04:35 PM   IRAQ
MONDAY, 17 DECEMBER 2018
 به په‌له |◀   لە عەفرین تەقینەوەیێک روویدا
به‌رهه‌م ساڵح چه‌ندین دیدار و کۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی کوه‌یت ئه‌نجام دا

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رۆک کۆماری عێراق له‌ چوار دیداری جیاوازدا له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ک له‌ میری کوه‌یت، سه‌رۆکی په‌رله‌مان و جێگری سه‌رۆک وه‌زیران و وه‌زیری بازرگانیی کوه‌یت کۆ بوووه‌وه‌ و باسیان له‌ گه‌شه‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌کانی هه‌ر دوو وڵات کرد.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، نووسینگه‌ی ڕاگه‌یاندنی سه‌رۆک کۆماری عێراق بڵاوی کرده‌وه که‌ ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ 11ی تشرینی دووهه‌می 2018 شێخ سه‌باح ئه‌لئه‌حمه‌د ئه‌لسه‌باح میری كوه‌یت پێشوازی له‌ به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆک كۆماری عێراق كردوووه‌ و پاڵپشتیی وڵاته‌كه‌ی بۆ عێراق دووپات كردوووه‌ته‌وه‌.

هه‌ر له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا میری كوه‌یت ئه‌وه‌ی ڕوون کرده‌وه‌ كه‌ وڵاته‌كه‌ی به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ یارمه‌تیدانی عێراق و  پاڵپشتیكردنی قۆناغی سه‌رله‌نوێ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی عێراق دوای له‌ناوبردنی داعش.

هاوكات به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆک كۆماری عێراق كه‌ كوه‌یتی كردوووه‌ته‌ وێستگه‌ی یه‌كه‌می گه‌شته‌كه‌ی بۆ ناوچه‌ی كه‌نداو، ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ قووڵه‌ی نێوان هه‌ردوو وڵاتی خسته‌ڕوو كه‌ هه‌ردوو وڵات پێكه‌وه‌ كۆ ده‌كاته‌وه‌.

به‌رهه‌م ساڵح ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد که‌ دانانی ده‌وڵه‌تی كوه‌یت به‌ ده‌ستپێكی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ ناوچه‌ی كه‌نداو په‌یامێكی ڕوونه‌ بۆ سه‌لماندنی بایه‌خی ئه‌م په‌یوه‌ندییانه‌ی نێوان هه‌ردوو وڵات.

به‌رهه‌م ساڵح گوتیشی: گه‌لانی ناوچه‌كه‌ مه‌ینه‌تیی زۆریان چه‌شتوووه‌ به‌ ده‌ست ئاسه‌واره‌كانی ناكۆكی و گرژییه‌كان بۆیه‌ ده‌بێت بیر له‌ ئاینده‌یێكی باشتر بكرێته‌وه‌ و كاری له‌سه‌ر بكرێت و داواشی كرد كار بكرێت بۆ دانان و كردنه‌وه‌ی ڕێگاوبانی  گواستنه‌وه‌ی نوێ و هێڵی ئاسن و پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌ ئابووریی و كلتوورییه‌كانی نێوان هه‌ردوو گه‌ل و وڵات.

هه‌روه‌ها ئێواره‌ی ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ د. به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆک کۆماری عێراق له‌ شوێنی مانه‌وه‌ی خۆی له‌ کوه‌یت پێشوازی کرد له‌ مه‌رزوق ئه‌لغانم سه‌رۆکی په‌رله‌مانی کوه‌یت.

له‌ دیداره‌که‌دا به‌رهه‌م ساڵح خواستی عێراقی دووپات کردوووه‌ته‌وه‌ بۆ گه‌شه‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌کانی له‌گه‌ڵ کوه‌یتدا و کۆتایی هێنان به‌ مه‌سه‌له‌ هه‌ڵپه‌سێراوه‌کان له‌ نێوان هه‌ر دوو وڵات و هه‌نگاونان به‌ره‌و هاریکاریی زیاتر و کاری هاوبه‌ش به‌و جۆره‌ی خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی هه‌ر دوو وڵات بکات.

هاوکات سه‌رۆکی په‌رله‌مانی کوه‌یت لای خۆیه‌وه‌ خۆشحاڵیی خۆی ده‌ربڕیوه‌ به‌ سه‌ردانی  به‌رهه‌م ساڵح و شاندی هاوڕێی و ئه‌وه‌شی ڕوون کردۆ‌ته‌وه‌ که‌ په‌یوه‌ندیی کوه‌یت و عێراق به‌هێز و برایانه‌یه‌ و ڕه‌گ و ڕیشه‌ی داکوتیوه‌.

له‌ دیدارێکی دیکه‌دا به‌رهه‌م ساڵح پێشوازی کرد له‌ شێخ سه‌باح خالید ئه‌لحه‌مه‌د ئه‌لسه‌باح جێگری سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی کوه‌یت.

هه‌ر له‌و دیداره‌دا به‌رهه‌م ساڵح خواست و نیازی عێراقی ده‌ربڕیوه‌ بۆ بنیاتنانی په‌یوه‌ندییێکی گه‌شه‌کردوو له‌ نێوان هه‌ر دوو وڵات و به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی ئابووری و بازرگانی نێوانیان.

له‌ دیدارێکی دیکه‌دا به‌رهه‌م ساڵح پێشوازی کرد له‌ خالید ڕه‌زوان وه‌زیری بازرگانیی کوه‌یت و داوای کردوووه‌ که‌ په‌ره‌ بدرێت به‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی بازرگانی له‌ ڕێی كاراکردنی ڕێککه‌وتننامه‌ی بازرگانی له‌ نێوان عێراق و ده‌وڵه‌تی کوه‌یت.