05:01 PM   IRAQ
TUESDAY, 19 NOVEMBER 2019
 به په‌له |◀   کاردانەوەی تورکیا بە ڕووداوەکانی ئەمدواییەی ئێران
TUESDAY, 22 OCTOBER 2019 - 14:41
نازم دەباغ:
حکوومەتی هەرێم بەگوێرەی دەستووری عێراقی مامەڵە لەگەڵ پرسی کورد دەکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران ڕایگەیاند: حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئیدارەیێکە لە چوارچێوەی قانوونی ئەساسیی وڵاتی عێراق بۆیەش ناتوانێت لەدەرەوەی سیاسەتی بەرگریی عێراق هەڵوێست بنوێنێت.

نازم دەباغ نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێس لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا کە هەندێک کەس هەڵوێستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانی کوردستان هەمبەر هێرشەکانی تورکیا بۆسەر باکووری سووریا بە ناتەواو وەسف دەکەن، وتی: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ خواست و بەرژەوەندییەکانی ئایندەی گەلی کوردە لە چوارچێوەی قانوونی ئەساسیی عێراق، بۆیە ناتوانێت ئێحساساتی کار بکات بەڵکوو لە هەوڵدایە لەڕووی ستراتێژییەوە پێوەندییەکانی خۆی بپارێزێت و پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد بکات".

ناوبراو درێژەی دا: حکوومەتی هەرێمی کوردستان جوگرافیێکی سەقەتی هەیە و لەبەینی ئەم چوار وڵاتەدا ناتوانێت لە چوارچێوەی خۆی دەرچێت بەڵام خەڵک و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بۆ خۆیان ئازادن.

نازم دەباغ ڕایگەیاند کە ئایا هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە حکوومەتی خۆیان بژێو و ژیانی ڕۆژانەیان ناوێت؟ لە کام وڵاتدا بۆی دێت؟ یان لە ئێرانە یان لە تورکیا.

ناوبراو لەبارەی سیاسەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەڵوێستەکانی ئەم حکوومەتە لەسەر هێرشەکانی تورکیا بۆ ناوچەکانی باکوری سووریا وەبیری هێنایەوە: حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت سیاسەتێکی هاوسەنگی هەبێت لە پێناوی بەرژەوەندییەکان، هەربۆیە حکوومەت داوا دەکات بەزووترین کات ئەم شەڕە لە ڕێگای گفتوگۆوە ڕابگیرێت. کورد لە چوارچێوەی قانوونی ئەساسیی ئەم وڵاتانەی کە کوردی لێیان دەژیێت دەتوانێت بە مافەکانی خۆی بگات و کێشەکانیان چارەسەر بکەن.

ناوبراو جەختی کردەوە: حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئیدارەیێکە لە چوارچێوەی حکوومەتی عێراقی بۆیە ناتوانێت لەڕووی سیاسەتی خارجی و سیاسەتی بەرگرییەوە لە دەرەوەی ئەو سیاسەتە کار بکات کە حکوومەتی ناوەندی هەیەتی، حکوومەتی هەرێم دەبێت پابەندی ئەم چوارچێوە بێت.

نازم دەباغ ئاماژەی بەو ڕەخنانە دا کە دەخرێتە پاڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وتی: نابێت خەڵک وەکوو ترامپ بیر بکاتەوە کە دەڵێت: "کورد لە جەنگی جیهانیی یەکەم و دووهەم هاوکاریی ئێمەی نەکرد"؛ مەگەر کورد دەوڵەتە؟ مەگەر کورد حکوومەتی سەربەخۆی هەیە کە بەناوی سوپای خۆی بەشدار بێت؟ یان کورد هاونیشتمانییە لە یەکێک لەم وڵاتانە و جلی سەربازیی ئەم وڵاتەی لەبەرە و جەیشی ئەم وڵاتانە لە کوێدا بوون لە کاتی شەڕدا کەسی کوردیشیان تێدا بووە. بۆیە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت لە چوارچێوەی سیاسەتی عێراقیدا هەڵوێست وەربگرێت.

 

کۆدی هەواڵنێر: 60113

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه