08:47 PM   IRAQ
WEDNESDAY, 14 NOVEMBER 2018
 به په‌له |◀   پارێزگارى كه‌ركووک تووشى رووداوى هاتوچۆ بوو
چەند كەسایەتییێكی دیاری ناو یەكێتی پڕۆژەی "هەڵسانەوەی یەكێتی" رادەگەیەنن

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- چەند كەسایەتییێكی دیاری ناو یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بەیاننامەیێکی 5 خاڵی بڵاو دەکەنەوە و لەو بەیاننامەیەدا پڕۆژەی "هەڵسانەوەی یەكێتی" رادەگەیەنن و دەڵێن، یەكێتی لەبەردەم دووڕیانێكی مێژووییی هەستیاردایە.

کوردپرێس:

بەپێی نووسراوێكی دەرکراو لەلایەن چەند كەسایەتییێكی دیاری ناو یەكێتی پڕۆژەی "هەڵسانەوەی یەكێتی" راگەیێندراوە و دەڵێن، "یەكێتی دەیەوێت بەرەو پێشەوە، بەرەو هەڵسانەوە و یەكڕیزی و سەركەوتن لەسەر رێبازەكەی مام بڕوات، یان رێگای پڕ هەڵدێر و پەرتەوازەیی و دەستەگەری و لەتلەت بوون بگرێتەبەر؟".

زانیارییەکان باس لەوە دەکەن ماوەیێكە چەند سەركردەیێكی یەكێتی لە هەوڵی ئەوەدان پڕۆژەیێک بۆ چاكسازیی ناو یەكێتی ئامادە بكەن، بڵاوكردنەوەی ئەو نووسراوەش یەكەم بەیاننامەی فەرمیی ئەو كەسایەتییانەیە.

هەر بەپێی زانیاریەكان، ئاژانسی شارێس لە زاری سەرچاوەی باوەڕپێكراوەوە وتوویەتی: "ئەو چەند كەسایەتییەی ناو یەكێتی لە ماوەی رابردوودا چەند كۆبوونەوەیێكیان كردووە تاوەكوو رۆڵی كاریگەریان هەبێت بۆ پرسە هەڵپەسێردراوەكانی ناو یەكێتی".

ئەو كەسایەتیانە لە ئێستادا نایانەوێت ناویان بڵاوبكەنەوە، بەڵام بەهیوان لە ئایندەیێكی نزیكدا بە كۆمەڵێك پڕۆژە و پێشنیاری دیكە ئاڕاستەی رای گشتی و ئەندامانی یەكێتی بكەن و ناوەكانیان ئاشكرا بكەن.

لە نووسراوەكەی ئەو كەسایەتییانەی ناو یەكێتیدا هاتووە، "ئێمە وەكوو دەستەیێک خەمخۆر و دڵسۆزی یەكێتی داوا لە كەسوكاری سەربەزی شەهیدان و پێشمەرگە دێرینەكان و كەمئەندامانی سەنگەر و زیندانییە سیاسیەكان، كاد و ئەندامانی یەكێتی دەكەین، هەڵوێستێكی یەكگرتوویان هەبێ و داوا بكەن یەكێتی بگەڕێتەوە بۆ دۆخی جاران".

هەروەها لە پێنج خاڵدا داواكارییەكانیان بەم شێوازە خستووەتە ڕوو:

یەكەم: كۆنگرەی سێیەم، پەیڕەو پڕۆگرامی پەسەندكردووە، دەبێت مەكتەبی سیاسی و هەموو مەكتەب و مەڵبەند و دەزگاكان كاری پێبكەن و جێبەجێی بكەن.

دووهەم: هەرچی كێشە و ناكۆكی روودەدات لەناو ئۆرگانە باڵاكانی رێكخستن چارەسەر بكرێت، نەك پێشەكی بۆ میدیاكان دزەی پێبكرێت.

سێهەم: كۆنگرە بۆ قووڵكردنەوەی ناكۆكی و ململانێ نەبێت و لەت و پەتبوونی لێنەكەوێتەوە و بۆ سەر لە نوێ خۆ رێكخستنەوە و گەشەكردن بێت.

چوارەم: كێشە حزبی و سیاسیەكان و بڕیارە گرنگەكان لەبن چەتری ئۆگانە باڵاكاندا بێت و (كۆنگرە، كۆنفرانس، پلنیۆم) كە سەركردایەتیش شەرعیەتی خۆی لێرە وەدەستهێنێت و دەبێ شەرعیەتی خۆیشی بپارێزێت.

پێنجەم: لاوازبوونی دامەزراوە و ئۆگانەكان، دەستگەری و تەكەتولات بەهێزتر دەكات، پێویستە دامەزراوەكانی یەكێتی لە رووی (ستوونی و ئاسۆیی)یەوە بەهێزتر بكرێن، تەنیان بەم شێوەیە یەكێتی لە لەتبوونی تر و ئاژاوەو بێسەروبەری دەپارێزرێت.

 

*لە شارپرێس وەرگیراوە

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه