03:48 PM   IRAQ
TUESDAY, 23 APRIL 2019
 به په‌له |◀   کۆشکی سپی: لێخۆشبوون بۆ 8 وڵاتی کڕیاری نەوتی ئێران درێژ ناکرێتەوە/ ئێران: وەڵامی بڕیارەکەی ئەمریکا دەدەینەوە
TUESDAY, 26 MARCH 2019 - 13:45
ڕۆحانی بۆ چارەکردنی قەیرانی لافاو داوای یارمەتی لە ئەرتەش و سوپای پاسداران و هەموو دامودەزگاکانی ئێران دەکات

بەشی ئێران/ کوردی- پاش لافاوە قورسەکانی باکوور و باشوور و ڕۆژئاوای ئێران حەسەن ڕۆحانی بە ڤیدیۆ کۆنفڕانس دانیشتنی نائاساییی کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانی بەڕێوە برد و داوای لە ئەرتەش و سوپای پاسداران و هەموو دامودەزگا حکوومییەکان کرد لەم کارەساتە سروشتییەدا بە هانای دەوڵەتەوە بێن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس ئەمڕۆ سێشەمە 26ی ئازاری 2019 کۆبوونەوەی دەستەی سەرۆکایەتیی دەوڵەت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانی لافاوەکانی ئێران بە سەرۆکایەتیی حەسەن ڕۆحانی سەرۆککۆماری ئێران بەڕێوە چوو و لەو دانیشتنەدا لە ڕێگای ڤیدیۆ کۆنفڕانسەوە پێوەندی بە پارێزگا لێقۆماوەکانەوە کرا و فەرمانی پێویست لەبارەی چارەسەری کێشەکانەوە دەرکرا.

حەسەن ڕۆحانی سەرۆککۆماری ئێران لە کۆبوونەوەکەدا داوای لە ئەرتەش و سوپای پاسداران و مانگی سوور و هەموو دامودەزگا حکوومییەکان کرد لەم بەڵا سروشتییەدا خێراتر بە هانای لێقۆماوانەوە بچن و بۆ ڕەوان کردن ئاوی ناو شارەکان خێراتر کار بکەن و هەموو توانا تەکنیکی و ئەندازیارییەکانیان بەکار بهێنن بۆ ئەوەی دۆخی شارەکان ئاسایی بکرێتەوە.

ڕۆحانی گوتیشی هەنگاوی یەکەم بۆ چارەسەری کێشەکە ئەوەیە ئاوی ناو شارەکان خاڵی بکرێتەوە و بەو مەبەستەش دەبێت تیمەکانی ئەندازیاریی سوپای پاسداران و ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەنگاوی خێراتر هەڵبگرن.

ناوبراو ستایشی ددان بەخۆداگرتنی هاووڵاتییانی لێقۆماوی کرد و داواشی کرد بە هەمان خۆڕاگرییەوە یارمەتیی تیمەکانی فریاکەوتن و ئەندازیارانی سوپا و ئەرتەش و لایەنە پێوەندیدارەکان بدەن بەڵکوو زووتر ئەو بەڵا سروشتییە لەسەر شارەکانیان دوور بکەوێتەوە و دۆخەکە ئاسایی بکرێتەوە.

شیاوی ئاماژەیە ماوەی چەند ڕۆژێکە بەهۆی باران بارینی زۆرەوە چەند پارێزگای ئێران تووشی لافاوی قورس بوون. لافاوەکە سەرەتا لە پارێزگای گوڵستانەوە دەستی پێکرد و لە کۆڵان و شەقامەکانی چەند شارێکدا قووڵاییی ئاوەکە تا یەک مەتر و نیو دەگەیشت. تیمەکانی فریاکەوتن و ئەرتەش و سوپای پاسداران دەستیان بەکار کرد و بە کەرەستە و جیهازی پێویستەوە یارمەتییان گەیاندە هاووڵاتییانی لێقۆماو بەڵام ئێستاش کێشەکە بەدەوامە و شەقام و کۆڵانەکانی چەند شاری گوڵستان بە ڕێژەیێکی زۆر ئاوی تێدا ماوە و هەوڵەکان بۆ گواستنەوە و خاڵی کردنی ئاوەکە بەردەوامە.