09:25 PM   IRAQ
MONDAY, 19 NOVEMBER 2018
 به په‌له |◀   موسه‌ننا ئه‌مین: پێویسته‌ ڕیفراندۆم بکرێته‌ قۆناغی به‌خۆداچوونه‌وه‌ و وازهێنان له‌ عه‌نته‌ریات و خۆفه‌رزکردن
مه‌روان گه‌ڵاڵی سه‌رۆکی فراکسیۆنی کۆمه‌ڵی ئیسلامی تایبه‌ت بۆ کوردپرێس:
ئیتیفاقی نێوان لایه‌نه‌ ناڕازییه‌کان لاوازه‌ و هەموویان به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان ده‌بینن

به‌شی دیمانه‌/ عێراق و هه‌رێمی کوردستان- مه‌روان گه‌ڵاڵی سه‌رۆکی فراکسیۆنی کۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌ په‌رله‌مانی کوردستان له‌ دیمانه‌یێکی کوردپرێسدا گوتوویه‌تی: ئه‌وانه‌ی داوای دواخستنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان زیاتر نیگه‌رانی ئه‌وه‌ن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کاندا سه‌رکه‌وتوو نه‌بن.

کوردپرێس: بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان که‌ بڕیاره‌ ڕۆژی 30ی ئه‌یلوول به‌ڕێوه‌ بچێت له‌ ڕۆژی سێشه‌ممه‌وه‌ 11ی ئه‌یلوول ده‌ستی پێکردوووه‌ به‌و حاڵه‌شه‌وه‌ ململانێ و ده‌نگۆی دواخستنی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ ئێستاش له‌ ساحه‌ی سیاسیی هه‌رێمی کوردستان گه‌رمه‌ ئه‌گه‌رچی هیچ حیزبێکی هه‌رێم به‌ ڕه‌سمی داوای له‌ حکوومه‌تی هه‌رێم نه‌کردوووه‌ هه‌ڵبژاردن دوابخرێت به‌ڵام که‌سایه‌تییه‌ سیاسییه‌کان و هه‌واڵه‌کانی سه‌ر میدیا باسی گفتوگۆی پشتی په‌رده‌ ده‌که‌ن بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردن.

مه‌روان گه‌ڵاڵی سه‌رۆکی فراکسیۆنی کۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌ په‌رله‌مانی کوردستان له‌باره‌ی موناقشه‌ی لایه‌نه‌کان له‌سه‌ر دواخستنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان و هه‌ڵوێستی کۆمه‌ڵ له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌ هه‌واڵنێری کوردپرێسی وت: کۆمه‌ڵی ئیسلامی به‌ هیچ شێوه‌یێک له‌گه‌ڵ دواخستنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌ماندا نییه‌ و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ین که‌ هه‌ڵبژاردن له‌ کاتی خۆیدا بکرێت چوونکه‌ هیچ به‌دیلێکی بڕواپێکراو نییه‌ بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردن به‌ڵکوو ته‌نانه‌ت پێچه‌وانه‌که‌شی ده‌بینین و ده‌بوو زووتر هه‌ڵبژاردن کرابا چوونکه‌ بارودۆخی هه‌رێمی کوردستان ناله‌باره‌ و حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان نه‌یتوانی له‌ ئاستی خزمه‌تگوزارییه‌کاندا بێت بۆ خه‌ڵکی هه‌رێمی کوردستان و ئه‌وه‌ش ده‌لاله‌ته‌ بۆ زه‌رووره‌تی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ نه‌ک دواخستنی هه‌ڵبژاردن.

پێشتر یووسف محه‌مه‌د سه‌رۆکی ده‌ستله‌کارکێشاوی په‌رله‌مانی کوردستان که‌ هاوکات سه‌رکرده‌یێکی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌ باسی گفتوگۆی نێوان چوار لایه‌نی ناڕازیی هه‌رێمی کوردستان کردبوو و مه‌روان گه‌ڵاڵی له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌ کوردپرێسی وت: چوار لایه‌نه‌که‌ بۆ هه‌ندێک پرسی تایبه‌ت له‌ به‌غدا کۆ ده‌بوونه‌وه‌ که‌ به‌داخه‌وه‌ براده‌رانی گۆڕان هه‌ڵیانوه‌شانده‌وه‌ ئه‌گینا بڕیار بوو چوار لایه‌نه‌که‌ پێکه‌وه‌ بچن بۆ به‌غدا به‌ڵام په‌رله‌مانتارانی گۆڕان تاکلایه‌نانه‌ بڕیاریان دا نه‌چنه‌ به‌غدا و په‌رله‌مانتاره‌کانیان سوێندی یاسایییان نه‌خواردوووه‌. دیاره‌ هیچ بابه‌تێک نییه‌ کۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌گه‌ڵ ئه‌و سێ لایه‌نی دیکه‌ قسه‌ی له‌سه‌ر بکات. کۆمه‌ڵ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه‌ هه‌ڵبژاردن له‌ کاتی خۆیدا بکرێت و بایکۆت ناکات به‌ڵکوو به‌شدار ده‌بێت له‌ پڕۆسه‌ی سیاسی.

ئه‌وانه‌ی داوای دواخستنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان ده‌که‌ن دوو هۆکار ده‌خه‌نه‌ ڕوو؛ یه‌که‌م ئه‌وه‌ی بارودۆخی هه‌رێمی کوردستان ناله‌باره‌ و دووهه‌م ئه‌وه‌ی دڵنیا نیین له‌ سه‌لامه‌تی تۆماری ده‌نگده‌ران و سه‌رۆکی فراکسیۆنی کۆمه‌ڵ له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌ کوردپرێسی گوت: ئه‌و لایه‌نانه‌ی که‌ ده‌ڵێین بارودۆخی هه‌رێمی کوردستان ناله‌باره‌ ساڵێک پێش ئێستا داوایان ده‌کرد هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ بکرێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بارودۆخی هه‌رێمی کوردستان ناله‌باره‌. له‌لایێکی دیکه‌شه‌وه‌ تۆماری ده‌نگده‌ران کاتێک که‌ له‌ به‌رده‌ستی ئۆپۆزیسیۆنه‌ و کۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌کان چوار ئه‌ندامی ئۆپۆزیسیۆنی ڕابردووی تێیدایه‌ له‌ کاتێکدا له‌ ڕابردوودا ئه‌ندامانی کۆمیسیۆن به‌س ئه‌ندامانی پارتی و یه‌کێتی بوون به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی تۆماره‌که‌ سه‌داسه‌د ده‌ستکاری نه‌کرابوو تۆمارێکی خراپ بوو که‌ پڕ بوو له‌ ته‌زویر به‌ڵام لایه‌نی ناڕازی به‌ کۆمه‌ڵ و یه‌کگرتوو و گۆڕانیش به‌شداریمان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کان کرد ئه‌وه‌ش دوو جار له‌سه‌ر یه‌ک و ده‌نگی باشیش هات. براده‌رانی گۆڕان جارێک 25 کورسییان هێنا، جارێک 24 کورسی و ئاخر جار یه‌کگرتوو 10 کورسی و کۆمه‌ڵ 6 کورسیی هێنا بۆیه‌ من قه‌ناعه‌تم وایه‌ ئه‌وه‌ به‌هانه‌یه‌. به‌ڵێ تۆماری ده‌نگده‌ران که‌موکوڕیی تێدان به‌ڵام که‌موکۆڕییه‌کان ئه‌وه‌ نیین هه‌ڵبژاردنی بۆ دوا بخرێت.

ناوبراو گوتیشی: ئێستا جه‌ماوه‌ر له‌و لایه‌نانه‌ تووڕه‌یه‌ و له‌وانه‌یه‌ نه‌توانرابێت له‌ ئاستی داواکاریی هاووڵاتییاندا بووبن بۆیه‌ هه‌ندێک مواقیف و هه‌ڵوێست هاتنه‌ پێشه‌وه‌. خه‌ڵک هه‌ڵوێستی فیعلی و هه‌ڵوێستی کرده‌وه‌یی ده‌ویست نه‌ک هه‌ڵوێستی ئیدانه‌ وه‌کوو ڕێکخراوه‌ جه‌ماوه‌رییه‌کان و نموونه‌ی‌تر. خاڵێکی دیکه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ کێشه‌ی ناوخۆییی لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان که‌ له‌ خۆیان ڕانابینن به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کان بکه‌ن ئه‌گینا ئێمه‌ کۆمیسیۆنمان بانگهێشتی په‌رله‌مانی کوردستان کرد و به‌ قسه‌ی کۆمیسیاران باشترین تۆماری ده‌نگده‌ران ئاماده‌ کراوه‌ و ئه‌و تۆماره‌ به‌راورد ناکرێت له‌گه‌ڵ هیچ تۆمارێکی دیکه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان و له‌ عێراقیش.

مه‌روان گه‌ڵاڵی دووپاتی کرده‌وه‌: کۆمه‌ڵی ئیسلامی پێداگره‌ له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردن له‌ کاتی خۆیدا و له‌گه‌ڵ بایکۆتدا نییه‌ و داوای هه‌ڵبژاردنێکی شه‌فاف ئه‌کات.

ناوبراو له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری دواخستنی هه‌ڵبژاردن به‌ تایبه‌ت پاش ئه‌وه‌ی ده‌ستپێکی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن یه‌ک هه‌فته‌ دوا خرا ئاشکرای کرد: هه‌موو هه‌وڵێک هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی که‌ هه‌ڵبژاردن دوابخرێت به‌ڵام تا ئێستا هیچ لایه‌نێک به‌ ڕه‌سمی ته‌قدیمی نه‌کردوووه‌ به‌ڵکوو به‌ ناڕه‌سمی له‌ براده‌رانی پارتی داوا کراوه‌.

سه‌رۆکی فراکسیۆنی کۆمه‌ڵ له‌ کۆتاییدا تیشکی خسته‌ سه‌ر ئاستی هه‌ماهه‌نگی و پێوه‌ندیی نێوان لایه‌نه‌کان بۆ پێکهێنانی حکوومه‌تی نوێی عێراق و هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان ڕای‌گه‌یاند: هیچ ئیتیفاقێکی سیاسی له‌ نێوان چوار لایه‌نی ناڕازی نییه‌ و هیچ خاڵێکی مه‌حدوود نییه‌ که‌ ئیتیفاقێکی کۆنکرێتییان له‌سه‌ری کردبێت ته‌نانه‌ت ئه‌توانم بڵێم هه‌ندێک خاڵی هاوبه‌ش هه‌یه‌ له‌ نێوان ئه‌و لایه‌نانه‌ به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هه‌ر لایه‌نێک به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی ده‌بینێته‌وه‌ بۆیه‌ ئه‌و یه‌کده‌نگییه‌ ده‌شکێنێت و ده‌رده‌چێت.

 

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه