03:25 PM   IRAQ
FRIDAY, 23 AUGUST 2019
 به په‌له |◀   فراکسیۆنی گۆڕان لەسەر لابردنی سەرۆک شارەوانییە کوردەکان هاتە دەنگ
TUESDAY, 12 MARCH 2019 - 10:44
توێژه‌ری په‌یمانگای کازمیر پۆلاسکیی پۆڵه‌ندا تایبه‌ت بۆ کوردپرێس:
ئه‌مریکا نیگه‌رانه‌لەوەی ئێران و کوردی سووریا یەک بگرن/ پێویسته‌ کورد و به‌شار ئه‌سه‌د یه‌کبگرن

به‌شی دیمانه‌/ جیهان- دوکتۆر ڤیتۆلد ڕپتۆڤیچ توێژه‌ری په‌یمانگای کازمیر پۆلاسکیی پۆڵه‌ندا به‌ ئاژانسی کوردپرێسی گوت: شتێک که‌ ئه‌مریکا له‌باره‌ی کوردی سووریاوه‌ نیگه‌ران ده‌کات یه‌کگرتنه‌وه‌ی ئه‌وان له‌گه‌ڵ ئێرانه‌ چوونکه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ به‌ زه‌ره‌ری به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ئه‌مریکا له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌بێت. ناوبراو جه‌ختی له‌سه‌ر یه‌کگرتنی کوردی سووریا له‌گه‌ڵ به‌شار ئه‌سه‌د له‌ به‌رانبه‌ر تورکیاوه‌ کرد.

کوردپرێس: ده‌ستێوه‌ردانی وڵاتانی ڕۆژئاوا به‌تایبه‌ت ئه‌مریکا و ڕووسیا له‌سه‌ر بابه‌تی کورد پرسێکی هه‌ستۆک له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌. ئه‌م بابه‌ته‌ هه‌میشه‌ پێویستی به‌ مشت‌ومڕ و لێکدانه‌وه‌ بوووه‌. هه‌واڵده‌ریی کوردپرێس له‌ یه‌ک ساڵ پێش ئێستاوه‌ هه‌وڵه‌کانی بۆ توێکاریی و لێکدانه‌وه‌ی ئه‌و بابه‌ته‌ له‌ ڕێگای دیمانه‌ له‌گه‌ڵ توێژه‌ره‌کانی کاروباری کوردی ده‌ست پێکردوووه‌. هاوکات بابه‌تی کورد به‌تایبه‌ت له‌ تورکیا و سووریا و چۆنێتیی مامه‌ڵه‌ی ڕۆژئاوا و تورکیا له‌گه‌ڵ ئه‌و بابه‌ته‌ گرنگایه‌تییێکی تایبه‌تی هه‌یه‌. هه‌واڵده‌ریی کوردپرێس ئه‌م جاره‌ له‌گه‌ڵ دوکتۆر ڤیتۆلد ڕپتۆڤیچ توێژه‌ری په‌یمانگای کازمیر پۆلاسکیی پۆڵه‌ندا گفتوگۆی کردوووه‌. ناوبراو شرۆڤه‌کارێکی باڵای کاروباری کورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌. دوکتۆر ڤیتۆلد ڕپتۆڤیچ له‌ دیمانه‌ی له‌گه‌ڵ ئاژانسی کوردپرێسدا سه‌باره‌ت به‌ چۆنێتیی وڵاتانی ڕۆژئاوا له‌گه‌ڵ کورد ئاماژه‌ به‌ به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌و وڵاتانه‌ له‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ بابه‌ته‌کانی کورد ده‌کات. به‌ بۆچوونی ناوبراو، ڕووسیا هه‌میشه‌ ئه‌و هۆکاره‌ وه‌ک کارتێکی گوشار له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌کار ده‌هێنێت.

دوکتۆر ڤیتۆلد ڕپتۆڤیچ ئاماژه‌ به‌ بابه‌تی کوردی سووریاش ده‌کات که‌ ئه‌م ڕۆژانه‌ نزیک به‌ یه‌ک له‌سه‌ر چواری خاکی سووریایان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌. ناوبراو له‌ درێژه‌دا ئاماژه‌ به‌ بابه‌تی مانه‌وه‌ی ئه‌مریکا له‌ نێوان کوردی سووریا ده‌کات و هۆکاری ئه‌و بابه‌ته‌ش به‌ نیگه‌رانیی واشنتۆن له‌ یه‌کگرتنی کوردی سووریا له‌گه‌ڵ ئێران وه‌سف ده‌کات چوونکه‌ به‌ وته‌ی ناوبراو ئه‌و ڕووداوه‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ئه‌مریکا له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌خاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌. دوکتۆر ڤیتۆلد ڕپتۆڤیچ له‌ درێژه‌ی دیمانه‌که‌یدا ئاماژه‌ به‌ چاوچنۆکیی تورکیا بۆ سه‌ر خاکی سووریا و داگیرکردنی هه‌ندێک ناوچه‌ی باکووری ئه‌و وڵاته‌ له‌وان ناوچه‌ی کوردنشینی عه‌فرین له‌ باکووری ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا ده‌کات و ته‌ئکید ده‌کاته‌وه‌ که‌ ده‌بێ کوردی سووریا و حکوومه‌تی به‌شار ئه‌سه‌د له‌ به‌رانبه‌ر داگیرکارییه‌کانی تورکیا یه‌کبگرن.

ده‌قی دیمانه‌که‌ له‌ خواره‌وه‌ بخوێنه‌ره‌وه‌؛

کوردپرێس: بابه‌تی کورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و به‌تایبه‌ت تورکیا چۆن وه‌سف ده‌که‌ن؟

دوکتۆر ڤیتۆلد ڕپتۆڤیچ: دۆخی ناوچه‌ کوردنشینه‌کان جیاوازه‌ به‌ڵام بێگومان کوردی تورکیا خراپترین بارودۆخی هه‌یه‌ بۆ وێنه‌ له‌ عێراق، کورد له‌ ڕابردوودا به‌ره‌وڕووی جینۆساید بۆته‌وه‌ به‌ڵام له‌ ڕاستیدا ئه‌و وڵاته‌ چیتر وڵاتێکی به‌ ته‌واوه‌تی عه‌ره‌بی نییه‌ و ده‌کرێ ئه‌و وڵاته‌ به‌ وڵاتێکی کوردی- عه‌ره‌بی وه‌سف بکرێت. به‌پێی ده‌ستووری عێراق، زمانی کوردی له‌گه‌ڵ زمانی عه‌ره‌بی زمانێکی فه‌رمی له‌ وڵات و نه‌ک هه‌ر له‌ هه‌رێمی کوردستانه‌. هه‌روه‌ها کوردی عێراق به‌پێی ئیستیحقاق و ژماره‌ی کورسییه‌کانیان نوێنه‌ریان له‌ په‌رله‌مانی عێراق هه‌یه‌. من بیر له‌وه‌ ده‌که‌مه‌وه‌ که‌ ئه‌و مۆدێله‌ ده‌توانێت بۆ کوردی تورکیاش جێبه‌جێ بکرێت و به‌ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی که‌ هه‌رێمی کوردستان ناوچه‌یێکی فیدڕاڵه‌ ناکرێ بوترێت هه‌رێمی کوردستان ناوچه‌یێکی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ره‌ به‌ڵکوو ده‌بێ بوترێت ناوچه‌یێکی فیدڕاڵه‌ و ئه‌مه‌ چه‌مکێکی جیاواز له‌ ئایدیای ده‌وڵه‌ته‌ وه‌ک ده‌وڵه‌تێکی فره‌نه‌ته‌وه‌یی له‌جیاتی ده‌وڵه‌تێکی یه‌ک نه‌ته‌وه‌یی که‌ تێیدا کورد وه‌ک به‌شێک له‌ گه‌لی یه‌کده‌نگ و نه‌ک ئیتنیک له‌به‌رچاو ده‌گیردرێن و میوانداریی هاوبه‌شی ده‌وڵه‌ت ده‌بن.

هه‌ڵبه‌ت ده‌بێ بوترێت که‌ ژماره‌یێک له‌ کورده‌کان ئاواتی هه‌بوونی کیانێکی سه‌ربه‌خۆیان هه‌یه‌ و به‌تایبه‌ت له‌ ناوچه‌ی کوردنشینی عێراق پلانیان بۆ هه‌بوونی کیانێکی سه‌ربه‌خۆ بۆ کورد و ته‌نانه‌ت زیاتر له‌وه‌ش ئاماده‌ کردوووه‌ به‌ڵام ئه‌مه‌ ته‌نها ڕوئیایێکه‌ و هیچ حزبێک پڕۆژه‌یێکی بۆ هێنانه‌دی ئه‌و ئاواته‌ نییه‌. پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق هه‌وڵه‌کانی بۆ سه‌ربه‌خۆییی ناوچه‌ی کوردنشینی عێراق چڕ کردبوو و هیچ به‌رنامه‌یێکی بۆ گه‌شه‌ و زێده‌ڕۆیی نه‌بوو. ئه‌و پڕۆژه‌یه‌، مه‌به‌ستی من به‌ڕێوه‌چوونی ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی له‌ ساڵی 2017 بوو که‌ شکستی هێنا و من گومانم هه‌یه‌ له‌وه‌ی که‌ ئه‌و بابه‌ته به‌ گشتی‌ به‌رژه‌وه‌ندییێکی بۆ کوردستان هه‌بێت. دامه‌زراندنی کیانێکی سه‌ربه‌خۆی کوردی له‌ عێراق به‌ره‌وڕووی کێشه‌گه‌لێکی زۆر ده‌بێته‌وه‌ و پێده‌چێت پشت‌ئه‌ستوور به‌ یه‌کێک له‌ دراوسێکان وه‌ک تورکیا بێت و ئه‌و بابه‌ته‌ش نه‌ک هه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییێکی بۆ کورد نابێت به‌ڵکوو ئه‌نجامێکی عه‌کسی ده‌بێت و دۆخی کورد له‌ دیکه‌ی ناوچه‌کان وه‌ک تورکیا خراپتر ده‌کات.

تورکیا ده‌یه‌وێت هه‌وڵ و ته‌قه‌لاکان بۆ وه‌ده‌ستهێنانی مافی کورد به بابه‌تی‌ جیایی‌خوازی و تیرۆریزمه‌وه‌ بلکێنێت. تورکیا له‌سه‌ر ئایدیای نه‌بوونی کورد، کوردستان و زمانی کوردی بنیات نراوه‌. له‌ بیرۆکه‌ی ئاتاتورکدا، جێگه‌ ته‌نها بۆ یه‌ک گه‌ل، یه‌ک زمان و یه‌ک فه‌رهه‌نگ بوو که‌ ئه‌وه‌ش تورکی بوو. ده‌وڵه‌تی تورکیا به‌ سه‌رکردایه‌تیی پارتی داد و گه‌شه‌ هه‌ندێک چاکسازی ده‌ست پێکرد به‌ڵام به‌ بۆنه‌ی نه‌بوونی نه‌خشه‌ڕێگا و ڕێچارێکی یه‌کپارچه‌ وه‌ستا. ئاماده‌کارییه‌کان له‌ پێشه‌وه‌ بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ کرابوو؛ مه‌به‌ستی من ڕێککه‌وتنی دولمه‌ باخچه‌ بوو به‌ڵام ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان ئه‌و ڕێککه‌وتنه‌ی ڕه‌ت کرده‌وه‌. ئه‌ردۆغان هه‌رگیز هه‌وڵێکی بۆ چاره‌سه‌رکردنی پرسی کورد نه‌داوه‌ به‌ڵکوو به‌ دوای ڕاکێشانی ده‌نگی کورد له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کان بوووه‌. ناوبراو وازی له‌ ستراتێژیی خۆی سه‌باره‌ت به‌ سیاسه‌تی سه‌رکوت‌کردنی کورد هێنا. گه‌وره‌ترین دوژمنی ئه‌ردۆغان گه‌ریلاکانی په‌که‌که‌ نه‌بوون به‌ڵکوو ئه‌وانه‌ بوون که‌ ڕیگه‌چاره‌ی پرسی کوردیان په‌ره‌ پێده‌دا هه‌ر بۆیه‌ هه‌وڵی دا خۆی له‌وان ده‌رباز بکات. ئه‌ردۆغان پاش هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2015 زۆربه‌ی شاره‌وانیی شاره‌ کوردنشینه‌کانی خسته‌ زیندانه‌وه‌. ناوبراو ته‌نها بیری له‌ به‌دواداچوون نه‌ده‌کرده‌وه‌ به‌ڵکوو ده‌یویست گه‌نجانی هه‌ڵسووڕ له‌ هه‌بوونی سه‌رکرده‌ مه‌نتیقییه‌کان بێبه‌ش بکات. ئامانجی ناوبراو هه‌وڵی ئه‌و گه‌نجانه‌ بۆ هه‌ڵگرتنی چه‌ک و ده‌ستپێکردنی ئاخێزی هه‌ستۆکانه‌ بوو و ئه‌وه‌ بیانوویێکی به‌ ئه‌ردۆغان ده‌دا کارزاری به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر به‌ڕێ بخات. سوپای تورکیا له شه‌ڕی‌ دوایین ڕۆژانی ساڵی 2015 و سه‌ره‌تای ساڵی 2016 تاوانێکی زۆری ئه‌نجام دا.

کێشه‌ی کورد له‌ تورکیا هه‌ر په‌یوه‌ندیی به‌ سیاسه‌تی ده‌وڵه‌ت له‌ به‌رانبه‌ر کورده‌وه‌ نییه‌ به‌ڵکوو مومکینه‌ ڕوانگه‌ی ئیتنیکانه‌ی تورکی نیسبه‌ت به‌ هاووڵاتییانی کوردی به‌دواوه‌ بێت. ئه‌وان له‌ ئه‌رزی واقیعدا ناسیۆنالیستن. ئه‌و بابه‌ته‌ وه‌ک سه‌رده‌مێکی ده‌سه‌ڵاتدارێتیی ئه‌ڵمانیایه‌ و مومکینه‌ ڕق و کین نیسبه‌ت به‌ کوردی له‌ئارادا بێت. ئه‌وان له‌ کاتێکدا پیتی "ک" ده‌بیسن گڕ ده‌گرن. ئه‌وان له‌ کاتێکدا ئاماژه‌ به‌ هه‌رێمی کوردستانی عێراق ده‌که‌ن ده‌سته‌واژه‌ی "باکووری عێراق" به‌کار ده‌هێنن. ئه‌ردۆغان پێویستی به‌ ده‌نگیی ئه‌م ناسیۆنالیستانه‌ له‌ هه‌ڵبژاردن هه‌یه‌ که‌واته‌ ناوبراو به‌ کاره‌ دژه‌کوردییه‌کانی تێده‌کۆشێت ئه‌وان هان بدات. له‌لایێکی دیکه‌وه‌، ئه‌ردۆغان ده‌یه‌وێت نفووزی تورکیا له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌کانی ئه‌و وڵاته‌ به‌تایبه‌ت له‌ عێراق و سووریا زیاتر بکاته‌وه‌ به‌و بۆنه‌یه‌ که‌ ئه‌ردۆغان فێڵی ئه‌تاتورک له‌ ماوه‌ی شه‌ڕی سه‌ربه‌خۆییی تورکیا به‌کار ده‌هێنێت. ئه‌تاتورک له‌ ماوه‌ی شه‌ڕی سه‌ربه‌خۆییی تورکیا و کاتی داگیرکردنی مووسڵ، ناوی کورد و تورک ده‌هێنێت به‌ڵام دواتر کورد هیچ جێگایێکی له‌ ئایدیا و بیرۆکه‌ی ناوبراو له‌باره‌ی تورکیاوه‌ نییه‌. ئه‌م ئایدیا ئێستاکه‌ش‌ له‌لایه‌ن ئه‌ردۆغانه‌وه‌ پێوشوێنگری ده‌کرێت و ناوبراو سیاسه‌تی نیئۆعوسمانی به‌کار ده‌هێنێت.

کوردپرێس: پێناچێت که‌ ده‌وڵه‌تی تورکیا به‌ سه‌رکردایه‌تیی ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان بیه‌وێت جارێکی‌تر پڕۆسه‌ی ئاشتی له‌گه‌ڵ کورد ده‌ست پێبکاته‌وه‌؛ ئاسۆی کورد و پڕۆسه‌ی ئاشتی چۆن ده‌بێت؟ ئایا ئه‌و بابه‌ته‌ له‌ ڕێگای زه‌بری سه‌ربازییه‌وه‌ چاره‌سه‌ر ده‌کرێت؟

دوکتۆر ڤیتۆلد ڕپتۆڤیچ: پرسی کورد له‌ ڕێگای زه‌بری سه‌ربازییه‌وه‌ چاره‌سه‌ر ناکرێت. ئه‌و  بابه‌ته‌ ته‌نها به‌ڕێخستنی حه‌مامێکی خوێنی دیکه‌ی لێده‌که‌وێته‌وه‌. تورکیا نه‌یتوانیوه‌ له‌م 35 شه‌ڕه‌ له‌گه‌ڵ کورد سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێت و ئه‌و وڵاته‌ ناتوانێت له‌و شه‌ڕه‌دا سه‌ربکه‌وێت چوونکه‌ نه‌وه‌ گه‌نجه‌کانی کورد یه‌ک له‌دوای یه‌ک له‌ سه‌ختی و دژواریدا ده‌ژین و ئه‌وه‌ش تووڕه‌یی و ڕه‌ق و کین زیندوو ده‌کاته‌وه‌. پڕۆسه‌ی تێکه‌ڵ‌کردنی کورد و نیشته‌جێ کردنیان له‌ ناوچه‌ی تورک‌نشینیش به‌ره‌وڕووی شکست بۆته‌وه‌. به‌خته‌وه‌رانه‌ تورکیا ناتوانێت بابه‌تی جینۆسایدی ئه‌رامه‌نه‌ له‌ ساڵی 1915 دووپات بکاته‌وه‌ و کورده‌کان له‌ناو ببات. به‌داخه‌وه‌ تورکیا ناتوانێت به‌ باشی نه‌خشه‌ڕێگایێک بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ بدۆزێته‌وه‌ و پێناچێت که‌ پڕۆسه‌یێکی ئاشتیی دیکه‌ ده‌ست پێبکاته‌وه‌. که‌واته‌، له‌ تورکیا خوێنێکی زیاتر ده‌ڕژێت، سه‌ختی و دژواریی زیاتر ده‌بێت و تیرۆر و قوربانییێکی زۆرتر ده‌بێت و هه‌ستی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ زیاتر ده‌بێته‌وه‌. تورکیا ناتوانێت براوه‌ی ئه‌م شه‌ڕه‌ بێت به‌ڵام ئه‌گه‌ر لایه‌نێکی سێهه‌م بیه‌وێت یارمه‌تیی په‌که‌که‌ بدات مومکینه‌ تورکیا له‌ شه‌ڕه‌که‌دا به‌ره‌وڕووی شکست ببێته‌وه‌.

کوردپرێس: بۆچی ئه‌ورووپا و ئه‌مریکا نایانه‌وێت پشتیوانی له‌ بابه‌تی کورد بکه‌ن؟ ئایا ئه‌و بابه‌ته‌ به‌و بۆنه‌یه‌ که‌ په‌که‌که‌ به‌ ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ده‌زانن و یان په‌یوه‌ندی و به‌رژه‌وه‌ندیی ئابووری ڕێگری له‌ ده‌ستێوه‌ردانی ئه‌وان له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی کورددا ده‌کات؟

دوکتۆر ڤیتۆلد ڕپتۆڤیچ: ئه‌و بابه‌ته‌ به‌وه‌وه‌ به‌نده‌ که‌ "پشتیوانی له‌ بابه‌تی کورد" چۆن پێناسه‌ بکه‌ین و به‌ کام ناوچه‌ی کوردی ئاماژه‌ بکه‌ین. هه‌م ئه‌مریکا و هه‌م ئه‌ورووپا په‌یوه‌ندییێکی باشیان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان هه‌یه‌ و له‌ ماوه‌ی شه‌ڕ له‌گه‌ڵ داعش پشتیوانییان له‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ کرد. ئه‌وان پشتیوانییان له‌ به‌ڕێوه‌چوونی ڕیفراندۆم نه‌کرد چوونکه‌ هیچ که‌س ئه‌و کاره‌ی نه‌کرد. ئه‌مریکا له‌ سووریا و له‌ ماوه‌ی به‌رگری له‌ کۆبانێ پشتیوانی له‌ هێزی کوردی سووریا ناسراو به‌ YPG کرد و دواتر یارمه‌تییێکی سه‌ربازیی زۆری بۆ کورد ڕه‌وانه‌ کرد به‌ تایبه‌ت له‌ ماوه‌ی دوو ساڵی ڕابردوودا.

په‌که‌که‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی تورکیا ڕۆڵێکی کارای نییه ‌به‌تایبه‌ت له‌ سووریا که‌ YPG په‌یوه‌ندییه‌کانی له‌گه‌ڵ ئه‌و گرووپه‌ بڕاوه‌. ئه‌ورووپا و ئه‌مریکا به‌ باشی ده‌زانن که‌ ئیدعاکانی تورکیا هه‌ڵه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی کوردی سووریا له‌لایه‌ن په‌که‌که‌وه‌ بۆ هێرش‌کردنه‌ سه‌ر تورکیا به‌کار ده‌هێندرێت. په‌که‌که‌ له‌ لیستی تیرۆری ئه‌ورووپادایه‌ و ئه‌وه‌ش به‌ بۆنه‌ی مه‌نتیقی شه‌ڕی سارد و ئه‌ندامێتیی تورکیا له‌ ناتۆیه‌. سوپای کۆماریخوازی ئیرله‌ندیش گرووپێکی تیرۆریستییه‌ و دواتر هه‌ندێک له‌ ئه‌ندامانی بوونه‌ ئه‌ندامی کابینه‌ و په‌رله‌مان. هه‌روه‌ها، په‌که‌که‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌و گرووپه‌ جیهادییه‌ توندڕه‌وانه‌ی که‌ له‌لایه‌ن تورکیاوه‌ پشتیوانییان لێده‌کرێت هه‌ڕه‌شه‌یێک بۆ سه‌ر ئه‌ورووپا به‌ ئه‌ژمار نایێت. که‌واته‌، ڕوانینێکی وا له‌لایه‌ن ئه‌ورووپاوه‌ نیسبه‌ت به‌ په‌که‌که،‌ ئه‌ندامێتیی تورکیا له‌ ڕێکخراوی ناتۆیه‌.

بۆ ئه‌مریکا هه‌ر ئه‌ندامێتیی تورکیا له‌ ناتۆ ته‌نها هۆکاری مامه‌ڵه‌ی ئێستایان له‌گه‌ڵ پرسی کورد له‌ تورکیایه‌ به‌ڵام له‌باره‌ی ئه‌ورووپاوه‌ به‌و شێوه‌یه‌ نییه‌. ئه‌ورووپا له‌ ساڵانی 2015 و 2016دا که‌مپێنی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تورکیا له‌گه‌ڵ کوردی نادیده‌ گرت چوونکه‌ نیگه‌ران بوو ئه‌ردۆغان هه‌مدیسان هێرش بکاته‌ سه‌ر ئه‌ورووپا له‌ ڕێگای چوونی شه‌پۆلێک له‌ په‌نابه‌ران به‌ره‌و ئه‌ورووپا. به‌ ته‌واوه‌تی ڕوون و ئاشکرایه‌ که‌ ڕێکخراوی هه‌واڵگریی تورکیا (میت) شه‌پۆلی چوونی په‌نابه‌ران به‌ره‌و ئه‌ورووپای به‌ڕێخست. ئه‌ورووپا ده‌یتوانی به‌ سه‌پاندنی گه‌مارۆ بۆ سه‌ر تورکیا وه‌ک کاری ڕووسیا دژ به‌ ئه‌نقه‌ره‌ له‌ ماوه‌ی داکه‌وتنی فڕۆکه‌ی شه‌ڕکه‌ری ڕووسیا له‌لایه‌ن تورکیا و یان ناچارکردنی تورکیا له‌لایه‌ن ئه‌مریکاوه‌ بۆ ئازادکردنی قه‌شه‌ برۆنسۆن له‌ به‌رانبه‌ر سیاسه‌تی دوژمنکارانه‌ی تورکیا بوه‌ستێت. ئابووریی تورکیا ئه‌وه‌نده‌ له‌رزۆکه‌ که‌ ناتوانێت ماوه‌یێکی زۆر له‌ به‌رانبه‌ر گه‌مارۆکانی ئه‌ورووپا تاقه‌ت بهێنێت به‌ڵام ئه‌و بابه‌ته‌ له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندیی کۆمپانیا گه‌وره‌کان وه‌ک بانکه‌ گه‌وره‌کانی ئه‌ڵمانیا یه‌ک ناگرێته‌وه‌ که‌ قه‌رزیان به‌ تورکیا داوه‌ به‌و بۆنه‌وه‌ ئه‌ورووپا چاوی خۆی له‌سه‌ر ئه‌و کاره‌ی تورکیا داخستوووه‌ که‌ له‌ حه‌قی کوردی ئه‌و وڵاته‌ ده‌یکات.

کوردپرێس: وڵاتانی زلهێز و ڕۆژئاوا چۆن به‌ بابه‌تی کورد به‌ تایبه‌ت له‌ عێراق و تورکیا ده‌ڕوانن؟ مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئایا ئه‌وان له‌ ڕاستیدا ده‌یانه‌وێت پرسی کورده‌کان چاره‌سه‌ر بکه‌ن یان ده‌یانه‌وێت ئه‌و بابه‌ته‌ وه‌ک ئامێرێک به‌کار بهێنن؟

دوکتۆر ڤیتۆلد ڕپتۆڤیچ: بۆ ڕووسیا، پرسی کورد هه‌میشه‌ وه‌ک کارتێکی گوشار بوووه‌. هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ش سیاسه‌تێکی نوێ نییه‌. به‌ر له‌ سه‌دی 19 ئیمپراتووریای ڕووسیا به‌ دوای به‌کارهێنانی هه‌ندێک گرووپی کوردی بۆ لاوازکردنی ئیمپراتووریای عوسمانی بوو به‌ڵام به‌ شێوه‌یێکی جیدی هه‌وڵێکی بۆ چاره‌سه‌رکردنی پرسی کورد نه‌دا یان بۆ وێنه‌، یه‌کێتیی سۆڤییه‌ت له‌ ساڵی 1946 له‌ کوردی ئێران بۆ دامه‌زراندنی جمهووری پشتیوانی کرد به‌ڵام دواتر ئه‌وانی به‌جێهێشت چوونکه‌ ته‌نها هه‌وڵی سه‌پاندنی گوشار بۆ سه‌ر شای ئێرانی ده‌دا. ئه‌و بابه‌ته‌ له‌ عه‌فرینیش ڕووی دا. ڕووسیا له‌ کاتێکدا ئه‌و شته‌یان که‌ له‌ ئه‌ردۆغان داوا ده‌کرد به‌ده‌ستهێنا ڕێگه‌یان به‌ ئه‌نقه‌ره‌ دا که‌ کورد له‌ عه‌فرین بوردومان بکات. ئه‌و بابه‌ته‌ هێشتا درێژه‌ی هه‌یه‌ به‌ڵام مۆسکۆ ڕێگه‌ نادات تورکیا کورد له‌ناو ببات چوونکه‌ کارته‌ گوشاره‌که‌ی له‌ده‌ست ده‌دات. له‌باره‌ی عێراقیش، ڕووسیا به‌ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی که‌ ده‌زانێت دۆخی ئێستا گۆڕانی به‌سه‌ردا نایێت، له‌و بابه‌ته‌ که‌ڵک وه‌رده‌گرێت و له‌ ڕێگای کۆمپانیای ڕۆسنه‌فته‌وه‌ نفووزێکی زیاتری له‌ ئه‌مریکا هه‌یه‌ له‌ هه‌ولێر پێته‌ختی هه‌رێمی کوردستان.

خه‌ڵکی وڵاتانی ڕۆژئاوا پشتیوانییێکی زۆر له‌ کورد ده‌که‌ن به‌ڵام زانیارییێکی زۆریان له‌باره‌ی ئه‌وانه‌وه‌ نییه‌ به‌ڵام ڕووسیا پێشینه‌یێکی زۆری له‌سه‌ر کورد هه‌یه‌ و ئه‌مریکا زانیارییێکی له‌باره‌ی کورده‌وه‌ نییه‌ که‌واته‌، سیاسه‌تی ئه‌وان نیسبه‌ت به‌ کورد ناڕێکوپێکه‌. به‌م حاڵه‌شه‌وه‌، هه‌رێمی کوردستان به‌ بۆنه‌ی لوتفی ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتوووه‌کانه‌وه‌ دامه‌زرا و ئه‌وان ئێستا ده‌یانه‌وێت دۆخی ئێستا درێژه‌ی هه‌بێت و ئه‌وه‌ش باشه‌. به‌ڵام من بیر ناکه‌مه‌وه‌ ئه‌مریکا ئایدیای ڕێگه‌چاره‌یێکی یه‌کپارچه‌ی له‌باره‌ی کورد به‌تایبه‌ت له‌باره‌ی تورکیا هه‌بێت. ئه‌وان تا ئه‌و کاته‌ی که‌ تورکیا ئه‌ندامی ناتۆ بێت، به‌ بێ ئاوڕدانه‌وه‌ له‌وه‌ی که‌ تورکیا چ کارێک ئه‌نجام ده‌دات، زۆر بیر له‌ بابه‌تی کوردی ئه‌و وڵاته‌ ناکه‌نه‌وه‌.

بابه‌تی کوردی سووریا پێچه‌ڵاوپووچه‌ و ته‌نها کات نیشانی ده‌دات که‌ ئه‌گه‌ر تورکیا هێرش بکاته‌ سه‌ر کورد کاردانه‌وه‌ی ئه‌مریکا چ ده‌بێت. ئه‌گه‌ر کوردی سووریا ئامانجی قه‌تلوعامه‌کانی تورکیا بێت بۆ سیمای ئه‌مریکا باش نابێت و سیاسه‌توانانی ئه‌مریکاش ئه‌و بابه‌ته‌ به‌ باشی ده‌زانن به‌ڵام ئه‌و شته‌ی که‌ ئه‌مریکا نیگه‌ران ده‌کات ئه‌وه‌یه‌ که‌ کوردی سووریا له‌گه‌ڵ ئێران و حیزبوڵڵا یه‌ک بگرن و ئه‌و بابه‌ته‌ش له‌ زه‌ره‌ری به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌مریکا له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌شکێته‌وه‌. ئێستاکه‌ کورده‌کان پێیان خۆشه‌ له‌گه‌ڵ ڕووسیا مامه‌ڵه‌ بکه‌ن به‌ڵام مومکینه‌ دۆخه‌که‌ بگۆڕێت.

کوردپرێس: ئامانجی سه‌ره‌کیی ئه‌ردۆغان له‌ ده‌ستێوه‌ردانه‌ سه‌ربازییه‌کان له‌ سووریا چییه‌؟ هه‌ندێک که‌س پێیانوایه‌ که‌ تورکیا ده‌یه‌وێت هه‌ندێک ناوچه‌ی سووریا وه‌ک عه‌فرین و ئه‌لباب به‌ خاکی خۆیه‌وه‌ بلکێنێت؛ ئایا ئه‌و بابه‌ته‌ مومکینه‌؟

دوکتۆر ڤیتۆلد ڕپتۆڤیچ: ئه‌گه‌ر کورد مه‌به‌ستم هێزی سووریای دیموکرات و ئه‌سه‌د له‌ به‌رانبه‌ر داگیرکارییه‌کانی سووریا یه‌ک نه‌گرن له‌ زه‌ره‌ری هه‌ردوولا ده‌شکێته‌وه‌. تورکیا له‌ عه‌فریندا به‌ شێوه‌یێکی به‌رچاو گۆڕینی پێکهاته‌ی حه‌شیمه‌تی ده‌ست پێکردوووه‌ و له‌ تێکڕای ناوچه‌کانی ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی له‌ سووریا به‌رنامه‌ی وانه‌وتنه‌وه‌ی تورکیا له‌ قوتابخانه‌کاندا ئاراسته‌ ده‌کات و به‌ شێوه‌یێکی به‌رچاو خه‌ریکه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ له‌ ڕووی ئیدارییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ دیلۆکی تورکیا هه‌ماهه‌نگ ده‌کات. ئه‌و بابه‌ته‌ له‌ ئه‌نجامدا وه‌ک ناوچه‌ی سنیاکی ئه‌سکه‌نده‌روون یان قوبرسی باکوور دێته‌ به‌رچاو. هه‌ڵبه‌ت ئه‌و بابه‌ته‌ش مومکینه‌ ته‌نها به‌ ڕه‌زامه‌ندیی ڕووسیا ڕوو بدات. ڕووسیا ده‌یه‌وێت هاوسه‌نگیی ده‌سه‌ڵات دروست بکات. له‌لایێکی دیکه‌وه‌، وڵاتانی ڕۆژئاوا له‌وان ئه‌مریکا و ئه‌ورووپا هیچ هه‌وڵێکیان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌و سیناریۆیه‌ی تورکیا نییه‌ لانی‌که‌م تا ئه‌و کاته‌ی که‌ ئه‌نقه‌ره‌ ئه‌ندامی ناتۆ بێت.

دیمانه‌: ئه‌شره‌ف بینه‌نده‌

وه‌ڕگێڕان له‌ فارسییه‌وه‌: به‌شی کوردیی ئاژانسی کوردپرێس

 

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه