16:25 PM   IRAQ
FRIDAY, 22 FEBRUARY 2019
 به په‌له |◀   تووڕەیی زەیتوون تەقینەوەكەی عەفرینی گرتە ئەستۆ
ئەحمەدی حاجی ڕەشید ئەندامی کۆمیسیۆنی ئابووریی پارلەمانی عێراق تایبەت بۆ کوردپرێس:
چەسپاندنی مافی کورد لە یاسای بودجەی 2019ی عێراق

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەحمەدی حاجی ڕەشید ئەندامی کۆمیسیۆنی ئابووریی پارلەمانی عێراق لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ڕایگەیاند: بۆ یەکەمجار بە تەرخان کردنی بڕەپارەیێک لە بودجەی عێراق پشکی هێزی پێشمەرگە دیاری کراوە. هەروەها بۆ یەکەم جارە کە پشکی بودجەی هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی سەربازی و بەرگریی عێراق، وەکوو بەشێک لە هێزەکانی فیدراڵی عێراق لەبەرچاو دەگیردرێت.

کوردپرێس: پاش واژۆ کردنی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق لە لایەن بەرهەم ساڵحەوە، یاسای بودجەی عێراق فەرمی بووەوە و ئێستا چووەتە بواری جێبەجێ کردنەوە. پەسەند کردنی بودجەی گشتیی عێراق لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە پیشاندەری گۆڕانکارییێکی ئەوتۆ لە گۆڕەپانی سیاسیی ئەم وڵاتەویە. بەتایبەت گۆڕانکاری لە پێوەندییەکانی حکوومەتی ناوەندی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان. لە ساڵی 2014وە و پاش تەشەنە سەندنی ناکۆکیی سیاسی لە نێوان بەغدا و هەولێر و پچڕانی بەشە بودجەی کوردستان لە لایەن حکوومەتی ناوەندییەوە دۆخێکی ئاڵۆز لە پێوەندییەکانی دوو لایەنەکەدا دروست بوو کە ڕووداوەکانی ساڵی 2017 و بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆم و ڕووبەڕوو بوونەوەی سەربازی لە ناوچەی جێناکۆکەکاندا پیشاندەری ئەوپەڕی تەشەنە سەندنی ناکۆکییەکان بوو.

هەڵبژادرنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی 2018 و ئەنجامەکانی ئەو هەڵبژادرنە بەستێنی بۆ گۆڕینی کەشەکە خۆش کرد. بەشداریی کورد لە پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق و وەدەستەوە گرتنی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە لایەن عادل عەبدولمەهدییەوە کە لە دۆستانی کورد دێتە ئەژمار، هەروەها بە سەرۆک کۆمار بوونی بەرهەم ساڵح وەکوو کەسایەتییێکی تیکنۆکرات و بەدەستەوە گرتنی سەرۆکایەتیی پەرلەمان لە لایەن محەمەد حەلبووسییەوە پیشاندەری گۆڕانکارییەکە بوو. سیاسەتی نوێی سەرکردە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانیش لە لایێکی دیکەوە بەرپرسانی بەغدای زیاتر هان دا کە کێشەکان چارەسەر بکەن و چارەسەر کردنی کێشەکانیش زیاتر لە هەر شوێنێک لە پەسەند کردنی بودجەدا خۆی نواند.

بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی ساڵانەی عێراق هەمیشە خاڵێکی ناکۆکی لەسەر  بووە. لە ساڵی 2003وە هیچ کات مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و هێزی پێشمەرگە لە چوارچێوەی بودجەی فیدراڵدا نەگونجا بوو و هەر کاتێک کە ناکۆکییەکان تەشەنەی دەسەند پچڕانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە لایەن بەغداوە وەکوو کارتی گوشار بەکار دەهێندرا. هەروەها کوردەکان هەمیشە ناڕازی بوون لەسەر پەراوێز خستی هێزی پێشمەرگە لە لایەن حکوومەتی ناوەندییەوە.

لە بودجەی ساڵی 2019دا کێشەکە چارەسەر کراوە و بودجەیێکی تایبەت بۆ هێزی پێشمەرگە دیاری کراوە و پرسەکە جیا کرایەوە لە پێبەند بوون و پێبەند نەبوون بە ڕێککەوتنە نەوتییەکانەوە.

کوردپرێس لەباەری پەسەند کردنی بودجەی گشتیی 2019ی عێراق، تایبەتمەندییەکانی بودجەکەوە لەبارەی هەرێمی کوردستانەوە، گفتوگۆیێکی لەگەڵ ئەحمەدی حاجی ڕەشید لە نوێنەرانی پەرلەمان و ئەندامی کۆمیسیۆنی ئابووریی پارلەمانی عێراق ئەنجام داوە کە بەم شێوەیە:

چەسپاندنی مووچەی کارمەندان و هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق

ئەحمەدی حاجی ڕەشید لە نوێنەرانی پەرلەمان و ئەندامی کۆمیسیۆنی ئابووریی پارلەمانی عێراق لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێس لەبارەی پەسەند کردنی پڕۆژەیاسای بودجەی 2019ی عێراق و تایبەتمەندییەکانی وتی: پڕۆژەیاسای بودجە لە پەرلەمان تێپەڕێندرا ئێستا چاوەڕێی واژۆی سەرۆکی کۆمار-ین بۆ ئەوەی واژۆی بکات و ببێتە قانوونێکی نافیز.

سەبارەت بە پشکی هەرێمی کوردستان لە مادەی 9 و 10 و 11 بە تایبەت لە مادەی 10 لە چوار بڕگەی ئەلف، ب، ج، د هاتووە، ئەم بڕگانە یەکەمیان باسی تەسویە حیسابات دەکات لە 2004وە بۆ ئێستا، کە باس لە بودجەی پێشمەرگە دەکات کە ئەمەش بۆ یەکەم ساڵە بەشی پێشمەرگە بە مەبلەغ دابنرێت کە بڕی 68 ملیارە بۆ هەر مانگێک واتا ساڵێک 819 ملیار دینار، کە لە ناو بودجەی وەزارەتی دیفاع و قواتی ئیتیحادیدا دیاری کراوە.

پێشمەرگە وەکوو بەشێک لە هێزی بەرگریی عێراق

ناوبراو لەبارەی دیاری کردنی پشکی بودجەی پێشمەرگە لە بودجەی ساڵانەی عێراقدا وتی: ئەمساڵ بودجە دوو خیسڵەتی جیاکەرەوەی هەیە یەکەمیان ئەوەیە کە یەکەمجارە پشکی پێشمەرگە بە مەبڵەغ دادەنرێت دووەمیان ئەوەیە کە بودجەی پێشمەرگە لە نێو قواتی ئیتحادییا دیاری کراوە. کە واتە بە شێوەیێکی نافەرمی پێشمەرگە دانراوە بە قواتێکی ئیتیحادی.

ئیلزاماتی نەوتیی هەرێمی کوردستان لەبەرانبەر وەرگرتنی بەشە بودجە

ئەحمەدی حاجی ڕەشید زیادی کرد: لە خاڵی ج و بڕگەی 10 کە باس لە ڕادەست کردنی 250 هەزار بەرمیل نەوت دەکات لە موقابیلی ئەو بودجەیە کە تەخسیس کراوە بۆ هەرێم و بە ڕێژەی دانیشتووان دانراوە، ڕێژەی دانیشتووان نەهێڵرا بۆ ئەوەی ئەو حەساسیەتە و ئەو ناڕۆشنییە کە هەیە کە ئەوان باس لە سەدا 12 ئەکەن و ئێمە باس لە سەدا 13.99 ئەکەین بۆ ئەوەی ئەم ئیشکالە نەمێنێت ئەسڵی ڕێژەکە لابراوە لەناو بودجەکەدا، بەڵام باس لەوە کراوە کە ئەگەر هەرێمی کوردستان نەوتی ڕادەست نەکرد ئەوە مووچەی فەرمانبەران و هێزی پێشمەرگە لەناو موازنەکەدا سابتە. بەڵام لەبەر ئەوەی کە ئەم بابەتە جێگەی قبووڵ نەبوو لە لایەن هێزەکانی دیکەوە بۆیە ناچار بڕگەیێکی دیکە ئیزافە کرا و لە بەدیلیدا ئەمە بووەتە قانوون کە ئەگەر هەرێم نەوتی ڕادەست نەکرد بە ئەندازەی 205هەزار بەرمیل لە بودجەکەی کەم ئەکرێتەوە.

چارەسەر بوونی کێشەی ژمارەی فەرمانبەران و هێزی پێشمەرگە

لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بە تایبەت لە کاتی موناقیشە لەسەر پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق، ئەژماری ڕاستەقینەی هێزی پێشمەرگە و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان پرسی ناکۆکیی نێوان هەرێمی کوردستان و حزبە سیاسییەکان و حکوومەتی ناوەندیی عێراق بووە. ئەحمەدی حاجی ڕەشید لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا بۆ ساڵی داهاتووی زایینی ئەو کێشە چارەسەر کراوە یان نا ، دەڵێت: لە مادەی 11 فەقەرەی 6 هاتووە کە هەرێم تا ناوەڕاستی مانگی 5 ئەبێت تەواوی سەرژمێر و داتای فەرمانبەران و پێشمەرگەی خۆی بنێرێت بە ژمارە و بە ڕەگەز. تاوەکوو ئیتر لەو ئیشکالە کە ئێستا هەیە دەربچین و لەمەودوا مامەڵە لەگەڵ ژمارەی فەرمی بکەین.

ناوبراو زیادی کرد: لە پڕۆژە یاسای بودجەی ئیتیحادیدا ژمارەی هێزی پێشمەرگە و فەرمانبەرانی هەرێم 682 هزار و 21 کەس هاتوون و ئەمەش دەبێتە مەبنای دانووستانی هەردوو حکوومەت و لەم بارەشەوە ئێمە داتا و بەیاناتی زۆر دەقیقمان لایە کە ئەتوانین هاوکاریی حکوومەتی ئیتیحادی و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش بکەین لەمبارەیەوە.

داهاتووی ململانێی دارایی نێوان هەرێم و بەغدا

لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا و لە ساڵی 2014وە بەهۆی ناکۆکیی سیاسی و دارایی لە نێوان حکوومەتی ناوندی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەغدا خۆی بواردووە لە پێدانی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی وڵات و هەولێر جەخت دەکاتەوە کە بەغدا دەبێت ئەو بڕە پارەیە ڕادەست بکات. ئەندامی کۆمیسیۆنی ئابووریی پارلەمانی عێراق لەبارەی ئەمەی کە ئایا دوولایەنەکە لەسەر ئەم بابەتە دانووستانیان هەبووە یان نا وتی: تا ئێستا قسە لەسەر ئەو بابەتە نەکراوە و ئەمەش لە موقابیلی ئەمەدایە کە هەێم ئەو ساڵانە بۆ خۆی نەوتی فرۆشتووە، بۆیە دواجار ئەگەر بیانەوێت دەتوانن لە ڕێگای دانووستانەوە ئەم بابەتە چارەسەر بکەن.

چاودێریی لەسەر خەرج کردنی بەشە بودجەی هەێم

پاش پەسەند کردنی بودجەی ساڵی 2019ی عێراق لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەم وڵاتە و واژۆ کردنی لە لایەن بەرهەم ساڵحەوە، ژمارەیێک لە نوێنەرانی سەربە فراکسیۆن و ئۆپۆزیسیۆنی کوردستانی لە پەرلەمانی عێراق لەوان بزووتنەوەی نەوەی نوێ داوای ئەوەیان کردووە حکوومەت و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق چۆنییەتی خەرج کردنی بەشە بودجەکەی هەرێم لە لایەن حکوومەتی هەرێمەوە چاودێری بکەن، ئەحمەدی حاجی ڕەشید ئەندامی کۆمیسیۆنی ئابووریی پارلەمانی عێراق لەم بارەوە کە ئایا سیتەمێک بەم مەبەستە پێکهێنراوە ڕایدەگەیێنێت: نە، لە لایەن بەغداوە هیچ سیتەمێک بەم مەبەستە پێکنەهێنراوە چوونکە حکوومەتی هەرێم بۆ خۆی سوڵتەی قەزایی و یاسادانەری و جێبەجێکاریی جیای هەیە، بۆیە ئەمە ئەرکی پەرلەمانتارانی هەرێمە کە بتوانن چاودێریی ئەو سیستەمە بکەن. تەنیا دەزگایێک کە بتوانێت چاودێریی ئەم بابەتە بکات دیوانی چاودێریی حکوومەتی فیدراڵە.

چارەسەر بوونی کێشەی ئابووریی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای بەشە بودجە و داهاتی ناوخۆییەوە

پێش 2018 بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی ساڵانەی عێراق 17 لەسەد بوو پاش ئەو ساڵە گەیشتە 12 لەسەد ئەمەش لەحاڵێکدا بوو کە پاش ساڵی 2014 بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە لایەن بەغداوە پچڕا بوو، ئەحمەدی حاجی ڕەشید لەبارەی بودجەی ئەمساڵ و تایبەتمەندییەکانی ئەم بودجەیە لەچاو ساڵانی پێشوو دەڵێت: بە بڕوای من ئەم پارەیە کە لە بەغداوە دێت ئیزافە بەو داهاتە کە لە هەرێمی کوردستان بە بۆنەی فرۆشتنی نەوتەوە بەدەست دێت ئەوندەیە کە هەرێمی کوردستان بەبێ پاشەکەوت مووچە بدات و ئەو پڕۆژانەی کە داخراون دووبارە وەگەڕ بخاتەوە و هەروەها توانای ئەوەشی هەیە کە بڕێک لە قەرزەکانی پێ بداتەوە.

سێبەری حزبی لەسەر پێوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی ناوەندی

پاش پێکهێنانی حکوومەتی نوێ لە بەغدا و بەدەستەوە گرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران لە لایەن عادل عەبدولمەهدییەوە پێوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا باشتر بوونی بەخۆوە بینی، بەتایبەت پاش پەسەند کردنی بودجەی ئەمساڵ ئەم بابەتە باشتر خۆی نواندوو، لەمبارەوە ئەحمەدی حاجی ڕەشید دەڵێت: تا ئێستا ئەم نزیک بوونەوە لە سەر کاریگەریی حزبییە و نەچووەتە سەر سێبەری موئەسیساتییەوە، ئەمە زەروورە کە حکوومەت پێوەندیی لەگەڵ حکوومەت هەبێت و پەرلەمان پێوەندیی لەگەڵ پەرلەمان هەبێت، هەروەها سوڵتەی قەزایی پێوەندیی لەگەڵ سوڵتەی قەزایی هەبێت، بەڵام تا ئێستا لە ئیتاری حزیبی هەر ماوە ئەوەی کە هەیە پێوەندیی حزبەکانە لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی یا ئەو حزبانەی کە لە بەغدا کاربەدەستن. ئەگینا وەک موئەسیساتی هەرێم بەو سوورەتە نییە. ئەگەر هەرێمی کوردستان حکوومەت پێکبهێنێت و حکوومەتەکە ڕەنگدانەوەی هێزە سیاسییەکان بێت لە هەرێم بڕوام وایە پێوەندییەکان بچنە قۆناغێکی دیکەوە.

دیمانە: حەسەن ساڵحی- بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان، ئاژانسی کوردپرێس

داگرتن و داڕشتنەوە: بەشی کوردیی ئاژانسی کوردپرێس

 

کۆدی هەواڵنێر: 60113

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه