09:09 PM   IRAQ
MONDAY, 19 NOVEMBER 2018
 به په‌له |◀   سەرۆک کۆماری عێراق گه‌یشته‌ سعوودیه‌
40 ساڵە کورد ڕەنج دەدات بۆ دەستخستنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و سوودی نەبوو

بەشی جیهان- گۆڤاری وار ئەیز بۆرینگ نووسیویەتی خاڵی لاوازی هەموو هێزە کوردییەکان و بەتایبەت پەکەکە و کوردی عێراق و ئێستاش کوردی سووریا ئەوەیە لە بەرانبەر هێرشی ئاسمانیدا سیستەمی بەرگرییان نییە.

کوردپرێس:

گۆڤاری وار ئەیز بۆرینگ لە وتارێکیدا تیشکی خستۆتە سەر خاڵی لاوازی توانای سەربازیی کورد و توویەتی نەبوونی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی خاڵێکی لاوازیی کوردە لە باری سەربازییەوە.

مانگی ئابی 2018 دەنگۆیێک بڵاو بوویەوە کە ئەمریکا سەرقاڵە بە دامەزراندنی ڕادار و کەرەستەی چاودێریی فڕۆکە و مووشەک بۆ جێگیرکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بەڵام میدیا تورکییەکان نووسیویانە ئەو هەڵمەتە ئەمریکا بە مەبەستی یارمەتیدانی ناوچەی دژەفڕینە لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی کوردی سووریا لە باکووری ئەو وڵاتە.

دەوڵەتی ئەمریکا ئەو دەنگۆیە بە ناڕاست دەزانێت و بڕوای وایە تێکەڵاوێکە لە خوێندنەوەی هەستۆکی و پڕوپاگەندەی سیاسی و دەشڵێت سیستەمەکە تەنها بە مەبەستی یارمەتیدانی کەمپێنی بەرپەرچدانەوەی داعش دامەزراوە و بەرگری کردن لە کورد لە بەرانبە هێرشی ئاسمانیی تورکیا و سووریا نییە.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تا ئەیلوولی 2018 زیاتر لە 2000 هێزی سەربازیی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بووە و تۆڕێکی بنکەی سەربازی و فڕۆکەخانەی سەربازیی لەو ناوچەیەدا دامەزراندووە.

بە ئەگەری زۆرەوە کورد پێشوازی لە دامەزراندنی ناوچەی دژەفڕین دەکات لەبەر ئەوەی ئەو بابەتە چانسی کورد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سوپای تورکیا و سووریا زیاد دەکات کە سوپای ئەو دوو وڵاتە لەچاو هێزی کورد لێهاتوو پێشکەوتووترە لەبەر ئەوەی کورد تەنها چەکی سووکی پێیە.

هێزی سووریای دیموکرات کە لە کورد و عەرەبی ئەو وڵاتە پێک هاتووە کانوونی یەکەمی 2016 داوای لە ئەمریکا کرد مووشەکی بەرگرییان بداتێ. تەلال سیلۆ وتەبێژی پێشووی ئەو هێزە داوای لە ئەمریکا کردبوو مووشەک هاوێژی سەرشان بدات بە هێزی سووریای دیموکرات. گرووپی تیرۆریستیی داعش هەرگیز هێزی ئاسمانیی نەبووە بەڵام هێزی سووریای دیموکرات بڕوایان وابوو لە ئەنجامدا ئەگەری ئەوە هەیە کە بە فڕۆکەی تورکی و سووری بکرێنە ئامانج.

تورکیا سەرەتای 2018 هێزی کوردی سووریای دیموکراتی لە کانتۆنی کوردنشینی عەفرین کردە دەرەوە. هێزی کوردی سووریا ڕۆژی 10ی شوبات کۆپتەرێکی جۆری تی 129ی تورکیای تێکشکاند و فڕۆکەوانەکەیشی کوشت.

ساڵی 1990 پارتی کرێکارانی کوردستان PKK ژمارەیێک مووشەک هاویژی سەرشانی ڕووسییان دەست کەوت و دەوترێت چەکی ئێس ئەی 18ی گرۆسیشیان دەست کەوتووە.

پەکەکە ئایاری 2016 گرتە ڤیدیۆیێکی بڵاو کردۆتەوە کە لەو ڤیدیۆیەدا هێزێکی پەکەکە بە چەکی ئێس ئەس 18 کۆپتەرێکی کوبرای سوپای تورکیا تێکدەشکێنێت. پەکەکە پێشتر هەرگیز بەقەدەری پێویست لەو چەکەی بەدەستەوە نەبوو کە هەڕەشەی سوپای تورکیای پێ بکات. بەگوێرەی ئەو مێژووەی ئێلیزا مارکۆس لەبارەی پەکەکەوە نووسیویەتی سووریا لە نەوەدەکاندا گەورەترین پشتیوانی پەکەکە بوو بەڵام لە ترسی تۆڵەکردنەوەی تورکیا نەیدەویست پەکەکە لە خاکی سووریاوە مووشەکی دژە فڕۆکە بەکار بهێنێت.

کوردستانی عێراق بە هۆی ئەو ناوچەی دژەفڕینەی بەریتانیا و ئەمریکا و فەڕەنسا پاش شەڕی کەنداو ڕایانگەیاند بوویە ناوچەیێکی خۆبەڕێوەبەر. ساڵی 1991 ئەمریکا ئوپەراسیۆنی Comfort aperationی یەک و دووی لە ناوچەی کوردستانی عێراق بەڕێوە بردن و پاشان کۆپتەری MI25 ئاوارە کوردەکانی کردە ئامانج کە بەرەو چیا و کوێستانەکان هەڵدەهاتن. هەمان ساڵی 1991 کورد و شیعەی عێراق دژ بە سەدام ڕاپەڕین. سامی عەبدولڕەحمان دیپڵۆماتێکی باڵای کورد داوای لە وڵاتانی ڕۆژئاوا کرد مووشەکی FIM-92ی ستینگەر و BGM-71 TOW بە کورد بدەن بۆ ئەوەی کورد توانای بەرگریکردنی هەبێت لە بەرانبەر هێرشەکانی سەدام.

کانوونی دووهەمی 1991 کۆمەڵێک هەواڵ بڵاو بوویەوە ناوەندی هەواڵگریی ئەمریکا ناسراو بە سیا و دەزگای هەواڵگریی سعوودیە دیراسەی پڕۆژەیێک دەکەن بۆ پێدانی ئەو جۆرە چەکانە بە کورد و شیعە بۆ ئەوەی بتوانن لە بەرانبەر سوپای ئەو دەمەی عێراق بەرگری لە خۆیان بکەن و بە ڕووخاندنی ڕۆژیمی بەعس دەوڵەتێکی بهێننە سەر کار کە لە هێر هەژموونی و نفووزی ئەمریکادا بێت. بەڵام لە ئەنجامدا نە ستینەگەر درا بە کورد و نە مووشەک هاویژی تاو.

ئیسرائیل لە ناوەڕاستی حەفتاکاندا مووشەکی دژەتانکی AT-3 Sagger 507 82 و SAVی دا بە گەریلا کوردەکان. ئەو چەکە هەمان جۆرە چەک بوو کە بەرهەمی ڕووسیایە و میسر لە شەڕی دژ بە ئیسرائیل لە سەحرای سینا بەکاری هێنا. ئیسرائیل لە بەرانبەر ئەو چەک فرۆشتنەدا چەکی دژەتانکی تاو و مووشەکی سەرشانی FIM-43 Redeyeی لە ئەمریکا وەرگرت.

هێزی پێشمەرگەی عێراق ژمارەیێک لە تانکە عێراقییەکانیان بە مووشەک هاویژی Sagger تێکشکاند بەڵام بەڵگە بەدەستەوە نییە کە بە چەکی SA-V لە بەرانبەر هێرشی ئاسمانیدا بەرگرییان لە خۆیان کردبێت. شای ئەو دەمی ئێران پاش ئەو ئیتفاقەی لەگەڵ سەدام کردی دەستی لە کورد بەر دا و بەوەش کورد تووشی شکست هات.

کوردی عێراق لەو کاتەوە وەکوو ناوچەی خۆبەڕێوەبەر ناسراوە تا بە ئەمڕۆش نەیتوانیوە هێڵێکی بەرگریی مەعقوول بۆ خۆی ساز بکات و بە هەمان شێوە نەیشیان توانیوە چەک و کەرەستەی سەربازیی باش بکڕن. ساڵی 2012 کە ململانێ و ناکۆکیی نێوان مەسعوود بارزانی و نووری مالیکی پەرەی سەند بارزانی هەوڵی دا دژ بەو فڕۆکە ئێف 16 گەلەی عێراق لە ئەمریکای کڕی لۆبیگەری بکات و پاساوەکەش ئەوە بوو کە ئەگەر هەیە عێراق فڕۆکەی ئێف 16ی دژ بە کورد و کوردستان بەکار بهێنێت.

بارزانی بۆ ئەو نیگەرانییەی خۆی کۆمەڵێک هۆکاری خستە ڕوو و یەک لەوانەش ئەوە بوو کە نووری مالیکی بە فەرماندەکانی ژێردەسەڵاتی خۆی وتبوو ئەگەر هەیە ڕۆژێک لە ڕۆژان فەرمانیان پێ بکات کە هەولێر داگیر بکەن بەڵام ئەوەش تەنها کاتێک دەبێت کە سوپای عێراق فڕۆکەی ئێف 16 وەربگرێت.

مەسعوود بارزانی لە گفتوگۆیێکی لەگەڵ کەناڵی ئەلجەزیرەدا وتبووی بەڕای ناوبراو جیاوازی نییە لە نێوان ئەو هەڕەشەیەی لەلایەن بەغداوە بەفڕۆکەی ئێف 16 دەکرێت لەگەڵ ئەو هەڕەشانەی بە میگی 19 و 21ی ڕووسی دەکرێت. بارزانی ئەوەشی وتبوو کە ترسی هەولێر لەو عەقڵییەتەی بەغدایە کە ئێستا وا بیر دەکاتەوە کە بە فڕۆکە و تۆپ و تانک دەتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات.

ماویێک پاش ئەوەش میدیا ڕووسییەکان وتیان ڕووسیا لە شەڕی کورد دژبەداعش مووشەک هاوێژی ZU-23-2یان داوە بە پێشمەرگە. ڕاستە ڕەنگە ئەو مووشەک هاوێژانە بۆ کۆپتەری نزم فڕ کاریگەر بێت بەڵام تەنانەت ئەگەر ئەو جۆرە چمووشەکەشیان پێ بێت زەحمەتە بتوانن پێش بە هێرشی ئاسمانیی فڕۆکە جەنگییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان بگرن.

 

سەرچاوە: وار ئەیز بۆرینگ

نووسەر: پۆل ئیدەن

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه