15:31 PM   IRAQ
SUNDAY, 21 OCTOBER 2018
 به په‌له |◀   تورکیا ناتوانێت بچێته‌ ناو مه‌نبه‌ج
لایەنە ناڕازییەکان هەوڵی پێکهێنانی بەرەیێک دەدەن بۆ ڕێگری کردن لە ساختەکاری

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- شاسوار عەبدولواحید سەرۆکى جووڵانەوەى نەوەى نوێ وەکوو هەوڵێک بۆ پێکهێنانی بەەرەیێک بە مەبەستی ڕێگری کردن لە ساختەکاری و تەزویر لە هەڵبژاردن بەیانیی چوار شەممە لە شارى هەولێر لەگەڵ عەلی باپیر ئەمیرى کۆمەڵى ئیسلامى کوردستاندا کۆ بووەوە و دوانیوەڕۆکەشی لە سلێمانى لەگەڵ شاندێکى نەتەوە یەکگرتووەکاندا کۆ بووەوە.

کوردپرێس:

شاسوار عەبدولواحید بە یاوەرى دوو ئەندامى ئەنجومەنى باڵاى نەوەى نوێ سەردانى کۆمەڵى ئیسلامیی کرد لە شاری هەولێر و زیاتر لە کاتژمێر و نیوێک لە کۆبوونەوەدا بوون.

کۆبوونەوەى نەوەى نوێ و کۆمەڵ دەستپێکى ئەو هەوڵەیە کە بۆ کارى هاوبەش لە نێوان لایەنەکانى دەرەوەى پارتى و یەکێتیدا دەدرێت، ئەمەش دواى ئەوە دێت کە پارتى و یەکێتى تۆمەتبار کران بە ساختەکاری لە هەڵبژاردندا.

لە کۆبوونەوەکەدا نەوەی نوێ و کۆمەڵی ئیسلامی جەختیان کردەوە پارتی و یەکێتی لە هەڵبژاردنى ٣٠ى ئەیلوولدا ساختەکارییێکی زۆریان ئەنجام داوە و پێویستە بەرەیێکى هاوبەش لەو لایەنانە دروست بکرێت کە دەیانەوێت رووبەڕووی ساختەکارییەکان ببنەوە.

عەبدولستار مەجید ئەندامی ئەنجومەنی سیاسیی کۆمەڵ رایگەیاند، "لە کۆبوونەوەکەدا باس لەوە کرا زەمینەى هاوبەش بۆ کارى سیاسى بدۆزینەوە، ئێمە لەگەڵ هەموو لایەنەکان و بەتایبەت نەوەى نوێ کە ئەمڕۆ شاسوار عەبدولواحید هاتبوو هەمیشە لە هەماهەنگیدا بین بۆئەوەى کارى هاوبەش پێکەوە بکەین و خزمەتى خاک و خەڵکى کوردستان بکەین."

 

دوانیوەڕۆى هەمان ڕۆژ لە سلێمانى شاندێکى نەتەوە یەکگرتووەکان بە سەرۆکایەتیی مانۆج ماسیۆ بەڕێوبەری ئۆفیسی سیاسیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق سەردانى نەوەى نوێیان کرد و لەگەڵ سەرۆکى جووڵانەوەکە و ژمارەیێک لە ئەندامانی جووڵانەوەکە کۆ بوونەوە.

لە کۆبوونەوە کە تێیدا گفتوگۆ کرا لەبارەى بڕیاری بایكۆتی خولى پێنجەمى پەرلەمان لەلایەن نەوەى نوێوە، هەروەها پرسی ساختەکارییەکانیش لە هەڵبژاردنى پەرلەماندا تاوتوێ کرا.

وەفدەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان پرسیاریان لە سەرۆکی جووڵانەوەکە کردووە دەربارەی ئەو بڕیارە هەروەها بەدیلی کاری پەرلەمانی چی دەبێت لە حاڵەتی جێبەجێکردنی بڕیارەکە.

سیروان بابان خۆبەخش لە نەوەى نوێ رایگەیاند: "دیدارمان لەگەڵ مامۆستا عەلى باپیر بۆ ئەوە بوو لێک نزیک بوونەوەیێک هەبێت بۆ ئەو حزب و لایەن و کەسایەتییانەى بەرامبەر ئەم دەسەڵاتە قۆرخکارییەى کە هەیە و ئەو ناڕەزایەتییەى کە هەیە توندترى بکەین.

هەروەها سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ پێی وایە کە تەنها یەکڕیزیی هێز و کەسایەتییەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی و هەروەها پلانی بەهێز، دەتوانێت رووبەڕووی ئەم دەسەڵاتە ببێتەوە.

هەروەها رۆژى پێنج شەممەش بۆ هەمان مەبەست شاندێکی نەوەی نوێ سەردانی سەلاحەدین بەهادین ئەمیندارى گشتیی یەکگرتوو دەکات لە شاری سلێمانی.

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه