11:54 PM   IRAQ
WEDNESDAY, 21 NOVEMBER 2018
 به په‌له |◀   موقته‌دا سه‌در: فریای مووسڵ بكه‌ون
کاردانەوەی وەزیری دەرەوەی تورکیا بە وتەکانی تیلەرسێن:
تورکیا داوای کردار لە ئەمریکا دەکات/ تورکیا چیدی ئەمریکا بە دۆست ناناسێت

بەشی تورکیا- چاوش ئوغڵوو لە کاردانەوە بە وتەکانی ڕێکس تیلەرسێن وتی ئەمریکا دەبێ واز لە پشتیوانیی یەپەگە بێنێت و چیدیکە تورکیا هەڵنەخەڵەتێنێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بە گوتەکانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رێکس تیلەرسێن کرد کە لە کۆبوونەوەی ھاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش لە کوێت پێشکەشی کرد و رایگەیاند: "لە گوتەکانی ئەمڕۆیدا کەمێک گوڵی بۆ تورکیا ھەڵدا و گوتی "لە نیگەرانییەکانی تورکیا تێدەگەین". برێت مەکگۆرک (نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش)-یش قسەی کرد و گوتی "تورکیا بەرامبەر بە داعش کاریگەر بوو و بەم شێوەیە کاریگەر بوو". ئێمە ئیتر لە جیاتی قسە دەمانەوێت کردار ببینین. ئەم جۆرە قسانە ئێمە ھەڵناخەڵەتێنێت".

وەزیری دەرەوەی تورکیا جەختی لەوە کردوە کە ئەو بەڵێنانەی دراوە جێبەجێ نەکراوە و بۆیە ئیتر بەرامبەر بەو قسانە پشوو درێژ نابن و راشیگەیاند گەلی تورکیا ئیتر وەک دۆست ناڕوانێتە ئەمریکا و ئەمەش بەھۆی ئەو ھەنگاوانەی ئەمریکا بووە.

مەولوود چاوشئۆغڵو روونیشی کردەوە کە تاکوو ئەمڕۆ دیپلۆماسییان لەگەڵ ئەمریکا بە دڵسۆزی بەکارھێناوە، بەڵام پێویستە ئەم ھەوڵە دیپلۆماسییانە ئەنجامێکی لێ بکەوێتەوە و بۆیە ئیتر قسە واتای خۆی لەدەست داوە.

وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتیشی: "ئێمە بە گەمژە نەزانن، ئێمە ھەموو شتێک دەبینین. پێشھاتەکانی ناوچەکە و ھەڵوێستی ئەوانیش دەبینین".

وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولوود چاوش ئۆغڵوو جەختی لەوە کردەوە کە ئەگەر ئەمریکا خۆی بە ھاوپەیمانی تورکیا دەزانێت، پێوییستە داواکارییەکان جێبەجێ بکات.

چاوش ئۆغڵو باسی لە سەردانەکەی تیلەرسن بۆ تورکیا کرد و رایگەیاند کە جیاوازی بۆچوون لە نێو ئەمریکادا بوونی ھەیە و لە سەردانەکەی تیلەرسن بۆ تورکیاش باسی گشت ئەو بابەتانە دەکرێت.

گوتیشی: "دوو بژاردە ماوە. یان پەیوەندییەکان چاک دەکەینەوە، یان بە تەواوی تێکی دەدەین. بەڵام بە دڵنیاییەوە ھەوڵی چاککردنەوەی دەدەین".

چاوش ئۆغڵو لەبارەی یەکگرتنی ھێزەکانی ئەمریکا لەگەڵ رێکخراوی تیرۆریستی لە منبچ گوتی: "سەیری ئەو دۆخە بکەن کە وڵاتێک کەوتووەتە ناوی و خۆیشی بە پێشەنگی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ناودەبات. ئایا چی مەبەستێکتان ھەیە. دەتانەوێت دەوڵەتێکی جیا دابنێن؟ ئامانجتان چییە؟ ئامانجتان تورکیایە یان دابەشکردنی سووریا؟ راستگۆ بن لەم بابەتانە".

وەزیری دەرەوەی تورکیا، داوای کرد کە ئەمریکا پەیوەندی لەگەڵ یەپەگە بپچڕێنێت و چەکدارانی یەپەگە لە منبچ بە زووترین کات دەربکات. گوتیشی: "ئایا دۆستی تورکیان یان رێکخراوە تیرۆریستییەکان. پێویستە ئەمریکا لەمبارەیەوە بڕیار بدات".

 

سەرچاوە: ئانادۆلۆ

کۆدی هەواڵنێر: ٦٠١٠٥

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه