00:08 PM   IRAQ
WEDNESDAY, 22 MAY 2019
 به په‌له |◀   ڕۆحانی: ئێران سەر بۆ ملهوڕان دانانەوێنێت
TUESDAY, 7 MAY 2019 - 09:35
ڕاپۆرتی عەرەبی ئەلجەدید؛
واشنتن لەبارەی چەکە ئەمریکیەکانی دەست حەشدی شەعبی دووبارە گوشاری خستۆتە سەر بەغدا

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- هاوکارت لەگەڵ هەوڵە دژبەرانەکانی ئەمریکا دژ بە ئێران و ڕەوتە نزیکەکانی لە ناوچەکەدا باسی چەکە ئەمریکییەکانی دەست حەشدی شەعبی کە لەکاتی شەڕی دژە داعش بەدەستیان گەیشتبوو دووبارە هاتۆتە ئاراوە.

کوردپرێس: ڕۆژنامەی عەرەبی ئەلجەدیدی لەندەن لە ڕاپۆرتێکدا ڕایدەگەیێنێت: سه‌رله‌نوێ قسه‌وباس له‌باره‌ی چه‌كه‌كانی ئه‌مه‌ریكا لای حه‌شدی شه‌عبی ده‌ستی پێكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌نێوان ساڵانی 2015 تا 2017 له‌كاتی شه‌ڕی داعشدا كه‌وتووه‌ته‌ ده‌ستیان.

هاوكات له‌گه‌ڵ زیادبوونی گرژییه‌كانی نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێران و گرووپه‌ نزیكه‌كانی تاران، به‌رپرسانی عێراقی بۆ رۆژنامه‌ی "العربي الجديد" ته‌ئكیدیان كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ "به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكا له‌ چه‌ند هه‌فته‌ی رابردوودا داوایان له‌ حكوومه‌تی عێراق كردووه‌، پابه‌ندی به‌نده‌كانی رێككه‌وتننامه‌ی پڕچه‌ک كردنی نێوان هه‌ر دوو وڵات بێت. له‌و رێككه‌وتنه‌شدا گه‌رێنتی ئه‌وه‌كراوه‌ جگه‌ له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر و پارێزگاری كردنی له‌ ئه‌منییه‌ت و ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی، ئه‌و چه‌كانه‌ به‌كارنه‌هێنرێن و ته‌نها له‌ ده‌ست هێزه‌ فه‌رمییه‌كانی ده‌وڵه‌تی عێراقدابن. به‌ڵام ئه‌و مه‌رجه‌ له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ جیاواز مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت و پشت به‌ یاسای ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی ده‌به‌ستێت و به‌ به‌شێک له‌ هێزه‌ فه‌رمییه‌كانی وڵاته‌كه‌ ده‌یانناسێنێ.

له‌ رابردوودا واشنتن كاروانی گه‌وره‌ی چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نی و كه‌ره‌سته‌ی سه‌ربازی مامناوه‌ندی و سووكی ناردووه‌ بۆ عێراق، به‌تایبه‌تی ساڵی 2016 پێش ده‌ستپێكردنی شه‌ڕی فه‌لوجه‌ و موسڵ له‌ دژی داعش، جگه‌ له‌وه‌ وڵاتانی دیكه‌ی وه‌ک بەریتانیا و ئوسترالیا و ئه‌ڵمانیا و فه‌ڕه‌نسا چه‌ک و كه‌ره‌سته‌ی سه‌ربازییان بۆ عێراق ناردووه‌.

به‌رپرسێكی عێراقی به‌ رۆژنامه‌ عه‌ره‌بییه‌كه‌ی گوتووه‌: "ئه‌مه‌ریكییه‌كان سه‌رله‌نوێ به‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراقیان گوتووه‌، نابێت چه‌كه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بگاته‌ ده‌ستی چه‌ند گرووپێكی حه‌شدی شه‌عبی، ئه‌گه‌ر جارێكی دیكه‌ پێشێلكاریی له‌و بواره‌دا رووبدات هه‌ڕه‌شه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر به‌رنامه‌ی پڕچه‌ک كردنی عێراق. به‌تایبه‌تی یه‌كه‌ سه‌ربازییه‌ تایبه‌ته‌كانی عێراق كه‌ پڕچه‌ک كردنیان 100% له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكییه‌كانه‌وه‌ ده‌بێت، وه‌ک ده‌زگای دژه‌ تیرۆر و یه‌كه‌كانی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی خێرا و یه‌كه‌ تایبه‌ته‌كانی كۆماندۆس كه‌ سه‌ر به‌ ده‌زگای هه‌واڵگریی عێراقن.

ئه‌و به‌رپرسه‌ عێراقییه‌ كه‌ نه‌یویستووه‌ رۆژنامه‌كه‌ ناوی بهێنێت ده‌ڵێت: "ئێستا ئه‌مه‌ریكا چه‌كی سووک و مامناوه‌ند بۆ عێراق نانێرێ، به‌ڵام زۆر نیگه‌رانن له‌وه‌ی چه‌كه‌كانیان كه‌وتووه‌ته‌ ده‌ست چه‌ند گرووپێكی حه‌شدی شه‌عبی كه‌ له‌سه‌ر ئێران هه‌ژمار ده‌كرێن و ئه‌و چه‌كانه‌ به‌كارده‌هێنن كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا بۆ سوپای عێراق نێردراون وه‌ك‌ M4 و M16 و تانكشكێنی جۆری AT4.

له‌ به‌رامبه‌ردا په‌رله‌مانتارانی عێراق ده‌ڵێن به‌غدا رێككه‌وتنی پڕچه‌ک كردنی پێشێل نه‌كردووه‌ به‌تایبه‌تی ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته‌ به‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كان، چوونكه‌ حه‌شدی شه‌عبی ئیتر به‌شێكن له‌ هێزه‌كانی عێراق و شه‌ڕی دژی تیرۆریان كردووه‌.

عه‌بدولئه‌میر مه‌یاحی، ئه‌ندامی لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگریی له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق گوتوویه‌تی: "سكاڵا و ره‌خنه‌كانی ئه‌مه‌ریكا پاساو هه‌ڵناگرن، چوونكه‌ ئیتر حه‌شدی شه‌عبی به‌شێكن له‌ سیستمه‌ ئه‌منی و هێزه‌ فه‌رمییه‌كانی عێراق.

مه‌یاحی ده‌ڵێت: "پێشتر په‌رله‌مانی عێراق چوارچێوه‌یێكی یاسایی بۆ حه‌شدی شه‌عبی دۆزیوه‌ته‌وه‌ و مافی ده‌وڵه‌تی عێراق خۆیه‌تی ئه‌و چه‌كانه‌ی له‌ ئه‌مه‌ریكاوه‌ ده‌یانهێنێ چۆن دابه‌شی بكات وه‌ک چۆن هه‌ر ده‌وڵه‌تێكی دیكه‌ ئه‌و مافه‌ی هه‌یه‌ چه‌ک به‌سه‌ر دامه‌زراوه‌ سه‌ربازی و ئه‌منییه‌كانی دابه‌ش بكات، پێویست ناكات حكوومه‌تی عێراق له‌و ڕووه‌وه‌ ڕوونكرده‌وه‌ بۆ كه‌س بدات و ئه‌وه‌ به‌شێكه‌ له‌ سازدان و ئاماده‌كردن و پڕچه‌ک كردنی هێزه‌ ئه‌منی و سه‌ربازییه‌كانی وڵاته‌كه‌ و حه‌شدی شه‌عبیش به‌شێكه‌ له‌و ھێزانه‌ و مافی خۆیه‌تی ده‌ستی به‌و چه‌كانه‌ ڕابگات كه‌ ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌ر وڵاتێكی دیكه‌دا گریبه‌ستیان له‌باره‌وه‌ ده‌كات.

له‌لایێكی دیكه‌وه‌ ئه‌حمه‌د كینانی، په‌رله‌مانتاری كوتله‌ی سادیقوون كه‌ باسكی سیاسی میلیشیای عه‌سائیبی ئه‌هلولحه‌قه‌ و به‌ دیارترین گرووپی حه‌شد داده‌نرێن كه‌ له‌ ئیرانه‌وه‌ نزیكن ده‌ڵێت: "حه‌شدی شه‌عبی به‌شێكن له‌ سیستمی ئه‌منی و به‌رگریی و سه‌ر به‌ فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراقن، هاوشانی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ كۆتایی هێنان به‌ داعش تێكۆشاون، نیگه‌رانییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌باره‌ی چه‌كه‌كانی كه‌ كه‌وتوونه‌ته‌ ده‌ست هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له‌ جێگه‌ی خۆیدا نییه‌ و ده‌ستوه‌ردانه‌ له‌ كاروباری عێراق و پێویسته‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا رێگه‌ی پێنه‌ده‌ن.

له‌و چوارچێوه‌یه‌دا حسێن عه‌بدولنه‌بی، ئه‌ندامی كۆمه‌ڵه‌ی جه‌نگاوه‌ره‌ پێشه‌نگه‌كانی عێراق پێیوایه‌، قسه‌كردن له‌سه‌ر چه‌كه‌كانی ئه‌مه‌ریكا لای حه‌شدی شه‌عبی، هه‌موو جارێک له‌گه‌ڵ هاتنی كارورانی نوێی چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نی و كه‌ره‌سته‌ی سه‌ربازیی سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه‌، به‌شێكی ئه‌و فشارانه‌ش له‌لایه‌ن ئه‌و كۆنگرێسمانانه‌ی ئه‌مه‌ریكاوه‌یه‌ كه‌ دژی پڕچه‌ک كردنی عێراقن و ده‌ڵێن ئێران سوودی لێوه‌رده‌گرێت.

عه‌بدولنه‌بی پییوایه‌ ئه‌مه‌ریكا كه‌وتووه‌ته‌ هه‌ڵوێستێكی سه‌خته‌وه‌، چوونكه‌ بزووتنه‌وه‌یێكی وه‌ک نوجه‌بای ناو حه‌شدی شه‌عبی و ژماره‌یێک سه‌ركرده‌ی دیكه‌ی حه‌شدی خستووه‌ته‌ لیسی تیرۆره‌وه‌، كاتێكیش چه‌كی ئه‌مه‌ریكی ده‌گاته‌ ده‌ست ئه‌و هێز و كه‌سانه‌ نیگه‌رانییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا زۆرتر ده‌بن.

شرۆڤه‌كارێكی سیاسی به‌ناوی محه‌مه‌د سه‌لیم به‌ رۆژنامه‌ عه‌ره‌بییه‌كه‌ی گوتووه‌: "كاتێک چه‌كی ئه‌مه‌ریكی ده‌گاته‌ ده‌ست گرووپه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی، هه‌وڵه‌كانی به‌غدا بۆ پڕچه‌ک كردنی هێزه‌ ئه‌منی و سه‌ربازییه‌كانی به‌ چه‌كی پێشكه‌وتوو رووبه‌ڕووی كێشه‌ و له‌مپه‌ری زیاتر ده‌بنه‌وه، هه‌ر چه‌نده‌ سه‌ركرده‌كانی حه‌شدی شه‌عبی فشاری زۆریان خستووه‌ته‌ سه‌ر حكوومه‌تی عێراق بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و چه‌كانه‌یان پێبدرێت.

‌ئه‌و شرۆڤه‌كاره‌ عێراقییه‌ پێیوایه‌ پێویسته‌ چه‌كه‌ قورسه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ حه‌شدی شه‌عبی وه‌ربگیرێته‌وه‌ و ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا رێگه‌ له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی چه‌ک بگرن و نه‌كه‌وێته‌ ده‌ست هه‌موو كه‌س و گرووپیک، بۆ ئه‌وه‌ی كاریگه‌ریی له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی عێراق درووست نه‌كات و زیان له‌ پڕچه‌ک كردنی هێزه‌ ئه‌منی و سه‌ربازییه‌كانی دیكه‌ی وڵاته‌كه‌ش نه‌دات.

 

کۆدی هه‌واڵنێر: 60113

کليه حقوق اين پایگاه اطلاع‌رسانی متعلق به «خبرگزاری کردپرس» بوده و هرگونه استفاده از مطالب آن با ذکر منبع بلامانع است.

©2017 kurdpress. All rights reserved.
Designed & Powered By Atlas Samaneh - طراحی و توسعه توسط اطلس سامانه