15:05 PM   IRAQ
SUNDAY, 21 OCTOBER 2018
 به په‌له |◀   تورکیا ناتوانێت بچێته‌ ناو مه‌نبه‌ج
ده‌نگی ئازاری هه‌زاران به‌ش مه‌ینه‌ت به‌ هاواری نادیه‌ گه‌یشته‌ جیهان

به‌شی فه‌رهه‌نگ و هونه‌ر- خه‌ڵاتی نۆبڵی ئاشتی له‌ نێوان ئه‌و هه‌موو ناوه‌ ئاشنا و زه‌به‌لاحه‌دا که‌ که‌سانی وه‌کوو تره‌مپی تێدا ده‌بینرا به‌خشرا به‌ ده‌نگی ئازاراویی کیژه‌ کوردێک که‌ قوربانیی ده‌سه‌ڵات و توندڕه‌وی و چاوچنۆکیی به‌شێکی زۆر له‌ مرۆڤه‌کانی ده‌وروبه‌ریه‌تی و ئه‌وه‌ش ڕه‌نگدانه‌وه‌ی فراوانی بوو له‌ ئاستی ناوخۆ و ناوچه‌که‌ و جیهان و بۆ یه‌که‌م جار بزه‌یێکی خسته‌ سه‌ر لێوی سه‌دان هه‌زار کوردی ئێزدی که‌ زیاتر له‌ 72 جار نه‌هامه‌تی و کۆڕه‌وی و ئاواره‌یی و ڕفاندن و مه‌ینه‌تیان بینیوه‌.

کوردپرێس:

نادیه‌ موراد ته‌مه‌ن 26 ساڵ خه‌ڵكی گوندی كۆجۆی سه‌ر به‌قه‌زای شنگال، له‌كاتی هێرشی داعش، كه‌وته‌ ده‌ست تیرۆریستان و به‌شێكی زۆر له‌ كه‌سوكاره‌كه‌شی كوژران، كتێبێكی به‌ناوی (دوایین كچ) له‌باره‌ی ئه‌و كاره‌ساتانه‌وه‌ نوسیوه‌ كه‌ به‌سه‌ر خۆی و خه‌ڵكی گونده‌كه‌یدا هاتووه‌. شه‌ش برا و دایکی له‌ هێرشی داعش بۆ گونده‌که‌یان گوللـه‌باران کران و یه‌کێکه‌ له‌و کچه‌ کورده‌ ئێزدییانه‌ی له‌ ده‌ست داعش ڕزگاری بوووه‌.

نادیه‌ موراد له‌ ئارایشگای جوانكاری كاری ده‌كرد و ته‌مه‌نی 21 ساڵان بوو، كاتێک له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ ڕفێندرا به‌ چاوی خۆی ته‌واوی ئازاری كچان و ژنانی ئێزیدیی بینی، كوشتنی به‌كۆمه‌ڵی كه‌سوكاره‌كه‌ی و ده‌ستڕێژیی سێکسی و چه‌ندین دیمه‌نی خه‌مناک و مه‌ترسیدار ژیانی ئه‌م كچه‌ی كرده‌ دۆزه‌خ، به‌تایبه‌ت ئه‌و سێ مانگ له‌لایه‌ن تیرۆریستانی داعشه‌وه‌ له‌ شاری مووسڵ كه‌ پایته‌ختی خه‌لافه‌تی داعش بوو، له ‌سه‌رووی ئه‌وه‌شه‌وه‌ كۆڵی نه‌دا و دوای ڕزگاربوونی چوووه‌ وڵاتی ئه‌ڵمانیا بۆ وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ری ده‌روونی چوونکه‌ باری ته‌ندروستیی له‌ باری ده‌روونییه‌وه‌ ناجێگیر بوو و دواتر بڕیاری دا تاوانه‌كانی داعش به‌ تایبه‌ت ده‌ستڕێژیی سێکسی و کاری بێ‌به‌زه‌یییانه‌ی ئه‌و گرووپه‌ تیرۆریستییه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ژنان و كچانی ئێزیدی به ‌جیهان بناسێنێت و له‌ چه‌ندین دانیشتنی سیاسی و مه‌ده‌نیدا له‌گه‌ڵ چه‌ندین سه‌رۆک و كه‌سایه‌تیی گه‌وره‌ی جیهان ڕووداو و كاره‌ساته‌كانی سه‌ر خۆی و ژنان و كچانی ئێزیدی به‌ چاوی پڕ له‌فرمێسكه‌وه‌ باس ده‌كرد و ڕاستییه‌کانی ئاشكرا ده‌كرد.

ئه‌و کچه‌ چالاکوانه‌ له ‌دوای ڕزگاربوونی وه‌ک چالاكوانێک بڕیاری دا كار بكات بۆ ڕزگاركردنی ته‌واوی كچان و ژنانی ئیزیدی كه ‌له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ ڕفێندراون و بۆ ئه‌وه‌ش له‌گه‌ڵ پارێزه‌ر ئه‌مه‌ل كلۆنی ده‌ستیان كرد به ‌كۆكردنه‌وه‌ی ئیمزا له ‌سه‌رانسه‌ری جیهاندا و له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش ئاماده‌ ده‌بوو و ته‌واوی ڕووداوه‌كانی به ‌به‌رچاوی نوێنه‌رانی جیهان باس ده‌كرد.

نادیه‌ موراد به‌ هیوایێکی فراوانه‌وه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ ژیانی ئاسایی و له ‌ماوه‌ی ئه‌و چوار ساڵه‌ی به‌ سه‌ر ڕووداوی ڕفاندنه‌كه‌یدا تێده‌په‌ڕێت چه‌ندین ئه‌ركی جیاواز و خه‌ڵاتی گه‌وره‌ی جیهانی پێ به‌خشرا. پاش ئه‌وه‌ی بانگهێشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوووه‌کان کرا و ده‌نگی نه‌هامه‌تی و چه‌رمه‌سه‌ریی ئێزدییه‌کانی گه‌یانده‌ هه‌موو جیهان بوووه‌ باڵوێزی یه‌كه‌می نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوووه‌كان له‌ زیانلێكه‌وتووانی بازرگانی به‌مرۆڤ و پارێزگاری كردن له‌ كه‌رامه‌تی قوربانییه‌كان و هه‌روه‌ها هه‌ر دوو خه‌ڵاتی ساخارۆف و ڤاتسلاف هاڤیڵی بۆ مافی مرۆڤ وه‌رگرت.

ئێزدییه‌کان تا ئێستا 73 به‌سته‌ڵه‌ک و زستانی سه‌ختیان تێپه‌ڕاندوووه‌ و دوایین نه‌هامه‌تیی سه‌رده‌م که‌ به‌ سه‌ر کوردی ئێزدیدا هاتوووه‌ مۆته‌که‌ی داعش هێنای.

نادیه‌ موراد دوای ئه‌و هه‌موو ڕووداوانه‌ و ئه‌و هه‌موو  هه‌وڵه‌ی له‌ بواری گه‌یاندنی ده‌نگ و ئازاره‌كانی ژنان و كچانی ئێزیدی به‌ جیهان دای، له‌ ئه‌گێستی ڕابردوو له‌گه‌ڵ عابد شه‌مسه‌دین له‌ وڵاتی ئه‌ڵمانیا هاوسه‌رگیریی كرد.

ناوبراو له‌گه‌ڵ ئازاره‌كانی نه‌وه‌ستا و به‌رده‌وام بوو بۆ گه‌یاندنی مه‌ینه‌تی و خه‌می كچان و ژنانی ئێزیدی به‌جیهان و خه‌ڵاتی نۆبێلی ساڵی 2018ی پێ به‌خشرا.

وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی نۆبێل له‌لایه‌ن نادیه‌ موراده‌وه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌یێکی زۆری له‌ جیهاندا بوووه‌ و زۆربه‌ی که‌سایه‌تییه‌کان پیرۆزبایییان له‌ نادیه‌ موراد کردوووه‌ که‌ ده‌قی پیرۆزبایییه‌کان له‌ خواره‌وه‌ دێت:

نێچیرڤان بارزانی: ئه‌م خه‌ڵاته‌ ته‌نیا بۆ تاقه‌ که‌سێک نییه‌ به‌ڵکوو بۆ ته‌واوی گه‌لی کوردستانه‌

سه‌رۆکوه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان پیرۆزبایی وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی نۆبڵی ئاشتی له‌ نادیه‌ موراد ده‌کات و رایده‌گه‌یێنێت: "به‌بۆنه‌ى به‌ده‌ستهێنانى خه‌ڵاتى نۆبڵى ئاشتییه‌وه‌ پڕ به‌دڵ پیرۆزبایى له‌ خاتوو نادیه‌ موراد ده‌كه‌ین. هیوادارین ئه‌م خه‌ڵاته‌ هه‌ندێ دڵنه‌وایی به‌ خاتوو نادیه‌ بداته‌وه‌ له‌و هه‌موو ئازار و مه‌ینه‌تییانه‌ی به‌ سه‌ر خۆی و خانه‌واده‌که‌یدا هاتوووه‌. هه‌ر وه‌ک چۆن هه‌میشه‌ كار و چالاكییه‌كانى مایه‌ى شانازى و خۆشحاڵیى ئێمه‌ بوون پێدانى خه‌ڵاتى نۆبڵى ئاشتیش به‌ خاتوو نادیه‌ مایه‌ى شانازى و خۆشحاڵیى ئێمه‌ و هه‌موو خه‌ڵكى كوردستانه. ئه‌م خه‌ڵاته‌ ته‌نیا بۆ تاقه‌ كه‌سێک نییه‌ به‌ڵكوو بۆ خۆڕاگرى و قوربانییه‌كانى ئێزدییان و ته‌واوى گه‌لى كوردستانه‌."

یۆنامی: خه‌ڵاتی ئاشتیی نۆبڵ بۆ نادیه‌ موراد شه‌ره‌فێکه‌ و خه‌ڵاتێکی گه‌وره‌یه‌

یان کوبیش نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوووه‌کان له‌ عێراق پیرۆزبایی له‌ نادیه‌ موراد ده‌کات بۆ به‌ده‌ستهێنانی خه‌ڵاتی نۆبڵى ئاشتی و ده‌ڵێت: "خه‌ڵاتی نۆبڵ له‌ بواری ئاشتی بۆ نادیه‌ موراد شه‌ره‌فێکه‌ و خه‌ڵاتێکی گه‌وره‌یه‌ نه‌ک ته‌نها بۆ قوربانیانی کاره‌ساته‌کانی داعش له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی ئێزیدی به‌ڵکوو بۆ هه‌موو قوربانییانی توندوتیژی سێکسی له‌ جه‌نگدا و له‌ عێراق و له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهاندا. نادیه‌ موراد ئازایه‌تی و خۆراگری به‌رامبه‌ر ئازارده‌ران و ده‌ستدڕێژیکه‌ران نیشان داوه‌. ئازایه‌تی ئه‌و و خۆڕاگریی ئێزیدییه‌کان و عێراقییه‌کان یارمه‌تیده‌ر بوون بۆ به‌زاندنی داعشی تیرۆریست. نادیه‌ ئه‌و خه‌ڵاته‌ی به‌ نوێنه‌رایه‌تی هه‌موو ئێزیدییان و عێراقییان وه‌رده‌گرێت که‌ بوونه‌ته‌ قوربانی و ئازاریان به ‌ده‌ست کۆمه‌ڵکوژی وه‌حشیگه‌رانه‌ی ئایدۆلۆژیای داعشی تیرۆریسته‌وه‌ چه‌‌شتوووه‌."

برێت مه‌کگۆرگ: ئازایه‌تی و چالاکی نادیه‌ جیهانی کۆ کرده‌وه‌ که‌ داوای دادپه‌روه‌ریی بکه‌ن

برێت مه‌کگۆرگ نوێنه‌ری سه‌رۆکی ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا بۆ شه‌ڕی دژی داعش له‌ توویتێکدا له ‌ڕێی تۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تی توویته‌ره‌وه‌ پیرۆزبایی له‌ نادیه‌ موراد کچه‌ ئێزیدی ڕزگاربووی ده‌ستی چه‌کدارانی داعش و باڵیۆزی نیازپاکی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوووه‌کان کرد به‌ بۆنه‌ی وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی نۆبڵی ئاشتی ساڵی 2018 و نووسیویه‌تی: "له‌ ناخی دڵه‌وه‌ پیرۆزبایی له‌ نادیه‌ ده‌که‌م به‌ بۆنه‌ی بردنه‌وه‌ی خه‌ڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی. ئازایه‌تی و چالاکی نادیه‌ جیھانی کۆ کرده‌وه‌ که‌ داوای دادپه‌روه‌ریی بکه‌ن بۆ قوربانییه‌کانی ده‌ستی کوشتن و جینۆسایدی داعش. ھه‌روه‌کوو ئه‌و سه‌رمه‌شق بوو، پێویسته‌ ئێمه‌ش ھه‌موو ڕێگاکه‌ی ئه‌و ته‌واو بکه‌ین."

ئانتۆنیۆ گۆترێس: نادیه‌ موراد ده‌نگی ئازارێکی ده‌رنه‌بڕدراوی له‌ عێراقه‌وه‌ گه‌یانده‌ جیهان

ئانتۆنیۆ گۆترێس سکرتێری گشتیی رێکخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان پیرۆزبایی له‌ نادیه‌ موراد ده‌کات به‌ بۆنه‌ی وه‌ده‌ستهێنانی خه‌ڵاتی نۆبڵی ئاشتی و ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: "نادیه‌ موراد ده‌نگی ئازارێکی ده‌رنه‌بڕدراوی له‌ عێراقه‌وه‌ گه‌یانده‌ جیهان ئه‌وه‌ش کاتێک ڕێکخراوی داعش هێرشی کرده‌ سه‌ر ئێزدییه‌کان. ئه‌و به‌ پارێزگاری کردن له‌ قوربانیانی توندوتیژی سێکسی له‌ پێکدادانه‌کاندا پارێزگاریی له‌ به‌ها هاوبه‌شه‌کان کرد. نادیه‌ موراد قوربانییێکی توندوتیژی سێکسی بوو و کاریشی کردوووه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی پاڵپشتی بۆ قوربانیانی بازرگانی کردن به‌ مرۆڤه‌وه‌ و به‌ده‌ستهێنانی دادپه‌روه‌ری بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ تاوانه‌کانیان ئه‌نجام داوه‌."

كونسووڵخانه‌ی ئه‌مریكا له ‌هه‌ولێر پیرۆزبایی له‌ نادیه‌ موراد ده‌كات

له‌ په‌یامێكدا كونسووڵخانه‌ی ئه‌مریكا له‌ هه‌ولێر ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: "پیرۆزبایی له‌ نادیه‌ موراد به‌سێ ده‌كه‌ین به ‌بۆنه‌ی بردنه‌وه‌ی خه‌ڵاتی نۆبڵی ٢٠١٨ بۆ ئاشتی له‌ پای كاره‌كانی دژ به ‌جینۆسایدی داعش و بۆ كۆتایی ھێنان به‌ به‌كارھێنانی توندوتیژی سێكسی وه‌ک چه‌كی شه‌ڕ."

به‌رهه‌م ساڵح: ڕێزلێنانی نادیه‌ موراد سه‌لماندنی جیهانه‌ به‌ مه‌رگه‌ساتی ئێزدییه‌کان

به‌ بۆنه‌ی وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی ئاشتیی نۆبڵ سه‌رۆک كۆماری عیراق پیرۆزبایی له‌ نادیه‌ موراد ده‌كات و له‌ په‌ڕه‌ی توویته‌ری تایبه‌تی خۆی نووسیویه‌تی: "په‌یوه‌ندم به‌ نادیه‌ موراده‌وه‌ كرد و پیرۆزبایی وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی نۆبلی ئاشتیم لێكرد. ڕێزلێنانی نادیه‌ سه‌لماندنی جیهانه‌ به‌ مه‌رگه‌ساتی ئیزیدیه‌كان و پێزانینه‌ بۆ ئازایه‌تی ئه‌م كچه‌ نازداره‌ له‌ داكۆكی كردنی له‌ مافه‌ زه‌وتكراوه‌كان و ڕێزلێنانه‌ له‌ گشت  قوربانیه‌كانی عێراق له‌ دژی تیرۆر و ته‌كفیر."

عه‌بادی پیرۆزبایی به‌ده‌ستهێنانی خه‌ڵاتی نۆبڵ له‌ نادیه‌ موراد ده‌كات

حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق له‌ به‌یاننامه‌یێکدا ڕای‌گه‌یاند: "به‌ بۆنه‌ی به‌ده‌ستهێنانی خه‌ڵاتی نۆبڵی ئاشتی پیرۆزبایی له‌ نادیه‌ موراد چالاكوانی بواری مافه‌كانی مرۆڤ ده‌كه‌م."

هه‌ده‌په‌ پیرۆزبایی له‌ نادیه‌ موراد ده‌کات

په‌روین بوڵدان و سه‌زایی ته‌مه‌للی هاوسه‌رۆکانی پارتی دیموکراتی گه‌لان (هه‌ده‌په‌) پیرۆزباییی خۆیان ئاراسته‌ی نادیه‌ موراد چالاکوانی کوردی ئێزیدی ده‌که‌ن که‌ خه‌ڵاتی نۆبێلی پێ به‌خشرا و له‌ په‌یامێکدا ڕای‌ده‌گه‌یێنن: "نادیه‌ موراد که‌ سته‌مدیده‌ترینی ئه‌و کچه‌ کورده‌ ئێزیدییانه‌یه‌ که‌ که‌وتبێته‌ ده‌ستی چه‌کدارانی داعش کۆششی زۆری کردووه‌ بۆ داکۆکی کردن له‌ ئافره‌تان و پاراستنیان له‌ سته‌م و خۆشحاڵ بووین به‌ به‌خشرانی خه‌ڵاتی ئاشته‌واییی نۆبێل به‌ ئێوه‌ که‌ کۆششی زۆرتان کردوووه‌ تاوه‌کوو توندوتیژیی سێکسی وه‌کوو چه‌کێک له‌ شه‌ڕه‌کاندا به‌کار نه‌هێندرێت."

هاوپه‌یمانیی دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری: خه‌ڵاتی نۆبڵ بۆ کچه‌ کوردێک بوووه‌ شانازێکی دیکه‌ بۆ ژنانی کورد و جیهان

هاوپه‌یمانی دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری پیرۆزبایی له‌ نادیه‌ موراد ده‌كات و ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: "ئه‌و خه‌ڵاته‌ بۆ كچه‌ كوردێک بوووه‌ شانازییێكی دیکه‌ بۆ ژنانی كورد و جیهان. به‌خشینی خه‌ڵاتی نۆبڵی ئاشتی بۆ ساڵی 2018 به‌ به‌ڕێزتان خۆشحاڵی كردین، بێگومان ئه‌و خه‌ڵاته‌ بۆ كچه‌ كوردێكی ئێزدی كه‌ ڕه‌مزی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی توندوتیژییه‌ مانایێكی گرنگی هه‌یه‌ وێڕای ئه‌وه‌ی پێزانینه‌ بۆ كاره‌كانی ڕابردووتان له ‌بواری ئاشتی و ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی توندوتیژی. هیوادارین ئه‌و خه‌ڵاته‌ هانده‌رێكی زیاتر بێت بۆ به‌رده‌میتان له‌ خه‌باتی مه‌ده‌نی و مرۆڤدۆستانه‌ و ئاشتیخوازانه‌ بۆ نه‌هێشتنی هه‌موو جۆره‌كانی توندوتیژی و سته‌م و جینۆساید."

قوباد تاڵه‌بانی: خه‌ڵاتی نۆبڵ جێی شانازی هه‌موو گه‌لی کورد و ئێزدییه‌کانه‌