03:13 PM   IRAQ
TUESDAY, 23 APRIL 2019
 به په‌له |◀   کۆشکی سپی: لێخۆشبوون بۆ 8 وڵاتی کڕیاری نەوتی ئێران درێژ ناکرێتەوە/ ئێران: وەڵامی بڕیارەکەی ئەمریکا دەدەینەوە
MONDAY, 25 MARCH 2019 - 13:37
چاودێرێکی سیاسیی کاروباری تورکیا تایبەت بۆ کوردپرێس:
ڕێککەوتن لە گەڵ کورد باشترین بژاردەیە بۆ ئەردۆغان

بەشی جیهان- جەیمز کەیری بە کوردپرێسی وتووە ئەگەرچی هێماکان ئاماژە بە ڕێککەوتنی ئەردۆغان لەگەڵ کورد ناکەن بەڵام بێگومان باشترین بژاردە بۆ سەرکۆماری تورکیا ئەوەیە لەگەڵ کورد ڕێکبکەوێت.

کوردپرێس:

ڕۆژی 31ی ئازاری 2019 هەڵبژاردنی شارەوانییەکانیتورکیا بەڕێوە دەچێت. دەوڵەتی ئێستای تورکیا کە حیزبەکەی ئەردۆغان تێیدا باڵادەستە لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا دەست دەکات بە پڕۆپاگەندە و بانگەشەی سیاسی و تەنانەت دژی نەیار و ناڕازییەکانیشی شەڕ دەکات. نموونەکەشی هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر کانتۆنی عەفرین بوو. چڕکردنەوەی شەڕی دژ بە پەکەکەش نموونەیێکی دیکەی ئەو موزایەدە سیاسییانەیە کە دەوڵەتی ئەردۆغان لە کاتی هەڵبژرادنەکاندا کردوویەتی و دەیکات.

جەیمز کەیری چاودێری سیاسیی کاروباری تورکیا لە دیمانەیێکدا قسەی لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس کردووە و لە بارەی ڕەوشی تورکیاوە وتوویەتی: بەشێکی عەقڵییەت و سیاسەتی ئەردۆغان لە هەڵبژرادندا ڕووبەڕووبوونەوەی کوردی ئەو وڵاتە بووە و دوور نییە چەند ڕۆژێک پێش هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵیش دەست بداتە هێرش کردن دژی کوردی ئەو وڵاتە بەڵام ناتوانێت هێرش بکاتە سەر کوردی سووریا لە بەر ئەوەی ئێستاش هێزە ئەمریکییەکان لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی کوردی سووریا ماونەتەوە. ئەو چاودێرە سیاسییەی کاروباری تورکیا هەروەهاش لەبارەی ئایندەی ئاشتیی نێوان کورد و دەوڵەتی تورکیا و ئوپەراسیۆنی سەربازیی دژ بە پەکەکە و ڕێککەوتنی چاوەڕوواننەکراوی نێوان تورکیا و ئەمریکا لە سەر باکووری سووریا وەڵامی پرسیارەکانی کوردپرێسی داوەتەوە.

دەقی دیمانەکەی کوردپرێس لەگەڵ جەیمز کەیری لێرەوە بخوێنەوە:

کوردپرێس: خوێندنەوتان بۆ هەڵبژاردنەکانی 31ی ئازار لە تورکیا چییە؟ ئایا کورد دەستی بە ئەنجامی باشتر لە خولەکانی پێشووتر دەگات؟

جەیمز کەیری:لە بەر ئەوەی سانسۆر و فیلتەر لە حیزبی باڵادەستی تورکیا زۆرە ناکرێت ئەو هەڵبژاردنە بە هەڵبژاردنی تەواو بزانین. دیارە بەشێکی دەنگەکانیان لێ فەوتاوە بەڵام پێ دەچێت گرینگترین بەشی ئەم هەڵبژاردنە هەڵسەنگاندنێک بێت بۆ دەرکەوتنی ڕێژەی جەماوەری ئاکپارتی.

پارتی دادوگەشەپێدان ئێستا گیرۆدەی قەیرانی دارایییە و بەو بۆنەیەشەوە بەشێکی جەماوەرەکەی لە دەست داوە و لە لایێکی دیکەشەوە ئیی پارت هەیە و بەشێکی ئەو دەنگانەی ئاکەپە دەبات. من لەو قەناعەتەدام کە فاتمە ئاکین کاندیدی کۆمۆنیستەکان لە ئەستەنبۆڵ هیوای بە سەرکەوتن زیاتر بووە لەبەر ئەوەی بژاردەیێکی دیکەیە بۆ ئەو تورکانەی زۆر خۆیان بە مولتەزیم دەزانن بەڵام پشتیان لە ئاکەپە کردووە و وەفایشیان بۆ کۆماریخوازەکانی CHP نەماوە. بەڵام لەو بڕوایەشدا نیم کە ساردبوونەوەی تورکەکان لە دەنگدان بە قازانجی کورد بشکێتەوە. ئێستا دۆخێکی وەستاو لە جەهەپەدا حاکمە و لە بەرانبەردا هەدەپە خەریکی بووژانەوەیە و بە بڕوای من ئێستا کورد و کۆمۆنیستەکان دوو لایەنن کە پێگەی باشیان هەیە بۆ ئەوەی بتوانن لایەنگرە پێشووەکانی ئاکەپە بۆ خۆیان ڕابکێشن و بەڵاکەی کۆماریخوازی گەلیان بەسەردان نەیەت.

کوردپرێس:پێ دەچێت ئەمریکا وتورکیا نەیانتوانیبێت لەبارەی مەسەلەی کوردەوە بگەنە ڕیککەوتن. خوێندنەوەی بەڕێزتان چییە؟

جەیمز کەیری: بە بڕوای من ئەگەر هەیە ترەمپ و ئەردۆغان بگەنە ڕێککەوتن و سەرکۆماری ئەمریکا ئەرکی "پاکککردنەوەی" ناوچەکە لە داعش بە تورکیا بسپێرێت.

ئەژەرچی دوور نیە ئەردۆغان ڕەزامەندیی ترەمپ وەربگرێت بەڵام گوشارەکان لە سەر ترەمپ زۆرن و ناتوانێت سووریا چۆڵ بکات. ڕای گشتی دوو خوێندنەوەیان بۆ هێزی سووریای دیموکرات بە سەرۆکایەتیی کوردی سووریا هەیە: یەکەم ئەوەی بڕوایان وایە داعش ئێستاش هەڕەشەیە لە سەر سووریا و دووهەم ئەوەی هەموو ئەمانە بۆ ئەوەیە کە ئەمریکا پاساو بۆ بوونی سەربازیی خۆی لە سووریا بهێنێتەوە. دۆناڵد ترەمپ لە بەر ئەو گوشارە سیاسییانە و لە بەر کۆمەڵێک لەمپەری نێوخۆی دیکەش نەیتوانیوە بگاتە ئەو ئامانجەی پەیڕەوی دەکرد. هەر ئەم بابەتانەش ڕێگری لە ڕێککەوتنی نێوان تورکیا و ئەمریکا دەکەن. کۆمەڵێک ناتەبایی لە سەر سیستەمی بەرگریی مووشەکی پاتریۆتیش ململانێ و تەنگەژەی زیاتری لە نێوان هەردوو وڵات دروست کردووە و دەبێتە هۆی ئەوەی ڕێککەوتنی نێوانیان زەحمەت بێت.

کوردپرێس: ئایا تورکیا وەکوو ساڵانی ڕابردوو پێش هەڵبژاردنەکان هێرش دەکاتەوە سەر باکووری سووریا؟ ئەوە بوو پێشتر لە عەفرین بینیمان هێرشی کرد.

جەیمز کەیری: ڕەنگە هێرش بکات. ئەگەریش هەیە کە هێرشەکان دژی پەکەکە چڕ بکاتەوە. ئەردۆغان لە هەموو هەڵبژاردنەکاندا بۆ بانگەشە کردن پێویستی بە دژایەتی کردنی کورد هەیە هەر بۆیەش هیچ خاڵێک نابینم کە بیسەلمێنێت ئەم هەڵبژاردنە لە هەڵبژاردنەکانی پێشووتر جیاواز بێت. تەنانەت دوور نییە ئێستا کە پێگەی ئاکپارتی مەترسیی لە سەرە دژایەتی کردنی کورد زیاتر لە پێشوو بکرێت.

بەوەشەوە بە بۆنەی بوونی سەربازانی ئەمریکا لە سووریا کوردی ئەو وڵاتە پارێزراوە و تورکیا ناتوانێت تۆپبارانی ناوچەی ژێردەسەڵاتی کورد لە باکووری سووریا بکات بەڵام ئەگەر بێتوو تورکیا و ڕووسیا بگەنە ڕێککەوتن ئەوا ئەنقەرە دەتوانێت لە مۆڵەت وەرگرتن لە مۆسکۆ دەست بکات بە تۆپباران کردنی ناوچەی ژێردەسەڵاتی کوردی سووریا.

کوردپرێس: تورکیا دەڵێت لەمەودوا لە شەڕی دژ بە پەکەکەدا چەکی مۆدێڕن وەکوو فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی تەیارکراو بەکار دەهێنێت. ئایا ئەمە بەستێن بۆ لەناوچوونی پەکەکە فەراهەم دەکات؟ ئایا پەکەکەش دەتوانێت دەستی بە چەکی پێشکەوتوو و مودێڕن بگات؟

جەیمز کەیری: تا ئەو کاتەی کورد و ناسنامەی کوردی بمێنێت تورکیا ناتوانێت پەکەکە لە ناو بەرێت. بەڵام ئێستا سوپای تورکیا لە باکووری سووریا بڵاوەی پێکراوە و ئەو شەڕەش دژی پەکەکە بەردەوامە. بە بڕوای من پەکەکەش فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بەکار دەهێنێت.

ئەوەی کە ئایا پەکەکە دەستی بە چەکی پێشکەوتوو بگات یان خەیر بەستراوە بەوەوە کە ئایا پەکەکە دەتوانێت هاوپەیمانی وا بۆ خۆی بدۆزێتەوە کە ئامادە بێت چەکی پێشکەوتووی بداتێ یان خەیر. پەکەکە توانای فەراهەم کردنی ئەو هاوپەیمانەی نییە هەر بۆیەش باشتر وایە هاوشێوەی یەمەنییەکان هەوڵ بدات چەکی تایبەت بە خۆی دروست بکات. ئەگەر پەکەکە جێگایێک بۆ بەرهەمهێنانی چەک فەراهەم بکات ئەوا دەتوانێت چەکی تایبەت بە خۆی دروست بکات.

کوردپرێس: خوێندنەوەتان بۆ مانەوەی 400 هێزی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی کوردی سووریا چییە؟ ئایا تەنیا لەبەر ئەوەیە کە کوردی سووریا لە بەرانبەر هێرشی تورکیاوە پارێزراو بێت؟

جەیمز کەیری: مانەوەی هێزی ئەمریکی لە سووریا پێوەندیی بە بوونی هێزی فراوانی جیاجیا لەو وڵاتەدا هەیە. لەو کاتەوە شەڕی داعش دەستی پێکردووە کەس ئەو پرسیارەی نەکردووە کە هێزە ئەمریکییەکان بۆچی بە هەموو لایێکدا بڵاوەیان پێکراوە. بەشێکی هۆکارەکەی مانەوەی هێزە ئەمریکییەکان لە بەر کوردە و بەشێکی دیکەشەی لە بەر شەڕی داعشە. بەڵام بەشی هەرە زۆری هۆکاری مانەوەی ئەمریکا لە سووریا ئەوەیە دەترسێت ئەگەر ئەو وڵاتە چۆڵ بکات ئێران و ڕووسیا بە یەکجاری کۆنتڕۆڵی بکەن. تەنانەت ئەگەر کوردی سووریاش ڕاستەوخۆ لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیی سووریا دەست بە گفتوگۆ بکەن و بگەنە ڕێککەوتن مەترسیی ئەوە بەردەوامە کە تورکیا لە سەر ئیزنی ڕووسیا هێرش بکاتە سەر کورد. نیگەرانییەکەی ئەمریکا لەوەیە کە تورکیا و ئێران و ڕووسیا زیاتر لە پێشوو لێک نزیک ببنەوە. ئەردۆغان حەز بە هاوکاری و هاوبیری لەگەڵ ئێران ڕووسیا دەکات ئەوەش شکستێکی دیکەیە بۆ ئەمریکا.

کوردپرێس: ئایا دەکرێت چاوەڕوانی ئەوە بین ئەردۆغان و کوردی تورکیا لە داهاتوودا بگەنە ڕێککەوتن؟

جەیمز کەیری: من لەو قەناعەتەدا نیم شتی وا ڕوو بدات بەڵام ئەوەی باست کرد باشترین بژاردەیە بۆ ئەردۆغان. ئەردۆغان ئەو کاتەی دەسەڵاتی بەدەستەوە گرت هیوای زۆری بوو بە گۆڕانکاری کرد. تەنانەت بەڵێنیشی دا لەگەڵ کوردی ئەو وڵاتە گفتوگۆ بکات. هەر ئەوەش وای کرد کوردی تورکیا دەنگی زۆر بە ئەردۆغان بدات. ئەگەر ئەردۆغان بگەڕێتەوە سەر عەقڵییەتی پێشووی هیوای ئەوە دەگەشێتەوە کە پێوەندیی تورکی-کوردی لە تورکیا بکەوێتە سەر هێڵی ڕاستی خۆی.

 

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه