08:46 PM   IRAQ
WEDNESDAY, 14 NOVEMBER 2018
 به په‌له |◀   پارێزگارى كه‌ركووک تووشى رووداوى هاتوچۆ بوو
هادی عه‌لی وته‌بێژی یه‌کگرتووی ئیسلامیی کوردستان تایبه‌ت بۆ کوردپرێس؛
گۆڕانکاریی گه‌وره‌ له‌ هه‌یکه‌لیه‌ت و سیاسه‌تی یه‌کگرتووی ئیسلامیی کوردستان ده‌کرێت

به‌شی دیمانه‌/ عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رۆکی مه‌کته‌بی سیاسیی یه‌کگرتووی ئیسلامی گفتوگۆیێکی له‌گه‌ڵ کوردپرێسدا کردوووه‌ و له‌و گفتوگۆیه‌دا دوو هۆکاری سه‌ره‌کیی شکستهێنانی یه‌کگرتوو له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان ده‌خاته‌ ڕوو و باسی گۆڕانکاریی گه‌وره‌ له‌ هه‌یکه‌لیه‌ت و سیاسه‌تی حیزبه‌که‌دا ده‌کات.

کوردپرێس: یه‌کگرتووی ئیسلامیی کوردستان یه‌کێک له‌و حیزبه‌ میانه‌ڕه‌وانه‌ی له‌ باری هزرییه‌وه‌ جێگه‌ په‌نجه‌ی ڕه‌وتی جیهانیی ئیخوانولموسلمینی پێوه‌ ده‌بینرێت ئه‌گه‌رچی پێشینه‌ی نافه‌رمیی ئه‌و ڕه‌وته‌ له‌ کوردستان و عێراق ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ چله‌کان به‌ڵام پاش په‌سه‌ندکرانی یاسای کارکردنی فه‌رمیی حیزبه‌کان له‌ په‌رله‌مانی کوردستان ساڵی 1994 وه‌کوو قه‌باره‌ی فه‌رمیی یه‌کگرتووی ئیسلامیی کوردستان به‌ سکرتارێتیی سه‌لاحه‌ددین به‌هائه‌ددین به‌ فه‌رمی ناسرا و ده‌ستی به‌ کاره‌کانی خۆی کرد. ئه‌و حیزبه‌ ستراتێژییه‌تێکی ئاشتییانه‌تری گرتۆته‌به‌ر له‌ چاو حیزبه‌ ڕکابه‌ره‌ ئیسلامخوازه‌کانی خۆی له‌ باکووری عێراق بۆیه‌ توانیی سیمایێکی جیاواز له‌خۆ بنوێنێت و هه‌ندێک جاریش ده‌وری نێوه‌ندگیر و نێوبژیڤانی گێڕاوه‌ له‌ ناکۆکیی نێوان لایه‌نه‌کاندا ئه‌وه‌ش پێگه‌ی جه‌ماوه‌ری حیزبه‌که‌ی سه‌ر خستوووه‌.

یه‌کگرتووی ئیسلامی ساڵی 2016 له‌ کۆنگره‌ی حه‌وته‌می خۆیدا جارێکی‌تر سه‌لاحه‌ددین به‌هائه‌ددینی وه‌کوو ئه‌مینداری حیزب هه‌ڵبژارده‌وه‌ ئه‌وه‌ش پاش چوار ساڵ ئه‌میندارێتیی محه‌مه‌د فه‌ره‌ج بوو. ئه‌مینداره‌ نوێکه‌ی یه‌کگرتووی ئیسلامی له‌ کۆنگره‌ی حه‌وته‌مدا ئاشکرای کرد کادیر و لایه‌نگره‌کان داوای حیزبێک ده‌که‌ن که‌ پاشکۆی هیچ لایه‌ن و هیچ که‌سێک نه‌بێت و خاوه‌ن ڕه‌ئی و قسه‌ی خۆی بێت و کار بۆ په‌ره‌پێدان و سه‌رخستنی پێگه‌ی جه‌ماوه‌ری حیزبه‌که‌ ده‌که‌ن به‌ڵام به‌عه‌کسه‌وه‌ ده‌رچوو. له‌ هه‌ڵبژاردنه‌که‌ی 30ی ئه‌یلوولی په‌رله‌مانی کوردستاندا ژماره‌ی ده‌نگ و کورسیی حیزبه‌که‌ دابه‌زینی به‌خۆوه‌ بینی. یه‌کگرتووی ئیسلامی ساڵی 2013 توانیی 186 هه‌زار و 741 ده‌نگ مسۆگه‌ر بکات و ببێته‌ خاوه‌ن 10 کورسیی په‌رله‌مان و وه‌کوو قه‌باره‌ی چواره‌می هه‌رێمی کوردستان ده‌رکه‌وت به‌ڵام له‌ هه‌ڵبژاردنه‌که‌ی 30ی ئه‌یلوولی 2018دا ته‌نها 107 هه‌زار و 307 ده‌نگی بۆ تۆمار کرا که‌ له‌ چاو خولی پێشووتر 57.4% دابه‌زینی به‌خۆوه‌ بینیوه‌ و ته‌نها 5 کورسیی بۆ مسۆگه‌ر کرا.

ئاژانسی هه‌واڵی کوردپرێس دیمانه‌یێکی له‌گه‌ڵ هادی عه‌لی وته‌بێژی یه‌کگرتووی ئیسلامیی کوردستان کردوووه‌ و وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێکی داوه‌ته‌وه‌. ده‌قی دیمانه‌که‌ لێره‌ بخوێننه‌وه‌:

کوردپرێس: وه‌کوو یه‌کگرتوو هۆکاری دابه‌زینی ده‌نگه‌کانتان له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی په‌رله‌مانی کوردستان بۆچی ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌؟

هادی عه‌لی: له‌وباره‌یه‌وه‌ دوو جۆر هۆکار هه‌یه‌ یه‌کیان پێوه‌ندیی به‌ خودی هه‌ڵبژاردنه‌که‌ و چۆنیه‌تیی ئه‌نجامدانی له‌لایه‌ن دوو لایه‌نی ده‌سه‌ڵاتداری هه‌رێمه‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی 12ی ئایار ته‌زویرێکی زۆر کرا و خه‌ڵک بێ ئومێدیی زۆری بۆ دروست بوو و له‌ هه‌ڵبژاردنه‌که‌ی دوای ئه‌وه‌شدا هه‌وڵی بۆ درا به‌ڵام هه‌روه‌کوو خۆی ده‌رچوو و چاوه‌ڕێ ئه‌وه‌ش ده‌کرا خه‌ڵکێکی زۆر که‌ له‌ ده‌سه‌ڵات ناڕازین نه‌چن بۆ ده‌نگدان و ئه‌وه‌ش بێگومان لایه‌نه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی پێ زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بێت که‌ یه‌کیان یه‌کگرتووی ئیسلامیی کوردستانه‌ و هه‌وڵیش درا ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ به‌ شێوه‌یێک له‌ شێوه‌کان دوا بخرێت به‌ڵام نه‌کرا و به‌ گشتی خه‌ڵک له‌ پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن بێ ئومێد بوووه‌. دیاره‌ ئه‌وه‌ ناڕوات بۆ ده‌نگدان ناڕازییه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات ئه‌وه‌ش زیانێکی لایه‌نه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی لێده‌که‌وێته‌وه‌. هۆکاری دووهه‌میش ئه‌وه‌یه‌ به‌ ڕای زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی یه‌کگرتوو پێوه‌ندیی به‌ هه‌ندێک هه‌ڵوێستی سیاسیی یه‌کگرتوووه‌وه‌ بوو که‌ به‌ حوکمی تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی یه‌کگرتوو هه‌ندێک له‌ هه‌ڵوێسته‌کانی لایه‌نه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات هاوڕی نه‌بوون له‌گه‌ڵ هه‌ڵوێسته‌کانی یه‌کگرتوو یانی یه‌کگرتوو هه‌وڵی دا هێڵی سێهه‌م هه‌ڵبژێرێت له‌ نێوان ده‌سه‌ڵات و لایه‌نی ناڕازی و خوێندنه‌وه‌ی وای لێکرا که‌ یه‌کگرتوو له‌ ده‌سه‌ڵات نزیکه‌ ئه‌وه‌ش کاریگه‌ریی هه‌بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌نگه‌کانی یه‌کگرتوو دابه‌زینێکی به‌رچاو به‌خۆوه‌ ببینێت.

کوردپرێس: ده‌کرێ ئاماژه‌ به‌ بابه‌ته‌کان بکه‌ن. ئه‌و بابه‌تانه‌ چی بوون؟

هادی عه‌لی: کۆمه‌ڵێک هۆکار بوون وه‌کوو ڕیفراندۆم و دره‌نگ که‌وتنی پێکهێنانی حکوومه‌ت و...

کوردپرێس: ئایا هیچ گۆڕانکاری هه‌یه‌؟ ده‌تانه‌وێت کۆنگره‌ بکه‌ن؟

هادی عه‌لی: کۆنگره‌ نزیکه‌ی ساڵ و نیوێکی ماوه‌ به‌ڵام ده‌نگۆ هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پێش بخرێت. ئێستاش خۆمان کۆبوونه‌وه‌یێکی ساڵانه‌ی ئه‌نجومه‌نی گشتیمان هه‌یه‌. بڕیار وابوو کۆنگره‌که‌ مانگی 8 بکرێت به‌ڵام به‌هۆی نزیکی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانه‌وه‌ کۆبوونه‌وه‌ فراوانه‌که‌ دوا خرا بۆ دوای هه‌ڵبژاردنه‌کان واتا بڕیار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌ که‌ کۆبوونه‌وه‌که‌ له‌ ماوه‌ی 10 ڕۆژی ئه‌خیری ئه‌م مانگه‌دا بکرێت. له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌شدا هه‌ڵسه‌نگاندنێکی قووڵ ئه‌کرێت بۆ هه‌ر دوو هه‌ڵبژاردنه‌که‌ چ هه‌ڵبژاردنه‌که‌ی 12ی ئایاری عێراق و چ هه‌ڵبژاردنه‌که‌ی 30ی ئه‌یلوولی په‌رله‌مانی کوردستانیش. له‌وێش بڕیار ده‌درێت چی بکرێت بۆ ئه‌وه‌ی یه‌کگرتوو بتوانێت ته‌جاوزی خاڵه‌ لاوازه‌کان بکات. هه‌ر له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌دا باسی پێشخستنی کۆنگره‌ش ده‌کرێت.

کوردپرێس: ئایا پێده‌چێت له‌ هه‌یکه‌ل و سیاسه‌ته‌کانی حزبدا گۆڕانکاری بکرێت؟

هادی عه‌لی: به‌ڵێ ده‌نگۆ و داواکاری بۆ گۆڕانکاری زۆره‌ چ له‌ هه‌یکه‌لیه‌تی حیزب و چ له‌ هه‌ندێک سیاسه‌تی حزبیدا. قیاده‌ی حیزب ناچار ئه‌بێت که‌ گۆڕانکاری بکات.

کوردپرێس: هیچ باسێک له‌باره‌ی گۆڕینی ئه‌میندار له‌ئارادایه‌؟

هادی عه‌لی: ئاڵوگۆڕ کردن له‌ ئه‌ندامێتیی سه‌رکردایه‌تی له‌گه‌ڵ پۆستی ئه‌میندار له‌ کۆنگره‌دا ده‌کرێت. ئه‌وه‌ی که‌ ئایا کۆنگره‌ له‌ کاتی خۆیدا بکرێت یان پێش بخرێت ئه‌و کاته‌ ئه‌و باسه‌ دێته‌ پێشه‌وه‌.

کوردپرێس: به‌ گشتی سێ لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌که‌ له‌ دوو هه‌ڵبژاردنه‌که‌ی ڕابردوودا له‌ باری ڕێژه‌ی ده‌نگه‌وه‌ دابه‌زینی به‌خۆوه‌ بینیوه‌. به‌م ئه‌نجامانه‌وه‌ ئاسۆی پێکهێنانی به‌ره‌یێکی ئیسلامی له‌ هه‌رێمی کوردستان چۆن ده‌بینن؟

هادی عه‌لی: پێشتر (دوو ساڵ له‌مه‌وپێش) وه‌کوو یه‌کگرتوو پڕۆژه‌یێکمان ڕاگه‌یاند و داوامان له‌ لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌کان کرد که‌ بچینه‌ ناو چوارچێوه‌یێکه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی کاری هاوبه‌شمان هه‌بێت به‌ڵام هه‌موان ده‌زانن برایانی کۆمه‌ڵ ئه‌و ئاماده‌یییه‌یان نه‌بوو پڕۆژه‌که‌ به‌ ئاراسته‌ی خۆیدا بڕوات به‌ڵام ئێستا له‌م قۆناغه‌دا زوویه‌تی قسه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ بکرێت.

دیمانه‌: حه‌سه‌ن ساڵحی

داگرتن و داڕشتنه‌وه‌: به‌شی کوردیی هه‌واڵده‌ریی کوردپرێس

 

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه