02:36 PM   IRAQ
WEDNESDAY, 21 AUGUST 2019
 به په‌له |◀   ئەردۆغان مەبەستیەتی بە ئەنقەست ڕەوتی کوردی لە تورکیا و سووریا بسڕێتەوە
THURSDAY, 14 MARCH 2019 - 12:51
هه‌ولێر و به‌غدا له‌ ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر كه‌ركووک نزیک ده‌بنه‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- لێدوانی سیاسه‌توانانی هه‌رێمی کوردستان و عێراق باس له‌ به‌رده‌وامیی گفتوگۆکان و نزیک‌بوونه‌وه‌ی هه‌ولێر و به‌غدا له‌ ڕێککه‌وتن له‌سه‌ر پارێزگای جێناکۆکی که‌رکووک ده‌کاته‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، پارێزگای نه‌وتخێزی که‌رکووک پاش ساڵی 2003 و گۆڕینی سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتیی ئه‌و وڵاته‌ هه‌میشه‌ خاڵێکی موناقیشه‌ی نێوان کورد و ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی بوووه‌ و ڕووداوه‌کانی 16ی ئه‌کته‌وبری 2017 که‌ به‌ره‌وڕووبوونه‌وه‌ی سه‌ربازیی نێوان دوو لایه‌نی لێکه‌وته‌وه‌ یه‌کێک له‌ ئاڵۆزی و ناکۆکییه‌کانی نێوان هه‌ردوولا بوو.

له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چاوه‌ڕێ ده‌كرێت كێشه‌كانی هه‌ولێر و به‌غداش به‌ره‌و كرانه‌وه‌ بچن و به‌شێكی نوێ له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا ده‌ست پێبكات.

له‌ ماوه‌ی چه‌ند مانگی ڕابردوودا پاش هاتنه‌ سه‌ر کاری ده‌وڵه‌تی نوێی عێراق، دانووستانی لیژنه‌ی سیاسی و سه‌ربازیی هه‌ولێر و به‌غدا له‌سه‌ر که‌رکووک و دیکه‌ی ناوچه‌ جێناکۆکه‌کان درێژه‌ی بوووه‌ به‌ ئامانجی هه‌ماهه‌نگی و ئیتیفاق له‌سه‌ر پاراستن و چه‌سپاندنی ئاسایش له‌و ناوچانه‌دا.

که‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنیی کوردستان 24ی سه‌ر به‌ مه‌سروور بارزانی ڕاوێژکاری ئاسایشی هه‌رێمی کوردستان و کاندیدی پارتی بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆک وه‌زیرانی ده‌وڵه‌تی داهاتووی هه‌رێمی کوردستان له‌ ڕاپۆرتێکدا باس له ڕێککه‌وتن و نزیک بوونه‌وه‌ی هه‌ولێر- به‌غدا ده‌کات له‌سه‌ر که‌رکووک.

ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسیی ڕه‌وتی حیکمه‌ی نیشتمانی له‌باره‌ی نزیک‌بوونه‌وه‌ی کورد و عێراق به‌ ڕێککه‌وتن له‌سه‌ر که‌رکووک ده‌ڵێت: "ئه‌و کاته‌ی به‌ڕێز عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆکایه‌تی وه‌زیرانی وه‌رگرت هه‌موو پرسه‌کان ڕوویان له‌ چاره‌سه‌رکرد، ئه‌مه‌ به‌ شاهێدی هه‌ر دوو لایه‌ن واته‌ هه‌ولێر و به‌غدا، ببینن پرسی مووچه‌ و بودجه‌ چاره‌سه‌ر کرا و پرسی پیشمه‌رگه‌ و که‌رکووکیش ئێستا گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌کرێت و ڕووی له‌ چارسه‌ره‌."

ڕه‌زا جه‌واد ته‌قی له‌باره‌ی پرسی كه‌ركووكیشه‌وه‌ ده‌ڵێت: "ئێستا به‌غدا له‌و بڕوایه‌دایه‌ که‌ ده‌بێ له‌و شاره‌ هاوسه‌نگی هه‌بێت و هه‌موو پێکهاته‌کان به‌شداری چارسه‌ر بن، دووباره‌ی ده‌که‌مه‌وه‌ ئێمه‌ ئێستا قۆناخی قه‌یرانمان جێهێشت و له‌ قۆناخی چاره‌سه‌رداین."

گفتوگۆی ئاشکرا له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌سه‌ر که‌رکووک ده‌ستی پێکردوووه‌، پارتی که‌ له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا زۆرترین قسه‌ی له‌سه‌ر ڕه‌وشی که‌رکووک هه‌بوووه‌، ئێستا گه‌شبینه‌ به‌ چاره‌سه‌ری کێشه‌کان و ئه‌حمه‌د کانی ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تیی ئه‌و حزبه‌ ده‌ڵێت: "عادل عه‌بدولمه‌هدی ده‌توانێت ده‌روازه‌ بێ بۆ چاره‌سه‌ر به‌و مه‌رجه‌ی کوردیش له‌ نێو خۆیدا یه‌کگرتوو بێت."

ناوبراو زیادیشی کرد: هه‌ولێر و به‌غدا له‌ ڕێککه‌وتنی کۆتایی له‌سه‌ر پرسه‌کانی که‌رکووک و گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ نزیک بوونه‌ته‌وه‌ و کێشه‌کان ڕوو له‌ چارسه‌ر ده‌که‌ن به‌ جۆرێک قۆناخی قه‌یران تێپه‌ڕیوه‌ و له‌ قۆناخی چاره‌سه‌ردان به‌ڵام بۆ چاره‌سه‌ری کۆتایی پێویسته‌ کورد یه‌کماڵ بێت چوونکه‌ ئه‌وه‌ کورد به‌هێزتر ده‌کات.

 

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه