22:04 PM   IRAQ
THURSDAY, 23 MAY 2019
 به په‌له |◀   مه‌لا به‌ختیار: له‌ ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان ته‌عریبی نوێ له‌ ئارادایه‌
MONDAY, 11 MARCH 2019 - 16:08
ڕۆحانی لە بەغدا: عێراق دەتوانێت ببێتە سەبەب بۆ لێک نزیک کردنەوەی وڵاتانی ناوچەکە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- حەسەن ڕۆحانی پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرهەم ساڵح ڕایگەیاند عیلاقاتی نێوان ئێران و عێراق قووڵ و مێژوویییە و عێراق وەکوو وڵاتێکی دۆست دەتوانێت دەوری تایبەت ببینێت بۆ لێک نزیک کردنەوەی وڵاتانی ناوچەکە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس ئەمڕۆ دووشەمە 11ی ئاداری 2019 بەرانبەر بە 20ی ڕەشەمەی 1397 حەسەن ڕۆحانی سەرۆککۆماری ئێران بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدا و پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق لە کۆشکی سەلام کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیی بەڕێوە برد.

ڕۆحانی لە پرێس کونفڕانسەکەدا ڕایگەیاند: "گفتوگۆی باشمان لەگەڵ بەڕێز بەرهەم ساڵح سەرۆککۆماری عێراق کرد و لە سەر هەموو شت کۆک بووین و من لەو گفتوگۆیەدا هیچ ڕای جیاوازم نەبینی."

ناوبراو گوتیشی: "ئێمە وڵاتی عێراق بە وڵاتێکی گرینگی ئیسلامی و عەرەبی دەزانین و عێراق دەتوانێت دەوری تایبەت ببینێت بۆ لێک نریک کردنەوەی وڵاتانی هەرێمی. ئێمە پێمان باشە لەگەڵ عێراق دوو وڵاتی یەکگرتوو بین نەک بەو مانایەی کە دژی وڵاتێکی دیکە یەک بگرین بەڵکوو بەو مانایەی کە دیکەی وڵاتانیش لە دەوری خۆمان کۆ بکەینەوە."

ڕۆحانی زیادی کرد: "ئێمە لە عێراق هەست دەکەین لە وڵاتی خۆمانداین لە بەر ئەوەی پێوەندی و عیلاقاتی نێوان دوو وڵات لە باری فەرهەنگی و ئایینی و سیاسییشەوە پێوەندییێکی مێژوویی و قووڵە و ئێمە واز لەو عیلاقاتە ناهێنین."

سەرۆک کۆماری ئێران گوتیشی: "پێوەندیی نێوان بەغدا و تاران بە قازانجی هەردوو گەلی ئێران و عێراقە و ئێمەش ناهێڵین ئەو عیلاقاتە قوسووری تێدا بکرێت. ئێمە لە هەموو بوارەکاندا توانای پێشکەوتن و سەرمایەدانەریمان هەیە و لە بواری نەوت و غازت و کارەبا و کردنەوەی شارۆچکەی پیشەیی و دەوڵەمەندکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە سنوورەکان و پێشخستنی جادەسازی و هێڵی ئاسن و مەلەفی ژینگەش هاوکارییەکانمان فراوان دەکەین."

ناوبراوئ تیشکی خستە سەر شەڕی تیرۆر و زیادی کرد: هەردوو وڵاتی ئێران و عێراق لە ساڵانی ڕابردوودا شەڕی تیرۆریان کردووە و ئێرانیش پێ خوشحاڵە کە لەم ساڵانەی دواییدا لە شەڕی دژ بە تیرۆر یارمەتیی عێراقی داوە.

حەسەن ڕۆحانی لە کۆتاییی پرێس کونفڕانسەکەدا دووپاتی کردەوە کە ئەم سەردانە زۆر زۆر لای ئێران گرینگە و هیوادارن سەردانەکە ببێتە خاڵێک بۆ قووڵ کردنەوەی پێوەندی و عیلاقاتی نێوان دوو وڵاتی دۆست واتا ئێران و عێراق.

لای خۆیشیەوە بەرهەم ساڵح سەرۆککۆماری عێراق  رایگەیاند، گەشبینە بەوەی كە وڵاتانی ناوچەكە باش تێدەگەن لە گرنگیی ئارامی و ئاسایش لە عێراق و گرنگیی پاڵپشتی­كردن لە جێگیركردنی ئاسایش لە عێراق.

بەرهەم ساڵح ئاماژەی بەوەش کرد، "بە فەخامەتی سەرۆک رۆحانیم وت، كەسانێك هەیە كە دەڵێن، هەڵكەوتەی جوگرافیی عێراق قورسە و ململانێ و كێشەی زۆری تێدایە، بەڵام لە لایێكی دیكەوە عێراق خۆشبەختە بە دراوسێ ئیسلامییەكەی لە ئێران و توركیای دراوسێی".

ناوبراو زیادیشی کرد: "هیوادارین عێراق ببێتە هۆكارێكی گشتگیر بۆ ناوچەكە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەشی گەلەكانی ناوچەكە".

سەرۆک کۆماری عێراق گوتیشی: "هیوادارین عێراق ببێتە هۆكارێكی گشتگیر بۆ ناوچەكە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەشی گەلەكانی ناوچەكە و جەخت­كردنەوە لەسەر خاڵە هاوبەشەكانی نێوانمان لە بەژەوەندیی ئەم ناوچەیە، كە دەبێتە هۆی پەرەپێدان و گەشەسەندنی ئابووری، سەردانی رۆحانی سەردانێكی گرنگە بۆ ئێمە و میوانێكی ئازیزە، هیوادارین بە باشی لێرە بمێنێتەوە و كۆبوونەوەكانی لەگەڵ سەرۆك وەزیران و ئەندامانی پەرلەمان بە رێككەوتن و لێكتێگەیشتنی گرنگ كۆتاییان بێت".

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه