12:55 PM   IRAQ
WEDNESDAY, 19 SEPTEMBER 2018
 به په‌له |◀   هادی عامری بە فەرمی ڕایگەیاند کاندید نابێت بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق
گەڕانەوەیێکی بێشکۆی دەبێت... ئایا دوکتور بەرهەم دەگەڕێتەوە نێو یەکێتی؟

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەمڕۆ کۆبوونەوەی یەکێتی لەگەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆکی هاوپەیمانی بۆدیموکراسی و دادپەروەری بەڕێوە چوو و هەواڵە نافەرمییەکان باس لەوە دەکەن تەوەر و ئامانجی کۆبوونەوەکە گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەکێتییە.

کوردپرێس:

بەرهەم ساڵح کە وەکوو جێگری دووهەمی یەکێتی خاوەن شکۆ و دەسەڵاتی خۆی بوو و بەردەوام بە چەشنێکی لە دەسەڵاتدا بەشدار بوو پاش ئەوەی لە یەکێتی دابڕا و هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەریی بونیات نا لە هەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراقدا تووشی شکست هات و تانەی لە ئەنجامەکان دا و لەگەڵ لایەنە ناڕازییەکانی هەرێمی کوردستان واتا کۆمەڵ و یەکگرتوو و گۆڕان پێداگرییان لە سەر ژماردنەوەی دەنگەکان کرد و پاش ژماردنەوەکەش کە گۆڕانکاری لە ئەنجامی هەڵبژاردن و ژمارەی کورسییەکان نەکرا ئەم جار پڕۆسەی ژماردنەوەی دەنگەکانیان خستە ژێر پرسیار بەڵام ئەنجامەکان لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵەوە پەسەند کرا و هاوپەیمانی تەنها 2 کورسیی بۆ تۆمار کرا و وا دەرنەچوو کە دوکتور بەرهەم بۆی چووبوو.

ئێستا لە گەرمەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراقدا کە بەپێی ڕێکەوتنی نێوان لایەنەکان پۆستی سەرۆککۆمار پشکی یەکێتییە گرێکوێرەی ناساندنی کەسێک بۆ ئەو پۆستە نەکراوەتەوە و پاش ناو بردن لە چەند کەسێک هێشتا مەسەلەی کەسایەتییێک بۆ پۆستەکە یەکلا نەبۆتەوە.

هەواڵە نافەرمییەکان باس لەوە دەکەن کە ئەمریکا چاوی لە دوکتور بەرهەمەبۆ ئەو پۆستە و وا دەردەکەوێت ئێرانیش لەو بارەیەوە هیچ لاریی نەبێت بەڵام پێش دوو حەفتە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بە فەرمی ڕایگەیاند کە پۆستی سەرۆککۆماری ئیستحقاقی یەکێتییە و تەنها بە کەسێک دەدرێت کە کادیری یەکێتی بێت نەک کەسێکی دابڕاو لەو حیزبە.

مەلا بەختیار لێپرسراوی مەکتەبی سیاسیی یەکێتییش بە ئاشکرا ناوی دوکتور بەرهەمی ڕەت کردەوە و وتی ناتوانین ڕازی بین کە پۆستی سەرۆککۆمار بە کەسێک بدەین کە ئێمە بە دز و ساختەکار و تەزویرچی دەزانێت.

داکۆکی و یەکگرتنەکە بەرهەم ساڵحیش لەگەڵ لایەنە ناڕازییەکان بە هیچ نەگەیشت و مەترسیی ئەوە وێنا دەکرێت کە بەرهەم ساڵح لە ساحەی سیاسیی کوردستان و عێراقدا پەراوێز بخرێت بۆیە وادەردەکەوێت تاکە بژاردە بۆ دوکتور بەرهەم لەم قۆناغەدا ئەوەیە کە کار بۆ سازش کردن لەگەڵ لایەنەکان بکات و ئەگەر بۆی بلوێت بگەڕێتەوە ناو یەکێتی بەڵام گومانی تێدا نییە کە ئەو گەڕانەوەیە گەڕانەوەیێکی شکۆمەند نابێت.

باڤڵ تاڵەبانی لەم دواییەدا دەستپێشخەریی کردبوو بۆ دانیشتن لەگەڵ بەرهەم ساڵحو گەڕانەوەی جێگری دووهەمی یەکێتی بۆ ناو حیزبەکە.

بەو پێیەش ئەمڕۆکە هەینی 14ی ئەیلوولی 2018 کۆبوونەوەی بەرهەم ساڵح لەگەڵ یەکێتی بەڕێوە چوو و پێ دەچێت یەک لە تەوەرە سەرەکییەکانی دانیشتنەکەی نێوان ئەو دوو لایەنە پرسی گەڕانەوە دوکتور بەرهەم بۆ ناو یەکێتی بووبێت.

مەسعوود مەلا هەمزە، سکرتێری رۆژنامەڤانیی کۆسرەت رەسوول لەو باریەوە رایگەیاند، کۆسرەت رەسوول و بەرهەم ساڵح و شاندی هەردوولا لە سلێمانی کۆ بوونەوە.

شاندەکەی یەکێتی پێك هاتبوو له‌ كۆسره‌ت ره‌سووڵ عه‌لی جێگری سكرتێری گشتی، ئه‌رسه‌لان بایز و ره‌فعه‌ت عه‌بدوڵڵا ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی و لاهور شێخ جه‌نگی و بافڵ تاڵه‌بانی و په‌روین بابه‌كر ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی، هه‌روه‌ها شاندی هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری پێكهاتبوو له‌ به‌رهه‌م ساڵح و رێبوار كه‌ریم و حەسەن جیهاد.

هەروەهاش میدیای فەرمیی یەکێتی لەبارەی ئەو دانیشتنەوە ڕایگەیاند: وه‌فدێكی باڵای یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری له‌ شاری سلێمانی بۆ تاوتوێكردنی چه‌ند بابه‌ت و پرسێكی گرنگ و جێگه‌ی بایه‌خی هه‌ردوولا کۆ بوونەتەوە.

میدیای یەکێتی ڕایشیگەیاند: وه‌فدی باڵای یه‌كێتی پێكهاتوون له‌ كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی  جێگری سكرتێری گشتی و ئه‌رسه‌لان بایز و ره‌فعه‌ت عه‌بدوڵڵا ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی و  لاهور شێخ جه‌نگی و بافڵ تاڵه‌بانی و په‌روین بابه‌كر ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی، هه‌روه‌ها وه‌فدی هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری پێكهاتوون له‌ د. به‌رهه‌م ساڵح  و رێبوار كه‌ریم.

کۆبوونەوەکە لە نووسینگە یان مەکۆی فەرمیی هیچ لەو دوو حیزبە بەڕێوە نەچووە بەڵکوو دوو لایەن لە ماڵی کۆسرەت ڕەسووڵ کۆ بوونەتەوە و بانگهێشتنامەی فەرمیی پێشوەختەش بۆ دیدارەکە نەنێردرابوو. ئەوەش پەیامی ئەوەی تێدایە کە ڕەنگە سەرجەم ئەندامانی یەکێتی بەتایبەت هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و مەلا بەختیار خوێندنەوە یان هەڵوێستی ئیجابییان لەو بارەیەوە نەبووبێت یان لانی کەم دیدارەکە دیدارێکی فەرمی نەبووبێت.

 پاش کۆبوونەوەکەش یەکێتی و هاوپەیمانی راگه‌یه‌ندراوێكى هاوبه‌شیان له‌سه‌ر كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆیان بڵاوكرده‌وه ‌ بە بێ ئەوەی ئاماژە بە خاڵێکی تایبەت و گرینگ بکەن ده‌ڵێن، لە چوارچێوەی رێکكەوتنێکی هەمەلایەنە جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌ چاره‌سه‌رى ئەو کێشانەی رووبەڕووی هاووڵاتییان بووه‌تەوە.

پێ ناچێت دانیشتنەکەی نێوان یەکێتی و هاوپەیمانی ئەنجامێکی ئەوتۆی بووبێت بۆیە  هه‌ردوولا تەنها رایده‌گه‌یه‌نن، لە چوارچێوەی رێکكەوتنێکی سیاسیی هەمەلایەنە بۆ رێکخستنەوەی ناوماڵی کوردستانی بە هاوبەشیی هێز و لایەنە سیاسییەکان، جه‌ختیان له‌ چاره‌سه‌رى قه‌یرانه‌كانى كوردستان كردووه‌ته‌وه‌ و بڕیاریش درا کۆبوونەوەکان بەردەوام بن.

لەئێستادا هەوڵێكی جددی لەناوخۆی یەكێتیی نیشتمانی هەیە، بۆ ئەوەی بەرهەم ساڵح، هەم كاندیدی حیزبەكە، هەم كاندیدی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بێت بۆ سەرۆك كۆماری عێراق.

پێشنیاری كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح چەند رێگرییێكی لە بەردەمدایە و نەیاری ئەم پێشنیارە هەیە بەتایبەتی لە ناوخۆی یەكێتی، ئەوەش بەهۆی ئەوەی، كە ناوبراو ئامادە نییە تا ئێستا دەستبەرداری هاوپەیمانی ببێت ‌و دەیەوێت لەرێگەی رێككەوتنی هاوپەیمانی‌و یەكێتییەوە وەك نوێنەری هەموو كورد كاندید بێت و یەكێتی پشتیوانیی بكات.

ئەوەی تائێسیتا دیار نییە هەڵوێستی پارتییە، كە ئەو حیزبە نە رەتی كردووەتەوە نە قبووڵی كردووە بەوەی بەرهەم ساڵح كاندیدی لایەنەكان بێت بۆ سەرۆك كۆمار.

ئەوەش لە کاتێکدایە ڤیان دەخیل پەرلەمانتاری پێشووی پارتی دیموكرات لە پەرلەمانی عێراق وتوویەتی مەسعوود بارزانی سەرۆكی پارتەكەی 10 دەقیقەی پێویستە بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار.

دەخیل ئەوەشی راگەیاندووە، پارتی بەئاسانی پۆستی سەرۆك كۆماری پێ یەكلا دەكرێتەوە، بۆیە ئەوە كێشەیێک نابێت، ئەگەر هاتوو داوا لە مەسعوود بارزانی بكەن كەسێك بۆ ئەو پۆستە كاندید بكات.

لەسێ‌ خولی رابردووی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق، كاندیدی سەرۆك كۆمار كورد بووە و لەناو كوردیش ئەو پۆستە بەر یەكێتی كەوتووە، كە لەم خولە نوێیەش لایەنە كوردییەكان چاویان لەوەرگرتنەوەی پۆستەكەیە، بەتایبەتی پارتی‌ و یەكێتی.

 

کۆدی هەواڵنێر: 60101

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه