01:37 PM   IRAQ
WEDNESDAY, 27 MARCH 2019
 به په‌له |◀   ڕۆحانی بۆ چارەکردنی قەیرانی لافاو داوای یارمەتی لە ئەرتەش و سوپای پاسداران و هەموو دامودەزگاکانی ئێران دەکات
WEDNESDAY, 13 MARCH 2019 - 12:16
جیاوازیی نێوان سەردانەکەی ڕۆحانی و سەردانەکەی ترەمپ بۆ عێراق چی بوو؟

بەشی جیهان- چاودێرێکی سیاسیی کاروباری عێراق سەردانی هەردوو سەرۆککۆماری ئێران و ئەمریکا بۆ عێراق هەڵدەسەنگێنێت و بە کوردپرێس دەڵێت: "سەردانە نهێنییەکەی ترەمپ بۆ عێراق شکستێکی قەباحەتباری پڕۆتۆکۆلی دیپڵۆماسییەتی ئەمریکا بوو بەڵام لە سەردانەکەی ڕۆحانیدا هەموو پڕۆتۆکۆلە فەرمییەکان جێبەجێ کران و ئەو سەردانەش کارتێکەریی ئیجابیی دەبێت لە عیلاقاتی نێوان ئێران و عێراق و کوردەکانی هەرێمی کوردستانیش.

کوردپرێس:

حەسەن ڕۆحانی سەرۆککۆماری ئێران پێش دوو ڕۆژ لە سەرووی وەفدێکی باڵای ئێرانی سەردانی عێراقی کردووە و بە فەرمی لە لایەن هاوتا عێراقییەکەیەوە پێشوازیی لێکرا و پاش کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران و سەرۆکی پەرلەمانی و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و کاربەدەستانی ئابووری و سەرۆکی لیست و هاوپەیمانێتییەکانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەمە 13ی ئادار گەیشتە نەجەف و بڕیارە لەگەڵ ئایەتوڵا سیستانی گەورە مەرجەعی شیعەکانی عێراق کۆ ببێتەوە.

ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس بۆ تاوتوێ کردنی زیاتری سەردانەکەی سەرۆککۆماری ئێران بۆ عێراق چەند پرسیاری ئاراستەی محەمەد وائیلی توێژەری کاروباری سیاسیی عێراق کردووە. وائیلی لەو دیمانەیەدا هەڵسەنگاندنێکی لە نێوان سەردانەکەی ترەمپ و سەردانەکەی ڕۆحانی بۆ عێراق کردووە و لەو قەناعەتەدایە سەردانی ڕۆحانی بۆ عێراق شوێندانەریی باشی لە پێوەندیی نێوان هەردوو وڵاتدا دەبێت.

سەردانەکەی ترەمپ شکستی دیپڵۆماسیەت

محەمەد وائیلی لە بارەی سەردانەکەی ڕۆحانی بۆ عێراق و جیاوازیی ئەو سەردانە لەگەڵ سەردانەکەی ترەمپ بە هەواڵنێری کوردپرێسی وتووە: "سەردانە نهێنییەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ عێراق شکستێکی قەباحەتباری دیپڵۆماسیەتی ئەمریکا بوو و ڕای گشتی و نوخبە سیاسییەکانی عێراقیش تانەیان لەو شێوە سەردانە دا. زۆرینەی چاودێرانی سیاسیی ڕۆژئاواش بڕوایان وایە ئەو سەردانەی ترەمپ خەساری قورسی لە پێوەندیی نێوان عێراق و ئەمریکا داوە و لێکەوتەی خراپی بۆ عێراقییەکانیش بووە و بۆتە هۆی پەرەسەندنی ئەو ڕەوتەی کە ئێستا حاکمە و داوای دەرکردنی هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق دەکرێت. ڕاستە هەندێک لایەنی عێراقی داوایان کردووە ئەمریکا هێزەکانی لە عێراق بباتە دەرەوە بەڵام دیار نییە بەرپرسانی ئەمریکی چ بڕیارێک لەو بارەیەوە دەدەن. سەرەڕای ئەوەش سەردانەکانی بەرپرسانی ئەمریکی ڕێککەوتن و قازانجی ئابووریی بۆ عێراقییەکان نەبووە بەڵکوو زیاتر لەو سەردانانەدا تەرکیز کراوەتە سەر ڕەهەندی ئەمنی و سیاسی.

هەڵسەنگاندنی سەردانەکەی ترەمپ و سەردانەکەی ڕۆحانی

ئەو چاودێرە سیاسییەی کاروباری عێراق لەبارەی هەڵسەنگاندنی نێوان دوو سەردانی ڕۆحانی و ترەمپ بۆ عێراق بە ئاژانسی هەواڵی کوردپرێسی وت: "پێچەوانەی سەردانە نهێنییەکەی ترەمپ لە سەردانەکەی ڕۆحانیدا هەموو پڕۆتۆکۆلە فەرمییەکان جێبەجێ کران و محەمەد جەاد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران پێش سەردانەکەی ڕۆحانی هەموو ئامادەکارییەکان بۆ ئەو سەردانە کرد."

ناوبراو گوتیشی چاوەڕوان دەکرێت سەردانەکەی ئەنجامی ئیجابیی باشی هەبێت. یەک لە دەستەکەوتەکانیش کە باسی لێکراوە ئەوەیە ڤیزەی گەشتیاران و زیارەتکارانی هەردوو وڵات بە خۆڕایی دەبێت و بڕیارە شارۆچکەی پیشەیی لە نێوان دوو وڵات درۆست بکرێت و ڕێژەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە سنوورەکانی ئێران و عێراقەوە بەرز بکرێتەوە و هێڵی ئاسنی بەسرەش تەوەرێکی دیکەی ڕێککەوتنە ئابوورییەکانە کە هەردوو وڵات لە سەری کۆک بوون. ئەمانە کۆمەڵێک دەستکەوتن بەڵام دەبێت چاوەڕێ بکەین بزانین بەو کەمپە دژە ئێرانییانەی لە عێراق هەیە و سزا ئابوورییەکانی ئەمریکاشی لەگەڵە ئەم ڕێککەوتنانە چۆن دەچنە بواری جێبەجێ کردنەوە.

سەردانەکەی ڕۆحانی بۆ عێراق کارتێکەر دەبێت لە عیلاقاتی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان

ناوبراو لە بارەی کارتێکەریی سەردانەکەی ڕۆحانی بە هەواڵنێری کوردپرێسی ڕاگەیاند: بێ گومان ئەو سەردانەی ڕۆحانی دەبێتە خاڵێکی وەرچەرخان لە پێوەندیی نێوان ئێران و عێراق و هەرێمی کوردستانیش. سەردانەکەی ڕۆحانی پەرە بە پێوەندیی نێوان ئێران و عێراق دەدات کە لە ساڵی 2003وە دەستی پێکردووە. هەروەهاش سەردانەکە هەوڵێکە بۆ خۆش کردنی بواری پێوەندییەکانی نێوان دوو وڵات لە بەر ئەوەی عێراق ناچار بووبوو ئیلتیزام بە سزاکانی ئەمریکا دژی ئێران بکات و ئەوەش کێشەی بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات دروست کردبوو."

محەمەد وائیلی گوتیشی ئایەتوڵڵا سیستانی قبووڵی دەکات کە لەگەڵ ڕۆحانی دیدار بکات ئەگەرچی زۆر بەرپرسی عێراقی و بیانی هەوڵیان داوە دیداری لەگەڵ بکەن بەڵام ئەو گەورە مەرجەعەی شیعە قبووڵی نەکردووە دیداریان لەگەڵ بکات. ئەو دیدارەش دەیسەلمێنێت کە ئاستی پێوەندییەکانی نێوان عێراق و ئێران تەنیا پێوەندیی سیاسیی نییە بەڵکوو لە بواری ئاینی و فەرهەنگییشەوە پەرە بە پێوەندییەکان دەدرێت.

سەردانەکەی ڕۆحانی سوودی بۆ کورد چییە؟

محەمەد وائیلی ئاماژەی بە پێوەندیی سەردانەکەی ڕۆحانی بە کوردی عێراقەوە کرد و بە کوردپرێسی وت:پاش ڕووداوەکانی 16ی ئەکتەوبری 2017 پێوەندیی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان سارد بوویەوە بەڵام لە سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان بینیمان کە چ پێشوازییێکی لێکرا و ئەوەش دەیسەلمێنێت کە نێوانی کورد لەگەڵ ئێران ئێستا باشترە. لە لایێکی دیکەشەوە بەرهەم ساڵح ئەگەرچی وەکوو سەرۆککۆماری عێراق بە فەرمی پێشوازیی لە ڕۆحانی کرد بەڵام بە نافەرمی نوێنەری کوردەکانی عێراقیش بوو و بەو نێوانە خۆشەی دوکتور بەرهەم لەگەڵ لایەنی ئێرانی هەیەتی چاوەڕوان دەکرێت عیلاقاتی کورد و هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران بەرەو باشتربوون بچێت.

ئایا سەردانەکەی ڕۆحانی بۆ عێراق سزا ئابوورییەکانی ئەمریکا کز دەکات؟

محەمەد وائیلی بە هەواڵنێری کوردپرێسی ڕاگەیاند ئامانجێکی سەردانەکەی سەرۆککۆماری ئێران بۆ عێراق ئەوە بوو گوشار و کارتێکەریی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران کەم بکاتەوە و بەرپرسانی ئێرانیش بە هەمان مەبەست سەردانی عێراقیان کردووە. دیارە عێراق ناتوانێت بە تەواوەتی بوار بۆ سڕکردنی سزاکانی ئەمریکا بڕەخسێنێت بەڵام دەتوانێت ئاسانکاری بۆ ئێران بکات کە دەرفەتێکی دەست بکەوێت هەندێک لە گوشارەکان کەم بکاتەوە. ئەگەر بێتوو عێراق پێچەوانەی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران بجووڵێتەوە گوشاری ئەمریکای دەخرێتە سەر. بەڵام بەوەشەوە لایەنی عێراق بە باشی لە قووڵاییی عیلاقاتی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسیی بەغدا و تاران تێدەگات.

ناوبراو لە کۆتاییدا ئەوەشی بە کوردپرێس وت: "ئەمریکا ناتوانێت ڕێگریی ئەوتۆ لە پەرەپێدرانی پێوەندیی نێوان ئێران و عێراق بکات بەتایبەتیش پاش ئەوەی ترەمپ بە نهێنی سەردانی عێراقی کرد و پرۆتۆکۆلە دیپڵۆماتیکەکانیان لەبەرچاو نەگرت و ئەوەش بوو بە دەستکەوتێکی باش بۆ ئێران. بە بڕوای من ئێستا بەرپرسانی باڵای ئەمریکاش گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی ناتوانن بە بێ لەبەرچاوگرتنی هاوکێشەی دەسەڵاتی هەردوو وڵاتی ئێران و ئەمریکا مامەڵە لەگەڵ عێراق بکەن."

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه