15:10 PM   IRAQ
SUNDAY, 21 OCTOBER 2018
 به په‌له |◀   تورکیا ناتوانێت بچێته‌ ناو مه‌نبه‌ج
شوان ڕابەر لەبارەی ئەو خاڵانەوە بوونە هۆکاری شکستهێنانی ئوپۆزسیۆنی هەرێم بۆ کوردپرێس دەدوێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- شوان ڕابەر ئەندامی سەرکردایەتیی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان لە دیمانەیێکی تایبەتی کوردپرێسدا باسی ئەو خاڵانەی کردووە کە بوونەتە هۆکاری شکستهێنانی ئوپۆزسیۆنی لە هەڵبژرادنی خولی پێنجەمی پەڕلەمانی کوردستان.

 کوردپرێس:

هەڵبژاردنەکەی 30ی ئەیلوولی پەڕلەمانی کوردستان ڕاست وەکوو هەڵبژاردنەکەی 12ی ئایاری پەڕلەمانی عێراق سیمایێکی ناخۆشی لێکەوتەوە بۆ لایەنی موعارەزە لە هەرێمی کوردستان و حیزبە ناڕازییەکان و بەتایبەت ئیسلامییەکان لە هەردوو هەڵبژاردنەکەدا کورسیی زۆریان لە دەست دا و ژمارەی دەنگەکانیان دابەزینی بەرچاوی تۆمار کرد.

لەم نێوانەدا کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان وەکوو حیزبێکی گەورەی ئیسلامی ئامادە نەبوو لەگەڵ یەکگرتوو و بزووتنەوەی ئیسلامی هاوپەیمانێتی پێک بهێنێت و لە چاو دوو حیزبی ئیسلامیی دیکەی کوردستان دەنگی باشتری بەدەست هێنا و ژمارەی کورسییەکانی لە پەڕلەمانی کوردستان زیادی کرد.

ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس لەبارەی ڕێژەی بەشداری و ئەنجامی بەراییی هەڵبژاردن و پێگەی جەماوەریی کۆمەڵی ئیسلامی دیمانەیێکی تایبەتی لەگەڵ شوان ڕابەر ئەندامی سەرکردایەتیی کۆمەڵ کردووە و وەڵامی چەند پرسیارێکی لەو ئەندامەی کۆمەڵ وەرگرتووە.

دەقی دیمانەکە لێرەوە بخوێنەوە:

کوردپرێس: ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ڕووی بەشداریی خەڵکەوە چۆن دەبینن و هۆکاری دابەزینی ئاستی بەشداریی خەڵک لە هەڵبژادرنەکاندا چییە؟

شوان ڕابەر: ڕێژەی بەشداریی خەڵک لە هەڵبژادرنی 8ی 10ی 2018 لە کوردستانی عێراق زۆر کەم بوو واتا 58%ی خەڵک بەشدار بوون، ئەمەش شتێکی خراپ و مەترسی دارە کە خەڵکێکی کەم بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکەن و ئەوەش هۆکاری خۆی هەیە کە بریتین لە: نیگەرانیی خەڵک لە دەسەڵات، بێ هیوا بوونی خەڵک لە گۆڕانکاری، نەمانی بڕوای خەڵک بە دەسەڵات و دروش و قسە و گۆڕانکارییەکانیان، خەڵک بە گشتیی لە کاری سیاسی و حزب و هەڵبژاردن بێ تاقەت بووە، خەڵک پێی وایە ئەگەر ئۆپۆزیسیۆن دەنگی زۆریش بێنێت ڕێگەی یاسایی پێنادرێت و باودۆخەکە هەر وەکوو خۆی دەمێنێتەوە، سەرقاڵ بوونی خەڵک بە کاروباری خۆیانەوە و گرنگی نەدانی خەڵک بە هەڵبژادرن.

کوردپرێس: بە گوێرەی ئەنجاوە بەراییەکان دەنگ و کورسیی لایەنە ئیسلامییەکان کەمی کردووە هەڵسانگاندنی ئێوە چییە؟

شوان ڕابەر: ڕاستە بە گشتیی لایەنە ئیسلامییەکان لەم هەڵبژاردنەدا دەنگەکانیان کەمی کردووە و لە 17 کورسییەوە بووەتە 13 یان 12 کورسی، بەڵام بۆ هەموو لایەنەکان وا نەبووە بۆ نموونە کۆمەڵی ئیسلامی زیادی کردووە، ئەوەش بۆ ئەم هۆکارانە دەگەڕێتەوە: بە گشتیی خەڵک لە هەڵبژاردن بێ زار بوونە و بڕوایان بە گۆڕانکاری نەماوە و خەڵک لە لایەنە ئیسلامییەکانیش نیگەرانن بە تایبەت لە هەڵویستی هەندێکیان؛ خەڵک پێیان باشە لایەنە ئیسلامییەکان بەرانبەر بە دەسەڵات توند بن، خەڵک پێیان وایە لایەنە ئیسلامییەکان ناتوانن گۆڕانکاری بکەن یان ئەگەر بێنە سەر حوکمیش خۆرئاوا و لایەنەکانی ناوخۆ ڕێگەیان پێنادەن، هۆکاری دیکەش دەگەڕێتەوە بۆ گوشار و هەڵویستی لایەنەکانی دیکەی ناوخۆ، هۆکاری دیکەش ئەوەیە کە گوتار و هەڵویستی هەموو لایەنە ئیسلامییەکان وەکوو یەک نییە.

کوردپرێس: کۆمەڵی ئیسلامی پێچەوانەی دوو لایەنی ئیسلامیی دیکە سەرکەوتنی بەدەست هێنا هۆکارەکەی بۆ چی دەگەڕێتەوە؟

شوان ڕابەر: بەڵێ وایە کۆمەڵی ئیسلامی تەها لایەنێکە کە پێچەوانەی لایەنە ئیسلامییەکانی دیکە دەنگەکانی زیادی کردووە، بە تایبەت ئەگەر تەزویری بەرانبەر نەکرێت، ئەوەش بۆ ئەم هۆکارنە دەگەڕێتەوە: کۆمەڵی ئیسلامی حیزبێکی خاوەن خەباتی شاخ و قوربانی دان و سەروەری و هەڵویستی تایبەتی خۆیە، بە تایبەت لەم سەردەمەدا لە ناو حکوومەت و پەرلەماندا خاوەن پڕۆژە و هەڵویستی باش بووە، بەردەوام لە بەرەی خەڵک بووە و بەرگریی لە مافی خەڵک کردووە، هەروەها نوێنەرەکانی لە پەرلەمان سەرکەوتوو بوونە. نوێنەرانی کۆمەڵ خاوەن گوتار و هەڵویستێکی ڕوون و ئازا و جێگیر بوونە، کۆمەڵی ئیسلامی لە هەڵویستەکانی خۆی نەترساوە و نەلەخشاوە و دانەبەزیوە.

کوردپرێس: هۆکاری پەرتەوازە بوون و دابەزینی دەنگی بەرەی ئۆپۆزیسیۆن لە چیدا دەبینن؟

شوان ڕابەر: بەڵێ بە شێوەی گشتیی بەرەی ئۆپۆزیسیۆن لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگی کەمی هێناوە لەبەر ئەوەی کە: یەک هەڵویست و یەک لیست نەبوون، هەر یەکە بۆ خۆیان خاوەن هەڵویستێکی جیاواز بوون، لە لایێکی ترەوە خاوەنی ئیمکانات و دەسەڵات و هەروەها خاوەنی پشتیوانیی نێودەوڵەتی نین تاکوو بتوانن سوود بە خەڵک بگەیێنن، خەڵک چاوەڕێی پارە و دەسکەوتیش لە حزبەکان دەکات.

کوردپرێس:ئاسۆی پێکهێنانی حکوومەتی نوێ چۆن دەبینن و ئایا کۆمەڵی ئیسلامی ئەمجارە بەشداری لە پێکهێنانی حکوومەتی نوێ دەکات؟

شوان ڕابەر: جارێ زووە باس لەوە بکەین کە کۆمەڵ بەشداریی حکوومەت دەکات یان نا، تا ئەو کاتەی دوا ئەنجامی فەرمی ڕانەگەیێندرێت ئەوسا بڕیاری خۆمان دەدەین. ئەگەر نەتیجەکان ئاوا بن و هاوکێشەکان نەگۆڕدرێن لەوانەیە زۆرینەی حیزبەکان بەو ئەنجامانە ڕازی نەبن و کێشە ڕوو بدات.

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه