13:00 PM   IRAQ
WEDNESDAY, 13 DECEMBER 2017
 الأخبار |◀   شه‌ڕ له‌ سووریا کۆتاییی پێ نه‌هاتووه‌ به‌ڵکوو چۆته‌ قۆناغێکی نوێوه‌
توێژه‌رێکی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست:
ڕووسیا ئه‌لترناتیڤی ئه‌مریکایه‌ بۆ کورده‌کانی سووریا

به‌شی جیهان- مایکڵ جانسن بڕوای وایه‌ ڕووداوه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی سووریا و هاوکاریی به‌رفراوانی کورده‌کانی ئه‌و وڵاته‌ له‌گه‌ڵ ڕووسیا ده‌یسه‌لمێنێت که‌ مۆسکۆ به‌نیازه‌ ببێته‌ ئه‌لترناتیڤێک بۆ ئه‌مریکا لای کورده‌کانی سووریا.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی ڕابردوو ڕاشا تووده‌ی هه‌واڵی دانیشتنی به‌رپرسه‌ سه‌ربازییه‌کانی ڕووسیا له‌گه‌ڵ 23 نوێنه‌ری گرووپه‌ جۆربه‌جۆره‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ڕووباری فوراتی ڕووماڵ کرد. ئه‌و ناوچه‌یه‌ له‌ ئۆپه‌راسیۆنی ئه‌م دواییه‌ی کورده‌کاندا به‌ هاوکاریی ڕووسیا له‌ بنده‌ست داعش ئازاد کرا. به‌رپرسه‌ ڕووسییه‌کان له‌ میانی ڕاگه‌یاندنی سه‌رکه‌وتن له‌و ناوچه‌یه‌دا له‌ ته‌نیشت کورده‌کانی سووریا ده‌رکه‌وتن.

مایکڵ جانسن شرۆڤه‌کارێکی پرسی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ئه‌و ئاڵوگۆڕانه‌ به‌ نیشانه‌یێک ده‌زانێت بۆ نزیک بوونه‌وه‌ی ڕووسیا له‌ کورده‌کانی سووریا.

گوتووشیه‌تی: هاوکات ئه‌گه‌ری ڕاگیرانی هاوکاریی سه‌ربازیی ئه‌مریکا بۆ کورده‌کانی سووریا وێنا ده‌کرێت.

ئه‌و توێژه‌ره‌ له‌ یادداشتێکی ئایریش تایمزدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ کردووه‌ کورده‌کانی سووریا ئاماده‌ییی خۆیان بۆ پاراستنی هێزه‌کانی ڕووسیا ڕاگه‌یاندووه‌ که‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ڕووباری فورات جێگیر کراون.

له‌ یادداشته‌که‌دا زیاد کراوه‌ له‌و ڕووه‌وه‌ که‌ ئه‌مریکا پشتی له‌ کورده‌کان کردووه‌ ڕووسیا هه‌وڵ ده‌دات وه‌کوو هاوپه‌یمانێکی کورد جێگای ئه‌مریکا بگرێته‌وه‌ و هاوکاریی خۆی له‌گه‌ڵ کورده‌کانی سووریا فراوان بکات.

ئه‌و خاوه‌ن بیره‌ هه‌روه‌هاش گوتوویه‌تی: ڕووسیا به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌مریکاوه‌ داوای به‌شداریی کورده‌کانی سووریا له‌ دانووستانی ئاشتیی ئه‌و وڵاته‌ ده‌کات. ئه‌مریکاش هاوکاریی کورده‌کانی کردووه‌ به‌ڵام جیاوازییان ئه‌وه‌یه‌ که‌ ڤیلادیمیر پووتن سه‌رۆک کۆماری ڕووسیا به‌ پێچه‌وانه‌ی سه‌رۆک کۆماری ئه‌مریکاوه‌ ستراتێژییێکی ڕوون و ئاشکرای هه‌یه‌ و به‌نیازه‌ ڕۆڵی فیدراسیۆنی ڕووسیا له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ببووژێنێته‌وه‌. ده‌وڵه‌تی تره‌مپ ستراتێژییێکی ڕوونی نییه‌ و توانای ئه‌وه‌شی نییه‌ ستراتێژییێکی شه‌فافی هه‌بێت.

 

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه