23:40 PM   IRAQ
WEDNESDAY, 24 JANUARY 2018
 به په‌له |◀   ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ کورده‌کانی سووریا به‌شداریی دانیشتنی سۆچی نه‌که‌ن
ئه‌شواق جاف نوێنه‌رێکی پارتی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، تایبه‌ت بۆ کوردپرێس:
ئه‌وه‌ی به‌ فه‌رمی مافی گفتوگۆکردن له‌گه‌ڵ به‌غدای هه‌یه‌ حکوومه‌تی هه‌رێمه‌/نه‌بوونی یه‌کڕیزیی نێوماڵی کورد مافه‌کانمان لێده‌فه‌وتێنێت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ئه‌شواق جاف ئه‌ندامێکی فراکسیۆنی پارتی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق سه‌ردانه‌که‌ی شاندی هاوبه‌شی ئۆپۆزسیۆنی هه‌رێمی کوردستان بۆ به‌‌دا به‌ بابه‌تێکی ئاسایی ده‌زانێت به‌و مه‌رجه‌ی ئه‌و شانده‌ یان هه‌ر شاندێکی تر ته‌نها بۆ باس و ڕاگۆڕینه‌وه‌ ئه‌و سه‌ردانه‌ بکات نه‌ک بۆ ئه‌نجام دانی گفتوگۆی فه‌رمی. چوونکه‌ به‌ ته‌ئکید ئه‌وه‌ ته‌نها مافی شاندی خودی حکوومه‌تی هه‌رێمه‌ که‌ ئه‌و گفتوگۆوه‌ فه‌رمییه‌ ئه‌نجام بدات.

کوردپرێس: سه‌ردانه‌که‌ی شاندی هاوبه‌شی سێ حزبی گۆڕان، کۆمه‌ڵی ئیسلامیی کوردستان و هاوپه‌یمانی بۆ دیموکراسی و دادپه‌روه‌ری و پێشوازی لێکرانیان له‌ لایه‌ن به‌رپرسانی باڵای حکوومه‌تی مه‌رکه‌زی و به‌تایبه‌ت حه‌یده‌ر عه‌بادی کاردانه‌وه‌ و شرۆڤه‌ی زۆری به‌دوای خۆیدا هێنا. ئه‌وه‌ش له‌ حاڵێکدا ده‌روازه‌ی به‌غدا به‌ ڕووی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستاندا ئێستاش بۆ ئه‌نجام دانی گفتوگۆی فه‌رمی داخراوه‌. هه‌واڵده‌ریی کوردپرێس له‌ درێژه‌ی زنجیره‌ دیمانه‌کانی خۆیدا گفتوگۆیێکی له‌گه‌ڵ حه‌سه‌ن جه‌هاد، سه‌رکرده‌یێکی هاوپه‌یمانی بۆ دیموکراسی و دادپه‌روه‌ری کردبوو که‌ ئه‌ندامی شاندی هاوبه‌شی ئۆپۆزسیۆنی هه‌رێمی کوردستان له‌ سه‌ردانه‌که‌ی به‌غدا بوو. ئه‌مجاره‌شیان کوردپرێس دیمانه‌یێکی له‌گه‌ڵ ئه‌شواق جاف نوێنه‌ری به‌رجسته‌ی پارتی دیموکراتی کوردستان له‌ په‌رله‌مانی عێراق کردوووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵوێست و کاردانه‌وه‌ی ئه‌و نوێنه‌ره‌ و پارته‌که‌ی به‌رانبه‌ر به‌ سه‌ردانه‌که‌ی شاندی هاوبه‌شی ئۆپۆزسیۆن بۆ به‌غدا و هه‌روه‌هاش هه‌ڵبژاردنی داهاتووی په‌رله‌مانی عێراق تاوتوێ بکات.

ده‌قی دیمانه‌که‌:

* کوردپرێس: بینیتان له‌ ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا وه‌فدێکی هاوبه‌شی کۆمه‌ڵ و گۆڕان و یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان سه‌ردانی به‌غدا کرد، بۆچوونتان له‌سه‌ر سه‌ردانی ئه‌و وه‌فده‌ هاوبه‌شه‌ی گۆڕان، کۆمه‌ڵ و هاوپه‌یمانی بۆ دیموکراسی له‌م قۆناغه‌دا بۆ به‌غدا و گفتوگۆ له‌گه‌ڵ سه‌رکرده‌کانی به‌غدا چییه‌؟

- ئه‌شواق جاف: ته‌بعه‌ن وه‌کوو وه‌فدی حزبی زۆر ئاسایییه‌ ئه‌گه‌ر سه‌ردانی هه‌ر حزبێکی سیاسی عێراق بکات و هه‌روه‌هاش موباحساتێک دروست بکات و هانی حکوومه‌تی به‌غدا بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و هه‌روه‌هاش هانی حکوومه‌تی به‌غدا بۆ فه‌رزکردنی شایسته‌ دارایییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که‌ مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ که‌ موفازات بکات حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستانه‌ چوونکه‌ موفازاتی بێ ده‌ستکه‌وت ئه‌بێته‌ دایکۆمێنت و به‌ڵگه‌ و ئه‌و به‌ڵگانه‌ش له‌ حکوومه‌ته‌ و ئه‌و حکوومه‌ته‌ش له‌ مادده‌ی 117ی ده‌ستوور ئیعترافی پێ کراوه‌ و شه‌رعییه‌تی وه‌رگرتوووه‌ له‌ په‌رله‌مانی کوردستان و په‌رله‌مانی کوردستان ئه‌گه‌ر له‌بیرتان بێت به‌یاننامه‌یێکی پێگری بۆ حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان داوه‌ و هه‌روه‌هاش وه‌فدێکی فه‌نی و یاساییشی ئاماده‌ کردوووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان سه‌ردانی به‌غدا بکات تا ئه‌م له‌حزه‌یه‌ حکوومه‌تی به‌غدا کاتێکی دیاری نه‌کردوووه‌ بۆ گفتوگۆ و نیسبه‌تی ئه‌وه‌ بده‌ین که‌ سه‌ردانی به‌غدای کردوووه‌ بۆ هاندانی حکوومه‌تی به‌غدا بۆ گفتوگۆ ئه‌مه‌ش شتێکی زۆر ئاسایییه‌ به‌ڵام وه‌فدێکی حزبییه‌ و ئه‌وه‌ی که‌ مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ که‌ گفتوگۆیێکی فه‌رمی بکات خۆی وه‌فدی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستانه‌. ‌

* کوردپرێس: چوونی ئه‌م وه‌فده‌ هاوکات بوو له‌گه‌ڵ چوونی وه‌فدی دوو وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و په‌روه‌رده‌ بۆ به‌غدا، له‌سه‌ر هه‌مان بابه‌تی مووچه‌ و کاروباری هاوپه‌یوه‌ند به‌وه‌ بوو. ئه‌وانیش داوای مووچه‌ و ئه‌و شتانه‌یان ده‌کرد. پێتان وا نییه‌ ئه‌م دوو ده‌نگییه‌ له‌ به‌غدا له‌ به‌رژه‌وه‌ندی کورد ته‌واو نابێ؟

- ئه‌شواق جاف: هه‌مووی داوای مافی میلله‌تی کورد ده‌کات. حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان پێشوه‌ختیش داوای کردوووه‌. بۆیه‌ وه‌کوو ئاماژه‌م پێکرد دوو خاڵ هه‌یه‌ ده‌بێ زۆر جیاوازی له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تر بکرێت. موفاوه‌زات و موباحه‌سات. ئه‌وه‌ی که‌ مافی موفاوه‌زاتی هه‌یه‌، حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستانه‌‌. ئه‌وه‌ی مافی موباحه‌ساته‌ له‌ پڕۆسه‌ی سیاسی زۆر ئاساییه‌ هه‌ر حزبێک داواکاری بکات. به‌ڵام وه‌کوو ئاماژه‌م پێکرد ئه‌وه‌ی که‌ مافی داواکاری یان مافی موفاوه‌زاتی هه‌یه‌، حکوومه‌ته‌. جه‌نابت ئه‌ڵی یه‌کڕیزی به‌ ته‌ئکید یه‌کڕیزی زۆر گرینگه‌ وه‌کوو ئاماژه‌م پێکرد ئه‌و وه‌فده‌ی حکوومی که‌ دێته‌ به‌غدا زۆر زۆر گرینگه‌ که‌ یه‌کڕیز و یه‌کده‌نگ بێت و هه‌روه‌هاش داوای مافی خه‌ڵکی کوردستان به‌ یه‌کگرتوویی چوونکه‌ به‌ڕاستی ئه‌گه‌ر پرژوبڵاوی بێت ئه‌وا مافی کورد له‌ ده‌ست ده‌ده‌ین و هه‌روه‌هاش له‌ خولی ڕابردوو چونکه‌ یه‌کگرتوو بووین توانیمان گرژ بین به‌رانبه‌ر پێشێلکارییه‌کانی حکوومه‌تی عێراقی به‌ڵام له‌م خوله‌ به‌ حوکمی ئه‌وه‌ی که‌ هه‌ر لیستێک به‌ به‌رنامه‌یێکی جیاواز کار ده‌کات بۆیه‌ وای کرد که‌ به‌و شێوه‌یه‌ بێت به‌ڕاستی مافه‌کانمان به‌ده‌ست نه‌هێنا.

* کوردپرێس: وه‌ک ئاماژه‌تان پێدا تاکوو ئێستا به‌غدا وڵامێکی بۆ داواکاریی هه‌رێمی کوردستان بۆ ده‌ست‌پێکردنی گفتوگۆی ڕاسته‌وخۆ نه‌داوه‌ته‌وه‌. به‌م گۆرانکارییانه‌ی دوایی و هه‌روه‌ها له‌به‌ر ڕۆشنایی ئه‌وه‌ی که‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوو له‌ عێراقدا به‌ڕێوه‌یه‌ پێشبینیتان بۆ په‌یوه‌ندییه‌کانی هه‌ولێر و به‌غدا چییه‌؟

- ئه‌شواق جاف: هه‌روه‌ها که‌ ده‌زانن له‌ ماوه‌ی ڕابردوو حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان داوای کردوووه‌ که‌ ئه‌مه‌ ده‌ستبژێر بکات به‌ڵام به‌غدا ته‌نها پێشوازییێکی میدیایی کرد بۆ ئه‌م داواکارییه‌. ئه‌مڕۆ نزیکی هه‌ڵبژاردن ده‌بینه‌وه‌ هه‌روه‌هاش ململانیێکی توند له‌ نێوان عه‌بادی و مالیکییه‌، بۆیه‌ عه‌بادی داوای گفتوگۆی له‌ حکوومه‌تی کوردستان کرد. به‌ڵام له‌ هه‌مووی گرینگتر ئه‌م داواکارییه‌ی ته‌حمیل بکرێته‌ سه‌ر ئه‌مری واقیع به‌ ته‌حدیدکردنی کات بۆ سه‌ردانی وه‌فدی هه‌رێمی کوردستان به‌تایبه‌تی، چوونکه‌ هه‌رێمی کوردستان وتیان لاریمان نییه‌ بۆ وردبینی له‌ ئاراسته‌کردنی ورده‌کارییه‌کانی ئامار و ڕێژه‌ی نه‌وت و هه‌روه‌ها ئاراسته‌کردنی لیستی مووچه‌خۆران به‌ به‌‌غدای نییه‌ و ئه‌گه‌ر جێبه‌جێ کرد یانێ به‌قازانجی کورد ده‌بێت.  

* کوردپرێس: هاوپه‌یمانیێک پێشبینی ده‌که‌ن که‌ پارتی دیموکراتی کوردستان له‌ داهاتوودا یان له‌ هه‌ڵبژاردندا هاوپه‌یمانییێک له‌گه‌ڵ لیسته‌که‌ی نووری مالیکی پێکبهێنن؟

- ئه‌شواق جاف: ته‌نها قسه‌ی ئیعلامه‌ و هیچ ئه‌سڵ و ئه‌ساسی نییه‌.

* کوردپرێس: پێتان وایه‌ بۆچی له‌م قۆناغه‌دا ئه‌م باسه‌ دێته‌ ئاراوه‌؟

- ئه‌شواق جاف: ئێستا زۆر له‌و شتانه‌ باس ئه‌کرێت ئه‌وه‌ش هه‌مووی چونکه‌ ژینگه‌یێکی سیاسی ناته‌ندروسته‌ و حزبه‌کانی عێراق به‌ شێوه‌ی گشتی په‌نا ده‌به‌ن بۆ ئه‌و جۆره‌ لێدوانانه‌ له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی سیاسی ئه‌گینا به‌ڕاستی ده‌بوایا حزبه‌ کوردستانییه‌کان بیریان له‌وه‌ بکردایا یه‌کڕیزیی ماڵی کورد ئینجا ئه‌و جۆره‌ لێدوانانه‌ ده‌ده‌ن.  

* کوردپرێس: پرسیارێک له‌ باره‌ی بودجه‌ی 2018ی عێراق، ئه‌گه‌ر بودجه‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ که‌ داڕێژراوه‌ په‌سه‌ند بکرێت هه‌ڵوێستی کۆتاییی ئێوه‌ وه‌کوو لایه‌نی کوردی چی ده‌بێ؟

- ئه‌شواق جاف: پێشتر ئێمه‌ وه‌کوو نوێنه‌رانی کوردی په‌رله‌مانی عێراق هه‌ڵوێستی خۆمان له‌و باره‌وه‌ ڕاگه‌یاند و داوای گۆڕینی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌مان کرد، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر په‌سه‌ندی یاسای بودجه‌ ته‌ئکید بکرێت ئێمه‌ش دوایین هه‌ڵوێستی خۆمان ڕاده‌گه‌یێنین و دژی ئه‌وان ده‌بینه‌وه‌.

دیمانه‌: حه‌سه‌ن ساڵحی

 

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه