08:26 PM   IRAQ
WEDNESDAY, 14 NOVEMBER 2018
 به په‌له |◀   پارێزگارى كه‌ركووک تووشى رووداوى هاتوچۆ بوو
خوێنی خاشقچی خاڵی یەکگرتنی نێوان زۆری سعوودیە و زەڕی ئەمریکا و تەزویری تورکیا/ محەمەد هادیفەر

بەشی تورکیا- خاشقچیی نوێخواز ڕێبازی ڕیفۆرمخوازیی ڕاستەقینەی لە ڕیفۆرمی بەڕواڵەت و ساختەیی جوێ کردبووەوە و بەو بۆنەیەشەوە لە نێوان ڕەوتە ئاڵۆزە سیاسییەکەی سعوودیەدا ڕێبازی ڕیفۆرمخوازیی لە کەناڵی ڕۆژنامەنووسییەوە دەست پێکرد و بە حوکمی ئەوەی دەستی بە هەندێک زانیاریی شاراوە و ژێربەژێری سعوودیە دەگەیشت تا ڕادەیێک وەکوو سندووقی ڕەشی سیاسەتی سعوودیە لە ناوچەکە دەرکەوتبوو.

کوردپرێس:

دوکتور جەمال خاشقچی ڕۆژنامەنووسی سعوودی کە ڕەخنەی لە سیاسەتی شانشینی سعوودیە دەگرت ڕۆژی 2ی تشرینی یەکەم سەردانێکی بێگەڕانەوەی کرد بۆ کۆنسوڵخانەی سعودییە لە ئەستەنبۆڵی تورکیا و ئەوەش بووە ڕۆژەڤی میدیاکانی ناوچەکە و جیهان. دیارە ئەو شێوازە کوشتنانە شتێکی سەیر و چاوەڕواننەکراو نییە بۆ حکوومەتی سعوودیە بەڵام شێوازی هەڵوێست نواندن و تەعامولی کۆمەڵگەی دەولی بەرانبەر بەو بابەتە جێگای سەرنج و تێڕامانە. ئەگەرچی خاشقچی عەرەبستانییێکی تەواوە و وەفای بۆ تەوحیدی شانشینی ئەو وڵاتە بوو بەڵام ئەو خزمەتانەی بە شانشینی سعوودیەی کردووە هیچی کەمتر نەبوو لەو خۆش خزمەتییەی هێزی "اخوان التوحید" و فەرماندە بەناوبانگەکەی (فیصل الدویش) کە سەرەڕای ئەو هەموو خزمەتەی بە شانشینی سعوودیەی کرد، سەرئەنجام بە خراپترین شێواز لەناویان برد.

ئەو ڕۆژنامەنووسە خاڵکی سعوودییە بوو. بە ڕەچەڵەک تورک بوو و میدیاکارێکی نوێخواز و ڕیفۆرمخوازی سعوودی بوو کە خزمەتی زۆری بە گەشەپێدان و پەرەپێدانی بڕوای سەلەفییەتی سعوودی کردبوو و لە سەرهەڵدانی عەرەبە ئەفغانەکانی ئەفغانستان و ڕەوتی قاعیدە دەستی هەبوو و دۆستایەتیی باشی لەگەڵ بن لادەن و ئەیمەن زەواهیری و زۆر وڵاتی وەکوو جەزایر و سوودان و کوێت بوو و بە بەرگی ڕۆژنامەنووسەوە خزمەتی زۆری بە سەلەفییەتی سعوودیە کرد. بەڵام لەدایک­بوونی نەوەی نوێی سیاسەت و دەسەڵاتپەرەستان ڕێگەی خۆش کرد بۆ گەڕانەوەی ئەم ڕۆژنامەنووسە و ڕەخنەی زۆری لە حکوومەتی سعوودیە و بەتایبەت جێنشینی پاشای سعوودیە گرت و خۆی کردە زمانی ڕەخنەی شانشینی سعوودیە. پێشینەی سیاسیی خاشقچی لە حکوومەتی سعوودیەدا شاراوە نییە. باپیری خاشقچی پزیشکی تایبەتی زلهێزەکانی سعوودیە بوو و مامی ناوبراویش (عەدنان خاشقچی) دەوڵەمەند و پیاوماقووڵێکی عەرەبستان بوو کە لە دۆسیەی "مەک فارلینی 1985"ی ئێران ناوی دەبینرا.

جەماڵ خاشقچی لە ئەمری واقیعی سعوودیە بە باشی گەیشتبوو و وەکوو ژووناڵیستێکی پیشەیی دەرکەوتبوو کە بە حوکمی ئەو زەمینە ئەمنییانەی لە وڵاتانی جۆربەجۆر بینیبووی قووڵبوونەوەی باشی دەکرد بۆ ئەو ڕاستییانەی لە ناوچەکەدا ڕوو دەدەن. هەر ئەم گۆڕانە ڕۆحی و مەعنەوییە وای کرد ببێتە یەکێک لە لایەنگرانی تیۆریی " توحید قبوری و توحید قصوری"ی محەمەد قوتب سەبارەت بە ئەندێشەی سیاسیی سعوودیە و هەر بە بۆنەی ئەم ڕاونگەیەشەوە لە ئیخوان نزیک بوویەوە. ئەو ئیخوانەی کە حکوومەتی سعوودیە بەتوندی پێی ئیزعاج دەبێت.

خاشقچیی نوێخواز ڕێبازی ڕیفۆرمخوازیی ڕاستەقینەی لە ڕیفۆرمی بەڕواڵەت و ساختەیی جوێ کردبووەوە و بەو بۆنەیەشەوە لە نێوان ڕەوتە ئاڵۆزە سیاسییەکەی سعوودیەدا ڕێبازی ڕیفۆرمخوازیی لە کەناڵی ڕۆژنامەنووسییەوە دەست پێکرد و بە حوکمی ئەوەی دەستی بە هەندێک زانیاریی شاراوە و ژێربەژێری سعوودیە دەگەیشت تا ڕادەیێک وەکوو سندووقی ڕەشی سیاسەتی سعوودیە لە ناوچەکە دەرکەوتبوو. جووڵە و ڕەفتاری دیپڵۆماسییانە و میدیایی ناوبراو و هەروەها نزیک­بوونی خاشقچی لە هەندێک وڵاتی ناوچەکە و جیهان وەکوو تورکیا و بەریتانیا و میسر وای کردبوو جێشینە گەنجەکەی پاشای سعوودییە بە ئەڵتەرنەتیڤێکی خۆیی بزانێت بۆ داهاتوو بۆیە بە هەمان شێوازی باوباپیرانی خۆی بڕیاری دا بە لەناوبردنی خاشقچی. جێنشینە گەنجەکەی پاشای سعوودیە سەلماندی کە هەرچەندیش سێبەری خاشقچی قورس و فراوان بێت بەڵام خۆ بە تۆزی پێی سەدان شازادەی شانشینی سعوودیەدا ناگەیێت. لە لایێکی دیکەشەوە حکوومەتی سعوودیە گۆشەنیگایێکیش دەخات بۆ پێشینەی ڕەفتاری عوسمانییەکان بەرانبەر بە حکوومەت تازە پاگرتووەکەی ئەو وڵاتە کە 1228 دامەزرا و بینیمان کە سوپای میسر بە فەرمانی خەلافەتی عوسمانی چۆن بۆ ماوەی چەندین ساڵ ناوی حکوومەتی سعوودیەی سڕییەوە تاوەکوو لە ئەنجامدا بە یارمەتیی بەیتانیا دیسانەوە سعوودییەکان گەڕانەوە دەسەڵات.

هەڵوێست نواندنی ڕۆڵگێڕانی ئەم ساحە سیاسییە سەرسوڕمان و ڕسوا بوونی بکەران لەم دۆسییەیەی کوشتندا پەرەپێدەدات. دۆناڵد ترەمپ سەرکۆماری ئەمریکا لە یەکەم کاردانەوەی خۆیدا شاوشەیێکی هێنایە ئاراوە بە ناوی "سەری بێ دەلاک تاشین". ناوبراو وتی ڕەنگە لەم دۆسیەیەدا هەندێک کەس سەری بێ دەلاکیان تاشیبێ و بەم شێوازەش گڵۆپی سەوزی هەڵکرد بۆ جێنشینە گەنجەکەی پاشای سعوودیە کە متمانە بە خۆی بکات و بێ باکانە کوشتنی خاشقچی بگرێتە ئەستۆ. مانگا شیرییەکەی سعوودییە ئەوەندە لای ئەمریکا گرینگە کە ئەوە دەژیا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەرانی تایبەت بکات بۆ سعوودیەش و تورکیاش لە سەر هەمان دۆسیەی کوشتنی خاشقچی. سعوودیە هەمان سەرەتای دەستبەکاربوونی ترەمپ سەدا 70ی کەرەستەی سەربازی و چەکی وڵاتەکەیی لە ئەمریکا کڕی و واشەنتۆنی لە قەیرانێکی ئابووریی جیدی ڕزگار کرد. شازادە گەنجەکەی سعوودیە بۆ خۆیشی ڕایگەیاند کە پێوەندی و عیلاقاتی نێوان ئەمریکا و سعوودیە ئەوەندە قووڵە کە نەک هەر خوێنی خاشقچی بەڵکوو خوێنی هەزاران کەسی وەکوو ئەویش ئەوە ناهێنێت کە واشەنتۆن و ڕیاز پێوەندییەکانیان تێک بچێت. تورکیاش بۆ بەدواداچوون و تاوتوێ کردنی بابەتەکە ئامادەییی نواند کە هاوکاریی لایەنەکان بکات و بەو شێوازەش زەمینەی خۆش کرد بۆ ئەوەی هێدی هێدی سعوودیە کوژرانی خاشقچی بگرێتە ئەستۆ. تورکیا تازە قەشە برانسۆنی ئازاد کردووە و زۆر نییە کە لە داوی گەمارۆکانی ئەمریکا دەرباز بووە و زۆری حەز دەکرد دەوی ناوەندگیر بگێڕێت لە نێوان ڕای گشتی و پاساودانی کوژرانی خاشقچی لە سەر بنەمای دەسەڵاتی ئەمریکا. بیریشمان نەچێت بەگوێرەی پەیڕەوی نێودەوڵەتی جەمال خاشقچی ئەگەرچی بەڕەچەڵەک تورک بوو بەڵام ئەوەش تەنانەت ئەگەر ئەوەش نەبێت خاشقچی بە پەساپۆرت چووەتە وڵاتی تورکیا و ئەوەش مافی ئەوەی پێ دەبەخشێت کە وەکوو هاووڵاتییێکی ئەو وڵاتە بپارێزرێت و تورکیا لەو بارەیەوە بەرپرسیارە و دەبێت وەڵام بداتەوە. هەر بەو پێیەش دەتوانین ئاوای کورت بکەینەوە کە خوێنی خاشقچیی ڕۆژنامەنووسی لە نێوان زۆری ئەمریکا و زەڕی بێ حیسابی سعوودیە و تەزویر و قۆستنەوەی سیاسیی تورکیا تەفروتوونا بوو.

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه