پێوەندیی ئابووری لەگەڵ هەرێمی کوردستان
TUESDAY, 22 OCTOBER 2019 - 10:50
شرۆڤه‌کاری کاروباری سه‌ربازیی سووریا بۆ کوردپرێس؛
کورد و دیمه‌شق له‌ توانایاندایه‌ به‌رپه‌رچی هێرشه‌کانی تورکیا بده‌نه‌وه‌

به‌شی دیمانه‌/ جیهان- شرۆڤه‌کاری کاروباری سه‌ربازیی سووریا به‌ کوردپرێسی ڕاگه‌یاند: ڕێککه‌وتنی سه‌ربازیی ئه‌مدواییه‌ی نێوان کورد و ده‌وڵه‌تی سووریا کارتێکه‌رییێکی به‌رچاوی بووه‌ و ئه‌وان له‌ ڕێگای دروست‌کردنی متمانه‌ی زیاتری نێوانیان ده‌توانن ڕێگری له‌ په‌ره‌سه‌ندنی هێرشه‌کانی تورکیا بۆ سه‌ر دیکه‌ی ناوچه‌ باکوورییه‌کانی سووریا بکه‌ن

کوردپرێس:

سه‌ره‌تای مانگی تشرینی یه‌که‌می 2019 سه‌رکۆماری ئه‌مریکا فه‌رمانی کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی کوردی سووریای ده‌رکرد و دوای ئه‌و فه‌رمانه‌ ده‌وڵه‌تی تورکیا هێرشێکی به‌ربڵاو و به‌رفراوانی بۆ داگیرکردنی ناوچه‌کانی ژێر کۆنتڕۆڵی کوردی سووریا به‌ درێژاییی 500 کیلۆمه‌تر و قووڵاییی 30 کیلۆمه‌تری ده‌ست‌پێکرد. ئه‌م هێرشانه‌ گیانله‌ده‌ستدانی خه‌ڵکێکی مه‌ده‌نیی زۆر و ئاواره‌بوونی سه‌دان هه‌زار دانیشتووی باکووری سووریای لێکه‌وته‌وه‌. به‌ دوای ڕێککه‌وتنی ئه‌مدواییه‌ی تورکیا و ئه‌مریکا له‌سه‌ر کشانه‌وه‌ی هێزه‌ کوردییه‌کانی سووریا له‌ شاره‌ سنوورییه‌کان، هێرشه‌کانی تورکیا بۆ ماوه‌ی 5 ڕۆژ تا ڕۆژی سێشه‌ممه‌ 22ی تشرینی یه‌که‌می 2019 وه‌ستێندرا. به‌م حاڵه‌شه‌وه‌ ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان سه‌رکۆماری تورکیا هه‌ڕه‌شه‌ و گوڕه‌شه‌ی کردووه‌ که‌ ئه‌گه‌ر هێزی کوردی سووریا له‌ سنووره‌کانی سووریا نه‌کشێنه‌وه‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌کان ده‌ست‌پێده‌کاته‌وه‌.

هاوکات کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ سووریا ته‌شه‌نه‌ی سه‌ندووه‌ هه‌رچه‌ند ده‌نگوباسگه‌لێک له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری مانه‌وه‌ی چه‌ند سه‌د هێزی سه‌ربازیی ئه‌مریکا له‌ باکووری سووریا له‌ زاری به‌رپرسانی باڵای ئه‌و وڵاته‌ له‌وان وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مریکا بڵاو بۆته‌وه‌. له‌لایێکی دیکه‌وه‌ پاش بێ‌هیوابوونی کورد له‌ ئه‌مریکا و به‌ دوای ڕێککه‌وتنه‌ سه‌ربازییه‌که‌ی نێوان کورد و ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی سووریا، هێزه‌کانی ده‌وڵه‌تی سووریا داخڵی شاره‌کانی ژێر کۆنتڕۆڵی کورد بوون بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگری له‌ هێرشه‌کانی تورکیا بۆ سه‌ر ئه‌و شارانه‌ بکه‌ن.

هه‌واڵده‌ریی کوردپرێس بۆ لێکدانه‌وه‌ی دواپێشهاته‌کانی شه‌ڕی تورکیا له‌گه‌ڵ کورد دیمانه‌یێکی له‌گه‌ڵ شرۆڤه‌کاری کاروباری سه‌ربازی و شه‌ڕ له‌ سووریا و به‌ڕێوه‌به‌ری گۆڤاری ئه‌لێکترۆنیکی ویزین سیریا ئه‌نجام داوه‌.

شرۆڤه‌کاره‌که‌ له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری ده‌ست‌پێکردنی هێرشی تورکیا بۆ سه‌ر کورد و په‌لکێش‌کردنی تا سنووره‌کانی عێراق به‌ هه‌واڵده‌ریی کوردپرێسی ڕاگه‌یاند: من پێم وایه‌ که‌ هێرشه‌کانی تورکیا و سه‌ربزێوانی سه‌ر به‌و وڵاته‌ بۆ سه‌ر ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی سه‌رێکانی و ڕۆژئاوای گرێسپی -ئه‌و شوێنانه‌ی که‌ هێزه‌کانی سووریا و ڕووسیای تێدا نییه‌- درێژه‌ی ده‌بێت. به‌م حاڵه‌شه‌وه‌ من پێم وانییه‌ که‌ هێزه‌کانی سوپای تورکیا و سه‌ربزێوانی سه‌ر به‌و وڵاته‌ ڕیسکی په‌ره‌پێدانی هێرشه‌کان بۆ سه‌ر قامیشڵۆ و سنووری عێراق قبووڵ بکه‌ن. هێشتاش هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ باکووری ڕۆژهه‌ڵاتی حه‌سه‌که‌ن.

شرۆڤه‌کاری کاروباری سه‌ربازیی سووریا له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی که‌ بۆچی ئه‌مریکا و ڕووسیا نایانهه‌وێت ڕێگری له‌ هێرشه‌کانی تورکیا بۆ سه‌ر ناوچه‌ی کوردنشینی سووریا بکه‌ن جه‌ختیشی کرده‌وه‌: هه‌م ڕووسیا و هه‌م ئه‌مریکا به‌رژه‌وه‌ندییێکی زۆریان له‌ ئه‌نقه‌ره‌ هه‌یه‌ و هه‌روا که‌ بینیمان هه‌م ئه‌مریکا و هه‌م ڕووسیا چاویان له‌ به‌رانبه‌ر ده‌ستدڕێژییه‌کانی تورکیا بۆ سه‌ر سه‌روه‌ریی سووریا به‌ستووه‌. من پێم وانییه‌ که‌ ئه‌م مه‌سه‌له‌ به‌مزووانه‌ گۆڕانی به‌ سه‌ردا بێت. مۆسکۆ هه‌وڵه‌کانی بۆ په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندیی سیاسی و ئابووری له‌گه‌ڵ تورکیا چڕ ده‌کاته‌وه‌ و ئه‌مریکاش هه‌میشه‌ پێویستی به‌ سوپای تورکیا له‌ ناتۆ هه‌یه‌.

شرۆڤه‌کاری کاروباری سه‌ربازیی سووریا که‌ به‌ بۆنه‌ی هه‌ستیاربوونی بابه‌ته‌که‌ نه‌یویست ناوه‌که‌ی بدرکێندرێت گوتی: هێرشه‌کانی تورکیا بۆ سه‌ر کوردی سووریا ده‌توانێت به‌ره‌و ئاڕاسته‌ی گۆڕینی دیمۆگرافیای باکووری سووریا و پاکتاوی ڕه‌گه‌زیی کورد بڕوات.

ناوبراو زیادیشی کرد: تورکیا هه‌وڵه‌کانی چڕ کردووه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئاواره‌ عه‌ره‌به‌کان له‌ ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی کورد نیشته‌جێ بکات که‌ دانیشتووی شوێنه‌کانی دیکه‌ی سووریان. هه‌موان ده‌زانن که‌ له‌ ئێستادا تورکیا هه‌نگاوه‌کانی بۆ داگیرکردنی زۆربه‌ی ناوچه‌کانی سووریا که‌ زۆرینه‌یان کوردنشینن خستۆته‌ گه‌ڕ و ئه‌مه‌ش نموونه‌یێکه‌ له‌ گۆڕینی زۆره‌ملێی دیمۆگرافیا و پێکهاته‌ی حه‌شیمه‌ت. من پێم وانییه‌ که‌ به‌رنامه‌ی تورکیا بتوانێت به‌ شێوه‌ی سه‌رکه‌وتووانه‌ و سه‌دای سه‌د جێبه‌جێ بکرێت به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ناتوانین بڵێین که‌ به‌ته‌واوه‌تیش شکست ده‌خوات. ده‌بێ جیهان به‌ شێوه‌یێکی جیدی پشتیوانی له‌ کورد بکات.

به‌ڕێوه‌به‌ری گۆڤاری ئه‌لێکترۆنیکی ویزین سیریا له‌باره‌ی ڕێککه‌وتنی ئه‌مدواییه‌ی نێوان کورد و ده‌وڵه‌تی سووریا و کارتێکه‌رییه‌که‌ی له‌سه‌ر ڕاگرتنی هێرشه‌کانی تورکیا به‌ هه‌واڵده‌ریی کوردپرێسی ڕاگه‌یاند: به‌ دڵنیاییه‌وه‌، ڕێککه‌وتنی سه‌ره‌تاییی سه‌ربازی له‌ نێوان کورد و ده‌وڵه‌تی سووریا ده‌ستپێکێکی باشه‌ بۆ پێکه‌وه‌بوونیان. ئه‌م ڕێککه‌وتنه‌ تاوه‌کوو ئێستا ڕێگری له‌ هێرشه‌کانی تورکیا بۆ سه‌ر مه‌نبه‌ج، عه‌ین عیسا، کۆبانێ، ته‌ل ته‌مه‌ر و قامیشڵۆ کردووه‌. ڕێککه‌وتنی به‌ربڵاوتری نێوان کورد و دیمه‌شق ده‌توانێت ڕێگری له‌ په‌ره‌سه‌ندنی هێرشه‌کانی تورکیا بۆ سه‌ر باکووری سووریا بکات به‌ڵام من له‌سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌دام که‌ کورد و دیمه‌شق پێویستیان به‌ کاتێکی زیاتر هه‌یه‌ بۆ دروست‌کردنی متمانه‌ی زیاتر له‌ نێوانیان پێش له‌ ئه‌نجامبوونی ڕێککه‌وتنێکی گشتگیرتر له‌باره‌ی مه‌سه‌له‌ سیاسی و ئیدارییه‌کان له‌باره‌ی باکووری سووریا.

وه‌رگێڕان له‌ فارسییه‌وه‌: به‌شی کوردیی هه‌واڵده‌ریی کوردپرێس

 

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه