09:10 PM   IRAQ
MONDAY, 19 NOVEMBER 2018
 به په‌له |◀   سەرۆک کۆماری عێراق گه‌یشته‌ سعوودیه‌
توێژەرێکی پەیمانگای ستراتێژییانەی کۆلیژی شەڕ:
گفتوگۆی نێوان کورد و دەوڵەتی سووریا لە سەر خۆبەڕێوەبەرییە

بەشی جیهان- پڕۆفیسۆر کریستۆفڕ بۆلان توێژەری ئەنستیتۆ ستراتێژییانە کە سەر بە کۆلیژی شەڕە لە ئەمریکا گفتوگۆیێکی لەگەڵ ئاژانسی کوردپرێس کردووە و بڕوای وایە ئەو گفتوگۆیەی ئێستاکە لە نێوان کورد و دەوڵەتی ناوەندیی سووریا بەردەوامە لە سەر پێدانی خۆبەڕێوەبەرییە بۆ کورد ئەوەش بە گوێرەی دەستووری نوێی ئەو وڵاتە.

کوردپرێس:

لە ماوەی حەوت ساڵی ڕابردووی شەڕی سووریا بە دەگمەن ڕێککەوتووە کە لە نێوان هێزی کورد و هێزی سەر بە دەوڵەتی ناوەند شەڕ و پێکدادان ڕووی دابێت ئەوەش لە کاتێکدایە دیمەشق بە هەموو توانا و هێزی سەربازیی خۆیەوە و بە یارمەتیی ڕووسیا شەڕی ڕەوتە موعتەدیل و توندڕەوەکانی کردووە و سەرکەوتنی سەربازیی باشیشی بەدەست هێناوە. دیمەشق ئێستاکە تەنها ناوچەی ژێر کونتڕۆڵی کورد و بەشێک لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی میلیشیاکانی سەر بە تورکیا و ئیدلیبی بە دەستەوە نەماوە ئەگینا کۆنتڕۆڵی هەموو سووریای بەدەستەوەیە. بەهاری ساڵی ڕابردوو دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لە فەرمانێکی چاوەڕواننەکراودا ڕایگەیاند کە ئەمریکا هێزی سەربازیی خۆی لە سووریا دەباتە دەرەوە. ئەمریکا لە شەڕی دژ بە داعشدا هاوپەیمانە گەورەکەی کورد بوو و جگە لە مەوزووعی مەنبەج لە هەموو کاتێکدا پشتیوانی کورد بووە بەڵام کورد لەو ئەگەرەی کشانەوەی ئەمریکا دەترسێت و هەوڵ دەدات پێش ئەوەی دیمەشق هەموو سووریا کۆنتڕۆڵ بکاتەوە لەگەڵی ڕێک بکەوێت بەو مەبەستەش تا ئەم کاتە کورد دوو جار لەگەڵ بەرپرسانی دیمەشق دیدار و گفتوگۆیان کردووە.

ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس مەبەستیەتی ڕۆشنایی بخاتە سەر بابەتی ئایندەی کورد و دانووستاندنی کورد لەگەڵ دیمەشق و ئەنجامی شەڕی نێو سووریا، هەر بۆیەش گفتوگۆیێکی لەگەڵ پڕۆفیسۆر کریستۆفڕ بۆلان توێژەری ئەنستیتۆ ستراتێژییانە کردووە کە سەر بە کۆلیژی شەڕە لە ئەمریکا.

پڕۆفیسۆر بۆلان لە بارەی هۆکاری لێدوانەکەی بەرپرسانی ئەمریکا لە سەر کشانەوەی هێزی سەربازیی ئەو وڵاتە لە سووریا بە هەواڵنێری کوردپرێسی وت: ئەوانەی پشتگیری لە مانەوەی هێزی ئەمریکی لە سووریا دەکەن بڕوایان وایە زەروورە ئەمریکا بمێنێتەوە لە بەر ئەوەی شەڕی دژبەداعش پەکی نەکەوێت و واشەنتۆن کارتی گوشاری بە دەستەوە بمێنێت بۆ دانووستان و گفتوگۆی سیاسی لەبارەی ئایندەی بەشار ئەسەدەوە و هەروەهاش بتوانێت کۆسپ و لەمپەر دروست بکات لە بەرانبەر هەر وڵاتێکدا کە ئەمریکا حەز بە مانەوەی لە ناوچەکە نەکات. ئەوانەش کە پشتگیریی کشانەوەی هێزی ئەمریکی لە سووریا دەکەن بڕوایان وایە بەشی زۆرینەی فەرمانی ڕاسپێردراو بۆ شەڕی دژبەداعش ئەنجام دراوە و بۆیەش چیتر پاساو نەماوە بۆ مانەوەی ئەمریکا لە سووریا. پاڵپشتانی کشانەوەی ئەمریکا هەروەهاش داوای ئەوە دەکەن کە ئەمریکا جارێکی تر خۆی نەگلێنێت لە بەرنامەی نوێکردنەوە و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەیێکی دیکە لەبەر ئەوەی تێچووەکەی زۆرە.

ئەو پڕۆفیسۆرەی کۆلیژی شەڕ لەبارەی پشتگیری نەکردنی ئەمریکا لە کورد لە هێرشی داگیرکەرانەی تورکیا بۆ سەر کانتۆنی کوردنشینی عەفرین بە کوردپرێسی وت: ئەگەر ئەمریکا پشتگیریی کوردی بکردایە مەترسیی شەڕی نێوان ئەنقەرە و واشەنتۆن لە ئارادا بوو. زۆرینەی ئەمریکییەکان لە ناوەندە ئەمنی و نیشتمانی و بەرگرییەکاندا کوردی سووریا بە هاوپەیمانێکی حەیاتی دەزانن بۆ بنبڕ کردنی داعش لە ناوچەکە بەڵام لەلایێکی دیکەشەوە تورکیا ئەندامێکی ناتۆیە و هاوپەیمانی تورکیایە نە بەرپرسانی سەربازیی ئەمریکا و نە بەرپرسانی سەربازیی تورکیاش هیچیان حەز ناکەن لە سەر کورد، پێکدادانی سەربازی لە نێوان ئەنقەرە و واشەنتۆن ڕوو بدات. هەر بۆیەش ئەمریکاش و ئەنقەرەش بەرژەوەندیی هاوبەشیان هەیە لەوەی کە لە مەوزووعی عەفریندا پێکدادانی سەربازی ڕوو نەدات.

دوکتور کریستۆفر بۆلان لە بارەی دانووستانی نێوان کورد و دەوڵتی بەشار ئەسەد لە سەر ئاندەی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی کورد ڕایگەیاند: گفتوگۆکان ئێستا قۆناغی سەرەتایی تێدەپەڕێنێت و تا ئەم کاتەش هیچ ئەنجامێکی نەبووە و تەوەری دانووستانەکەش پێدانی سیستەمی خبەڕێوەبەری بە کوردی سووریایە لە باکووری ئەو وڵاتە و پێدانی ئەو سیستەمە خۆبەڕێوەبەرییەش بەپێی دەستووری نوێی سووریا دەبێت.

ناوبراو سەبارەت بەوەش کە قەیرانی ئێستای سووریا و شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتە بەرەو کوێ دەچێت بە کوردپرێسی ڕاگەیاند: پێ دەچێت لە قۆناغی دواییدا سوپای سووریا دەست بکات بە هێرشکردنە سەر ئیدلیب و ئەو ناوچەیەش کۆنتڕۆڵ بکاتەوە و ئەوەی کە تورکیا تا چ ئاستێک مل بە پێشڕەویی سوپای سووریا لە ئیدلیب بدات پرسیارێکی ستراتێژییانە و گرینگە لای مۆسکۆ و دیمەشق. ئەگەر وای دانێین ئەمریکا لە سووریا بکشێتەوە و بەشار ئەسەدیش ئیدلیب کۆنتڕۆڵ بکاتەوە –کە هیچ کام لەم دوو گریمانەیە یەکلا نەبۆتەوە- ئەو دەم بەشار ئەسەد دەسەڵاتی ڕەهای خۆی بە سەر هەموو سووریا بڵاو دەکاتەوە. دیارە ئەم سەرکەوتنانەش زەمانەت نین بۆ سەقامگیریی سیاسی و ئابووری لە سووریا. داعش و دیکەی گرووپە تیرۆریستی و توندڕەوەکانی سووریا بەردەوام دەبن لە هێرشی ناوبەناوی خۆیان دژ بە هێزی ئەسەد. سەرەڕای ئەوەش خەساری فراوانی شەڕ ژێرخانی ئاوەدانکاریی ئەو وڵاتەی ڕووخاندووە و ئابووری ئەو وڵاتە کۆمەڵگای مەدەنیی تووشی خەسار کردووە و لە ئایندەدا هەژاری و نەداری و خەساری کۆمەڵایەتی برینی ناسۆری سووریا دەبێت و ناسرەوێت.

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه