09:31 PM   IRAQ
TUESDAY, 11 DECEMBER 2018
 به په‌له |◀   گوندنشینانی هەرێمی کوردستان لەژێر تۆپبارانەکانی تورکیا ڕۆژگارێکی تاڵیان هەیە
نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ سه‌رکرده‌ عێراقییه‌کان کۆ بوویه‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رۆکوه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان بۆ دانووستاندنه‌کانی پێکهێنانی حکوومه‌تی داهاتووی عێراق و پرسی سه‌رۆککۆمار گه‌یشته‌ به‌غدا و له‌گه‌ڵ حه‌یده‌ر عه‌بادی، نووری مالیکی، هادی عامری، عه‌ممار حه‌کیم، ئه‌یاد عه‌للاوی و فالح فه‌یاز و محه‌مه‌د ئه‌لحه‌بووسی کۆ بوووه‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی شه‌ممه‌ 22ی ئه‌یلوولی 2018 نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆکوه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان و جێگری سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان به‌ یاوه‌ریی شاندێک گه‌یشته‌ به‌غدا.

نێچیرڤان بارزانی به ‌جیا له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌که‌ له‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆکوه‌زیرانی عێراق، عه‌ممار حه‌کیم سه‌رۆکی ره‌وتی حیکمه‌، نووری مالیكی سه‌رۆكی ده‌وڵه‌تی یاسا، هادی عامری سه‌رۆکی هاوپه‌یمانیی فه‌تح، ئه‌یاد عه‌للاوی سه‌رۆکی هاوپه‌یمانیی وه‌ته‌نییه‌، فالح فه‌یاز سه‌رۆکی بزووتنه‌وه‌ی ئیراده‌ و محه‌مه‌د ئه‌لحه‌بووسی سه‌رۆکی نوێی په‌رله‌مانی عێراق کۆ بوووه‌وه‌ و تاوتوێی دانووستاندنه‌کانی پێکهێنانی حکوومه‌تی داهاتووی عێراق و پرسی سه‌رۆککۆمار کرا.

نێچیرڤان بارزانی و حه‌یده‌ر عه‌بادی کۆ بوونه‌وه‌

نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ حه‌یده‌ر عه‌بادی کۆ بوویه‌وه‌ و له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا تاوتوێی پێکهێنانی حکوومه‌تی داهاتووی عێراقیان کرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یێكدا گفتوگۆكانی هه‌ولێرـ به‌غدا و دۆسیه‌ هاوبه‌شه‌كانی نێوان هه‌ردوو حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تى عێراقی فیدرال خرانه‌ به‌ر باس و گفتوگۆ و له‌مباره‌یه‌وه‌ هه‌ردوولا به‌رده‌وامیی گفتوگۆ و دیداره‌كانیان دووپات كرده‌وه‌ به‌ شێوه‌یێک كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی ته‌واوى وڵاتدا بێت.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراق كه‌ خواستی هاووڵاتییان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و سه‌قامگیریی ئاسایش و هه‌لی كار به‌دی بهێنێت، پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنی سه‌ركۆمار و سه‌رۆکك وه‌زیرانی عێراق و جێبه‌جێ كردنی هه‌نگاوه‌ ده‌ستوورییه‌كانیان تاوتوێ كرد.

هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه‌ حكوومه‌تی داهاتووى عێراق بتوانێت ڕووبه‌ڕوو‌ی ته‌حه‌دییه‌كانی داهاتوو ببێته‌وه‌ و سه‌ركه‌وتن و ده‌ستكه‌وته‌كانى سه‌ركه‌وتنى پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق دژی تیرۆرستانی داعش بپارێزێت.

نێچیرڤان بارزانی و نووری مالیکی تاوتوێی ناوه‌ پێشنیازکراوه‌کانی سه‌رۆک کۆماریان کرد

سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان و جێگری سه‌رکۆماری عێراق کۆ بوونه‌وه‌ و نووسینگه‌ی جێگری سه‌رۆککۆماری عێراق ڕایگه‌یاندوووه‌ هه‌ردوولا پرسی هه‌ڵبژاردنی سه‌رککۆمار و ناوه‌ پێشنیازکراوه‌کانیان تاوتوێ کردوووه‌.

له‌ کۆبوونه‌وه‌ی نێچیرڤان بارزانی و مالیکی باس له‌ پێشهاته‌ سیاسییه‌کانی داهاتوو و گفتوگۆی لایه‌نه‌کان بۆ پێکهێنانی حکوومه‌ت کراوه‌ و باسیان له‌ ناوه‌ پێشنیازکراوه‌کان بۆ پۆستی سه‌رۆککۆماری عێراق کردوووه‌.

نووری مالیکی جه‌ختی له‌سه‌ر پێویستی چڕکردنه‌وه‌ی هه‌وڵی نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان کردوووه‌ له‌پێناو خێراترکردنی پێکهێنانی حکوومه‌تێکی به‌هێز که‌ بتوانێ سه‌قامگیریی سیاسی ده‌سته‌به‌ر بکات و خزمه‌تگوزاری بۆ خه‌ڵک دابین بکات.

نێچیرڤان بارزانی و عه‌ممار حه‌کیم پڕۆسه‌ی سیاسیی عێراقیان تاوتوێ کرد

سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان و سه‌رۆکی ڕه‌وتی حیکمه‌ کۆ بوونه‌وه‌ و له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا هه‌ردوولا پرۆسه‌ی سیاسیی عێراقیان تاوتوێ كرد و هیوایان خواست كه‌ قۆناخه‌كانی داهاتوو قۆناخی ئارامی و سه‌قامگیری و پێشكه‌وتنی وڵات له‌ هه‌موو بواره‌كاندا بێت و پرۆسه‌یێكی سیاسیی ته‌ندروستی سه‌ركه‌وتوووانه‌ به‌ڕێوه‌ بچێت و كێشه‌كانی عێراق له ‌ڕووی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئارامی و سه‌قامگیری و پێشكه‌ش كردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عێراقدا به‌خۆیه‌وه‌ ببینێت.

هه‌روه‌ها له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ پره‌نسیپه‌كانی هاوسه‌نگی و سازان و هاوبه‌شیی ڕاسته‌قینه‌ له‌ عێراق كرده‌وه و داكۆكییان له‌ پێویستیی هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیی نێوان هه‌موو پێكهاته‌ عێراقییه‌كان كرده‌وه‌ به‌ شێوه‌یێک كه‌ هه‌موویان خۆیان له‌ پرۆسه‌ی سیاسی و به‌ڕێوه‌بردنی عێراقدا ببیننه‌وه.

نێچیرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ فالح ئه‌لفه‌یاز كۆ بووه‌وه‌

نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ فالح ئه‌لفه‌ییاز سه‌ركرده‌ له‌ هاوپه‌یمانیى بینا كۆ بوووه‌وه‌ و هه‌ردوولا دوا پێشهاته‌كانى پرۆسه‌ى سیاسیى عێراقیان تاوتوێ كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ گرنگى و ڕێزگرتن له‌ ڕێكاره‌ ده‌ستوورییه‌كان له‌ پرۆسه‌ى پێكهێنانى حكوومه‌تى داهاتووى عێراق و ده‌ستنیشان كردنى سه‌ركۆمار كرده‌وه‌.

هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگیى چاره‌سه‌ركردنى هه‌موو كێشه‌كان به‌پێى ده‌ستوورى عێراق و هاوكارى و هه‌ماهه‌نگیى لایه‌نه‌كان بۆ به‌ره‌وپێشبردنى پرۆسه‌ى سیاسى له‌ وڵات‌.

نێچیرڤان بارزانى و هادى عامرى كێشه‌كانی عێراق له‌ ڕووی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئارامی و سه‌قامگیرییان تاوتوێ کرد

نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له ‌میانی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ به‌غدا له‌گه‌ڵ هادی عامری سه‌رۆكی هاوپه‌یمانیی فه‌تح كۆ بوووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ردوولا پرۆسه‌ى سیاسیى عێراق و هه‌وڵه‌كان بۆ پێكهێنانى حكوومه‌تى داهاتووى فیدڕاڵی له‌ به‌غدا و ڕێكاره‌كانى ده‌ستنیشان كردنى سه‌ركۆمار و سه‌رۆک وه‌زیرانى داهاتووى عێراقیان تاوتوێ كرد.

هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر هه‌ماهه‌نگى و هاوكاریى نێوان لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان و پاراستنى پره‌نسیپه‌كانى هاوبه‌شى و هاوسه‌نگى و سازان له‌ عێراقى داهاتوودا تاكوو ببێته‌ وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ى مافه‌كانى ته‌واوى پێكهاته‌ عێراقییه‌كان و خواسته‌كانیان كه‌ سه‌قامگیرى و ئارامى به‌دى بهێنێت و خزمه‌تگوزارییه‌كان دابین بكات.

نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ ئه‌یاد عه‌لاوی كۆ بووووه‌وه‌

نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان له‌ به‌غدا له‌گه‌ڵ د. ئه‌یاد عه‌لاوى سه‌رۆكى لیستى ئه‌لوه‌ته‌نییه‌ كۆ بوووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ردوولا دوایین پێشهاته‌كانى پرۆسه‌ى سیاسیى عێراقییان خسته‌ به‌ر باس و جه‌ختیان له‌ گرنگیى پرۆسه‌یێكى سیاسیى ته‌ندروست له‌ وڵات كرده‌وه‌ كه‌ بتوانێت سه‌ركه‌وتوووانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ قۆناغى داهاتووى عێراق بكات و به‌ سه‌ر كێشه‌ و سه‌ختییه‌كاندا سه‌ر بكه‌وێت.

هه‌ردوولا كۆک بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى به‌پێى بنه‌ماكانى سازان و هاوبه‌شى و هاوسه‌نگى و له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى عێراق و هه‌موو پێكهاته‌كانى، لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان هاوكار و هه‌ماهه‌نگ بن بۆ ئه‌وه‌ى سه‌رۆكایه‌تیى كۆمار و حكوومه‌تى داهاتووى عێراق له‌سه‌ر بنه‌ماى پاراستن و ڕه‌چاوكردنى ماف و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى ته‌واوى پێكهاته‌كانى عێراق ده‌ستنیشان بكرێن.

نێچیرڤان بارزانی و ئه‌لحه‌لبووسی دۆخی عێراق و پرۆسه‌ی سیاسییان تاوتوێ کرد

نێچیرڤان بارزانی له‌ دیدارێكی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی نوێی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق هیوای خواست ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مان ته‌واوی ئه‌و یاسایانه‌ ده‌ربکات که‌ خزمه‌ت به‌ عێراق و گشت پێکهاته‌کانی ده‌کات و ڕۆڵیان له‌ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان و به‌ره‌وپێشبردنی وڵاتدا ده‌بێت.

له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا ئه‌لحه‌لبووسی خۆشحاڵیی خۆی به‌ سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان و دیداری له‌گه‌ڵ سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی و هه‌ردوولا هیوایان خواست په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و کێشه‌کان له‌ سایه‌ی په‌رله‌مان و حكوومه‌تی تازه‌دا به‌پێی ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بكرێن.

لای خۆیه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی له‌ ئه‌لحه‌لبووسی كرد و هیوای سه‌ركه‌وتنی له‌ كاره‌ نوێكه‌یدا خواست و هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ پرۆسه‌یێكی سیاسیی سه‌ركه‌وتوو بۆ‌ عێراق و له‌ پره‌نسیپی هاوسه‌نگی و سازان و هاوبه‌شیی ڕاسته‌قینه‌ له ‌نێوان هه‌موو لایه‌نه‌كان له‌ عێراق كرده‌وه‌ و هیوایان خواست قۆناغی داهاتووی عێراق قۆناغی سه‌قامگیری و ئارامی و ئاسایش و پێشكه‌وتنی وڵات له‌ هه‌موو بواره‌كاندا و پێشكه‌ش كردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان و دروست كردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی عێراق له‌گه‌ڵ هه‌موو وڵاتانی هه‌رێمی و جیهان بێت.

سه‌رچاوه‌: میدیاکانی هه‌رێمی کوردستان

 

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه